دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

به‌ پشت به‌ستن به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رچاوی خستووه‌، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (9)ی رۆژی 26/4/2011 بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 



    یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2011
یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق

به‌شی یه‌كه‌م 
پێناسه‌ و دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م: 
مه‌به‌ست له‌م وشانه‌ی دادێن، واتاكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
دووه‌م: په‌رله‌مان: په‌رله‌مانی هه‌رێم.
سێیه‌م: حكومه‌ت: حكومه‌تی هه‌رێم.
چواره‌م: ده‌سته‌: ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكی له‌ هه‌رێمدا.
پێنجه‌م: سه‌رۆك: سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكی له‌ هه‌رێمدا.
شه‌شه‌م: ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری: ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمدا.
مادده‌ی دووه‌م:
به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌سته‌یه‌ك به‌ ناوی (ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق) داده‌مه‌زرێت، خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌ویی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێریی په‌رله‌ماندا ده‌بێت و له‌ نێو بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمدا ته‌رخانكراوی (تخصیصات) ده‌بێت.

مادده‌ی سێیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ ئامانجه‌كه‌ی:
یه‌كه‌م: جێگیركردنی میكانیزمێكی كارا بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپـی سه‌روه‌ریی یاسا.
دووه‌م: نه‌هێشتنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و پشتیوانی كردن له‌ بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و تۆكمه‌ كردنی له‌ نێو تێكڕای ده‌زگاكانی هه‌رێمدا، له‌ رێی رێكاره‌ یاساییه‌كانه‌وه‌.
سێیه‌م: پیاده‌كردنی رێكاری پێویستی یاسایی بۆ خۆ پاراستن له‌ گه‌نده‌ڵی.
چواره‌م: پشت به‌ستن به‌ پێوه‌ری بابه‌تی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كار و په‌ره‌پێدانی له‌ راژه‌ی گشتیدا و له‌ناو بردنی رۆتین.
پێنجه‌م: جێگیركردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌فتاری وه‌زیفی و له‌ ئه‌ستۆ گرتنی به‌رپرسایه‌تی له‌ كاتی به‌جێ گه‌یاندنی راژه‌ی گشتی، به‌ گوێره‌ی ئه‌و یاسا و رێكارانه‌ی گه‌نده‌ڵی حه‌رام ده‌كات.
مادده‌ی چواره‌م:
حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ ده‌بن به‌ سه‌ر:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری و ئه‌ندامانیان و ئه‌وانه‌ی كاریان تێدا ده‌كه‌ن.
دووه‌م: لایه‌نه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ وه‌ك كه‌س و كۆمپانیا كه‌ له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكان و تێكڕای فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمدا گرێبه‌ستیان كردووه‌.
سێیه‌م: رێكخستنه‌ سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و رێكخراوی ناحكومی و نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌ هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن، یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌ و یانه‌كان، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیان به‌م كاروبارانه‌ی خواره‌وه‌دا هه‌بێت:
1- یاسایه‌تی سه‌رچاوه‌كانی پاره‌دان و به‌خشین.
2- جۆری خه‌رج كردن به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێسایانه‌ی له‌ خه‌رج كردندا په‌یڕه‌و ده‌كرێن.
3- ره‌چاو كردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی تایبه‌ت به‌ خۆیان و سه‌رپێچی نه‌كردنی.



به‌شی دووه‌م
ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌سته‌
مادده‌ی پێنجه‌م:
 ده‌سته‌ كار ده‌كات بۆ:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێ كردن و پیاده‌ كردنی یاساكانی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و پێوه‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی به‌ پێی دستوور و یاسا كار پێ كراوه‌كان.
دووه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ره‌وانه‌ كردنیان بۆ دادگای تایبه‌تمه‌ند و به‌ دواداچوونیان.
سێیه‌م: وه‌رگرتنی سكاڵای هاووڵاتیان، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ گه‌نده‌ڵی و لایه‌نانی جیاجیاوه‌ هه‌یه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ كردن تێیاندا.
