یاسای ژماره‌(12)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 12
ساڵی دەرچوون : 2006
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی،     هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌ن له‌    دانیشتنی ژماره‌ (8)ی رۆژی (25/9/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی   دا:

یاسای ژماره‌( 12 )ی ساڵی / 2006
یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م :
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، ئه‌و واتایانه‌ی به‌رامبه‌ریانه‌ :
یه‌كه‌م:هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق.
دووه‌م:ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم .
سێیه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌.
چواره‌م:وه‌زیر : وه‌زیری گواستنه‌وه‌.
پێنجه‌م:بریكار : بریكاری وه‌زاره‌ت.
شه‌شه‌م:ده‌سته‌ڵاته‌كانی وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌ت، خۆی له‌ هه‌موو كاروباری گواستنه‌وه‌ به‌رپرسه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌،.
حه‌وته‌م:گواستنه‌وه‌ی زه‌مینی :گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران و رێبواران و شتومه‌كه‌ ( بضاعه‌) به‌ هۆی ئۆتومبیل وشه‌مه‌نده‌فه‌ران له‌ناوه‌وه‌ی شاران و له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراقیشدا،.
هه‌شته‌م:گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی : گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران و شتومه‌كه‌ له‌ نێوان فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و عێراق و ده‌ره‌وه‌یدا .
نۆیه‌م:گه‌راج : ناوچه‌یه‌كی دیار كراوه‌ له‌ زه‌وی و بینایه‌و سه‌ر گیراوی له‌سه‌ر دروست كراوه‌ بۆ ئاسانكاری كاره‌كانی و گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ناوه‌وه‌و نێوانی شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌یدا .
ده‌یه‌م:فڕۆكه‌خانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی : فڕۆكه‌خانه‌یه‌كه‌، حكومه‌ت له‌ هه‌رێمدا دیار ده‌كا بۆ جموجۆلی ئاسمانی به‌ره‌و ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌یدا . رێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گومرگ و كۆچبه‌ری و، ته‌ندروستیو، حیجری ته‌ندروستی بۆ ئاژه‌ڵان و، رووه‌كان ده‌گرێته‌ به‌ر و له‌گه‌ڵ رێكاری دیكه‌ی هاوشێوه‌یان .
یازده‌م:فڕۆكه‌خانه‌ : گۆڕه‌پانێكی دیار كراوه‌ له‌سه‌ر رووی زه‌وی یان له‌سه‌ر رووی ئاودا، بینایه‌و دامه‌زراوو ئامێرو ئامرازی تێدایه‌ . هه‌مووی یان به‌شێكی بۆ گه‌یشتن و ده‌رچوون و جموجۆلی فرۆكه‌ ته‌رخان كراوه‌ .
مادده‌ی دووه‌م :
ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت:
یه‌كه‌م: دامه‌زراندنی تۆره‌كانی هێڵی ئاسنی و، به‌ستنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاره‌كانی عێراق و ده‌ره‌وه‌یدا . هه‌روه‌ها دابینكردنی هه‌موو پێداویستیه‌كانی له‌خانوبه‌ره‌ . 
دووه‌م: رێكخستنی كه‌رته‌كانی گواستنه‌وه‌ی زه‌مینی و ئاسمانی .
سێیه‌م: سه‌رپه‌رشتیكردنی گه‌راجه‌كانی گواستنه‌وه‌ی شتومه‌ك و گه‌شتیاران و بیناكردن وبه‌كرێدانی گه‌راجه‌كان.
چواره‌م: رێكخستن وكارگێریه‌ ئاسمانیه‌كان و فرۆكه‌خانه‌ مه‌ده‌نیه‌كان .
پێنجه‌م: فه‌راهه‌مكردنی پێداویستیه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی جموجۆلی ئاسمانی به‌ جۆرێك، كه‌ سه‌لامه‌تیو خۆشڕه‌وشیه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی خێراو رێك و پێك زامن بكات .
شه‌شه‌م: دامه‌زراندن و سه‌رپه‌رشتیكردنی فرۆكه‌خانه‌كان به‌ پێی ئه‌و ڕێوشوێنه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ رێكخراوی  ICAO پشتی پێ به‌ستراوه‌ .
حه‌وته‌م: دانانی سیاسه‌تی گشتی بۆ گواستنه‌وه‌و، سه‌رپه‌رشتیكردن له‌سه‌رجێبه‌جێكردنی و، هاوكاری كردنیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كاندا .
هه‌شته‌م:چاكردنی ئاستی به‌جێگه‌یاندنی گواستنه‌وه‌ و دانی مۆڵه‌ت جگه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی گه‌شت و گوزار، به‌ پێی ئه‌وبه‌ندو به‌ستانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌ریان ده‌كات .
نۆیه‌م:به‌پێی ڕه‌وش وره‌فتاری نێوده‌وڵه‌تی، دامه‌زراندن و فراوان كردن وسه‌رپه‌رشتی كردنی وێستگه‌كانی كه‌شناسی و چاودێری بومه‌له‌رزه‌ وئامرازو ئامێری پێویستی بۆ دابین ده‌كات.
ده‌یه‌م: هاوبه‌شی كردنی لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له‌ پاراستنی ژینگه‌دا .
یازده‌م:هاندانی ململانێ و خه‌مڵاندنی توانای ململانكاریه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكان و كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكات.
دوازده‌م: دانانی هه‌موو ڕێنماییه‌ زه‌رووره‌كان بۆ زامنكردن و وه‌گه‌رخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان، به‌ پێی سیاقاتی كارپێكراوی نێوده‌وڵه‌تی .
سێزده‌م: چاكردنی ئاستی به‌ جێ گه‌یاندنی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی و، دۆزینه‌وه‌ی چاكترین شێوازی گۆرین .
چوارده‌م:ئیجازه‌ به‌ كۆمپانیاكانی ئه‌و هێڵه‌ ئاسمانیه‌ ده‌دات كه‌ بۆ مه‌به‌ستی باشتر كردنی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی له‌ هه‌رێمدا بكه‌ونه‌كارو، هه‌روه‌ها هه‌موو جۆره‌ نوسینگه‌كانی ووشكانی.
پازده‌م: رێز له‌ به‌ جێهێنانی گشت پێكهاته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌گرێ كه‌ پێوه‌ندیان به‌ گواستنه‌وه‌ی ئاسمانیو گواستنه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینه‌وه‌ هه‌یه‌ . 
