یاسای ژماره‌ (27)ی ساڵی 2004 یاسای لەکارخستنی ماددە (3) برگەی (و) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (48)ی سالی 1971ی هەموارکراو بۆ ماوەی تەنها (6) مانگ

ژمارەی یاسا : 27
ساڵی دەرچوون : 2004
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عیراق
ژماره‌ی ده‌رهێنان : 27
رۆژی ده‌رهێنان : 20/6/2004


پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌موار كراوی ساڵی (1992) و، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، ئه‌و یاساكارییه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عیراق، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (43)ی رۆژی (19/6/2004) یدا ئه‌نجامی داوه‌و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ بڕگه‌(3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ماندا:



یاسای ژماره‌ (27)ی ساڵی / 2004


مادده‌ی یه‌كه‌م:
1-	مادده‌ (3)بڕگه‌ی (و) له‌ یاسای هاتوچۆ ژماره‌ (48)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1971 بۆ ماوه‌ی ته‌نها شه‌ش مانگ له‌ كارده‌خرێ.
2-	ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی شوفێری ده‌كه‌ن، به‌پێی رێنماییگه‌لی تایبه‌ت، به‌دواندن (شفهیا) تاقی ده‌كرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی خولێكی فێربوونی رێسای ره‌وت ویاساگه‌لی هاتوچۆی به‌ركار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی هاتوچۆی هه‌رێمدا به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوده‌كه‌ن كه‌ ماوه‌ی ئه‌و خوله‌ له‌ چوار حه‌فته‌ كه‌متر نییه‌.


مادده‌ی دووه‌م:
هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت، ناخرێته‌ به‌ركار .


مادده‌ی سێیه‌م:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ركار.


مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان) دا ده‌خرێته‌ به‌ركار.




                                                                                           د. رۆژ نوری شاوه‌یس
                                                                            سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی ـــ عێراق






هۆكاره‌ زه‌رووره‌كان
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم، به‌هۆی بارودۆخی نائاسایی ده‌یه‌ها ساڵی رابوردوو هاوبه‌شی كردنیان له‌ بزاڤی رزگاریخوازی كوردو ره‌و كردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان، له‌ خوێنده‌واری (خوێندو نووسین) بێبه‌ش بوون و، هه‌تا ئه‌مرۆش خولی له‌ناوبردنی نه‌خوێنده‌واری نه‌یگرتوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌چاكی شوفێری ده‌زانن، جا، له‌به‌ر ئه‌وه‌و، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ بتوانن ئیجازه‌ی شوفێری وه‌ربگرن، ئه‌م یاسایه‌مان ده‌رهێنا.