یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2014 یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكیی له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (3)ی ساڵی 2011

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 2014
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر پێشنیاری ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (13)ی رۆژی 26/11/2014 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:
یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2014
یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سپاكیی
 له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (3)ی ساڵی 2011
مادده‌ی (1): 
ناونیشانی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
(یاسای ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق). 
مادده‌ی (2):
دوو بڕگه‌ به‌ ریزبه‌ندی (حه‌وته‌م و هه‌شته‌م) بۆ مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی یاساكه‌ زێده‌ ده‌كرێن و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌: 
حه‌وته‌م: تاوانی گه‌نده‌ڵی: مه‌به‌ست لێی بریتییه‌ له‌ هه‌ر تاوانێك له‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ مادده‌كانی (233، 234، 271، 272، 275، 276، 290، 293 و 296)ی یاسای سزاكانی عێراقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969 ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ و، تاوانه‌كانی پێشێلكار بۆ ئه‌ركه‌كانی وه‌زیفه‌ی گشتی، كه‌ بریتین له‌ به‌رتیل، ئیختیلاس و زیده‌ڕۆیی فه‌رمانبه‌ران له‌ سنووری وه‌زیفه‌كانیان و، تاوانه‌كانی شووشتنه‌وه‌ی مایه‌ و داڵده‌دان (به‌رده‌ستكردنی ئه‌و سامانانه‌ی ده‌ره‌ئه‌نجامی تاوان یان كه‌تنی گه‌نده‌ڵی) و، هه‌ر تاوانێك یه‌كێك بێت له‌ بارودۆخه‌ توندكراوه‌كانی ده‌قكراو له‌ بڕگه‌كانی (پێنجه‌م، شه‌شه‌م و حه‌وته‌م)ی مادده‌ی (135) له‌ یاسای سزادانی عێراقی هه‌مواركراو به‌ یاسایه‌كی رێكخراوی ده‌رچوو له‌ ئه‌نجومه‌نی حوكمی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پاشكۆ به‌ فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی ئیئتیلافی كاتی هه‌ڵوه‌شاوه‌ ژماره‌ (55)ی ساڵی 2004. 
هه‌شته‌م: منداڵه‌ دواكه‌وته‌كان: بریتین له‌و منداڵانه‌ی ناكامن و هاوسه‌رگیرییان نه‌به‌ستووه‌ و ئه‌و منداڵانه‌ی هاوسه‌رگیرییان به‌ستووه‌ كه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ نین. 
مادده‌ی (3):
مادده‌ی (دووه‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی (ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق) داده‌مه‌زرێ خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕییه‌ و، بودجه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ و له‌ ژێر چاودێریی په‌رله‌مان دایه‌.  
مادده‌ی (4):
مادده‌ی (سێیه‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
ئامانجی ئه‌م یاسایه‌ بریتیه‌ له‌: 
یه‌كه‌م: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و خۆپاراستن لێی. 
دووه‌م: پاڵپشتكردنی پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستپاكی، شه‌فافیه‌ت، لێپرسینه‌وه‌ و به‌رجه‌سته‌كردنی پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا. 
سێیه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندن، ڕاست كردنه‌وه‌، په‌ره‌پێدانی كارو ره‌فتاری وه‌زیفی، ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی، له‌ ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی و ئاسانكاریی رێكاره‌كان.  
مادده‌ی (5):
مادده‌ی (چواره‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ ده‌كرێت به‌سه‌ر:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، جێبه‌جێكردن، دادگه‌ری، ئه‌ندامه‌كانیان و ئه‌وانه‌ی تیایاندا كارمه‌ندن به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان.
دووه‌م: كه‌رتی تایبه‌ت به‌ تایبه‌تی ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌واره‌كانی كه‌رتی گشتیدا گرێبه‌ستیان ئه‌نجامداوه‌. 
سێیه‌م: رێكخستنه‌ سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، رێكخراوه‌ ناحكومیه‌ نیشتمانیه‌كان، یه‌كێتیه‌كان، سه‌ندیكا، ناوه‌نده‌ ئایینیه‌كان، كۆمه‌ڵه‌كان و یانه‌كان له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ڕه‌وایی سه‌رچاوه‌كانی مایه‌ پێدان و جۆری خه‌رج كردن و به‌ دواكه‌وتنی شوشتنه‌وه‌ی مایه‌. 
مادده‌ی (6):
مادده‌ی (پێنجه‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
ده‌سته‌ كار ده‌كات له‌سه‌ر:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێكردن و سه‌پاندنی یاساكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ستانده‌ره‌كانی ڕاژه‌ی گشتی به‌پێی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان.  
دووه‌م: وه‌رگرتنی هه‌واڵدان و زانیاری و سكاڵا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی به‌سه‌رجه‌م رێگه‌ و ئامرازه‌كان و له‌سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ی ڕه‌دی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ نێوانیشیاندا هه‌واڵدانی به‌ درۆ (الاخبارات الكاژبه‌).
سێیه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵه‌ری سه‌ر به‌ ده‌سته‌، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی دادوه‌رانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگاییه‌ سزاكارییه‌كان و، به‌دواداچونیان و پاراستنی نهێنی ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی هاوكارن به‌پێی یاسا. 
چواره‌م: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ تاوانی گه‌نده‌ڵی كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ڕایان كردووه‌ و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مایه‌ و سامان و داهاته‌كانی گه‌نده‌ڵی كه‌ به‌ قاچاغ براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان. 
پێنجه‌م: هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری رێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌ش به‌تایبه‌تی له‌ تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵیی سنووربڕ به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان. 