شازده‌م:سه‌رپه‌رشتی نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ هه‌موو خاڵه‌كانی په‌رینه‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌رێمداو وه‌رگرتنی كرێ و مزه‌ (الرسوم) وبه‌كارهێنانی مه‌نه‌فێست به‌پێ ی یاساكان وبه‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
مادده‌ی سێیه‌م :
یه‌كه‌م : وه‌زیر : سه‌رۆكی باڵاو، به‌رپرسی ئیش وكارو ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت و،سه‌رپه‌رشتیكردن ورقابه‌كردنی وه‌زارته‌كه‌یه‌و هه‌مووبریار وفرمان وڕێنماییه‌كانیش پیوه‌ندیان به‌ ئه‌رك و فرمان وپێكهاته‌و سه‌لاحییات و،كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری و دارایی وئیداری و رێكخستنی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌، هه‌یه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی یاسا،له‌ وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چێ.وه‌زیر به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا،چونكه‌ خۆیشی ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌وئه‌نجومه‌نه‌دا.
دووه‌م : بریكاری وه‌زاره‌ت : له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ڵاحییات،كه‌وه‌زیر پێی ده‌سپێرێ، یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات، له‌ ئاراسته‌ كردن و، سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری وه‌زاره‌ته‌كه‌.
 سێیه‌م- راوێژكاره‌كان : له‌ چوار كه‌س زێتر نابێو، مه‌رجیشه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆییان هه‌بێ و خاوه‌ن ئه‌زموون و كه‌رده‌ش بن.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاری :
ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ پێك دێت :
یه‌كه‌م: وه‌زیر/                                                                 سه‌رۆك .
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت /                                                  جێگری سه‌رۆك .
سێیه‌م: سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی له‌هه‌رێم /     ئه‌ندام .
چواره‌م: به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ /                            ئه‌ندام .
پێنجه‌م:به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری یاسایی/                                   ئه‌ندام. 
شه‌شه‌م:ڕاوێژپێكراوان و شاره‌زایانی بواری گواستنه‌وه‌ له‌ناو وه‌زاره‌ت و له‌ده‌ره‌وه‌ی له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌ن ئاماده‌ بوونیان به‌زه‌روور ده‌زانێ به‌مه‌رجێ له‌ چوار ئه‌ندام تێنه‌په‌ڕن و مافی ده‌نگدانیان نیه‌.                                                                          ئه‌ندامن.
مادده‌ی پێنجه‌م : 
پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت:
وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ پێك دێت:
1- نووسینگه‌ی وه‌زیر : فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فه‌رمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
2- نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت : فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ، ژماره‌یێ فه‌رمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن. 
3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئیداری ودارایی:فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كاو به‌ڕێوه‌ی ده‌با،بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون وپسپۆڕیش بێت. 
4-به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری گواستنه‌وه‌ی ووشكانی و هێڵه‌كانی ئاسن: فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كاو به‌ڕێوه‌ی ده‌با،بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون وپسپۆڕیش بێت.
5- به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گشتی پێشبینی( الانواء) كه‌شو هه‌واو بومه‌له‌رزه‌:فه‌رمانبه‌رێ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كاو به‌ڕێوه‌ی ده‌با،بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون وپسپۆڕیش بێت.
6- ده‌زگای فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان:فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی تایبه‌ت سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا و به‌ڕێوه‌ی ده‌با كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێ و راسته‌خۆ به‌وه‌زیره‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێ و پێكهاته‌و ئه‌ركه‌كانی به‌ یاسا رێك ده‌خرێ.
7- به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر: فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ.
8- به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی: فه‌رمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا، كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێ
مادده‌ی شه‌شه‌م :
ئه‌ركوفرمان و ئیشه‌ تایبه‌تیه‌كانی و پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌پێڕۆ دیار ده‌كرێ.
مادده‌ی حه‌وته‌م :
وه‌زیر، بۆی هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و هۆبه‌، له‌ پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا به‌پێی پێداویستی ئیشه‌كانیان، بكاته‌وه‌، یان یه‌كیانبخات یان پۆچه‌ڵیان بكاته‌وه‌.