چواره‌م: پاراستنی نهێنیی ناسنامه‌ی هاریكاران به‌ گوێره‌ی یاسا.
پێنجه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتوورێكی نیشتیمانی بۆ گه‌شه‌پێدانی ره‌وشتی ده‌سپاكیی كه‌سی و په‌یوه‌ست بوونی خودی به‌ پێوه‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی و، كار له‌گه‌لأ به‌رپرسانی تایبه‌تمه‌نددا ده‌كات، له‌ پێناو دانانی پرۆگرامه‌كانی خوێندنی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی كردن له‌ چه‌مكی ده‌سپاكیی گشتی.
شه‌شه‌م: ده‌ركردنی رێنمایی بۆ رێساكانی ره‌فتاری وه‌زیفی بۆ روون كردنه‌وه‌ی پێوه‌ری راژه‌ی گشتی و ره‌وشته‌كانی، كه‌ ده‌بێ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێوه‌ی په‌یوه‌ست بن، به‌وپێیه‌ی مه‌رجێكه‌ بۆ دامه‌زراندن و به‌رده‌وام بوون له‌ راژه‌ و چاودێری كردنی ئاستی په‌یوه‌ست بوون پێیانه‌وه‌، ماوه‌ نا ماوه‌ش به‌ پێی پێویست هه‌موار ده‌كرێت.
حه‌وته‌م: 
1- ده‌ركردنی رێنمایی به‌ گوێره‌ی رێساكانی وه‌ده‌ستهێنانی ناڕه‌وا، كه‌ به‌ ده‌ق له‌ به‌شی پێنجه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌، كه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و هاوسه‌ران و منداڵانی ناكامیان په‌یوه‌ست ده‌كات، به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن، ماوه‌ نا ماوه‌ش به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ گونجاوی ده‌زانێت بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی لێی چاوه‌ڕوانی ده‌كرێت، هه‌موار ده‌كرێت.
2- ئاشكرا كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی بریتییه‌ له‌ داتای ورد سه‌باره‌ت به‌ سامانی راسپێردراو (المكلف) له‌ خانووبه‌ره‌ و گواسته‌ (المنقوله‌) و داهاتی دارایی و ره‌سیدی نێو بانك و پشك و سه‌نه‌د و مافی مه‌عنه‌وی له‌ نێو هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا.
3- ئاشكرا كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌:
أ- سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی.
ب ـ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی و سكرتێر و ئه‌ندامان.
ج ـ سه‌رۆكی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی.
د ـ وه‌زیران و ئه‌وانه‌ی له‌ پله‌ی وه‌زیردان و بریكاری وه‌زاره‌ته‌كان.
هـ ـ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكی و جێگره‌كه‌ی و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی ده‌سته‌ و لێكۆڵه‌رانی.
و- خاوه‌ن پله‌كانی تایبه‌ت و بریكار و یاریده‌ده‌رانیان.
زـ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و یاریده‌ده‌رانیان.
ح ـ دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و سه‌رپه‌رشتیارانی داد و لێكۆڵه‌ران.
گ ـ ئه‌فسه‌رانی پاسه‌وانی هه‌رێم وهێزی ئاسایشی ناوخۆ.
ی ـ سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان و سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی.
ك ـ هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ پۆستێكی مه‌ده‌نی یان سه‌ربازیدایه‌، له‌وانه‌ی پێشتر (له‌ سه‌ره‌وه‌) ناویان نه‌هاتبێ و ده‌سته‌ به‌ پێویستی ده‌زانێت راپۆرتی ئاشكرا كردنی دارایی بیگرێته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌ك كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رده‌چێت.
هه‌شته‌م: 
1- ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدار راسپێرێت، ده‌ستی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ بكێشته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ دایه‌، به‌ گوێره‌ی یاسای به‌رزه‌فت كردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت ژماره‌ (14)ی ساڵی 1991ی كار پێ كراو له‌ هه‌رێمدا.
2- ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ پێوه‌ره‌كانی راژه‌ی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌، ره‌وانه‌ی لای سه‌رۆكی ئه‌و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌ بكات كه‌ فه‌رمانبه‌ری سه‌رپێچیكار سه‌ر به‌ ئه‌وێیه‌، بۆشی هه‌یه‌ راسپارده‌یه‌ك هاوپێچ بكات بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری به‌رزه‌فتانه‌ و دادوه‌ریانه‌.
نۆیه‌م: 
1- ده‌سته‌ چاودێریی هه‌ڵسووڕاندنی سامانی هه‌رێم و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌كات، به‌ هاوكاری له‌گه‌لأ دیوانی چاودێریی دارایی و لایه‌نه‌كانی تری په‌یوه‌ندیدار.
2- چاودێرییه‌كه‌، یاسایی بوونی بڕیار و كاری وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ و ده‌سته‌كانی ژێـر چاودێری و راده‌ی ده‌سپاكییان، ده‌گرێته‌وه‌.
3- ده‌بێ ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ ژێر چاودێریدان، له‌سه‌ر خواستی ده‌سته‌ و بێ دواكه‌وتن، زانیاری و روون كردنه‌وه‌ و دۆكیۆمێنت (مستند) و به‌ڵگه‌نامه‌كان پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ بكه‌ن، له‌ نێویشیاندا ئه‌وانه‌ی نهێنین كه‌ پله‌ی په‌نهانییان هه‌ر چییه‌ك بێت، هه‌ر شتێكی دیكه‌ش كه‌ ده‌سته‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێری، بینینیان به‌ پێویست ده‌زانێت.


به‌شی سێیه‌م
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌سته‌و ئه‌رك و پێكهاته‌كانی ده‌سته‌
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌سته‌ به‌ ده‌نگدانی نهێنی به‌ زۆرێنه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ نێو سێ كاندیددا ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمدا كاندیدیان ده‌كات. هه‌ڵبژێڕدراو به‌ مه‌رسوومێكی هه‌رێمی و به‌ پله‌ی وه‌زیر داده‌مه‌زرێت. له‌ حاڵه‌تی سه‌رنه‌كه‌وتنی یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان به‌ دوو له‌ سه‌ر سێی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردن له‌ نێوانی ئه‌و دوو كاندیده‌ی كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگیان به‌ده‌ست هێناوه‌، دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، سه‌ركه‌وتووش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو له‌ سه‌ر سێی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

دووه‌م: كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك، سه‌رباری مه‌رجه‌كانی گشتیی وه‌زیفه‌، مه‌رجه‌ ئه‌مانه‌ی دادێشی تێدا بێت:
1- به‌ به‌ند كردن حوكم نه‌درا بێت له‌ سه‌ر تاوانی ناكۆك به‌ شه‌ره‌ف.
2- خاوه‌ن شیاوی و ده‌سپاكی و بێلایه‌نی بێت.
3- به‌شدار نه‌بوو بێت له‌و تاوانانه‌ی رژێمی به‌عس پلانی بۆ داڕشتبن یان جێبه‌جێی كردبن یان كردوونی.
4- بڕوانامه‌ی زانكۆیی له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێنا بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی بێت له‌ بواری كاره‌كه‌یدا بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ پازده‌ سالأ كه‌متر نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان هه‌یه‌ و دوو سالأ له‌و ماوه‌یه‌ش كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی ماجستێریان له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێناوه‌ و پێنج ساڵیش سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێناوه‌ و ماوه‌ی كورتی خوێندن بۆ به‌ده‌ست هێنانی هه‌ر یه‌ك له‌ دوو بڕوانامه‌كه‌ به‌ ماوه‌ی كار كردن بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م یاسایه‌ داده‌ندرێت.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: داواكاریی دامه‌زراندن، له‌ پاش راگه‌یاندنی پۆسته‌كه‌، پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كرێت، كه‌ ژیاننامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنیش هاوپێچی ده‌كرێت.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌ركی هه‌ڵبژاردنی سێ له‌ داواكارانی دامه‌زراندن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ مه‌به‌ستی كاندیدكردنیان بۆ پۆستی سه‌رۆك، تا په‌رله‌مان ئه‌ركی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێكیان، به‌ گوێره‌ی مادده‌ی (شه‌شه‌م/یه‌كه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
سێیه‌م: ماوه‌ی خزمه‌تی سه‌رۆك چوار ساڵه‌ و بۆ یه‌ك جار قابیلی تازه‌ كردنه‌وه‌یه‌، به‌ هه‌مان ئه‌و رێكار و بنه‌مایانه‌ی به‌ ده‌ق له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتوون.
