یاسای ژماره‌(14)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی گه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق

ژمارەی یاسا : 14
ساڵی دەرچوون : 2006
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی، هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنی ژماره‌ (14)ی رۆژی (16/10/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌یدا:

یاسای ژماره‌( 14 )ی ساڵی / 2006
یاسای وه‌زاره‌تی گه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان – عێراق.
دووه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی گه‌یاندن له‌ هه‌رێم.
سێیه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری گه‌یاندن له‌ هه‌رێم.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: بریكاری وه‌زاره‌تی گه‌یاندن له‌ هه‌رێم.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی گه‌یاندن.

ئه‌ركوفرمانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی دووه‌م:
ئامانجی وه‌زاره‌ت ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م: دابینكردنی ئیداره‌و وه‌گه‌ڕخستن و پارێزگاری و گه‌شه‌پێدانی ئامیره‌كانی به‌دداله‌و تۆڕه‌كانی هێڵی ته‌له‌فۆنی ته‌لدارو ته‌له‌فۆنی گه‌رۆك وئامرازه‌كانی تری گه‌یاندن له‌ وێستگه‌كانی هه‌رێمدا به‌ قه‌واره‌ی گونجاو.
دووه‌م: بنیادنان و رێكخستن وگه‌شه‌پێدانی گه‌یاندن، به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیای نوێ وكێبڵی رووناكی و ده‌زگای پێكه‌وه‌به‌ستنی ده‌ره‌كی له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم و پارێزگاكانی عێراق و، به‌ستنیشیان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ به‌پێی كه‌ڵك و سوودو پێداویستی.
سێیه‌م: بنیادنان و رێكخستن و گه‌شه‌پێدانی بنكه‌كانی پۆسته‌و، ده‌ركردنی پوولی پۆسته‌و، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی پۆسته‌كاری به‌به‌كارهێنانی سیسته‌می پۆسته‌ی خێراو پێشكه‌وتوو له‌شاره‌كانی هه‌رێمدا، به‌جۆرێ كه‌ هه‌موو هۆیه‌كانی گه‌یاندنی پۆسته‌یی تێدا فه‌راهه‌م بێت.
چواره‌م: بنیادنان و رێكخستن و گه‌شه‌پێدانی تۆڕه‌كانی زانیاری و ئینته‌رنێت له‌شاره‌كانی هه‌رێمدا.
پێنجه‌م: رێكخستنی له‌ره‌له‌ر(الترددات) ی به‌كارهێزاو له‌ سیسته‌مه‌كانی گه‌یاندنی ده‌نگ وڕه‌نگدا به‌كارده‌هێنرێن.
شه‌شه‌م: مۆله‌ندان به‌ هه‌موو ده‌سگاكانی(المرافق)تایبه‌ت به‌ گه‌یاندن و پۆسته‌ له‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا. هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشێتكردن و به‌دوواداچونیان، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌ندێ رێككاری وگرێبه‌ستی یاسایی كه‌ نێوان وه‌زاره‌ت و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێ. وه‌زاره‌تیش، ناشێ هیچ مه‌رجێك له‌و كۆمپانیانه‌ قبوڵ بكات كه‌ببێته‌ مایه‌ی قۆرخكاری.

پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی سێیه‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵاو، به‌رپرسی ئیش وكارو ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت وسه‌رپه‌رشتیكردن و چاودیری وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌و، هه‌موو بڕیارو فه‌رمان ورێنماییه‌كیش كه‌ پێوه‌ندییان به‌ ئه‌ركوفرمان و پێكهاته‌و سه‌ڵاحییات و كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری ودارایی وئیداری ورێكخستنی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، له‌وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چن و، وه‌زیر له‌ به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌رپرسه‌، چونكه‌ خۆیشی ئه‌ندامێكی هاوكاری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌یه‌ وبۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ده‌سه‌لاته‌كانی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یان به‌رێوه‌یه‌ره‌گشتیه‌كان یان ئه‌وكه‌سه‌ی به‌چاكی ده‌زانێ بدان.
دووه‌م:بریكاری وه‌زاره‌ت: له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یدا كه‌ پێی ده‌سپێردرێ یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات، له‌ ئاراسته‌كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتیكردنی كاروباره‌كانیدا.
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م: نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌با، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
 پێنجه‌م: راوێژكاره‌كان: له چوار كه‌س زیاتر نابن، مه‌رجیشه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیان هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و كارامه‌ بن.
شه‌شه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری به‌رێوه‌ردن ودارایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
حه‌وته‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی خزمه‌تگوزاریی پۆسته‌و پاشه‌كه‌وتكردن: فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ وخاوه‌ن ئه‌زموون پسپۆڕ بێت.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پلاندانان و به‌دواداچوون: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
  نۆیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌یاندن: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌با، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: له‌وه‌زاره‌تدا ئه‌نجومه‌نێكی ڕاوێژكار پێك دێت به‌ناوی(ئه‌نجومه‌نی گه‌یاندن) به‌سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیر، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:
1-	بریكاری وه‌زاره‌ت:                                                         جێگری سه‌رۆكه‌.
2-	 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری به‌رێوِه‌بردن ودارایی:          ئه‌ندام.         
3-	به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی گه‌یاندن:                      ئه‌ندام.
4-	به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانان و به‌دواداچوون:               ئه‌ندام.
5-	به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری یاسایی:                                        ئه‌ندام.
6-	ڕاوێژكارانی وه‌زاره‌ت:                                                     ئه‌ندامن.
7-	ئه‌ندامێك، یان زیاتر، وه‌زیر له‌ناوه‌وه‌، یان له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌یپاڵێوێ. 
دووه‌م: ئه‌ركوفرمانی ئه‌نجومه‌ن:
1-	ئاماده‌كردن و داڕشتنی ئامانجه‌ گشتییه‌كانی پلانه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌به‌ر رۆشنایی رێنماییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم.
2-	گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پلانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پلاندانان و به‌دواداچوونه‌وه‌ ئاماده‌ كراون له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و پلانانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێشكه‌ش كراون، وبڕیاری سه‌ره‌تاییان له‌سه‌ر ده‌داو به‌دوای جێبه‌جێكردنیان ده‌چێ.
3-	پێشنیازكردنی پلانه‌ گشتییه‌كانی گه‌یاندن و به‌رنامه‌كانی وه‌گه‌ڕخستن وخستنه‌بازاڕ       ودارایی و ئابووری.
4-	گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕاپۆرتی خولاوخولی گشتیی( الدوری العام) وه‌زاره‌ت كه‌ نووسینگه‌ی پلاندانان و به‌دواداچوون ئاماده‌ی ده‌كاو، ئنجا هه‌ر تێبینی وڕێنماییه‌كیش له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌باشی بزانێ ده‌یخاته‌ ڕوو.
5-	لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌و یاساو پێڕۆو رێنماییانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئیش و كارو ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، ئنجا هه‌ر تێبینی و رێنماییه‌كیش له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌گونجاوی بزانێ ده‌یخاته‌ ڕوو.
6-	لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك كه‌ وه‌زیر بیخاته‌ رووی، رای خۆیشی له‌سه‌ر ده‌داو، پێشنیازو ڕاسپارده‌ی له‌باریشی له‌سه‌ر پێشكه‌ش ده‌كات.
7-	سه‌رپه‌رشتی كردنی كه‌رتی گه‌یاندن به‌هه‌ردوو تای گشتی و تایبه‌تیه‌وه‌.
8-	كردنه‌وه‌ی په‌یمانگاو خولی پێگه‌یاندن (تأهیل)و ئاماده‌كردنی پسپۆڕ له‌بواری گه‌یاندن و ته‌كنیكی زانیاریدا، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ پێوه‌ندداره‌كاندا.
مادده‌ی پێنجه‌م:
 یه‌كه‌م: ئه‌ركوفرمان وده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕۆ دیار ده‌كرێن .
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌،رێنمایی پێویست،بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ر بكات.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌شه‌كانی وه‌زاره‌ت، به‌پێی پێداویستی كاره‌كانیان، بكاته‌وه‌ یان یه‌كیانبخات، یان پوچه‌ڵیان بكاته‌وه‌.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
هه‌ر ده‌قێ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجێ، كاری پێ ناكرێ.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زیره‌كان و، لایه‌نه‌ پێوه‌ندداره‌كان، حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌جـێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
 ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕۆژی ده‌رچواندنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و، له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی ( وه‌قایعی كوردستان )دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.



                                                                                                                        عدنان ره‌شاد موفتی
                                                                                                                 سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                                                         كوردستان-عیراق 

- هۆكاره‌كانی دانانی ئه‌م یاسایه‌ -
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمدا وه‌زاره‌تی گه‌یاندن، تازه‌ دانراوه‌و، له‌ پێناوی بنیادنان و رێكخستن و په‌ره‌پێدانی تۆڕی گه‌یاندندا به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیای نوێ و ئه‌و له‌ره‌له‌رانه‌( الترددات)ی له‌ سیسته‌مه‌كانی گه‌یاندنی ده‌نگ و ڕه‌نگدا به‌كارده‌خرێن و، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌وكارانه‌ زامن بكرێن و، به‌رپرسێتیی گه‌یاندنیش به‌ وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت بسپێردرێت له‌ هه‌ریمدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌، به‌پێویست زانرا، یاسایه‌ك دابنرێ كه‌ پێكهاته‌و ئه‌ركوفرمان و ئامانجه‌كانی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی دیار بكات، جا، بۆ وه‌دی هێنانی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.