یاسای ژماره‌ (7) ساڵی 1993 یاسای یانسیبی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 1993
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای یانسیبی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار:17
مێژووی بڕیار 8/3/1993

بڕیار

به‌ پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1)ی له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 و له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 3/3/1993 بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (7) ساڵی 1993
یاسای یانسیبی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان

مادده‌ی یه‌كه‌م:
لیژنه‌یه‌ك پێك ده‌هێنرێ به‌ ناوی لیژنه‌ی یانسیبی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان و جێگری بریكاری وه‌زاره‌ت و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و كشتوكال و ئاودێری و پیشه‌سازی وزه‌ و ئه‌شغال و نیشته‌جێ كردنی به‌ پله‌ یه‌ك كه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ.
مادده‌ی دووه‌م:
لێژنه‌كه‌ خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وی ده‌بێ و بۆی هه‌یه‌ هه‌موو چالاكییه‌كی قانوونی بۆ به‌دیهێاننی مه‌به‌سته‌كانی بنوێنێ و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌به‌رده‌می دادگاكان و لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كاندا ده‌بێته‌ نوێنه‌ری.
مادده‌ی سێیه‌م:
لیژنه‌كه‌ خۆی جۆر و شێوه‌ی پلیتی یانسیبه‌كه‌ و نرخی فرۆشتنی و رێكخستنی راكێشانی و رۆژه‌كه‌ی و چۆنێتی راكێشانه‌كه‌ دیاری ده‌كا.
مادده‌ی چواره‌م:
لیژنه‌ دوای وه‌رگرتنی بریاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران مافی خواستن (استعاره‌)ی فه‌رمانبه‌رانی بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ دوو ساڵ كه‌متر نه‌بێ و ده‌شێ بۆ یه‌ك جار نوێ بكرێته‌وه‌.
مادده‌ی پێنجه‌م:
لیژنه‌ به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ مانگی جارێك كۆ ده‌بێته‌وه‌ بۆ دركردنی بڕیاری پێویست له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ كێشانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ یانه‌سیبه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.


