یاسای ژماره‌ (19)ی ساڵی 2011 یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق

ژمارەی یاسا : 19
ساڵی دەرچوون : 2011
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم خستییه‌ روو، په‌رله‌مانی كوردستان- عیراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی ژماره‌ (8) كه‌ رۆژی 11/10/2011 گرێ درا، بڕیاری دا ئه‌م یاسایه‌ی دادێ ده‌ربكات:

یاسای ژماره‌ (19)ی ساڵی 2011
یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی دادێن واتاكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان- عیراق.
دووه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمدا. 
سێیه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمدا.
چواره‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی وه‌زاره‌ت.

ئامانج و ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی دووه‌م:
ئامانجی وه‌زاره‌ت به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاریی گواستنه‌وه‌یه‌ به‌ شێوازی جیاجیای هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزاریی گه‌یاندن به‌ كه‌ناڵه‌كانی بیندراو و بیستراو و خوێندراوه‌یه‌وه‌، به‌ چه‌شنێك كه‌ له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی قۆناغی بووژانه‌وه‌دا بگونجێت كه‌ هه‌رێم له‌ ئاسته‌ جیاكاندا پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هاوشان رۆیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌و نوێكارییه‌ی كه‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا ده‌یبینن و سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌كنیكی نوێ له‌م بواره‌دا.
ئه‌م ئه‌ركانه‌ش به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت:
یه‌كه‌م: دروست كردن و وه‌گه‌ڕخستن و په‌ره‌پێدانی فڕۆكه‌خانه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ هه‌رێمدا و به‌ڕێوه‌ بردن و سه‌رپه‌رشتی كردنیان به‌ پێی پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی (ICAO) و پێوه‌ری خۆماڵییه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێن.
دووه‌م: دروست كردن و وه‌گه‌ڕخستن و په‌ره‌پێدانی تۆڕه‌كانی (ترام وای) له‌ شاره‌كانی هه‌رێمدا و تۆڕه‌كانی هێڵی ئاسن له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێمدا و گرێدانی به‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
سێیه‌م: دروست كردن و وه‌گه‌ڕخستن و په‌ره‌پێدانی هه‌موو جۆره‌كانی (تیرمیناڵ) له‌ شاره‌كانی هه‌رێمدا و به‌ كرێدان و سه‌رپه‌رشتی كردنیان به‌ گوێره‌ی مواسه‌فاتی پێشكه‌وتووی جیهانی و وه‌رگرتنی كرێ و ره‌سمی یاسایی.
چواره‌م: مسۆگه‌ر كردنی به‌ڕێوه‌بردن و وه‌گه‌ڕخستن و په‌ره‌پێدانی سیسته‌مه‌كانی په‌یوه‌ندیی جێگیر و نێوده‌ست (به‌ته‌ل و بێته‌ل).
پێنجه‌م: دروست كردن و رێكخستن و په‌ره‌پێدانی بنكه‌كانی پۆسته‌ و ده‌ركردنی پوولی پۆسته‌ و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاریی پۆسته‌ به‌ به‌كار هێنانی سیسته‌مه‌كانی پۆسته‌ی ئاسایی و خێرا (سه‌رزه‌وی و ئاسمانی) له‌ ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا.
شه‌شه‌م: دروست كردن و فراوان كردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی وێستگه‌كانی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی به‌ گوێره‌ی رێڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی و دابین كردنی ئامێر و كه‌ل و په‌لی پێویست.
حه‌وته‌م: به‌خشینی مۆڵه‌ت به‌ تێكڕای بواره‌كانی گواستنه‌وه‌ی زه‌وینی و ئاسمانی و گه‌یاندن و پۆسته‌ بۆ كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنی ناوخۆ و بیانی و به‌دواداچوونیان به‌ پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ له‌ نێوانی وه‌زاره‌ت و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ مۆر ده‌كرێن و ناشكرێ وه‌زاره‌ت هیچ مه‌رجێك قبووڵ بكات كه‌ ببێته‌ مایه‌ی قۆرخ كردن. 
هه‌شته‌م: رێكخستن و ته‌رخان كردنی له‌رینه‌وه‌كانی به‌كار هاتوو له‌ سیسته‌مه‌كانی گه‌یاندنی ده‌نگ و ره‌نگدا له‌ چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رێمدا و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار.
نۆیه‌م: رێكخستن و په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و تۆڕی ئینته‌رنێت له‌ هه‌رێمدا و سه‌رپه‌رشتی كردنیان.
ده‌یه‌م: سه‌رپه‌رشتی كردنی نووسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ نێویانیشاندا نووسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ تێكڕای ده‌روازه‌كانی سنووری هه‌رێم و وه‌رگرتنی كرێ و ره‌سم و به‌كار هێنانی (مه‌نه‌فێست) به‌ پێی یاسا و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نانی په‌یوه‌ندیداردا.
یازده‌م: مه‌شق پێ كردن و شیاندنی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.
دوازده‌م: هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی فیدرالدا بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كه‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگایه‌كانی هه‌رێم ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ رووبه‌ری جوگرافیاكه‌ی و وه‌زاره‌تیش له‌ ئاماده‌ كردنی دیزاینه‌كان و تێكڕای قۆناغه‌كانی جێبه‌جێ كردن و وه‌گه‌ڕخستن و چاك كردنه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رێمدا به‌شدار ده‌بێت.
سیانزده‌م: هانی وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌كانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كه‌ وه‌زاره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم له‌م بواره‌دا دیاری ده‌كات. 