شه‌شه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری نیشتمانی بۆ گه‌شه‌پێدانی چه‌مكه‌كانی ده‌سپاكی و شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و، پابه‌ند بوون به‌ ستانده‌ره‌كانی ڕاژه‌ی گشتی و كاركردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تایبه‌تمه‌ند له‌ پێناوی دانانی پرۆگرامی خوێندنی نیشتمانی، بۆ پته‌وكردنی چه‌مكی ده‌سپاكی گشتی. 
حه‌وته‌م: ده‌ركردنی رێنمایی رێساكانی ره‌فتاری ئه‌رێنی وه‌زیفی بۆ روونكردنه‌وه‌ی ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی و ره‌وشته‌كانی كار كه‌ پێویسته‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێیه‌وه‌ پابه‌ند بن وه‌ك مه‌رجێكی دامه‌زراندن و به‌رده‌وام بوون له‌ ڕاژه‌ و چاودێری كردنی مه‌ودای پابه‌ندبوون پێیه‌وه‌ و، به‌ گوێره‌ی پێویست له‌ ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی تر هه‌موار ده‌كرێت. 
هه‌شته‌م: 
1ـ ده‌ركردنی رێنمایی ده‌رخستنی ئه‌ستۆی دارایی به‌پابه‌ندكردنی ڕاسپێردراوان به‌ خزمه‌تی گشتی كه‌ له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌، كه‌وا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هاوسه‌ر و منداڵه‌ دواكه‌وته‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن و، له‌ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی تر هه‌موارده‌كرێت به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ به‌ گونجاوی ده‌یبینێت، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی لێی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت. 
2ـ ده‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كان زانیاری ورد له‌ خۆ ده‌گرێت ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌سی داوالێكراو خاوه‌نیانه‌ له‌ نێوانیشیاندا ئه‌و خانووبه‌ره‌ و گوازراوه‌ و داهاته‌ دارایی و ڕه‌سیدی له‌ بانكی و پشك و سه‌نه‌د و مافه‌ مه‌عنه‌وییانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم خاوه‌نیانه‌. 
3ـ ده‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كان هه‌ر یه‌ك له‌ مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌: 
أـ سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی. 
ب ـ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگر و سكرتێر و ئه‌ندامه‌كان. 
ج ـ سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی. 
د ـ وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌ پله‌ی وه‌زیرن و بریكاری وه‌زیره‌كان. 
هـ ـ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و جێگره‌كه‌ی و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی ده‌سته‌ و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی. 
وـ خاوه‌ن پله‌ تایبه‌ته‌كان و بریكار و یاریده‌ده‌ره‌كانیان. 
زـ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و یاریده‌ده‌ركانیان. 
ح ـ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و سه‌رپه‌رشتیاره‌ دادوه‌رییه‌كان و لێكۆڵه‌ره‌كان. 
ت ـ ئه‌فسه‌رانی پاسه‌وانی هه‌رێم و ئاسایشی ناوخۆ له‌ پله‌ی موقه‌ده‌م به‌ره‌ و سه‌ره‌وه‌ و، ئه‌و ئه‌فسه‌ر و مفه‌وه‌زانه‌ی كاری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 
ی ـ پارێزگار و سه‌رۆكی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌ و سه‌رۆكی شاره‌وانیه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانی. 
ك ـ هه‌ر كه‌سێك پۆستێكی مه‌ده‌نی یان سه‌ربازی هه‌بێت له‌سه‌ره‌وه‌ ناوی نه‌هاتبـێ و ده‌سته‌ به‌ پێویستی بزانێ كه‌وا راپۆرتی ده‌رخستنی دارایی بیگرێته‌وه‌، به‌ پێـی رێنماییه‌ك كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌رده‌چێت. 
4ـ ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ راپۆرتی ده‌رخستنی ئه‌ستۆی دارایی ئه‌وانه‌ی حوكم ده‌درێن به‌ یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی (حه‌وته‌م)ی مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ و رێگه‌ بدات به‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و ڕاگه‌یاندن سه‌یریان بكه‌ن یان كۆپیان بكه‌ن. 
نۆیه‌م: 
1ـ ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدار ڕاسپێرێت به‌ ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی ملكه‌چی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌ پێی یاسای به‌رزه‌فته‌كردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی ژماره‌ (14)ی ساڵی 1991ی به‌ركار له‌ هه‌رێمدا. 
2ـ ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی ره‌وانه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكات و، بۆی هه‌یه‌ راسپارده‌ی له‌گه‌ڵ هاوپێچ بكات به‌ گرتنه‌به‌ری رێكاریی به‌رزه‌فته‌كاری. 
ده‌یه‌م: 
1ـ ده‌سته‌ هاوكاری دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ده‌كات و، هه‌ڵده‌ستێت به‌ چاودێری وه‌رگرتن و خه‌رجكردنی مایه‌كانی (أموال) هه‌رێم و ره‌فتاركردن پێیانه‌وه‌ و رێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یانه‌وه‌. 
2ـ ده‌سته‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ چاودێریكردنی ئاستی ده‌سپاكی بڕیار و كاره‌ به‌ڕێكراوه‌كان یان ئه‌و كارانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر له‌ كه‌رتی گشتی و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یان. 
3ـ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ملكه‌چی چاودێرییه‌ له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ و به‌بێ دواكه‌وتن زانیاری و روونكردنه‌وه‌ و نووسراو و به‌ڵگه‌نامه‌ به‌وانه‌ی كه‌ نهێنیشن پله‌ی نه‌دركاندنیان هه‌ر چیه‌ك بێت پێشكه‌شی ده‌سته‌ بكات و له‌گه‌ڵ هه‌ر شتێكی تر كه‌ ده‌سته‌ بۆ مه‌به‌سته‌كانی چاودێری به‌ پێویستی بزانێت لێی بڕوانێت، به‌ پێی یاسا كارپێكراوه‌كان. 
4ـ ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی حوكمه‌كانی به‌ندی (3)ی بڕگه‌ی (ده‌یه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ند كردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (6) مانگ زیاتر نه‌بێت و، به‌ غه‌رامه‌یه‌ك كه‌ له‌ (10) ده‌ ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، یان به‌ یه‌كێك له‌م دوو سزایه‌. 
5ـ ده‌سته‌ ده‌سه‌ڵاتی جوڵاندنی سكاڵای سزاكاری و به‌ دواداچوونی هه‌یه‌ به‌ پێی به‌ندی (4)ی بڕگه‌ی (ده‌یه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌. 

