یاسای ژماره‌(11)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 11
ساڵی دەرچوون : 2006
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌ 
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی،     هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌ن له‌    دانیشتنی ژماره‌ (13)ی رۆژی (11/10/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی   دا:

یاسای ژماره‌( 11 )ی ساڵی / 2006
یاسای وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستان-عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، بۆ ئه‌م یاسایه‌، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق .
دووه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی.
سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری پیشه‌سازی.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاریی وه‌زاره‌ته‌كه‌. 

- ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت -
مادده‌ی دووه‌م:
ئه‌م وه‌زاره‌ته‌، ئاڕاسته‌كردنی بزاڤی پیشه‌سازی و، به‌ره‌وچاكترگۆڕین و فراژوكردنی ( تگویر وتنمیه‌) كه‌رتی پیشه‌سازیی گشتی و كه‌رتی تێكه‌ڵ و كه‌رتی تایبه‌ت له‌هه‌رێمدا، له‌بواری سه‌نعه‌تكاریی (ته‌حویلی و ته‌ركیبی و مه‌عریفی)و ده‌ستكرددا، ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆو، بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ كار:-
یه‌كه‌م: له‌چوارچێوه‌ی پلانگه‌لی فراژوكاریی(تنمیه‌) له‌ هه‌رێمدا، سیاسه‌تی (ته‌صنیع) پێشنیاز ده‌كاو، ئامانج و(موئه‌ششه‌رات) بۆ كه‌رته‌كانی تایبه‌ت داده‌نێ.
دووه‌م: پلانگه‌لی ساڵانه‌و، مامناوه‌ندو، پلانگه‌لی ماوه‌ دوور، بۆ كه‌رته‌پیشه‌سازییه‌كان ئاماده‌ ده‌كا.
سێیه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ڵكی (الجدوی ) هونه‌ری و ئابووری، بۆ پرۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كان ئاماده‌ده‌كاو، پێشنیازیش ده‌كا، ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ له‌ پلانگه‌لی فراژوكاریی هه‌رێمدا تۆمار بكرێن.
چواره‌م: پرۆژه‌گه‌لی پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاریی بڕیاردراو جێبه‌جێ ده‌كات.
پێنجه‌م: سه‌رپه‌رشتی بزاڤی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و رێنماییشیان ده‌كاو، ئه‌نجامگه‌لی به‌جێهێنانی پلانه‌كانیش، له‌ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و ڕێگاچاره‌ی له‌باریشیان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌و، ڕه‌نێوهاته‌كانیشیان ( منتوجاتها) ده‌پارێزێ.
شه‌شه‌م: دوای ئاماده‌كردنی دیراسه‌ت له‌سه‌ر كه‌ڵكی (جدوی) هونه‌ری و ئابووریی پرۆژه‌، ئه‌وجا، ئیجازه‌ی دامه‌زراندنی پرۆژه‌گه‌لی پیشه‌سازی، یان به‌رفراوانكردن و گۆڕینی مه‌به‌سته‌كانیان ده‌دا.
حه‌وته‌م: ریقابه‌ی چۆنێتیی ره‌نێوهاته‌ پیشه‌سازییه‌كان( المنتجات الصناعیه‌) به‌جۆرێ ده‌كا، كه‌ له‌گه‌ڵ مواسه‌فاتی به‌ركاری جیهانیدا چونیه‌ك زامن بێ، ئامۆژگاری و رێنماییش ده‌رباره‌ی چاكتركردنی چۆنێتیی ئه‌م ره‌نێوهاتانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.
هه‌شته‌م: له‌چوارچێوه‌ی پلانگه‌لی فراژوكاریی پیشه‌سازیدا، له‌هه‌رێمدا، كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی داده‌مه‌زرێنێ و خزمه‌تگوزاریی پێویستیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات.
نۆیه‌م: دانانی پلانگه‌لی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌ره‌وچاكترگۆڕینی پیشه‌سازی بۆ كه‌رته‌ پیشه‌سازییه‌كان، به‌جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ سوود به‌ ئامانجه‌كانی پلانگه‌لی فراژوكاری ببه‌خشێ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جۆری ره‌نێوهات( المنتجات) و خزمه‌تگوزاریی پیشه‌سازی چاكترببن و، ئیش وكاری ره‌نێوهێنه‌كی(الإنتاجیه‌) به‌ره‌و باشتر بگۆڕدرێ و، ئه‌ركومه‌سره‌فی كه‌متر ببـێ و، ته‌كنیكی تازه‌بابه‌تیان بچێته‌ ناو.
ده‌یه‌م: به‌هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی هه‌رێمدا، ئیجرائاتی تایبه‌ت به‌ پاراستنی ژینگه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی كێشه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ ده‌گرێته‌ به‌رو، هه‌نده‌ی پێوه‌ندیشی به‌ بزاڤی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌بێ، رێگاچاره‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌.
یازده‌م: له‌ڕێگای خولی مه‌شق و، به‌هاوكاریی زانكۆكان و په‌یمانگه‌ هونه‌رییه‌كان وناوه‌ندو ده‌زگا پسپۆڕه‌كانی پێوه‌ندیدار، له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا، هێزی كار له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌دا، فراژوده‌كا(تنمیه‌)و به‌ره‌وچاكتری ده‌گۆڕێ.
دوازده‌م: سیسته‌می كاری ئیداره‌ پیشه‌سازییه‌كان، به‌ بزاڤی جۆربه‌جۆریشیانه‌وه‌ به‌ره‌وچاكتر ده‌گۆڕێ و، به‌دووی جێبه‌جێكردنیاندا خه‌مخۆرده‌بێ.
سیازده‌م: بنكه‌ی زانیاری، بۆ مه‌عریفه‌ی زانستی و ته‌كنۆلۆجی و مواصه‌فاتی هونه‌ریی پێوه‌ندیدار به‌ چالاكییه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
چوارده‌م: به‌دووی جێبه‌جێكردنی به‌ندو به‌ست(الچوابگ)و رێنماییگه‌لی تایبه‌ت به‌ سه‌لامه‌تیی سه‌نعه‌تگه‌ری و پیشه‌گه‌ریی ناو كارگه‌كاندا ده‌چێ.
پازده‌م: هه‌نارده‌ی ره‌نێوهاتی پیشه‌سازیی( المنتجات الصناعیه‌) نیشتمانی دنه‌ده‌دات.
شازده‌م: له‌ پێشانگا پیشه‌سازییه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا به‌شداری ده‌كا.
حه‌ڤده‌م: دوای ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی بیانی و كۆمپانیاو ده‌زگا پیشه‌سازی و پسپۆڕه‌كاندا، رێكه‌وتننامه‌ ده‌به‌ستێ كه‌ له‌ دایه‌ره‌و كارگه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا كار بكه‌ن.
هه‌ژده‌م: دوای ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی (مراكز) لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ته‌كنۆلۆجیه‌ نێوده‌وڵه‌تی و، نووسینگه‌ راوێژكاره‌كاندا ده‌كه‌وێته‌ هاوكاری بۆ به‌ره‌وچاكترگۆڕینی ئیش و كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌.

- پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت -
مادده‌ی سێیه‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵاو، به‌رپرسی ئیش وكارو ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت وسه‌رپه‌رشتكردن و ریقابه‌كردنی وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌و، هه‌موو بڕیارو فه‌رمان ورێنماییگه‌لێكیش پێوه‌ندییان به‌ ئه‌ركوفرمان و پێكهاته‌و سه‌ڵاحییات و كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری ودارایی وئیداری ورێكخستنی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، له‌وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌سه‌رپه‌رشتیی خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێن .وه‌زیر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌رپرسه‌، چونكه‌ خۆیشی ئه‌ندامێكی هاوكاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌و، بۆیشی هه‌یه‌، هه‌ندێ له‌ سه‌ڵاحییاتی خۆی، به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت، یان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان، یان به‌ هه‌ركه‌سێ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌دا، كه‌خۆی به‌ له‌باری بزانێ بسپێرێ.
دووه‌م:بریكاری وه‌زاره‌ت: له‌ چوار چێوه‌ی سه‌ڵاحییاتدا كه‌ پێی ده‌سپێردرێ یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات، له‌ ئاراسته‌كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباره‌كانیدا.
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م: نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌با، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فه‌رمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
 پێنجه‌م: راوێژكاره‌كان: له‌ چواركه‌س زیاتر نابن، مه‌رجیشه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیان هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و كه‌رده‌ش بن.
شه‌شه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری ئیداری ودارایی: فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پلاندانان و به‌دواداچوون: فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پیشه‌سازی: فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
مادده‌ی چواره‌م:
   ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاریی وه‌زاره‌ت: له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:
1-	وه‌زیر:                             سه‌رۆكه‌.
2-	بریكاری وه‌زاره‌ت:             جێگری سه‌رۆكه‌.
3-	ڕاوێژكاره‌كان:                    ئه‌ندامن.
4-	به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان:     ئه‌ندامن.
5-	هه‌ر شاره‌زایه‌كی دی، كه‌وه‌زیر له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌یدا به‌باشی بزانێ:   ئه‌ندامه‌.
 