مادده‌ی شه‌شه‌م:
لیژنه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر داواكردنی سه‌رۆك یا سێ له‌ ئه‌ندامانی كه‌ داواكه‌یان ده‌درێ به‌ به‌ سه‌رۆك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ ده‌ره‌كی (استپنائی) بكا ئه‌میش ده‌بێ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له‌ رۆژی وه‌رگرتنی داواكه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ بانگ بكا.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ به‌ ئاماده‌ بوونی زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌ندامانی له‌ گه‌ڵیانداو سه‌رك و ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر ناجێگیره‌كه‌ی ساز ده‌بن و بڕیاره‌كانی به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌ بووان ده‌درێن و ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان وه‌ك یه‌ك بوون ئه‌و لایه‌ زال ده‌كرێ كه‌ سه‌رۆكی له‌ گه‌ڵدایه‌.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
لیژنه‌ ده‌بێ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا له‌ رۆژی كۆبوونه‌كه‌وه‌ بڕیاره‌كانی بنێرێ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن له‌ ماوه‌ی پازده‌ رۆژدا ناره‌زایی ده‌ر نه‌برن له‌ رۆژی سپاردنیانه‌وه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ سه‌لمێنراو داده‌نرێن.
مادده‌ی نۆیه‌م:
لیژنه‌ بووجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ خۆی داده‌نێ كه‌ داهات و مه‌سره‌فی بۆ ماوه‌ی سالێكی ته‌واو كه‌ له‌ 1/كانوونی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا و له‌ 31/ كانوونی یه‌كه‌مدا كۆتایی دێ دیاری ده‌كا و له‌ دوا سه‌لماندنییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیری داراییه‌وه‌ كاری پێده‌كرێ.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
ئه‌گه‌ر ساڵی دارایی دواكه‌وت بووجه‌كه‌ی نه‌سه‌لمێنرا بوو بۆی هه‌یه‌ تا كاتی سه‌لماندنی بووجه‌ نوێیه‌كی به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی كار به‌ بووجه‌ی رابردوودا بكا.
مادده‌ی یازده‌یه‌م:
حیسابه‌ ساڵانه‌ی لیژنه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێ ركێفی پشكنین و چاودێری داراییه‌وه‌ به‌ پێی یاسا.
مادده‌ی دوازده‌یه‌م:
لیژنه‌ ده‌بێ له‌ ماوه‌ی سێ مانگ له‌ رۆژی كۆتایی هاتنی هه‌ر سالێكی داراییه‌وه‌ راپۆرتی ئه‌و چاودێره‌ ژمێریاریه‌ بدا به‌ وه‌زراه‌تی دارایی كه‌ به‌ حیسابی ئه‌و ساڵه‌دا چۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ راپۆرتی ساڵانه‌ی له‌ باره‌ی كاره‌كانی لیژنه‌وه‌ له‌و ساڵه‌ داراییه‌دا.
مادده‌ی سیازده‌یه‌م:
پاره‌ی كاشی لیژنه‌ ده‌خرێته‌ یه‌كێك له‌ بانقه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ پاره‌ لێراكێشانی به‌ ئیمزای سه‌رۆكی لێژنه‌ و فه‌رمانبه‌ری به‌رپرسیار له‌ حیسابی ده‌بێ و لیژنه‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ پاره‌كه‌ له‌ ده‌ هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێ له‌ سندوقه‌كه‌یدا بۆ مه‌سره‌فی ده‌م و ده‌ست هه‌ڵبگرێ.
مادده‌ی چوارده‌یه‌م:
وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێ هه‌ندێ قه‌رزی درێژخایه‌ن به‌ بێ سوودی یاسایی، (الفئده‌ القانونیه‌)بدا به‌ لیژنه‌ بۆ هه‌ڵسووراندنی كاروباری به‌ مه‌رجێ به‌ پێی توانای لیژنه‌ به‌ قستی ساڵانه‌ بیداته‌وه‌. 
مادده‌ی شازده‌یه‌م:
داهاته‌كانی لیژنه‌ ئه‌متنه‌ ده‌بن:
1-ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی یه‌وه‌ ده‌یدرێتێ.
2-داهاتی راسته‌خۆ یانسیبه‌كه‌.
3-سوودی سپێردراو (ودائع) و پاره‌ كاشه‌كانی خۆی.
4-ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ له‌ قازانجی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌رده‌كرێ كه‌ بلیته‌كه‌ی بۆ ده‌رچووه‌.
5-هه‌ر داهاتیكی تر كه‌ لیژنه‌ دوای بڕیار له‌ سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران قبوولی ده‌كا.
مادده‌ی شازده‌یه‌م:
نابێ كۆی خه‌ڵاته‌كانی ساڵێكی دارایی ته‌واو (50%) له‌ سه‌دا په‌نجای نرخی بلیته‌ فرۆشراوه‌كانی ئه‌و ساڵه‌.
مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م:
پووخته‌ی داهاتی لیژنه‌ له‌ یانسیبه‌كه‌ و داهاته‌ كانی تری به‌ پێی، له‌ پێشتری (الاولوبه‌) و پلان و نه‌خشه‌ سه‌لمێنراوه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌كانی گه‌شه‌ پێدان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كوردستانی عێراق ته‌رخان ده‌كرێ.
مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م:
لیژنه‌ به‌ یاسایه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ چۆنێتی پاكۆ دانی ماڵ و موڵكی دیاری ده‌كا.
مادده‌ی نۆزده‌یه‌م:
ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی یانسیبه‌كه‌ كه‌ ده‌درێن به‌ پلیت بۆ ده‌رچووه‌كه‌ له‌ گشت باجێك ده‌به‌خشرێن.
مادده‌ی بیسته‌م:
لیژنه‌ له‌ (15%) له‌ سه‌دا پانزه‌ی پاره‌ی خه‌ڵاتی ئه‌و كه‌سه‌ی پلیته‌كه‌ی بۆ ده‌رچووه‌ گلده‌داته‌وه‌ و وه‌ك داهاتێك بۆ لیژنه‌ تۆمار ده‌كرێ.
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م:
لیژنه‌ رێژه‌ی كۆمسیۆن (العموله‌) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری ده‌كا كه‌ وه‌كاله‌تی فرۆشتنی بلیتی یانسیبه‌كه‌ی ده‌درێنێ.
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێ.
مادده‌ی بیست و سێیه‌م:
وه‌زاره‌تی دارایی ئابووری ئاوه‌دا كردنه‌وه‌ ز گه‌شه‌ پێدان بۆیان هه‌یه‌ هه‌ر یه‌كه‌ به‌ پێی تایبه‌تكاری خۆی رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌ جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكا.
مادده‌ی بیست و چواره‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌ جێ بكا.
 مادده‌ی بیست و پێنجه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا كاری پێ ده‌كرێ.
 





                                                                                                     جوهر نامق سالم
                                                                                  سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق









(هۆیه‌كانی ده‌رچواندنی ئه‌م یاسایه‌)

له‌به‌ر ئه‌و بارودرخه‌ی كوردستان پێدا تێپه‌ریوه‌ و كاولكردنی ژێرخانی له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق و تایبه‌تی رژێمی ئیستای به‌غداوه‌ و پێویستی بوونی پاڵپشتێكی دارایی بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ و جێبه‌ جێ كردنی پرۆژه‌كانی گه‌شه‌ پێدان و له‌به‌ر باری سه‌ختی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م یاسایه‌ ده‌ركرا.