یازده‌م: پێشنیاركردنی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ بواری خۆپاراستن له‌ گه‌نده‌ڵی یان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی. 
دوازده‌م: ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی پابه‌ند بكات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی داتا یان زانیاری یان به‌ڵگه‌نامه‌ی دیاریكراو له‌سه‌ر هه‌ر كاروبارێك كه‌وا سه‌پاندنی شه‌فافیه‌تی تێدا به‌ پێویست بزانێ به‌ پێی چه‌ند میكانیزم و رێسایه‌ك كه‌ ده‌سته‌ دیارییان ده‌كات.  
سێزده‌م: جێبه‌جێكردنی رێوشوێن بۆ رێگه‌گرتن له‌ تێوه‌گلانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ گه‌نده‌ڵیدا و پته‌وكردنی شه‌فافیه‌ت له‌ قه‌واره‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و رێگری كردن له‌ ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان تیایاندا. 
چوارده‌م: ده‌ركردنی رێنمایی رێگه‌گرتن له‌ ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له‌ هه‌رێمدا و چاودێریی پابه‌ند بوون پێیه‌وه‌ و ده‌ست نیشان كردنی سه‌رپێچی كردنی حوكمه‌كانی و، ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یانه‌وه‌. 
پازده‌م: ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ كارێك بكات كه‌ زه‌روری بێت له‌ بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خۆپاراستن له‌ گه‌نده‌ڵی. 

