یاسای ژماره‌ (4) ساڵی 1993 یاسای وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 1993
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق


به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار:12
مێژووی بڕیار 24/2/1993



بڕیار

به‌ پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1)ی له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 و له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیری پیشه‌سازی و ووزه‌، بڕیار له‌سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 17/2/1993 بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (4) ساڵی 1993
یاسای وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌و وشانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ ماناكانی ته‌نیشتیانه‌:
1-هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
2-وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێم.
3-وه‌زیر: وه‌زیری پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێم.
4-بریكاری وه‌زاره‌ت: بریكاری وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ووزه‌ی هه‌رێم.
5-ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری ی وه‌زاره‌ت.
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌جێ دێنێ:
1-پێشنیاز كردنی نه‌خشه‌ی ساڵانه‌ی درێژ خایه‌ن له‌ بواری پیشه‌سازی و كاره‌با و ده‌رهێنانی نه‌وت و كانزا (معادن) و ئه‌و چالاكی یانه‌ی تر كه‌ به‌ندی وه‌زاره‌تن.
2-به‌ به‌رهه‌م هێنان (استپمار) ی كانه‌به‌رد (المقالع) و كانگا (المناجم) و بیره‌كانی نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی خولقاندنی وزه‌.
3-هه‌وڵدان بۆ راكێشانی سه‌رمایه‌ و هاندانی به‌به‌رهه‌م هێنانی له‌ بواری پیشه‌سازی له‌ هه‌رێمدا.
4-ئاماده‌ كردنی لێكۆلینه‌وه‌ و سه‌رنج دانی ئه‌و لێكۆلینه‌وانه‌ی سه‌باره‌ت به‌و پرۆژانه‌ی ده‌كه‌وتنه‌ چوار چێوه‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تی وه‌ پێشكه‌شی ده‌كرێن و بریاردان له‌ باره‌یه‌وه‌ له‌به‌ر رۆشنایی سوودی ئابووری و هونه‌ری ئه‌و پرۆژانه‌.
5-دامه‌زراندنی پرۆژه‌ی نوێ له‌ چوار چێوه‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تدا به‌ پێی پێویستی و توانای هه‌رێم له‌ رووی ئابووری و هونه‌ری یه‌وه‌ و هه‌وڵدانی په‌ره‌پێدان و پێشخستنی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ هه‌ن.
6-لێكۆلینه‌وه‌ی داخوازییه‌كانی دامه‌زراندنی پرۆژه‌ی تێكه‌ڵاو و تایبه‌تی و بڕیار له‌سه‌ ردانیان به‌ پێی سیاسه‌تی پیشه‌سازی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دانانی پێوانه‌ و مه‌رجی تابیه‌تی بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و پرۆژانه‌.
7-دانانی سكێج و نه‌خشه‌ و پرۆگرامی كاركردن بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ی جێبه‌ جێ كردنیان له‌ رێگه‌ی دام و ده‌زگا راوێژكارانی وه‌زاره‌ت خۆیه‌وه‌ پێی سپێردراون.
8-جێبه‌ جێ كردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگا جێبه‌ جێ كاره‌كانی و به‌لێنده‌رانیه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی داكشانی گشتی (المناقصه‌ العامه‌) و بانگكردنی راسته‌وخۆ یا یا هه‌ر رێگه‌یه‌كی تر بۆ جێ به‌جێ كردنی ئه‌و پرۆژانه‌ به‌ په‌سه‌ندی ده‌زانێ پێ ی سپێردراون.
9-وه‌زاره‌ت به‌ سیفه‌تی به‌لێنده‌ر و له‌ رێگه‌یدام و ده‌زگا جێ به‌جێ كار و سكێچكێشه‌كانی خۆیه‌وه‌ (تشكیلاتها التنفیژیه والتصمیمیه) مافی جێبه‌ جێ كردنی پرۆژه‌كانی هه‌ر لایه‌كی تری ناو هه‌رێمی هه‌یه‌.
10-هاندانی كه‌رتی تایبه‌تی و تێكه‌ڵاو و پێشكه‌شكردنی گشت ئاسانكارییه‌كی(التسهیلات) هونه‌ری و دارایی و ئابووری بۆیان كه‌ له‌ توانا دابێ به‌ مه‌به‌ستی پێشخستن و فراوان كردنی ئه‌م كه‌رته‌.
11- پارێزگاری كردن و پاراستنی كارگه‌ و وه‌رشه‌كان و كه‌رتی نه‌وت و پرۆژه‌كانی وزه‌ی كاره‌با و سه‌رچاوه‌كانی كانزا و كانه‌ به‌رده‌كان و گشت ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ چوار چێوه‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی دام و ده‌زگاكانی یه‌وه‌ به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی تردا.
12-سه‌رپه‌رشتی كردنی پیشه‌سازی و بازرگانی تووتن به‌ ساكازكاری (التنسیق) له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.
13-سه‌رپه‌رشتی كردنی سیاسه‌تی دارایی و ئابووری و فه‌رمانگه‌ و ده‌زگا به‌نده‌كانی وه‌زاره‌ت و رێكخستنی به‌ به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و پاره‌ و پوولانه‌ی زیاد له‌ پێویستن.
