یاسای ژماره‌ (6)ی ساڵی 2021 یاسای وەزارەتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 6
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (13)ی ڕۆژی 18/5/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (6)ی ساڵی 2021
یاسای وەزارەتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق
پێناسەكان
مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتى کارەبای هەرێم.
سێیەم: وەزیر: وەزیرى کارەبای هەرێم.
چوارەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنی وەزارەت.
پێنجەم: بەرهەمهێنان: بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا.
شەشەم: گواستنەوە: گواستنەوەى وزەی کارەبا بە هێلى (٣٣) کیلۆ ڤۆڵت بەرەو سەر.
حەوتەم: دابەشکردن: دابەشکردنى وزەی کارەبا لە ڕێگەى تۆڕى ناوەندیى لە هێلەکانى (٣٣/0.4)، (١١/0.4) و(0.4) کیلۆ ڤۆڵت بەرەو خوار.
هەشتەم: وزە: وزەى کارەبا 
نۆیەم: کۆنتڕۆڵ: کۆنتڕۆڵی سەر تۆرەکانی کارەبای هەرێم .
دەیەم: هاوبەشەکان: هەر بەشداربوویەک کە گرێدراوى تۆڕەکانى کارەبا بێت بە مەبەستى وەرگرتنى وزەى کارەبا لە ڕێگاى پێوەرى کارەباوە.
یازدەیەم: تۆڕەکان: پێکهاتەکانى کارەبا لە هەردوو سێکتەرى گواستنەوە و دابەشکردن، دەگرێتەوە.
 دوازدەیەم: وێستگەکانى بەرهەمهێنان: سەرجەم وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى.
ئامانجەكان
مادده‌ی (2) 
ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتین لەمانەى خوارەوە:-
یەکەم: پەرەپێدانى وزەى کارەبا بە گوێرەى پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و ئابووری نیشتمانى.
دووەم: هاندانى وەبەرهێنانى ناوخۆیى و بیانى لە بوارى کەرتى کارەبادا.
سێیەم: پاڵپشتى کردن وهاندانى فرە سەرچاوەیى وزەى کارەبا. 
چوارەم: ڕێکخستنى گشت چالاکییەکانى پەیوەست بە کارەبا لەبوارى بەرهەمهێنان، کۆنتڕۆڵ،  گواستنەوە، دابەشکردن و بەکارهێنان، بەجۆرێك کارایى و بەردەوامى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا و پڕکردنەوەى خواست مسۆگەر بکات، لەگەڵ زامنکردنى پاراستنى ژینگە و گەیاندنى وزەى کارەبا بۆ هەموو شوێن و ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان.
پێنجەم: ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانى کارەبا وقۆڕخکارى و بەدەستەوەبوونى (تحكم) نرخەکان.
شەشەم: پێبژاردنى زێدەڕۆیی بۆ سەر تۆڕەکانى کارەبا.



پێكهاتەكانی وەزارەت
مادده‌ی (3)
یەکەم: وەزارەت پێکدێت لە:-
1- وەزیر: سەرۆکی باڵاى وەزارەتە و بەرپرسە لە جێبەجێكردنی  ئەرك و ئاڕاستەکردنى سیاسەت و سەرپەرشتى و چاودێریکردنى کارەکانى، لە ڕێگاى بڕیار و فەرمان و ڕێنماییەکان، لە گشت ئەو بابەتانەى پەیوەندارن بە ئەرك و پێكهاتە و دەسەڵاتەکانى وەزارەت و سەرجەم کاروبارى تەکنیکى و دارایى و کارگێڕى، و وەزیر دەتوانێت بەشێك لە دەسەڵاتەکانى لە چوارچێوەى یاساى وەزارەت بە بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بسپێرێت.
2- نووسینگەى وەزیر: فەرمانبەرێک بە پلەى بەڕێوەبەر بەڕێوەى دەبات، کە لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایی بێت و ژمارەیەک فەرمانبەر یارمەتى دەدەن.
3- بریکارى وەزارەت: یارمەتى وەزیر دەدات لە سەرپەرشتیکردنى کاروبارى وەزارەت لە چوارچێوەى ئەو دەسەڵاتانەى وەزیر پێی دەسپێرێت، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بێت و خاوەن شارەزایى بێت.    
