یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2001 یاسای رێكخراوه‌ كوردستانییه‌ غه‌یره‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 2001
هەڵوەشاوەتەوە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا


یاسای رێكخراوه‌ كوردستانییه‌ غه‌یره‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان 
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژماره‌ ده‌رهێنان: 15 
رۆژی ده‌رهێنان 24/10/2001

 پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1)ی  مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992) و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (9)ی رۆژی (23/10/2001)یدا ئه‌نجامی داوه‌ و، به‌ پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ بڕگه‌ (3) ی یاسای ژماره‌ (10) ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا:


یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2001
یاسای رێكخراوه‌ كوردستانییه‌ غه‌یره‌ حكومییه‌كانی 
هه‌رێمی كوردستانی عێراق


مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ یاسایه‌دا ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
وه‌زاره‌ت: وه‌زارتی ناوخۆ.
وه‌زیر: وه‌زیری ناوخۆ.
ریكخراو: هه‌ر ریكخراوێكی كوردسانیی غه‌یره‌ حكومییه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌هانا چوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بزاڤی مرۆڤایه‌تی له‌ خۆ گرتبێ.

به‌شی یه‌كه‌م
دامه‌زراندن

مادده‌ی دووه‌م:
1-رێكخراو ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی غه‌یره‌ حكومییه‌، له‌ چه‌ند كه‌سانێكی ته‌بیعی پێك هاتووه‌ وبۆ  وه‌دیهانێنی ئامانجه‌كانی خۆی له‌ بواری به‌ هاناچوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بزاڤی مرۆڤایه‌تیی له‌ هه‌رێمدا داده‌مه‌زرێ.
2-ئه‌م رێكخراوه‌ خاوه‌ن شه‌خسییه‌تی مه‌عنه‌ویی خۆیه‌تی و بۆی هه‌یه‌ له‌ پێناو وه‌دیهاێننی ئه‌و ئامانجانه‌ی ده‌قه‌كانیان له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ موڵكایه‌تیی موڵك و ماڵی  ده‌سهه‌ڵنه‌گر و دەسهەڵگر(الاموال المنقوله‌ وغیر المنقوله‌)ی ببێ.
3-ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌شێ، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زیر، چالاكیی مرۆڤایه‌تی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیشدا پیاده‌ بكا.
4-ئه‌م ریكخراوه‌ بۆ وه‌دیهانینی ئامانجه‌كانی خۆی نه‌بێ هه‌وڵی وه‌ده‌ست هانینی هیچ سوود و قازانجێكی ماددی نادات.

مادده‌ی سێیه‌م:
ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌م دادگاكان و لایه‌نه‌ ره‌سمی و ناره‌سمییه‌كاندا ده‌بێ به‌ نوێنه‌ری رێكخراوه‌كه‌ ‌ ته‌نیا سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ خۆیه‌تی یان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ی پێ ده‌سپێرێ.

مادده‌ی چواره‌م:
بۆ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌ مەرجە ئه‌م شه‌رتو شروتانه‌ هه‌بن:
1-ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوه‌كه‌ نابێ له‌  پێنج ئه‌ندام كه‌متر بن. ئه‌مانه‌ داواكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌زیری ناوخۆ ده‌كه‌ن و هه‌موویان ئیمزای ده‌كه‌ن. ده‌بێ ئه‌هلییه‌تی یاساییان هه‌بێ و هاوپێچ له‌گه‌ڵ داواكه‌دا پێڕۆ‌ی ناوخۆی له‌گه‌ڵدابێ كه‌ ئه‌م به‌یاناته‌ی خواره‌وه‌ش تێدا بێ:
أ-ناوی ریكخراوه‌كه‌ و مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌ به‌ مه‌رجێ مه‌ركه‌زی ئیداره‌كه‌ی له‌ناو هه‌رێمدا بێت.
ب-ناو و نازناو و جنسییه‌ت و ته‌مه‌ن و پیشه‌ و جێگای دانیشتن و ئه‌هلییە‌تی زانستیی یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌ندامەکان.
ج-داهاتی دارایی و سه‌رچاوه‌كانی داهاتی رێكخراوه‌كه‌.
د-ئه‌و هه‌یئه‌تانه‌ی کە رێكخراوه‌كه‌ ده‌نوێنن و ئیداره‌كه‌ی ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی ئیش و كار و شێوازی به‌گه‌نكردن و كۆتایی هاتنیان.
2-ده‌بێ مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كە روون و ئاشكرا بێت و راگه‌یەنرابێ و له‌گه‌ڵ پێرۆی گشتیدا (النظام العام) پێچه‌وانه‌ نه‌بێ.
3-ده‌بێ رێكخراوه‌كه‌ به‌ رێگا و شێوازی مه‌شروع و به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم مه‌به‌سته‌كانی خۆی بپێكێ و له‌گه‌ڵ پێداویستی پێرۆی حوكمی فیدراڵیش پێچه‌وانه‌ نه‌بێ.
4-نابێ ئامانجی ئه‌وه‌ بێ كه‌ تۆوی دووبه‌ره‌كی و فه‌رق و جیاوازی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زه‌به‌ جۆر به‌ جۆره‌كاندا بچینێ.