چواره‌م: رێكاری یاسایی ده‌گیرێته‌ به‌ر ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رۆك له‌ كاتی سه‌رپێچی كردنی له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ كاری وه‌زیفی ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا، له‌ پاش وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی پێش وه‌خته‌ له‌ په‌رله‌مان.
پێنجه‌م: به‌ بڕیاری په‌رله‌مان له‌ یه‌كێك له‌م حاڵه‌تانه‌ی دادێ سه‌رۆك له‌ پۆسته‌كه‌ی لا ده‌درێت،:
1- ئه‌گه‌ر بڕیارێكی دادوه‌ری یه‌ك لاكه‌ره‌وه‌ ده‌رچوو به‌ تاوانبار كردنی به‌ ئه‌نجامدانی تاوانێك یا كه‌تنێكی ئابڕووبه‌ر.
2- ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌می یان بێ باكییه‌كی مه‌زن له‌ به‌جێ گه‌یاندنی كار و ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌لمێندرا.
3- خراپ به‌كار هێنانی ده‌سه‌ڵات.
شه‌شه‌م: بڕیاری لادان له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی (2، 3) له‌ بڕگه‌ی پێنجه‌می ئه‌م مادده‌یه‌، به‌ پێی راسپارده‌ی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دادوه‌رێكی دادگای پێداچوونه‌وه‌ (ته‌مییز) پێك دێت.

مادده‌ی هه‌شته‌م: 
به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆك ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌ بڕیار لێدراوه‌كه‌ی به‌ گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌ بگرێته‌ ده‌ست، له‌به‌رده‌می په‌رله‌ماندا ئه‌م سوێنده‌ یاساییه‌ی دادێ ده‌خوات:
(سوێند به‌ خودای مه‌زن ده‌خۆم كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێم سپێردراوه‌ به‌ راستگۆیی و ئه‌مانه‌ت و ده‌سپاكی وبێلایه‌نی و دڵسۆزییه‌وه‌ به‌ جێی ده‌گه‌ینم و به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ یاساو په‌یڕه‌و ورێنماییه‌كان بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی) پیاده‌كه‌م.
مادده‌ی نۆیه‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ ئه‌نجومه‌نێكی ده‌بێت و پێك دێت له‌: 
1- سه‌رۆكی ده‌سته‌                        سه‌رۆك.
2- جێگری سه‌رۆك                     جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌و له‌ كاتی ئاماده‌ نه‌بوونیدا جێی ده‌گرێته‌وه‌.
3- به‌رێوه‌به‌رانی گشتی ده‌سته‌        ئه‌ندام.
4- ژماره‌یه‌ك شاره‌زا له‌ كارمه‌ندانی ده‌سته‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی، كه‌ ژماره‌یان له‌ سێ زیاتر نه‌بێت، به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌كانی ئه‌نجومه‌ندا ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بێت.
دووه‌م: ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌ن:
1- ئاماده‌ كردنی بودجه‌ی ده‌سته‌و دیاری كردنی میلاكه‌كه‌ی و دانانی خشته‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ وه‌زاره‌تی دارایی.
2- ده‌ركردنی په‌یڕه‌وی تایبه‌ت به‌ ده‌سته‌.
3- دانانی پلانی كاری ده‌سته‌.
4- بڕیاردانی راپۆرتی ده‌وری كه‌ بۆ په‌رله‌مان یان لایه‌نانی تری فه‌رمی به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌.
5- لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی سه‌رۆك ره‌وانه‌ی لای ئه‌ویان ده‌كات و ده‌ركردنی بڕیاری پێویست له‌باره‌یانه‌وه‌.
سێیه‌م: بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ به‌ زۆرینه‌ ده‌درێن و له‌ كاتی یه‌كسان بوونی ده‌نگدا، لایه‌نی كه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ ده‌نگی له‌گه‌لأ داوه‌ قبوولأ ده‌كرێت.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
سه‌رۆك ئه‌م ئه‌ركانه‌ی دادێن پیاده‌ ده‌كات:
یه‌كه‌م: هه‌ڵسووڕاندنی كاره‌كانی ده‌سته‌ و مسۆگه‌ركردنی به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، به‌و جۆره‌ی ئامانجه‌كانی به‌دی ده‌هێنێت.
دووه‌م: كردنه‌وه‌ی لقی ده‌سته‌ له‌ پارێزگاو ئیداره‌كانی هه‌رێمدا، به‌ مه‌رجێك هه‌ر لقه‌ فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رێوه‌ی ببات، كه‌ به‌ لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنا بێت.
سێیه‌م: هه‌ر چوار مانگ جارێك یان هه‌ر كاتێك پێویست بوو، راپۆرتێكی ده‌وری پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێت، كه‌ بریتی بێت له‌ چالاكییه‌كانی ده‌سته‌و پوخته‌یه‌ك له‌ باره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا كراوه‌و ئه‌وانی داخراون و ئه‌وانه‌ی ره‌وانه‌ی لای دادگاكانی تایبه‌تمه‌ند كراون و رێ به‌ جه‌ماوه‌ر و میدیاش ده‌درێت چاوی پێدا بخشێنن.
چواره‌م: داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بكرێت، لێكۆڵه‌ری دادی بۆ كاركردن له‌ ده‌سته‌دا ته‌نسیب بكات. 


مادده‌ی یازده‌م: 
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ (جێگر) ێكی هه‌یه‌، كه‌ به‌ پله‌یه‌كی تایبه‌ته‌ و به‌ پێی پاڵاوتنی سه‌رۆك به‌ مه‌رسوومێكی هه‌رێمی داده‌مه‌زرێت.
دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌ جێگره‌كه‌ی یان به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی بدات.
مادده‌ی دوازده‌م:
 ده‌سته‌ پێك دێت له‌: 
یه‌كه‌م: فه‌رمانگه‌ی كاروباری كارگێڕی ودارایی: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و به‌ لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنابێ له‌ بواری پسپۆرایه‌تیی خۆیدا به‌ لای كه‌مه‌وه‌ ده‌ ساڵی شاره‌زایی هه‌بێ.
دووه‌م: فه‌رمانگه‌ی كاروباری یاسایی ولێكۆڵینه‌وه‌كان: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و به‌ لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێنابێ و له‌ بواری پسپۆرایه‌تیی خۆیدا به‌ لای كه‌مه‌وه‌ ده‌ ساڵی شاره‌زایی هه‌بێ، پێك دێت له‌:
1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری یاسایی: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێنابێ، له‌ بواری پسپۆرایه‌تیی خۆشیدا به‌ لای كه‌مه‌وه‌ پێنج ساڵ شاره‌زایی هه‌بێ، ئه‌م ئه‌ركانه‌ی دادێ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
أ- خستنه‌ رووی را وراوێژ له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌ یاساییانه‌ی ده‌خرێنه‌ به‌رده‌می ده‌سته‌وه‌.
ب ـ دادبینی كردن (المرافعه‌) له‌ به‌رده‌م دادگاكانی تایبه‌تمه‌ند هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌ ده‌یان جوولێنێت و پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێگاكانی تانه‌دان له‌باره‌یانه‌وه‌.
ج ـ نوێنه‌رایه‌تی كردنی ده‌سته‌ له‌ لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌دا كه‌ له‌سه‌ر خواستی ده‌سته‌ پێك هێنراون.
دـ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌ وتوێژینه‌وه‌ی یاسایی تایبه‌ت به‌ یاساكانی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و رێككه‌وتننامه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی له‌م باره‌یه‌وه‌.