مادده‌ی (7):
برگه‌ی (یه‌كه‌م)ی مادده‌ی (شه‌شه‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌سته‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بێت به‌ ده‌نگدانی نهێنی به‌ زۆرینه‌ی (2/3) دوو له‌سه‌ر سێی ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كان له‌ نێو (3) سێ كاندیددا كه‌ لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كاندیدیان ده‌كات و، له‌ حاڵه‌تی سه‌رنه‌كه‌وتنی هیچ كام له‌م كاندیدانه‌ به‌ (2/3) دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان ئه‌و دوو كاندیده‌ دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌ ده‌ست هێناوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت و، ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت به‌ مه‌رسومێكی هه‌رێمی به‌ پله‌ی وه‌زیر داده‌مه‌زرێت.

مادده‌ی (8):
برگه‌ی (پێنجه‌م و شه‌شه‌م)ی مادده‌ی (حه‌وته‌م) له‌ یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
پێنجه‌م: په‌رله‌مان بۆی هه‌یه‌ پرساندنی سه‌رۆكی ده‌سته‌ بكات، به‌ پێی رێكاره‌كانی پرساندنی وه‌زیره‌كان، سه‌رۆك به‌ بڕیاری په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی (2/3) دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامه‌كانی له‌ یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی لاده‌برێت: 
1ـ ئه‌گه‌ر بڕیارێكی دادگه‌ریی بنبڕ ده‌ربچێت به‌ تاوانباركردنی به‌ ئه‌نجامدانی تاوانێكی به‌ ئه‌نقه‌ست یان كه‌تنێكی ئابڕوبه‌ر.
2ـ ئه‌گه‌ر درێغی یان كه‌مته‌رخه‌می گه‌وره‌ له‌ ئه‌نجامدانی كارو ئه‌ركه‌كانی بسه‌لمێنرێت.
3ـ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی. 
شه‌شه‌م: بڕیاری لابردنی سه‌رۆك له‌ پۆسته‌كه‌ی له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی (2، 3) له‌ بڕگه‌ی پێنجه‌می ئه‌م مادده‌یه‌، له‌سه‌ر راسپارده‌ی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت، كه‌ به‌ بڕیاری په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی (2/3) دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامه‌كانی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی دادگای ته‌مییزی هه‌رێم و ئه‌ندامێتی (2) دوو له‌ پێشكه‌وتووترین ئه‌ندامانی دادگا پێك ده‌هێنرێت. 

