Icon


لە بارەی بنکەی یاسادانان


لەسەر بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان (د. رێواز فائق)، بەپێی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە (2/5/1904)، لە ڕێكه‌وتی (21/8/2019)، لیژنه‌یه‌ك له‌ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكاری په‌رله‌مانی كورستان و پسپۆڕانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا پێكهێنرا، مه‌به‌ست له‌پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ڕاسپاردنییان بوو تا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌له‌كترۆنی بنكه‌ی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكه‌ن و ته‌وای ئه‌و یاساو بڕیاره‌ یاسا و په‌یڕه‌و و ڕێنماییانه‌ له‌ خۆ بگرێت، كه‌ له‌ ساڵی (1992)ه‌وه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچوون و ده‌رده‌چن، هه‌روه‌ها ئه‌و یاسا ئیتیحادییانه‌ش له‌خۆ بگرێت‌، كه‌ به‌پێی یاسا ده‌رچووێندراوه‌كانی‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ركار كراون.

بنكه‌ی یاسادانان به‌شێوه‌یه‌ك ڕێكخراوه‌، رۆژانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام،‌ به‌پێی پێویست نوێ بكرێته‌وه‌.

ئامانجی بنکەی یاساکان :


  1. خستنەڕووی دۆخی یاسایی لەهەرێمی كوردستان.
  2. پاراستنی دەقه‌ یاساییه‌كان لەهەرێمی كوردستاندا.
  3. ده‌ستپێڕاگه‌شتن به‌بابه‌ته‌كانی ئه‌و بنكه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی دروست و ئاسان، به‌جۆرێك خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و تاك و گروپ و دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان بكات.
  4. بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی لە ناو كۆمەڵگە.

قۆناغەكانی ئامادەكردنی بنکەی یاسادانان :


یەکەم

له‌ ڕێكه‌وتی (21/8/2019) لیژنه‌ی پێكهێنراو بۆ ئاماده‌كردنی بنكه‌ی یاسادانان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌كاریی بۆ ده‌ستپێكی كاره‌كانیی ئه‌نجامدا، لیژنه‌‌ بڕیاریدا له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئه‌و داتایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ یاسا و بڕیاره‌ یاساكانه‌وه‌ هه‌بوو كۆبكاته‌وه‌ و به‌شێوه‌ی (word) رێكییانبخاته‌وه‌، به‌ڵام له‌وكاته‌دا نه‌بوونی ده‌قی به‌شێك له‌یاسا و بڕیاره‌ یاساكان به‌ شێوه‌ی (word)، به‌ تایبه‌ت ئه‌و یاسا و بڕیاره‌ یاسایانه‌ی كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م كۆسپ له‌ به‌رده‌م كاری لیژنه‌كه‌دا به‌ دەركه‌وت، بۆیه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاسپێردران، بۆ دووباره‌ چاپكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنه‌وه‌یان بۆ بنكه‌ی یاسادانان.

دووەم

په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ مێژووی خۆیدا، چه‌ند خولێكی تێپه‌ڕاندووه‌ و هه‌ر خوله‌ش له‌ قۆناغێكی جیاوازدا بووه‌، بۆیه‌‌ به‌پێی پێداویستی قۆناغ و هه‌لومه‌رجه‌كان، چه‌ندین یاسای بۆ چه‌ندین جار هه‌موار كردوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویست بوو كه‌ ئه‌و یاسایانه‌ له‌ یه‌ك پاكێجدا كۆبكرێنه‌وه‌ و یه‌كبخرێنه‌وه‌، تا به‌ ئاسانی بۆ پسپۆڕان و خوێنه‌ران و ئه‌وانه‌ی پێویستییان پێیانه‌ به‌رده‌ست بخرێن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنه‌یه‌ك له‌فه‌رمانبه‌رانی یاسایی په‌رله‌مان پێكهێنرا بەسەرۆکایەتی راوێژکارێکی یاسایی، كاری لیژنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ یه‌كخستنی ئه‌و یاسایانه‌.