4- ژمارەیەک ڕاوێژکار زیاتر نەبن لە (4) چوار کەس، بەو مەرجەى هەر یەکێکیان لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت و خاوەن شارەزایى بێت.
5- بەڕێوەبەرایەتى گشتى دیوان: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە یاسا یان کارگێریى و خاوەن شارەزایى بێت.
6- بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرهەمهێنانى وزەی کارەبا: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگری بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت.
7- بەڕێوەبەرایەتى گشتى گواستنەوەى وزەى کارەبا: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت.
8- بەڕێوەبەرایەتى گشتى دابەشکردنی وزەی کارەبا: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت.
9- بەڕێوەبەرایەتى گشتى پلاندانان: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت.
10- بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى وزە: بەڕێوەبەرێکى گشتى بەڕێوەى دەبات، بەو مەرجەى لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریی کارگێریى، ئابووریی یان بازرگانى و خاوەن شارەزایى بێت.
دووەم:
 1- لە هەر پارێزگایەک و ئیدارەیەکى سەربەخۆ لە هەرێم، بەڕێوەبەرایەتییەکى گشتى کارەبا پێکدەهێنرێت و هەر یەکێکیان خاوەن کەسایەتى مەعنەوى دەبێت.
2- هەر بەرێوەبەڕایەتییەکى گشتى هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرێکى گشتى بەرێوە دەبرێت، کە لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت و فەرمانبەرێک بە پلەى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى یارمەتى دەدات کە لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆیى بەرایى بێت لە بوارى کارگێریى یان یاسا یان ئەندازیاریى و خاوەن شارەزایى بێت.
ئەركەكانی وەزارەت
مادده‌ی (4)
وەزارەت ئەم ئەرکانەى خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:-
یەکەم: بەرهەم هێنان، گواستنەوە، دابەشکردنى کارەبا، دامەزراندن، بەگەڕخستن و چاککردنەوەى وێستگەکان (بەرهەم هێنان، گۆڕین) و تۆڕەکانى کارەبا.
دووەم: بەگەڕخستنى تۆڕەکانى کارەبا بە شێوەیەکى زانستیانە بە پێى ستاندەرە نێودەوڵەتییەکان  لە ڕێگەى دامەزراندنى سیستەمى گەیاندن بۆ مسۆگەرکردنى پارێزگاریکردن لە پێکهاتەکانى تۆڕەکانى کارەبا و کەمکردنەوەى تێچووەکان.
سێیەم: دەستەبەرکردنى بەرژەوەندى گشتى، کۆنتڕۆڵکردنى بەکاربردنى کارەبا، مسۆگەرکردن و دابینکردنى کارەبا و کەمکردنەوەى بەهەدەردانى مافەکانى وەزارەت لە ڕێگەى دامەزراندنى پڕۆژەى تۆڕى زیرەک.                                               
چوارەم: دیاریکردنى نرخەکانى کارەبا لەلایەن وەزیر بە ڕەزامەندى ئەنجومەن و بەرزکردنەوەى بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ ڕەزامەندیدان لەسەرى، بەمەرجێك ئەو بارودۆخ و گۆڕانکارییانەى لەسەر تێچووى کارەبا و بژێوى هاوڵاتیان و ئابوورى هەرێم ڕوودەدەن لەبەرچاو بگیرێن.
پێنجەم: بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى وزەى کارەباى پاک بۆ پێداویستییەکانى بەرژەوەندى گشتى، و مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە سەرچاوە نوێبوەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنى یاسا و پێڕەو و ڕێنماییە بەرکارەکان. 
شەشەم: گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ پاراستنى ژینگە و دەستەبەرکردنى سەلامەتیى و تەندروستى گشتى. 
حەوتەم: ڕێکخستنى میلاکى پێویست و پەرەپێدانى تواناى فەرمانبەران لە ڕێگەى ناوەندیى ڕاهێنانى پیشەیى بەهاوکارى لەگەڵ دامەزراوە فێرکارییە  ئەکادیمییەكان و  ناوەندە پسپۆڕەکان یان ڕێکخراوە ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەکان.