2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كان: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێنابێ و له‌بواری پسپۆرایه‌تییه‌كه‌یدا بۆماوه‌یه‌ك به‌لای كه‌مه‌وه‌ پێنج ساڵ شاره‌زایی هه‌بێ و ئه‌ركی ئاشكراكردنی حاڵه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ تێكڕای ده‌زگاكانی حكومه‌تدا ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ هه‌روه‌ها زانیاری له‌ سه‌ریان به‌ هاوكاری ئامێره‌كانی ته‌كه‌نیكی كۆده‌كاته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كات. 
سێیه‌م: فه‌رمانگه‌ی خۆ پاراستن وشه‌فافیه‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، به‌لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێنابێ، له‌ بواری پسپۆرایه‌تیی خۆیدا به‌ لای كه‌مه‌وه‌ ده‌ ساڵ شاره‌زایی هه‌بێ و ئه‌م ئه‌ركانه‌ی دادێن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
1- دڵنیابوون له‌ ره‌وایی سه‌رچاوه‌كانی سامانی ئه‌و كه‌سه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ یان به‌ ناوی هی دیكه‌وه‌ تۆمار كراون، جا چ له‌ حیازه‌ی ئه‌و یان حیازه‌ی كه‌سانی دیكه‌دا بن، مادام موڵكایه‌تییان بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
2- په‌ره‌پێدانی كارامه‌یی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی و شێوازه‌كانی چاودێڕیی دارایی و پشكنینی كارگێڕی و بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری ده‌سپاكی وشه‌فافیه‌ت.
3- به‌ دواداچوونی پیاده‌كردنی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌سته‌وه‌.
4- بووژاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌لأ رێكخراوه‌كانی خاوه‌ن چالاكی هاوشێوه‌.
5- به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌كانی مه‌شق و گرێدانی كۆنگره‌ به‌ هاریكاری له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ته‌كان و لایه‌نانی تایبه‌تمه‌ندو ده‌زگاكانی كه‌رتی تایبه‌ت.
چواره‌م: نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات به‌لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێنا بێت.

مادده‌ی سێزده‌م:
یه‌كه‌م: له‌ كاتی هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ده‌سته‌ ده‌یكات، لێكۆڵه‌ره‌وانی مافی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌لأ هه‌ر كه‌سێك هه‌یه‌ كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ و چاوخشاندن به‌ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیدا، له‌ نێویاندا ئه‌وانه‌ی كه‌ نهێنین جا پله‌ی په‌نهانییان هه‌ر چییه‌ك بێت و ده‌بێ ئه‌ركی چوونه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌و ئامێرانه‌ی كه‌ جۆری كاره‌كه‌یان ده‌یخوازێت، ئاسان بكرێت و پاراستنیان دابین بكرێت و نابێ ئه‌و ئامێرانه‌یان لێ وه‌ربگڕێت كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ گوتی، ئه‌و زانیاری و به‌ڵگه‌نامانه‌ی داوا ده‌كرێت ببیندرێن له‌و په‌ڕی نهێنیدان و، ئه‌گه‌ری ئاشكرا كردنیان ره‌نگه‌ ئاسایشی هه‌رێم بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵێنه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی خۆی، یان جێگره‌كه‌ی و ئه‌ندامیه‌تیی دوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی له‌ ده‌سته‌، بۆ وردبینی كردنی ئه‌و زانیاری و به‌ڵگه‌نامانه‌، پێك ده‌هێنێ.

به‌شی چواره‌م
حوكمه‌كانی به‌ده‌ست هێنانی ناڕه‌وا
مادده‌ی چوارده‌م:
یه‌كه‌م: به‌ به‌ده‌ست هێنانی ناڕه‌وا داده‌ندرێت، هه‌ر سامانێكی یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌ ژێر حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دان چ بۆ خۆی یان بۆ یه‌كێكی دیكه‌، له‌ رێی به‌كارهێنانی وه‌زیفه‌ی گشتی یان راسپارده‌نی گشتی (التكلیف العام) یان سیفه‌ت یان له‌ ئاكامی ره‌فتارێكی پێچه‌وانه‌ی ده‌قێكی یاسایی به‌ ده‌ست هێنابێت.