سێیەم

بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی تەكنیكی و دارایی بۆكارەكانی دامه‌زراندنی بنكه‌‌ی یاسادانان، لیژنه‌ پێی باشبوو پەیوەندی بە به‌شێك له‌ ڕیكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانه‌وه‌ بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندێك له‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئه‌ندامانی، سه‌ردانی نووسینگه‌ی هه‌ولێری یۆنامی (UNAMI)ییان كرد، دوای كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (ریکاردۆ رۆدریگز) به‌رپرسی نووسینگه‌ی هه‌ولێری یۆنامی، داوای پرۆپۆزه‌ڵێك له‌ شانده‌كه‌ كرا، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ دوو شاره‌زای یۆنامی پڕۆپۆزه‌ڵه‌كه‌ ئاماده‌ كرا و ئاراسته‌ی یۆنامی كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رده‌م رێكخراوه‌كان و پاڵپشتی بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌ی یاسادانان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، وێنه‌یه‌ك له‌ پرۆپۆزه‌ڵه‌كه‌ش ئاراسته‌ی ڕێكخراوی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرا، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكییان نه‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌كه‌، پشت به‌ توانا دارایی و هونه‌ریی و مرۆییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ببه‌ستێت، هانده‌ری سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ش، هاندانی به‌رێز (د. ڕێواز فایه‌ق) سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو، بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی تێچووی پرۆژه‌كه‌.

چوارەم

دوای چاپكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسا و بڕیاره‌ یاسایانه‌ی كه‌ به‌رده‌ست نه‌بوون، بنكه‌ی یاسادانان ده‌ستی به‌ پرۆسه‌ی ته‌واوكاریی كاره‌كانی كرد، كه‌ له‌ چه‌ند هه‌نگاوێك پێكهاتبوون، وه‌ك:

  1. به‌ فه‌رمانی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنه‌یه‌ك له‌ نۆ ڕاوێژكاری یاسایی په‌رله‌مان پێكهێنرا، لیژنه‌كه‌ كاری پێداچوونه‌وه‌ و به‌راوردكردنی یاساكان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوازێكی دروست به‌ڕێوه‌ بچێت و هه‌ر یاسایه‌ك ورد و دروست له‌ بنكه‌ی یاسادانان‌ تۆمار نه‌كرێت.
  2. له‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ ده‌قی یاسا و بڕیاره‌ یاساكان ڕێكخرانه‌وه‌‌ و داتاكانییان له به‌شی‌ (database)ی پرۆگرامه‌كه‌ تۆماركران.
  3. كۆپی ئۆرجیناڵی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ كۆكرانه‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌رجه‌م ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی (په‌رله‌مانی كوردستان) بڵاوكرابوونه‌وه‌، ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ش ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌رمی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، له‌ ساڵی (1992- 2009) به‌رده‌وام بوو و (93) ژماره‌ی لێ بڵاو كرابووه‌وه‌.
  4. سه‌رجه‌م ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)ی كۆكرانه‌‌وه‌ و به‌شێوه‌ی (pdf) جیا كرانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ هاوتاكه‌ی به‌شێوه‌ی (word)، به‌راورد بكرێن و بڵاو بكرێنه‌وه‌.

بەربەستەكانی به‌رده‌م کاری لیژنە:

  1. نەبوونی كادری به‌ ئه‌زموونی بواره‌كه‌، بۆیه‌ بڕیاردرا‌ سود له‌ توانا مرۆییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ربگیردرێت، تا له‌ ئێستا و داهاتوودا، به‌ به‌رده‌وامی پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ خولی ڕاهێنان و فێربوون بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌رانی ده‌ستنیشانكراوی په‌رله‌مانی كوردستان كرایه‌وه‌.
  2. نەبوونی دەقی چاپکراوی زۆربەی یاساو بڕیارە یاساكان بەشێوەی (WORD)، ئه‌مه‌ش پێویستی بەدووباره‌ چاپكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌یان هه‌بوو‌.
  3. هه‌بوونی ئاڵۆزیی له‌ شێوازی هه‌مواركردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ یاساكان، بۆ نموونه‌: (نه‌بوونی میتۆدێکی دیاریكراو، بۆ چۆنیەتی یەكخستنی هەموارەكان، كه ئه‌وه‌ش کێشەیەکی گەورە بوو، بۆیه‌ لیژنه هه‌وڵیدا میتۆدێکی گونجاو دابڕێژێت، بۆ ئه‌مه‌ش سودی له‌ بنكه‌ی یاسادانانی عێراقی و هه‌وڵه‌كانی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌رگرت).
  4. ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانی لیژنه‌، له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا_ڤایرۆسدا بوو، بۆیه‌ ڕێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی و پیاده‌كردنی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ هه‌بوو، چونكه‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش وه‌ك ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان کارەکانی ڕاوه‌ستا، ئه‌مه‌ش پچڕانی ئه‌ندامانی لیژنه‌ و كۆبوونه‌وه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆسه‌كه‌ی خاوكرده‌وه‌.