14-به‌خووه‌ گرتنی ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی جۆره‌كی (السیگر النوعیه‌) و به‌شدار بوون دیاریكردنی مه‌رجه‌كاندا (اعداد المواصفات) له‌ بواری پیشه‌سازی ووزه‌ و كانزادا بۆ كه‌رتی گشتی و تێكه‌ڵاو و تایبه‌تی. وه‌زاره‌ت بۆی هه‌یه‌ له‌ سیسته‌می كولفه‌ی به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كان بكۆلێته‌وه‌ به‌ پێی پێویست چاودێری نرخیان بكا و سنووریان بۆ دابنێ.
15-پارێزگاری كردن له‌ پیشه‌سازی و نیشتمانی به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
16-هه‌وڵدان بۆ هاندانی ناردنی به‌رهه‌می پیشه‌سازی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ره‌چاو كردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.
17-وه‌زاره‌ت بۆی هه‌یه‌ پیشانگای پیشه‌سازی له‌ ناو هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا بكاته‌وه‌ و به‌شداری له‌ پێشانگا پیشه‌سازییه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كاناد بكا یا بوار به‌ ده‌وڵه‌تان و كۆمپانیاكاندا بدا كه‌ پێشانگای پیشه‌سازی له‌ ناو هه‌رێمدا ساز بكه‌ن.
18-به‌لێنكاری له‌گه‌ل كارمه‌نده‌ بیانییه‌كاندا یا ئه‌و كۆمپانیا و ده‌زگایانه‌ی تایبه‌تكارن بۆ ئیش كردن له‌ كارگه‌ و فه‌رمانگه‌كانی وه‌زارتدا یا بۆ ته‌واو كردنی كار و فه‌رمان كه‌ پێ یان سپێردراوه‌.
19-هاندانی پیشه‌سازییه‌ ده‌ستكرد و پیشه‌یی یه‌كان.
مادده‌ی سێیه‌م:
1-وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌و و به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌ له‌ جێبه‌ جێ كردنی سیاسه‌ته‌كه‌یدا و چاودێری كردنی جێبه‌جێ كردنی یاسا و په‌یره‌و و رێنماییه‌كانی و هه‌ر له‌ وێشه‌وه‌ ئه‌و بڕیار و فرمان و رێنمایی یانه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رك و دام و ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زاره‌ت و گشت كارو باری ئیداری و هونه‌رییه‌كانی ده‌رده‌چن له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌ و یاسا ره‌چاوكراوه‌كانی تردا بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌ری گشتی یه‌كان یا سه‌رۆكه‌كانی فه‌رمانگه‌ سه‌ره‌كی یه‌كانی وه‌زاره‌ت بسپێرێ و له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌و سیفه‌ته‌ی ئه‌ندامێكی هاوبه‌شێتی به‌رپرسیاره‌.
2-بریكاری وه‌زاره‌ت: ئه‌و ئه‌ركانه‌ به‌جێ دێنێ كه‌ وه‌زیر پێیانی ده‌سپێرێ.
3-دام و ده‌زگاكانی مه‌ڵبه‌ندی وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ پیك دێن:
أ-نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
ب-نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ رێوه‌ی ده‌با و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
مادده‌ی چواره‌م:
به‌رێوه‌به‌رێتی یه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانی:
1-به‌رێوه‌به‌رێتی گشتی دیوان: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ باوه‌رنامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆ هه‌بێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و ئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌:
أ-به‌رێوه‌به‌رێتی كاروباری ئیداری.
ب- به‌رێوه‌به‌رێتی په‌یوه‌ندی یه‌كان.
ج- به‌رێوه‌به‌رێتی كاروباری یاسایی.
د- به‌رێوه‌به‌رێتی هێزی كاركه‌ر (القوی العامله‌).
2- به‌رێوه‌به‌رێتی گشتی كاروباری هونه‌ری و به‌رهه‌مهێنان:
 فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ باوه‌ر نامه‌ی سه‌ره‌تایی ی زانكوی هه‌بێ و له‌ كارمه‌ندان و تایبه‌تكارانی بێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و ئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌:
أ-به‌رێوه‌به‌رێتی نه‌خشه‌ كێشان و لێكۆلینه‌وه‌.
ب- به‌رێوه‌به‌رێتی كاروباری كارگه‌كان.
ج- به‌رێوه‌به‌رێتی رێكخستن و یارمه‌تیدان.
د- به‌رێوه‌به‌رێتی پووخته‌ كردن و پیشه‌سازی تووتن.
3-به‌رێوه‌به‌رێتی گشتی نه‌خشه‌ كێشان و چاودێری دارایی: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ باوه‌ر نامه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌بێ و له‌ كارمه‌ندان و تایبه‌تكاران بێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و ئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌:
أ-به‌رێوه‌به‌رێتی چاودێری و دارایی.
ب- به‌رێوه‌به‌رێتی ژمێریاری دارایی و كولفه‌ (الكلفه‌).
ج- به‌رێوه‌به‌رێتی كۆمپیوته‌ر.
4-به‌رێوه‌به‌ریه‌تی گشتی نه‌وت و كانزاكان: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ باوه‌رنامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆی هه‌بێ و له‌ كارمه‌ندان و تایبه‌تكاران بێ و له‌ جیۆلۆجیادا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و ئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.