مادده‌ی پێنجه‌م:
وه‌زیر، بۆی هه‌یه‌، به‌پێی رێنمایی، ده‌رماڵه‌ به‌كارمه‌ندان به‌پێی سروشتی ئیشه‌كه‌ی یان جێگای جوگرافیی ئیشه‌كه‌ی یان به‌پێی به‌رپرسیارێتی وه‌زیفی یان به‌پێی به‌ ئه‌زموونیی ئه‌و كارمه‌نده‌، ببه‌خشێ.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌ركوفرمان وئیشه‌تایبه‌ته‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕۆ دیار ده‌كرێن .
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌،رێنمایی پێویست،بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ر بكات.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك یان به‌شێك یان هۆبه‌یه‌ك له‌ناو پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌تدا، به‌پێی پێداویستی ئیشه‌كانیان، بكاته‌وه‌ یان یه‌كیانبخات، یان ئیلغایان بكات.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
هه‌ر ده‌قێ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجێ، كاری پێ ناكرێ.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌ كانیش، حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕۆژی ده‌رهێنانیه‌وه‌ ده‌خرێته‌كار و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی ( وه‌قایعی كوردستان )دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
                                                                                                                                   عدنان ره‌شاد موفتی
                                                                                                                           سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                                                                    كوردستان-عیراق
 
-	هۆكاره‌كانی دانانی ئه‌م یاسایه‌ –
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی تازه‌ دانراوه‌و، دایه‌ره‌كانی كاره‌بایشی لێ دابڕكراوه‌و، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ كه‌رته‌ پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێم یه‌كبخرێن و سه‌رپه‌رشتیی بزاڤ و ئاڕاسته‌كردنیان بكرێ و موراقه‌به‌كردنی جۆرو چۆنێتیی ره‌نێوهاته‌ پیشه‌سازییه‌كان (المنتجات الصناعیه‌) مه‌یسه‌رببـێ وله‌گه‌ڵ مواسه‌فاتی به‌ركاردا چونیه‌ك زامن بێ و، چۆنێتییان چاكتر بكرێ و، ئیش وكاری وه‌زاره‌ته‌كه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌گشتییه‌كانیشی رێك بخرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌، زه‌رووره‌ت وه‌های پێویست كرد كه‌ یاسایه‌ك بۆ دیاركردنی ئه‌ركوفرمان و ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دابنرێ و ئه‌ركوفرمانی یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌یان رێك بخات، جا، بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌وانه‌ ئه‌م یاسایه‌ دانرا.