 مادده‌ی (9):
(4) به‌ند ڕیزبه‌ندی (6، 7، 8 و 9) بۆ بڕگه‌ی (دووه‌می) مادده‌ی (نۆیه‌م)ی یاساكه‌ زێده‌ ده‌كرێن و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌: 
6ـ كردنه‌وه‌ی لقی ده‌سته‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌كانی هه‌رێم به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر لقێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ ببرێت كه‌وا به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت. 
7ـ دامه‌زراندنی ئه‌كادیمیایه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا و، ئه‌ركی بونیاتنانی تواناكان، راهێنان، بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی ده‌سپاكی و لێپرسینه‌وه‌ و شه‌فافیه‌ت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. 
8ـ پێشنیاركردنی بودجه‌ی ده‌سته‌ و ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر خه‌رجیه‌كانی. 
9ـ ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و هۆبه‌ به‌گوێره‌ی پێداویستییه‌كانی كار بهێنێته‌ كایه‌وه‌، یان لێكیان بدات، یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌. 
مادده‌ی (10):
مادده‌ی (ده‌یه‌م)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
سه‌رۆك ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ پیاده‌ ده‌كات: 
یه‌كه‌م: به‌ڕێوه‌بردن و راگیركردنی كاره‌كانی ده‌سته‌ و مسۆگه‌ركردنی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ سنووری یاسادا به‌و جۆره‌ی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی مسۆگه‌ر ده‌كات. 
دووه‌م: دامه‌زراندن و به‌رزكردنه‌وه‌ و به‌رزه‌فته‌كردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌سته‌ به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان. 
سێیه‌م: داواكردنی دابینكردنی لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادی بۆ ده‌سته‌ له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار 
چواره‌م: پێشكه‌شكردنی راپۆڕتی ناوبه‌ناو بۆ په‌رله‌مان هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك یان هه‌ر كاتێك پێویست بكات كه‌ چاڵاكیه‌كانی ده‌سته‌ و پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان لێكراوه‌ و ئه‌وانه‌ی پارێزراون یان داخراون و، ئه‌وانه‌ی ره‌وانه‌ی دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كان كراون له‌ خۆ بگرێت و ده‌سته‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆی بڵاویان ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی ئامرازه‌ جۆراوجۆره‌كانی راگه‌یاندن.
پێنجه‌م: ده‌ركردنی ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌.
شه‌شه‌م: هه‌ڵسان به‌ كارو ئه‌ركه‌كان و پیاده‌كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ یان هه‌ر یاسایه‌كی به‌ركاری تر ده‌قیان له‌سه‌ر ده‌كات.

مادده‌ی (11):
مادده‌ی (یازده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ جێگرێكی ده‌بێت به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت به‌ هه‌مان مه‌رجه‌كانی سه‌رۆك و، به‌ مه‌رسومی هه‌رێمی دادمه‌زرێت پاش كاندیدكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌وه‌ و، له‌ كاتی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆك به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت جێگای ده‌گرێته‌وه‌ و گشت ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی پیاده‌ ده‌كات. 
دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌خویل بكات بۆ جێگره‌كه‌ی یان به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان. 
سێیه‌م: جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ یان هه‌ر یه‌كێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی ده‌سته‌ له‌ پۆسته‌كانیان به‌ مه‌رسومێكی هه‌رێمی لاده‌برێت له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ كه‌ پاڵپشت بێت به‌ كاری لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌وا سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێكی ده‌هێنێت. 

مادده‌ی (12):
مادده‌ی (دوازده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
ده‌سته‌ پێكدێت له‌: 
یه‌كه‌م: فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌وا به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت له‌ یاسا و خاوه‌نی شاره‌زایی بێت له‌ بواری پسپۆڕی خۆی كه‌ (10) ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و، چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێیه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ كه‌وا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگایه‌كانی هه‌رێم و، ئه‌م ئه‌ركانه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت:
1ـ ئاشكراكردنی حاڵه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی و، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌یان به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌زگا هونه‌رییه‌كان.
2ـ وه‌رگرتنی هه‌واڵدان و زانیاری و سكاڵاكانی گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی.
 3ـ هاوكاری كردن له‌ بواری چاودێریی خه‌رجكردن و وه‌رگرتن و ره‌فتاركردن به‌ مایه‌كانی هه‌رێم و رێگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی
4ـ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ رایان كردووه‌ و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و مایه‌ و سامانانه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ رفێندراون.
5ـ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی. 
دووه‌م: فه‌رمانگه‌ی یاسایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌وا به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت له‌ یاسا و خاوه‌نی شاره‌زایی بێت له‌ بواری پسپۆڕی خۆی كه‌ له‌ (10) ساڵ كه‌متر نه‌بێت و به‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێت: 
1ـ پێشكه‌شكردنی بیرورا و راوێژ له‌ پرسه‌ یاساییه‌كان كه‌وا ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ و، نوێنه‌رایه‌تی كردنی ده‌سته‌ له‌و ده‌عوایانه‌ی له‌سه‌ری به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ به‌ بریكاریی فه‌رمی كه‌ له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌وه‌ ده‌ركرابێت. 
2ـ مورافه‌عه‌كردن له‌به‌رده‌م دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی یان پێداچوونه‌وه‌ی رێگه‌كانی تانه‌لێدان ده‌رباره‌یانه‌وه‌. 
3ـ نوێنه‌رایه‌تی كردنی ده‌سته‌ له‌و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر داواكاریی ده‌سته‌ پێكهێنراون. 
4ـ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی یاسایی تایبه‌ت به‌ یاساكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ئه‌م بواره‌. 
5ـ پێشكه‌شكردن و داواكردنی یارمه‌تی یاسایی نێوده‌وڵه‌تیی ئاڵوگۆڕكراو. 
6ـ چاودێری له‌سه‌ر ده‌سپاكیی بڕیار و كاره‌كانی كه‌رتی گشتی. 
7ـ دانانی رێنمایی رێگه‌گرتن له‌ ناكۆكی به‌رژه‌وندییه‌كان له‌ هه‌رێمدا. 
8ـ گرتنه‌به‌ری رێكار بۆ چاودێریی ئاستی ده‌سپاكی بڕیار و كاره‌كانی كه‌رتی گشتی و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو له‌م باره‌یه‌وه‌. 
9ـ ئاماده‌كردنی پێشنیار و پڕۆژه‌ یاسا له‌ بواری نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی. 