أ-به‌رێوه‌به‌رێتی رووپێوی جیۆلۆجی و كانزا دۆزی (المسح الجیولوجی والتحریات المعدنیه‌).
ب-به‌رێوه‌به‌رێتی كاروباری نه‌وت.
5-به‌رێوه‌به‌رێتی گشتی ووزه‌ی كاره‌با: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌ باوه‌رنامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆی هه‌بێ و له‌ كارمه‌ندان و تایبه‌ت كااران بێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و ئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌:
أ-به‌رێوه‌به‌رێتی خولقاندن و گواستنه‌وه‌ی ووزه‌ی كاره‌با.
ب-به‌رێوه‌به‌رێتی دابه‌ش كردنی كاره‌با.
مادده‌ی پێنجه‌م:
1-له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت دا ئه‌نجومه‌نێك به‌ ناوی (ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری وه‌زاره‌ت)ه‌ وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیر به‌م شێوه‌یه‌ پێكدێ:
أ-بریكاری وه‌زاره‌ت                                                             جیگری سه‌رۆك
ب-بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم                           ئه‌ندام
ج-بریكاری وه‌زاره‌تی ككشتوكال و ئاودێری هه‌رێم                      ئه‌ندام
د-به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت                                         ئه‌ندام
ه-نوێنه‌ری یه‌كێتیی پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێم                            ئه‌ندام
و-نوێنه‌ری یه‌كێتیی نه‌قابه‌كانی كرێكارانی هه‌رێم                        ئه‌ندام
ز-هه‌ركامه‌ندێكی تایبه‌تكار كه‌ وه‌زیر له‌ ناو وه‌زاره‌ت یا ده‌ره‌وه‌یدا هه‌ڵی ده‌بژیرێ    ئه‌ندام
2-ئه‌نجومه‌ن به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ هه‌ر دوو مانگ جارێك كۆ ده‌بێته‌وه‌ یا هه‌ر كاتێك كه‌ پێویست بوو، كۆبوونه‌وه‌ش به‌بێ ئاماده‌ بوونی سه‌رۆكه‌كه‌ی یا ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ كاتی ئاماده‌بوونییدا جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ ناكرێ، ئه‌نجومه‌ن له‌م بوارانه‌دا راوێژ پێشكه‌ش ده‌كا.
أ-سیاسه‌تی پیشه‌سازی كه‌رته‌كانی وه‌زاره‌ت و دانانی درێژه‌ی نه‌خشه‌ بۆیان.
ب-سیاسه‌تی دارایی و ئابووری فه‌رمانگه‌و به‌رێوه‌به‌ریه‌تی گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت.
ج-رێكخستنی به‌رهه‌م هێنان (استثمار) ی ئه‌و پاره‌ و پوولانه‌ی له‌ هه‌ندێ له‌ كه‌رته‌كانی وه‌زاره‌تدا له‌ پێویست به‌ده‌رن (فائضه).
د-سازكاری (تنسیق العمل)له‌ نێونا كه‌رته‌كانی به‌رهه‌م هێناندا و یه‌كخستنی شێواز و كێشه‌ هاوبه‌شیه‌كان و پێشنیاز كردنی رێنمایی و پێشكه‌ش كردنی ئامۆژگاری.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
1-گشت مافه‌كانی ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ی له‌وه‌ و به‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ به‌سترابوونه‌وه‌ یا پێوه‌ی به‌سترانه‌وه‌ ده‌بنه‌ موڵكی وه‌زاره‌ت.
2-مولكیه‌ت و مافه‌كانی گشت ئه‌و فه‌رمانگه‌ی له‌وه‌ و به‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تره‌وه‌ به‌سترابوونه‌وه‌ یا كه‌وتبوونه‌ چوار چێوه‌ی تایبه‌ت كاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌نه‌ موڵكی وه‌زاره‌ت.
ماده‌ی حه‌وته‌م:
1-وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ چوار چێوه‌ی دام و ده‌زگاكانی به‌رێوه‌به‌رێتیییه‌ گشتیییه‌كان و له‌ كاتی پێویستدا به‌رێوه‌به‌رێتی یا به‌ش یا لقی نوێ پێك بێنێ یا بیانخاته‌ پاڵ یه‌كتر.
2-ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ په‌یره‌وێك دیاری ده‌كرێن.
3-وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی پێویست لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی یا كاتی پێك بێنێ.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانی جێ به‌ جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكا.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قیك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێ.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌گانی ئه‌م یاسایه‌ جێ به‌جێ بكا
مادده‌ی یازده‌یه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا كاری پێ ده‌كرێ.

              


                                                                                                                    جوهر نامق سالم
                                                                                               سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق