یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 یاسای وه‌ستاندنی كار به‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1992 (یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد)

ژمارەی یاسا : 10
ساڵی دەرچوون : 1997
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای وه‌ستاندنی كار به‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد
 
به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی-عێراق
ژماره‌ بڕیار: 35
مێژووی بڕیار 26/11/1997


بڕیار
به‌ پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1) له‌ مادده‌ی په‌نجاو شه‌ش له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌موار كراودا له‌ سه‌ر داواكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 25/11/1997 دا ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركرد.


یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997
یاسای وه‌ستاندنی كار به‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1992
(یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد)

مادده‌ی یه‌كه‌م:
كار به‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1992 (یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد)راده‌گیرێت تاوه‌كو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێ.
مادده‌ی دووه‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ پیاده‌ ده‌كات سه‌ره‌رای ئه‌نجام دانی ئه‌ركه‌كانی خۆی كه‌ له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992و په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌ندا هاتووه‌.
1-	ده‌ركردنی فه‌رمانی راسپاردن (تكلیف) بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق رای ده‌سپێرێ بۆ پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌راندن.
2-	فه‌رماندان به‌ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌راندن دوای متمانه‌ پێدانی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراقه‌وه‌.
3-	ده‌ركردنی ئه‌م یاسا و بڕیار و پێره‌وانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داون.




مادده‌ی سێیه‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵده‌ستێ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه‌ی خواره‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌نجام دانی ئه‌ركه‌كانی خۆی كه‌ له‌ یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 1992، یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه‌:
1-	ده‌ركردنی فه‌رمانی دامه‌زراندن و له‌ كار لادانی (اعفاء) خاون پله‌ تایبه‌ته‌كان (اصحاب الدرجات‌ الخاصة‌) و گه‌وره‌ فه‌رمانبه‌ران (كبار الموظفين) و په‌سه‌ند كردنی ده‌ستكێشانه‌وه‌ (استقالة‌) یان به‌ پێی پێشنیاز كردنی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌وه‌.
2-	ده‌ركردنی فه‌رمانی دامه‌زراندنی قازی و دادوه‌ران ئه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادگه‌ری بڕیاری دامه‌زراندنیان ده‌دات.
3-	بانگهێشتن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی به‌ پێی یاسا له‌ ماوه‌ی (15) پانزه‌ رۆژدا له‌ دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ئه‌نجومه‌ن، یاخود به‌ ده‌رچواندنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی.
4-	راستاندنی (تصدیق) بڕیاره‌كانی له‌ سێداره‌دان (اعدام) و سووك كردنیان.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌وانه‌ی به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنرێن كه‌ فه‌رمانه‌كانیان پێویست بكات ده‌بێ سوێندی یاسایی له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی وه‌زیراندا بخۆن، جگه‌ له‌ وانه‌ی سوێند خواردنیان به‌ پێی یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
قازی و دادوه‌ران و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی داواكاری گشتی سوێندی یاسایی له‌ به‌ر ده‌م ئه‌نجومه‌نی دادگه‌ریدا ده‌خۆن.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی دژ به‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكرێ.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ به‌خۆ ده‌گرن.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوانیه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.







                       	                           	جوهر نامق سالم
                      			سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان-عێراق