مادده‌ی سێیه‌م:
 وه‌زاره‌ت بریتییه‌ له‌م پێكهاتانه‌ی دادێن:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ و به‌رپرسیشه‌ له‌ كاره‌كانی و ئاراسته‌ كردنی سیاسه‌ته‌كه‌ی و پیاده‌ كردنی سه‌رپه‌رشتی كردنی و چاودێری كردنی و، هه‌موو بڕیار و فه‌رمان و رێنماییه‌كیش له‌وه‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئه‌ویش جێبه‌جێ ده‌كرێن له‌ هه‌موو شتێكی په‌یوه‌ندیی به‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌ت و پێكهاته‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و تێكڕای كاروباری ته‌كنیكی و دارایی و كارگێڕی و رێكخستنییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی یاسا و، له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا به‌رپرس ده‌بێت چونكه‌ ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ تێیدا و بۆشی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بداته‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی یان هه‌ر كه‌سێكی له‌ وه‌زاره‌تدا به‌ گونجاوی بزانێت.
دووه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: گرێدراوی وه‌زیر ده‌بێت و فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكیش هاریكاریی ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ سێ زیاتر نابێت، له‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیان هه‌یه‌، خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆرین.
چواره‌م: ده‌زگای فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێم: گرێدراوی وه‌زاره‌ت ده‌بێت و فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و له‌ كاری خۆشیدا به‌ر حوكمه‌كانی یاسای ده‌زگای فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نیی هه‌رێمی كوردستان- عیراق ژماره‌ (18)ی ساڵی 2008 ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌.
پێنجه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گشتی: ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیانه‌ی دادێن گرێدراوی وه‌زاره‌ت ده‌بن، هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆ و له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆرین سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات.
1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری كارگێڕی و دارایی.
2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پۆسته‌ و گه‌یاندن.
3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پلان و به‌دواداچوون.
4- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گواستنه‌وه‌ی زه‌مینی و هێڵی ئاسن و ترام وای.
5- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی.  




ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی وه‌زاره‌ت پێك دێت له‌:
1- وه‌زیر – سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن.
 2- سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمدا – ئه‌ندام.
 3- راوێژكاران – ئه‌ندام.
 4- به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان – ئه‌ندام.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ میوانداریی هه‌ر كه‌سێكی خاوه‌ن ئه‌زموون بكات كه‌ له‌ كاتی پێویستدا له‌ ناوه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت یان له‌ ده‌ره‌وه‌یدا كه‌ به‌ گونجاوی ده‌زانێت بۆ به‌شداری كردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانی هه‌بێت. 
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌ن تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به‌ گفتوگۆ كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رێكاره‌كانی به‌رز كردنه‌وه‌ی ئه‌دای و پێشكه‌ش كردنی پێشنیاری گونجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ی ره‌نگه‌ بێنه‌ رێی.
مادده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یان به‌ش یان هۆبه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ت به‌ گوێره‌ی خواستی كاره‌كه‌ی، له‌ نوێ بكاته‌وه‌ یان تێكه‌ڵ بكات یان هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌.
دووه‌م: به‌ په‌یڕه‌وێك ئه‌رك و پسپۆرایه‌تیی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت دیاری ده‌كرێن.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات. 
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ دوای به‌ده‌ست هێنانی ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێككه‌وتننامه‌ و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و لایه‌نانی بیانی له‌ بواری پسپۆرایه‌تیی وه‌زاره‌تدا مۆر بكات.

مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ژماره‌ (12)ی ساڵی 2006 و یاسای وه‌زاره‌تی گه‌یاندن ژماره‌ (14)ی ساڵی 2006 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
دووه‌م: هه‌موو ماف و په‌یوه‌ستییه‌كی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و میلاكی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ ده‌چنه‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌ته‌وه‌.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بن.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نانی په‌یوندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

                                                                                
                                                                                    د. ئه‌رسه‌لان بایز اسماعیل 
                                                                                   جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی 
                                                                                       كوردستان- عێراق


هۆی ده‌رچوونی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمدا به‌ پێی یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2009 كرانه‌ یه‌ك وه‌زاره‌ت و له‌ پێناو دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی له‌ نوێ دانراو به‌ گوێره‌ی مادده‌ی (7)ی و له‌ پێناو به‌رز كردنه‌وه‌ی واقیعی خزمه‌تگوزاریی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كه‌ وایان لێ بكرێت له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی قۆناغی بووژانه‌وه‌دا بگونجێن كه‌ هه‌رێم پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.