سێیه‌م: فه‌رمانگه‌ی خۆپاراستن و شه‌فافیه‌ت: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌وا به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی بێت له‌ بواری پسپۆڕی خۆی كه‌ له‌ (10) ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و، ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
1ـ وه‌رگرتنی ده‌رخسته‌كانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ی تیایاندا هاتوون و، گه‌ڕان به‌دوای ڕاستیه‌كانی و، به‌دواداچوونی ئه‌وانه‌ی دواكه‌وتوون له‌ پێشكه‌شكردنی، چاودێریكردنی زێده‌بوونی مایه‌ی ئه‌وانه‌ی داواكراون ده‌رخسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن و گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی ده‌رهه‌ق به‌وه‌ی ده‌سه‌لمێنرێت كه‌وا زێده‌بوونێكی گه‌وره‌ له‌ سامانی یان سامانی هاوسه‌ری یان یه‌كێك له‌ منداڵه‌ دواكه‌وته‌كانی بوونی هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌. 
2ـ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و راگه‌یاندن له‌ جێبه‌جێكردنی رێوشوێنی هاوبه‌ش بۆ رێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی. 
3ـ گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی هاوشێوه‌ن. 
4ـ به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆگرامه‌كانی راهێنان و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ به‌ هاوكاری وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت. 
5ـ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری ده‌سپاكی و شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و پابه‌ند بوون به‌ ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی. 
6ـ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دانانی پڕۆگرامی خوێندنی نیشتمانی بۆ پته‌وكردنی ده‌سپاكی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. 
7ـ دانانی رێنمایی رێساكانی ره‌فتاری پیشه‌یی و چاودێریكرنی پابه‌ند بوون پێیه‌وه‌ و، جه‌خت كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ری. 
8ـ دانانی رێنمایی ده‌رخستنی ئه‌ستۆی دارایی. 
9ـ دانانی پێڕه‌و و میكانیزم و رێسای بڵاوكردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی داتا و زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌كان. 
10ـ دانان و جێبه‌جێكردنی رێوشوێنی رێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی و پته‌وكردنی شه‌فافیه‌ت و رێگه‌گرتن له‌ ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا. 
11ـ به‌دواداچوون و گه‌ڕان به‌ دوای راستیه‌كاندا ده‌رباره‌ی ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌ كه‌رتی گشتیدا و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یانه‌وه‌. 
چواره‌م: فه‌رمانگه‌ی كاروباری كارگێڕی و دارایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌وا به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی بێت له‌ بواری پسپۆڕی خۆی كه‌ له‌ (10) ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و دابینكردنی راهێنانی پێویست و بونیاتنانی تواناكان. 
پێنجه‌م: به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان به‌ مه‌رسومێكی هه‌رێمی پاش كاندیدكردنیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌سته‌وه‌ داده‌مه‌زرێن. 
شه‌شه‌م: نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت. 

مادده‌ی (13):
بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (سێزده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و (3) بڕگه‌ش به‌ ریزبه‌ندی (سێیه‌م، چواره‌م و پێنجه‌م) بۆ مادده‌كه‌ زێده‌ ده‌كرێن و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: لێكۆڵه‌ره‌كانی ده‌سته‌ ده‌سه‌ڵاتی لێكۆڵه‌ریان هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی له‌ یاسای بنه‌ماكانی دادگاییه‌ سزاكارییه‌كانی به‌ركار له‌ هه‌رێمدا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ بڕواننه‌ نووسراو و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان به‌وانه‌ی نهێنیشن و پله‌ی په‌نهانیان هه‌ر چیه‌ك بێت و، پێویسته‌ كاری چونه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندار له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێرانه‌ی سروشتی كاره‌كانیان پێویستی ده‌كات ئاسان بكرێت و پاراستنیان دابین بكرێت و نابێت ئه‌و ئامێرانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ لێیان بسه‌ندرێت. 
سێیه‌م: لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی ده‌سته‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵات و ماف و ئیمتیازاتی لێكۆڵه‌رییان ده‌بێت، به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگاییه‌ سزاكارییه‌كان، سه‌رباری ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت و ئیمتیازاتی به‌خشراو وه‌ك فه‌رمانبه‌رانی ده‌سته‌. 
چواره‌م: 
1ـ ده‌سته‌ به‌ بڕیاری سه‌رۆكه‌كه‌ی بۆی هه‌یه‌ هه‌واڵدان یان زانیاری یان سكاڵا به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانخاته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ بپارێزێت ئه‌گه‌ر هێماكردن به‌بوونی تاوان له‌خۆ نه‌گرێت یان ئه‌گه‌ر لای ده‌سته‌ به‌ گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رایی سه‌لمێندرا كه‌وا هه‌واڵدانه‌كه‌ دروست نیه‌ یان درۆیه‌. 
2ـ دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ یان ئه‌ندامی داواكاری گشتی تایبه‌تمه‌ند بۆی هه‌یه‌ داوای هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی پارێزراو بكات به‌پێی به‌ندی (1)ی ئه‌م برگه‌یه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌وه‌ی به‌ گونجاوی ده‌زانێت ده‌رباره‌یه‌وه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی یاسا. 
پێنجه‌م: 
1ـ ئه‌وه‌ی حوكم بدرێت له‌سه‌ر تاوانێكی گه‌نده‌ڵی به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌وا لێهاتوویی وه‌رگرتنی وه‌زیفه‌ی گشتی له‌ ده‌ست ده‌دات و كه‌رتی گشتی بۆی نیه‌ وه‌ك به‌ڵێنده‌ر یان هێنه‌ری خزمه‌تگوزاری یان كه‌لوپه‌ل گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا بكات. 
2ـ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی حوكمی تاوانباركردنی به‌ تاوانێكی گه‌نده‌ڵی به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌درێت ئه‌وا به‌ گه‌یشتنی حوكمه‌كه‌ به‌ پله‌ی بنبڕ ده‌سبه‌جێ به‌ ده‌ركراو (عزل) له‌ وه‌زیفه‌كه‌ی داده‌نرێت. 

مادده‌ی (14):
بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (چوارده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
دووه‌م: به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌ هه‌ر زێده‌بوونێكی گه‌وره‌ له‌ ساماندا له‌ دوای وه‌رگرتنی وه‌زیفه‌ی گشتی یان ڕاسپاردنی گشتی یان سیفه‌ت، یان له‌ سامانی هاوسه‌ری یان یه‌كێك له‌و منداڵه‌ دواكه‌وته‌كانی بێته‌ ئارا، كاتێك له‌گه‌ڵ داهاته‌ ره‌واكانیان نه‌گونجێت و ده‌سته‌وه‌ستان بێت له‌ هۆ ده‌رخستنی به‌ هۆكارێكی شیاو، ئه‌وا به‌ ئیستغلال داده‌نرێت. 

مادده‌ی (15):
مادده‌ی (پازده‌م)ی یاساكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
هه‌ر كه‌سێك بۆ خۆی یان غه‌یری خۆی ده‌سكه‌وتێكی ناڕه‌وای ده‌ست بكه‌وێت ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن یان زیندانییكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (7) حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت و، به‌ غه‌رامه‌یه‌ك یه‌كسان بێت له‌گه‌ڵ ده‌سكه‌وته‌ ناڕه‌واكه‌ی و، ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ی. 
مادده‌ی (16):
مادده‌ی (حه‌ڤده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: نه‌مانی ده‌عوای سزاكاری به‌هۆی مردن نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌ ناڕه‌واكه‌ به‌ حوكمی دادگای تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ له‌ ماوه‌ی (3) سێ ساڵ له‌ رێكه‌وتی مردنه‌كه‌ و، له‌ مایه‌ی میراتگره‌كانی به‌ گوێره‌ی سوود وه‌رگرتنی هه‌ر یه‌كێكیان له‌و ده‌ستكه‌وته‌ ناڕه‌وایه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌. 
دووه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند له‌ به‌رامبه‌ر میراتگره‌كانی كه‌ سوودیان له‌ ده‌ستكه‌وته‌ ناڕه‌وایه‌كه‌ بینیوه‌ بڕیار بدات به‌ حوكمی گه‌ڕاندنه‌وه‌كه‌ له‌ مایه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان به‌و بڕه‌ی سوودی لێ دیوه‌. 

مادده‌ی (17): 
مادده‌ی (هه‌ژده‌م)ی یاسای ده‌سته‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
به‌شداربوو له‌ تاوانی ده‌سكه‌وتی ناڕه‌وا له‌ سزادان ده‌بوردرێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵسا به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ تاوانه‌كه‌ به‌ر له‌ ئاشكرابوونی، یان هاوكار بوو له‌ گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاشكراكردنی، یان ئه‌و مایانه‌ی لێیه‌وه‌ وه‌ده‌ست هاتوون ئاشكرا بكات و بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ و، حوكمی ئه‌م مادده‌یه‌ پێویستبوونی حوكمدان له‌سه‌ر به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ پێشێل ناكات. 

مادده‌ی (18):
مادده‌ی (نۆزده‌م)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
هه‌ر داوالێكراوێك به‌ پێشكه‌شكردنی ئاشكراكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانی به‌ ئه‌نقه‌ست یه‌كێك له‌م كرده‌وانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجام بدات ئه‌وا به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (3) سێ مانگ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (3) سێ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (100) سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت یان به‌یه‌كێك له‌م دوو سزایه‌، سزا ده‌درێت: 
یه‌كه‌م: دواكه‌وتن له‌ پێشكه‌شكردنی راپۆرتی ده‌رخسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ (3) سێ مانگ له‌و ماوانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ دیاری كراون. 
دووه‌م: پێدانی داتای نادروستی كاریگه‌ر له‌ راپۆرتی ده‌رخسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانی.
سێه‌م: باس نه‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندی یان ئه‌و مایه‌ی خاوه‌نیانه‌ یان هی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی یان هی یه‌كێك له‌ منداڵه‌ دواكه‌وته‌كانیه‌تی له‌ ده‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانی. 

مادده‌ی (19):
ده‌قی مادده‌ی (بیست و یه‌ك)ی یاساكه‌ ده‌بێته‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) و بڕگه‌یه‌كیشی به‌ ریزبه‌ندی (دووه‌م) بۆ زیاد ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ پێشخستن (قدم) بۆ ماوه‌ی (6) شه‌ش مانگ بداته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی هه‌وڵی به‌رچاو ده‌بینن، یان ئه‌نجامی ئاست به‌رز به‌ده‌ست ده‌هێنن. 
مادده‌ی (20):
مادده‌ی (بیست و چوار)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ پێڕه‌وێكی تایبه‌ت به‌ پاراستنی گه‌واهیده‌ر و هه‌واڵده‌ر و قوربانی و شاره‌زایان داده‌نێت و، پێره‌وی هاندانی جه‌ماوه‌ر و ڕاگه‌یاندن و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و تۆمه‌تباران له‌ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌دا داده‌نێت و، ته‌خویل ده‌كرێت به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و خه‌رجكردن له‌سه‌ریدا. 
دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات. 

 مادده‌ی (21):
مادده‌ی (بیست و پێنج)ی یاساكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. 
مادده‌ی (22):
كار به‌ ده‌قی هیچ یاسایه‌ك یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی (23):
پێویسته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكات. 
مادده‌ی (24):
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت. 



                                                                                                                                                               یوسف محمد صادق
                                                                                                                                                     سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق



هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بۆ مسۆگه‌ركردنی زیاتری سه‌ربه‌خۆیی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق و، له‌ پێناوی پشتگیری كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی و، بۆ چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی رێكاره‌كانی رێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی و، بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌مكی ده‌سپاكی و شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌زگاكانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.