مادده‌ی پێنجه‌م:
1-وه‌زیر ده‌بێ له‌ ماوه‌ی شه‌ست رۆژدا كه‌ له‌ رۆژی له‌ وه‌زاره‌ت تۆمار كردنی داواكارییه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا سه‌یری داواكارییه‌كه‌ بكا و بیبرێته‌وه‌. خۆئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ شه‌رتو شرووتی یاسایی ته‌واو به‌جێ نه‌هێنا بوو ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا وه‌زیر ده‌بێ هه‌واڵه‌ ی ده‌مه‌زرێنه‌ره‌كانی بكاته‌وه‌ تا كه‌م و كورتیه‌كانی بهێننه‌وه‌ سه‌ربار، ئه‌و جا ماوه‌ی بڕاندنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ له‌ رۆژی داواكارییه‌ تازه‌كه‌وه‌ حساب ده‌كرێ.
2-ئه‌گه‌ر هات و وه‌زیر، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ ،داواكارییه‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر بۆیان هه‌یه‌ له‌ دادگای ته‌مییزی هه‌رێمدا ته‌مییزی بكه‌نه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی پازده‌ رۆژدا- كه‌ له‌ رۆژی ته‌بلیغه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا- ئیدی بڕیار بڕیاری دادگاكه‌یه‌و‌ ده‌بڕدرێته‌وه‌.
3-ئه‌گه‌ر هات و داواكارییه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ بڕگه‌ی (1)دا هاتووه‌ نه‌بڕێندرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا قبوڵكراوله‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
له‌ پێڕۆی ناوخۆی رێكخراوه‌كه‌دا ده‌بێ هه‌موو ئه‌و حوكمانه‌ی دیاری بكرێن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ رێكخستنی كاروباری ئیداری و دارایی و هونه‌ری و چۆنێتیی دانان و دامه‌زراندنی كه‌سانی سه‌ر به‌ رێكخراوه‌كه‌ و قبوڵ كردنی ئه‌ندامه‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌.

مادده‌ی حه‌وته‌م:
رێكخراوه‌كه‌ ده‌بێ ئه‌م سجل و تۆمارانه‌ی خواره‌وه‌ رابگرێ به‌ مه‌رجێ دایه‌ره‌ی كاتبی عه‌دل ته‌سدیقی كردبن:
1-سجلی ئه‌ندامان و (ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌ رێكخراوه‌كه‌ن).
2-سجلی بڕیار و مه‌حزه‌ره‌ی دانیشتنه‌كان.
3-سجلی پرۆژه‌كان.
4-سجلی حساب و حسابكاری.
5-سجلی ئه‌موال و كه‌لوپه‌له‌كان.

به‌شی دووه‌م
ئامانجه‌كان و شێوازی كار

مادده‌ی هه‌شته‌م:
رێكخراو بۆ وه‌دیهانینی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ تێده‌كۆشێ:
1-به‌شداری كردن و هاوكۆمه‌كی له‌ بواری به‌ هانا چوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بزاڤی مرۆڤایه‌تی له‌ هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی یارمه‌تی مرۆڤایه‌تی و هاوكاری و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌دا.
2-هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ بیانییه‌كانی ناو هه‌رێم له‌ بواری به‌ هاناچوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بزاڤی مرۆڤایه‌تیدا.