هەشتەم: پێدانى مۆڵەت و گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى پسپۆڕ لە کەرتى تایبەت بۆ بەگەڕخستن، چاککردنەوەى وێستگەکانى (بەرهەم هینان و گوڕینى کارەبا) و تۆڕەکانى گواستنەوە ودابەش کردن و هاوردەکردن و هەناردەکردنى وزە.
نۆیەم: هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان بە چالاکیەکانى وەزارەت و کارکردن لەسەر ڕێنوێنى بەکاربردنى وزەى کارەبا لە ڕێگەى دانانى سیاسەت و ڕێنمایى و هاندانى بەکاربەران بۆ ئەم مەبەستە.
دەیەم: پێشکەشکردنى پێشنیار بە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بەمەبەستى پەرەپێدانى کەرتى کارەبا لە هەرێم.
یازدەیەم: نوێنەرایەتیکردنى هەرێم لە ڕێکخراو و کۆنفرانسە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکانى تایبەت بە کەرتى وزەى کارەبا.
دوازدەیەم: هەماهەنگى و تەواوکردنى یەکتر لەگەڵ وەزارەتەکانى هەرێم و وەزارەتە ئیتیحادییەکان.
سێزدەیەم: ئەنجامدانى کڕین و فرۆشتن ولێکدەرکردن (مقاصة) بۆ وزەى کارەبا بەپێى پێویست و بەرژەوەندى گشتى.

مادده‌ی (5)
یەکەم: وەزارەت بۆى هەیە وایەر و کێبڵ، لەسەر یان لە ژێرەوەى ڕێگە گشتییەکان، یان شەقامەکانى ناوەوە یان دەرەوەى شارەکان ڕابکێشێت و دەتوانێت ستوون دانێت و تونیڵ لێبدات و کارى دیکەى پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەرك و پڕۆژەکانى وەزارەت ئەنجام بدات، لەگەڵ ڕەچاوکردنى ماستەرپلان و پاراستنى ژینگە و تەندروستى گشتى و حوکمەکانى یاسا بەرکارەکان. 
دووەم: وەزارەت بە گوێرەى پێویستى پڕوژەکانى، دەتوانێت ببێتە خاوەن زەوى و بەناوى وەزارەتى کارەبا بەپێی یاسا بەرکارەکان تۆمار بکرێت.
سێیەم: وەزارەت پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەى هەر کەسێک کە زیانمەند دەبێت لە ئەنجامى چالاکییەکانى و جێبەجێکردنى ئەرکەکانى، بەپێى یاسا بەرکارەکان.
چوارەم: بڕیارەکانى وەزیر شیاوى تانەلێدانە بەپێى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى بەرکار





مادده‌ی(٦)
یەکەم: هاوبەشەکانى کارەبا بەم شێوەیەى خوارەوە پۆلێن دەکرێن:-
1-	یەکەى نیشتەجێبوون (ماڵەکان).
2-	بارزگانى.
3-	پیشەسازى.
4-	کشتوکاڵى.
5-	کەرتى گشتى.
دووەم: وەزارەت دەتوانێت جۆرى دیکەى هاوبەشى کارەبا زیاد بکات. 
سێیەم: دیاریکردنى جۆرى پۆلێنەکان وبنەماى جیاکردنەوەیان بە ڕێنماییەک دیارى دەکرێن کە وەزیر دەریدەکات. 
مادده‌ی (7)
یەکەم: پێبژاردنی زێدەڕۆەیى و دیاریکردنى بڕ و ڕێکارەکەى بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر لەسەر پێشنیارى ئەنجومەن و بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم دەریدەکات.
دووەم: وەزیر، بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، دەتوانێت ڕێژەیەک لەو بڕە پارانەى لە پێبژاردنى زێدەڕۆیى سەر سیستەمى کارەبا و تۆڕەکانى وەرگیراون تەرخان بکات بۆ ئەو کەسانەى ڕاسپێردراون بە ئاشکراکردنى زێدەڕۆیى و لابردنیان، و ئەمەش بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت کە وەزیر بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى دەریدەکات.
سێیەم: ئەو کەرەستانەى لە زێدەڕۆیى سەر سیستەمى کارەبا و تۆڕەکانى بەکارهاتوون دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
چوارەم: ئەو پێبژاردنانەی کە بەپێی ڕێنمایی هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا وەریدەگیرێن، ڕێگر نابن لە سزاى توندترى هاتوو لە یاسا بەرکارەکاندا.
پێنجەم: پێویستە لەسەر وەزیر داواى قەرەبووى ئەو زیانانە بکات کە دەرئەنجامى زێدەڕۆیین بەپێى حوکمەکانى یاسا بەرکارەکانى هەرێم.
مادده‌ی (8)
یەکەم: ئەنجومەنێک لە وەزارەت پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتى وەزیر و ئەندامێتى هەر یەک لە:-
1- بریکاری وەزارەت: دەبێتە جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن.
2- ڕاوێژکاران. 
3- بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت.
4- نوێنەرى هەر لایەنێکى پەیوەندیدار یان شارەزایەکى پسپۆڕ کە وەزیر لە ناوەوە یان لە دەرەوەى وەزارەت دەستنیشانی دەکات، و بەشدارى کۆبونەوەکانى ئەنجوومەن دەکات بەبێ ئەوەى مافى دەنگدانى هەبێت.
دووەم: ئەنجومەنی وەزارەت دەربارەى ئەم کاروبارانەى خوارەوە گفتوگۆ دەکات، و بڕیار و ڕێنمایى و ڕاسپاردەى پێویست دەردەکات:-
1- ڕێکخستنى سیاسەتى بەرهەمهێنان، کونتڕۆڵ، گواستنەوە و دابەشکردنى وزەى کارەبا و دانانى پلانە ستراتجییەکان.
2- ڕێکخستنى وەبەرهێنان لە بوارى کارەبا.
3- ڕێکخستنى پەیکەر و ئەرک و وەزیفەى پێکهاتەکانى وەزارەت.
مادده‌ی (9)
وەزیر، بەگوێرەى پێویستى وەزارەت، دەتوانێت بەشێوەى کاتى، بۆ ئەرک و ماوەیەکى دیاریکراو، گرێبەست لەگەڵ شارەزاى خاوەن ئەزموون و پسپۆر لە بوارى تایبەت بە وزەى کارەبا، بەپێى ئەو ڕێکسازییانەى لە هەرێم کاریان پێدەکرێت، بکات.
مادده‌ی (10)
ئەو کۆمپانیانەى کە مۆڵەتیان پێدراوە یان گرێبەستیان لەگەڵ کراوە لە بوارى بەرهەمهێنانى کارەبا، تەنها بە ڕەزامەندى وەزارەت دەتوانن دەست لە کارەکانیان هەڵبگرن، ئەمەش بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم دەریدەکات.
مادده‌ی (11)
یاساى وەزارەتى کارەباى هەرێمى کوردستان ـ عێراق ژمارە (5)ى ساڵى 2006 هەڵدەوەشێتەوە، وگشت ئەو ڕێنماییانەى کە پاڵپشت بەو یاسایە دەرچوون، ئەگەر ناکۆک نەبن لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە کاریان پێدەکرێت.
مادده‌ی (12)
کار بەدەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە دا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (13)
پێویستە لەسەر وەزیر ڕێنمایى پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەربکات
 مادده‌ی (14)
پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (15)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.


                                                                                                                               د.ریواز فایق حسێن
                                                                                                                          سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان




هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
لەبەر بایەخى وزەى کارەبا لەسەر ژیان و تەندروستى گشتى هاونیشتیمانیان، و کاریگەرى لەسەر ژێرخانى ئابوورى، و ڕێکخستنەوەى کارەکانى وەزارەت بەهۆى گرنگى ئەو چالاکیانەى کەرتى گشتى و تایبەت پێى هەڵدەستن، و بۆ هێنانەدى ئامانجەکانى وەزارەت و بەجێگەیاندنى ئەرکەکانى، ئەم یاسایە دەرچووێنرا.