دووه‌م: به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی پێشوو، هه‌ر زیاد بوونێكی سامان كه‌ به‌دی دێت له‌ پاش وه‌رگرتنی وه‌زیفه‌ی گشتی یان راسپاردنی گشتی یان هه‌بوونی سیفه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ژێر حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دایه‌ یان به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌یدا یان منداڵانی ناكامی، هه‌ كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ داهاتیاندا نه‌گونجێت و نه‌یانتوانی سه‌رچاوه‌ی ره‌وای بۆ بسه‌لمێنن، به‌ قۆزتنه‌وه‌ (استغلال) داده‌ندرێت.
سێیه‌م: حوكمه‌كانی بڕگه‌ی دووه‌می ئه‌م مادده‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكدا پیاده‌ ده‌بێت كه‌ به‌ هه‌ر سیفه‌تێك بێت سامانی گشتی به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ناڕه‌وایه‌.
مادده‌ی پازده‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی به‌ده‌ست هێنانی ناڕه‌وادا، سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره‌كان و بریكاری وه‌زاره‌ته‌كان و سه‌رۆك ده‌سته‌كانی سه‌ربه‌خۆ و بریكاره‌كانیان، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ تێیاندا و ره‌وانه‌ كردنیان بۆ دادگا به‌ گوێره‌ی یاسا.
دووه‌م: كێشه‌كانی وه‌ده‌ستهێنانی ناڕه‌وا سه‌باره‌ت به‌ تێكڕای ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ به‌ندی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا ده‌قنووس كراون، راسته‌وخۆ به‌ پێی حاڵه‌ت ره‌وانه‌ی لای دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێن.
مادده‌ی شازده‌م:
دادگا بۆی هه‌یه‌ ته‌ماشای داوای وه‌ده‌ستهێنانی ناڕه‌وا بكا به‌وه‌ی گلدانه‌وه‌ی یه‌ده‌گ (احتیاگی) له‌سه‌ر سامانی تۆمه‌تبار یان هاوسه‌ره‌كه‌ی یان منداڵانی ناكامی دابنێ. 
مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م: سزای به‌ندكردن ده‌خوات و بڕی به‌ده‌ست هێنانی ناڕه‌واش ده‌گێڕدرێته‌وه‌، له‌ هه‌ر كه‌سێك چ بۆ خۆی یان بۆ هی دیكه‌، وه‌ده‌ستهێنانی ناڕه‌وای وه‌گیركه‌وتبێت.
دووه‌م: حوكمی دادگای تایبه‌تمه‌ند: له‌سه‌ر داواكاریی ده‌سته‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ به‌رواری مردنه‌كه‌وه‌، رێگا له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی ناڕه‌وا ناگرێت هه‌رچه‌ندیشی داوای سزایی مردنه‌كه‌ به‌سه‌ر چووبێت، قه‌رزه‌كه‌ له‌ موڵك و ماڵی هاوسه‌ر و منداڵه‌ ناكامه‌كان وه‌رده‌گیردرێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سه‌ و به‌پێی ئه‌و سووده‌ ناره‌وایه‌ی به‌ ده‌ستی هێناوه‌. 
سێیه‌م: پێویسته‌ دادگای تایبه‌تمه‌ند له‌ به‌ره‌و رووی هاوسه‌ر و منداڵانی ناكامدا كه‌ سوودیان له‌ وه‌ده‌ستهێنانی ناره‌وا دیوه‌، بریار به‌ جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كه‌ بدات به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ سامانی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ ئه‌ندازه‌ی سوودوه‌رگرتنی. 
مادده‌ی هه‌ژده‌م:
هاوبه‌ش له‌ سزای تاوانی به‌ده‌ست هێنانی ناڕه‌وا ده‌به‌خشرێـت، ئه‌گه‌ر ده‌ست پێشخه‌ری بكات و ده‌سه‌ڵاتی په‌یوه‌ندیدار له‌ تاوانه‌كه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌، به‌ر له‌ ئاشكرا كردنی، یان له‌كاتی توێژینه‌وه‌ و لێكولێنه‌وه‌دا له‌ ئاشكرا كردنیدا هاوكار بێت، حوكمی ئه‌م مادده‌یه‌ حوكمی گێڕانه‌وه‌ به‌تاڵ ناكاته‌وه‌.