مادده‌ی هه‌شته‌م :
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌، رێكه‌وتنامه‌وه‌ گرێ به‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاو لایه‌نه‌ بیانیه‌كان له‌ بواری گواستنه‌وه‌دا مۆربكات دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

مادده‌ی نۆیه‌م :
هه‌ر ده‌قێ له‌گه‌ڵ حكومه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجێ كاری پێناكرێ .

مادده‌ی ده‌یه‌م :
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان حكومه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌كار.


مادده‌ی یازده‌م: 
ئه‌م یاسایه‌، له‌ ڕۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ ده‌خرێته‌ كارو له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قایعی كوردستان )ه‌وه‌، بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
                                                                                                                                     عدنان ره‌شاد موفتی
                                                                                                                              سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                                                                     كوردستان-عیراق 


هۆكاره‌كانی دانانی ئه‌م یاسایه‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، تازه‌ دانراوه‌و، بۆ ئه‌وه‌ش، كه‌ داموده‌زگاكانی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ نوێیه‌، به‌پێی ڕه‌وشی یاسای هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌وچاكتر بگۆڕدرێ و، چالاكی توانستی پتر بكرێ و ئه‌ركوفرمانی خۆی به‌ ئاسانی پیاده‌ بكاو، ئامانجه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كانی فه‌راهه‌مكردن و دامه‌زراندنی تۆڕه‌كانی هێڵی ئاسندا بێته‌دی و كاروباری ڕێگای ئاسمانی و فڕۆكه‌خانه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ڕێك بخرێن و سیاسه‌تی گشتیی گواستنه‌وه‌ دابنرێ و له‌، جێبه‌جێكردنیدا، سه‌رپه‌رشتی بكرێن و، كه‌رته‌كانی گواستنه‌وه‌ی ووشكانی (البری) رێگاكانی ئاسمانی رێك بخرێن و، گواستنه‌وه‌ی سه‌فه‌ر كاران و شمه‌ك (البچائع) به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، له‌ ناو شاره‌كانی هه‌رێم و، له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا، به‌ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌بچێ و، هه‌موو كاروباری گواستنه‌وه‌، به‌م وه‌زاره‌ته‌ تازه‌یه‌ بسپێردرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌زه‌روور زانرا، یاسایه‌ك دابنرێ، كه‌ ئه‌ركوفرمانی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ نوێیه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانیشی دیار بكات، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی هه‌موو ئه‌و ئامانجانه‌، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.