یاسای ژماره‌(13)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 13
ساڵی دەرچوون : 2006
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی،     هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق، ئه‌نجومه‌ن له‌    دانیشتنی ژماره‌ (13)ی رۆژی (11/10/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی   دا:

یاسای ژماره‌( 13 )ی ساڵی / 2006
یاسای وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م :
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، له‌م یاسایه‌دا، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق .
دووه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی بازرگانی.
سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری بازرگانی.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی. 
مادده‌ی دووه‌م :
ئامانجی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی چاكتركردنی سه‌رله‌به‌ری( الشامل) ئابووریدا، ئیش و كاری ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌ فراژوكاری( التنمیه‌) و به‌هێزكردنی بزاڤی ئابووری و بازرگانیدا، به‌جۆرێ رێك بخات، كه‌ به‌كردار له‌ سه‌رچاوه‌و وزه‌و توانسته‌كانی به‌رده‌ست، پڕ به‌پێست به‌رخوردار،( الاستغلال الامپل) بێت. ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵدا بێ كه‌ به‌پێی راو ئاواتی هه‌رێم پێشنیازی سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانی بۆ فراژوكاری و هاوسه‌نگ ڕاگرتنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌ش بكات.
(ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت)
مادده‌ی سێ یه‌م: 
وه‌زاره‌ت ئه‌م ئه‌ركوفرمانانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
یه‌كه‌م: رێكخستنی بزاڤی بازرگانیی ناوخۆو ده‌ره‌كی بۆ كه‌رته‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م: هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی تێكه‌ڵ، به‌جۆرێ كه‌ بنه‌ماكانی ره‌نێوهانین( عناصر الإنتاج) له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم وده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا، به‌ئاسانی بێن وبچن.
سێیه‌م: به‌شداری كردن له‌ رێكخستنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ڕێكخراوه‌و كۆمپانیا بازرگانییانه‌دا كه‌ خاوه‌ن مۆركی بازرگانی و ئابوورین، به‌جۆرێ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستانی تێدابێت.
چواره‌م: هاندانی به‌كارخستنی سه‌رمایه‌ی نیشتمانی و، وه‌كێشكردنی سه‌رمایه‌ی بیانی، بۆ ئه‌وه‌ی هاندانی وه‌به‌رهێنان و فراژوكردنی وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌ جۆربه‌جۆره‌كانی هه‌رێمدا، زامن ببێ و، كه‌ش و هه‌وای له‌باری بۆ فه‌راهه‌م بكرێ.
پینجه‌م: به‌ره‌وچاكتر گۆڕین(تگویر)و به‌هێزكردنی بزاڤی ئابووری و بازرگانیی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌جۆرێ، كه‌ بتوانێ رۆڵی خۆی له‌ وه‌دی هێنانی ئاواتی فراژوكاریی ( التنمیه‌) ئابووری و بازرگانیدا، به‌هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ كه‌رته‌كانی ئابووریدا بگێڕێ.
شه‌شه‌م: وه‌زاره‌ت هه‌وڵ ده‌دات، چاره‌سه‌ری باری یاسایی و ئابووریی ئه‌و كۆمپانیانه‌ بكات كه‌ ئێستا هه‌ن و سه‌ربه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ن و كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، كه‌ سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانی ناوخۆیان بۆ دابنێ و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی وه‌هایان بۆ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویسته‌كانی به‌كارخستنی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا بگونجێ.
حه‌وته‌م: به‌ستنی رێكه‌وتننامه‌ی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانیی ناوخۆو ده‌ره‌كی هه‌رێم، به‌جۆرێ كه‌ سوود به‌ هه‌ردوو بزاڤی ئابووری و بازرگانی هه‌رێم بگه‌یه‌نێ.
هه‌شته‌م: زامنكردنی هاوبه‌شبوونی هه‌رێم له‌ دانوستان و به‌ستنی رێكه‌وتننامه‌ و گرێبه‌ستی ئابووری و بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌ چوارچێوه‌ی دانوستان و رێكه‌وتننامه‌و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌دا، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان پیاده‌ی ده‌كات.
نۆیه‌م: سازدانی هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێمدا به‌جۆڕێكی ئه‌وتۆ كه‌ بزاڤی ئابووری و بازرگانیی به‌هێز بكات.
ده‌یه‌م: ئه‌ركوفرمانی تۆماركردن و ریقابه‌كردنی بزاڤی كۆمپانیاكانی ناوخۆو كۆمپانیای بیانی و لقه‌كانیان و وه‌كاله‌ته‌ بازرگانییه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.
یازده‌م: ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌تی بازرگانی به‌ره‌و كاراكردنی بزاڤی ره‌نێوهێنه‌كی ( الانشگه‌ الإنتاجیه‌) بۆ هاندانی به‌ده‌ره‌وه‌ فرۆشتن به‌جۆرێ كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی له‌باوی ئابووریدا بگونجێ.
دوازده‌م: هاندان و فه‌راهه‌مكردنی پشتگیری بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها هاندانی ئه‌م كه‌رته‌ بۆ كردنه‌وه‌و رێكخستنی پێشانگا له‌ هه‌رێمداو، خۆسازدان بۆ به‌شداریكردن له‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
سیازده‌م: موراقه‌به‌كردنی شمه‌كی هاورده‌و، مادده‌ی خۆراك و، پاراستنی به‌كاربه‌ر( المستهلك). 

(پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت)
مادده‌ی چواره‌م :
وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ پێك دێت:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵاو، به‌رپرسی ئیش وكارو ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت وسه‌رپه‌رشتیكردن و ریقابه‌كردنی وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌و، هه‌موو بڕیارو فه‌رمان ورێنماییه‌كیش پێوه‌ندییان به‌ ئه‌ركوفرمان و پێكهاته‌و سه‌ڵاحییات و كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری ودارایی وئیداری ورێكخستنی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی یاسا، له‌وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چێ.وه‌زیر له‌به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌رپرسه‌، چونكه‌ خۆیشی ئه‌ندامێكی هاوكاری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌. 
دووه‌م:بریكاری وه‌زاره‌ت: له‌ چوار چێوه‌ی سه‌ڵاحییاتدا كه‌ پێی ده‌سپێردرێ یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات، له‌ ئاراسته‌كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباریدا. 
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێ، ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م: نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
 پێنجه‌م: راوێژكاره‌كان: له‌	چواركه‌س زیاتر نابن، مه‌رجیشه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیان هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕ بن.
شه‌شه‌م-به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری ئیداری ودارایی.
حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتبی بازرگانی.
مادده‌ی پێنجه‌م : 
وه‌زیر، بۆی هه‌یه‌، له‌ پێناوی وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌تدا، رێكه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی و مه‌عنه‌ویی خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕدا له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی هه‌رێمدا ببه‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیش و كارو ئه‌ركیان پێ بسپێرێ بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ خۆی به‌ گونجاوی بزانێ، ماف و ئیلتیزاماتیشیان، وه‌زیر خۆی دیاریان ده‌كا.

مادده‌ی شه‌شه‌م :
یه‌كه‌م: ئه‌ركوفرمان وئیشه‌تایبه‌ته‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕۆ دیار ده‌كرێن .
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌،رێنمایی پێویست،بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ر بكات.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌، هه‌ركام له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان یان به‌شه‌كان یان هۆبه‌كان له‌ پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا، به‌پێی پێداویستی كاره‌كانیان، بكاته‌وه‌، یان یه‌كیانبخا، یان ئیلغایان بكات.
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
هه‌ر ده‌قێك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجێ، ناخرێته‌ كار.
مادده‌ی هه‌شته‌م :
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ كانیش، حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕۆژی ده‌رهێنانیه‌وه‌ ده‌خرێته‌كار و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قایعی كوردستان )دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

                                                                                                                            عدنان ره‌شاد موفتی
                                                                                                                     سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                                                            كوردستان-عیراق 

- هۆكاره‌كانی دانانی ئه‌م یاسایه‌ -
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زاره‌تێكی تازه‌یه‌و، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ به‌پێی ره‌وشی یاسایی هه‌رێمی كوردستان، پێكهاته‌و ئامانج و ئه‌ركوفرمانه‌كانی دیاربكرێن و، بزاڤی بازرگانیی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا رێك بخرێت به‌ جۆرێ كه‌ فراژووكاریی( التنمیه‌) ئابووری له‌ هه‌رێمدا بێته‌دی، له‌به‌ر ئه‌وه‌، به‌زه‌روور زانرا، كه‌ یاسایه‌كی تایبه‌تی بۆ دابنرێ، له‌به‌ر ئه‌وانه‌ ئه‌م یاسایه‌ دانرا.