مادده‌ی نۆزده‌م:
هه‌ر كه‌سێك به‌ ئه‌نقه‌ست بۆ ماوه‌ی سێ مانگ زیاتر له‌ پێشكه‌ش كردنی داتاكان (اقرارات)ی ئاشكرا كردنی به‌رژه‌وه‌ندی دارایی له‌ كاتی بڕیاردراوی خۆی دواكه‌وت، به‌ غه‌رامه‌یه‌ك كه‌ له‌ یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر و له‌ سێ ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت، سزا ده‌درێت، هه‌مان سزا به‌ سه‌ر هه‌ر كه‌سێكدا ده‌سه‌پێت كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست داتا (بیانات)ی جه‌وهه‌ری نادروست بدات.
مادده‌ی بیسته‌م:
 ئه‌و سزایانه‌ی له‌م یاسایه‌دا بریار دراون، رێ له‌ سه‌پاندنی سزای دیكه‌ی توندتر ناگرن كه‌ له‌ یاسایه‌كی دیكه‌ی كار پێ كراو له‌ هه‌رێمدا بریار دراوه‌.

به‌شی پێنچه‌م
حوكمه‌ گشتی و كۆتاییه‌كان
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م:
 فه‌رمانبه‌رانی ده‌سته‌، جگه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رانی گشتی و خاوه‌ن پله‌ی تایبه‌ت، ئه‌و ده‌رماڵانه‌یان پێ ده‌درێـت كه‌ فه‌رمانبه‌رانی دیوانی چاودێریی دارایی به‌ گوێره‌ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (2)ی ساڵی 2008 وه‌ری ده‌گرن.
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
 بێ له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ كه‌س بۆی نییه‌ له‌ رووی كاگێڕییه‌وه‌ سزای فه‌رمانبه‌رانی بدات و ناشبێت به‌ هۆی كردارێكه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ وه‌زیفه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌، گل بدرێنه‌وه‌ یان ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێن، ته‌نیا له‌ پاش وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌، به‌ده‌ر له‌ حاڵه‌تی كه‌تن یان تاوانی بینراودا.

مادده‌ بیست و سێیه‌م:
ژمێریاریی ده‌سته‌ وردبینی دیوانی چاودێریی دارایی ده‌یگرێته‌وه‌.
مادده‌ بیست و چواره‌م:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كرنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی بیست و پێنجه‌م:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆ هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی خواستی كار، به‌ش وهۆبه‌كانی ده‌سته‌ له‌ نوێ بكاته‌وه‌ یان تێكه‌ڵ بكات یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌.
مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م:
كار به‌ ده‌قی هیچ یاسا یان بریارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێت.
مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م:
 پێویسته‌ لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
                                                       

                                                                 محمد قادر عبدالله
                                                             (د. كه‌مال كه‌ركووكی)
                                                    سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنی 
گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی كه‌ تووشی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵ ده‌بێـت، ده‌بێـته‌ مایه‌ی هێنانه‌ ئارای حاڵه‌تێك له‌ پاشكه‌وتن و بێدادی له‌ نێو كۆمه‌ڵدا، ئه‌مه‌ش وای له‌ حكومه‌ت و گه‌لانی پێشكه‌وتوو و شارستان كرد یاسا ده‌ربكه‌ن تا سنوورێكی بۆ دابنێن و نه‌یهێڵن و له‌ ناوی ببه‌ن و له‌به‌ر بایه‌خی رۆڵی چاودێری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌ت له‌ سیسته‌می دیموكراسی راسته‌قینه‌ داده‌ندرێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا پێوست به‌ هه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی گشتی ده‌سپاكی ده‌كات و له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌ماندا بێت و ئه‌و پسپۆرایه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌شی پێ بدرێت كه‌ ئه‌ركی پێ سپێردراوی ده‌یخوازێت، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.