مادده‌ی نۆیه‌م:
ریكخراو ئامانجه‌كانی خۆی له‌م رێگایانه‌ی خواره‌وه‌ دێنێته‌ دی:
1-ئه‌و داهاته‌ داراییه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستیدا هه‌یه‌.
2-له‌ موناقصه‌و موزایه‌داتی جێبه‌جێ كردنی پرۆژه‌ ئاوه‌دانكاریه‌كانی كوردستاندا به‌شدار ده‌بێ و گرێبه‌ستی ده‌كات.
3-په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورده‌ په‌نابه‌ر و غه‌ریب كه‌وتووه‌كانی هه‌نده‌رانی كوردستاندا ده‌كا و، دنه‌یان ده‌دا كه‌ سه‌رمایه‌كانیان له‌ پرۆژه‌ گه‌لی و به‌ هانا چوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و فراژوو كردنی (التنمیه‌) هه‌رێمدا وه‌به‌ر بهێنن.
4-بانگهێشت بكا ت و بۆ سازدانی كۆنفرانسی ناوخۆ و نێو ده‌وڵه‌تیش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌و چاكتر بردن و پێشخستنی پرۆژه‌كان تا ئامانجەکانی ئامانجه‌كانیان بێته‌ دی.
5-به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وا ده‌خوازێ كه‌  هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌دا بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆژه‌ فراژووكاریه‌كان له‌ هه‌رێمدا هاوپشك بێ و به‌شداری بكات.

به‌شی سێیه‌م
دارایی رێكخراوه‌كه‌
 

مادده‌ی ده‌یه‌م:
رێكخراو، دارایی خۆی به‌ بوجه‌یه‌كی ساڵانه‌ به‌رێوه‌ ده‌با كه‌ به‌ پێی پێرۆی حسابكاری دایه‌ره‌ ره‌سمییه‌كان رێكی ده‌خاو جێبه‌جێ ده‌كا، هه‌موو حساب و حسابكاریه‌كیشی ده‌كه‌وێته‌ ژێر ركێفی ته‌دقیقكردنی ریقابه‌ی دارایی هه‌رێمه‌وه‌.

مادده‌ی یازده‌:
دارایی ریكخراوه‌كه‌ له‌ مانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێ:
1-ئه‌و به‌ش و پشكه‌ی كه‌ ئه‌ندامه‌كان ده‌یده‌نێ.
2-ئه‌و ده‌سنگه‌ و به‌خشش و خه‌ڵات و پیتاك و دارایی و وه‌قف و وه‌سیه‌ته‌ی كه‌ تاكه‌ تاکەی خه‌ڵك و لایه‌نی دیكه‌ ده‌یده‌نێ.
3-ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌ بزاڤ و چالاكی خۆی و وه‌به‌رهێنانی دارایی خۆی ده‌ستی ده‌كه‌وێ.

مادده‌ی دوازده‌:
ریكخراوه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ بیانیه‌كاندا گرێ به‌ستی بكات یان كۆمه‌ك و پیتاكی مادده‌ی و مه‌عنه‌وی له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ وه‌ربگرێ، له‌م باره‌دا پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی یارمه‌تی مرۆڤایه‌تی و هاوكاری ئاگادار بكات.

مادده‌ی سیازده‌:
رێكخراو پێویسته‌ له‌ كاتی هه‌موو ساڵێكی دارایی یان له‌ كاتی زه‌روره‌تدا ئه‌و راپۆرتانه‌ پێشكه‌ش به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكات.
1-راپۆرتی دارایی ساڵانه‌ كه‌ هه‌موو داهات و خه‌رجی تێدا بێت.
2-راپۆرتێكی ئاودامانی ساڵانه‌ كه‌ هه‌موو خزمه‌ت و پرۆژه‌ی به‌هانا چوون و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بزاڤی مرۆڤایه‌تی تێدا بێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ش نیشان بدات كه‌ سوودیان لێ وه‌رگرتووه‌.
3-راپۆرتێك هه‌موو پلان و به‌رنامه‌ی به‌ هاناچوون و ئاوه‌دانكاری و فراژوكاریی هه‌رێمی تێدا بێت كه‌ بۆ ساڵی تازه‌ی دارایی بنیاد ده‌نرێن.

مادده‌ی چوارده‌:
1-ریكخراو له‌ مزو کرێی ده‌مه‌زراندن و (رسوم التأسیس) مزوكرێی ته‌سدیقكردنی سجله‌كانی سه‌رفرازه‌ (عه‌فو ده‌كرێ).
2-سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی داوه‌تێ بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی به‌ند و به‌ست (ضوابط) رێكخراوه‌كه‌ له‌ باج و مزوگرێی گومرگ عه‌فو بكا تا رێكخراوه‌كه‌ ئامانجه‌كانی خۆی بهێنێته‌ دی.

مادده‌ی پازده‌:
ریكخراو بۆی هه‌یه‌، دوای ره‌زامه‌ندیی وه‌زیر، رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ یان تێكه‌ڵ به‌ رێكخراوێكی دیكه‌ی بكات كه‌ ئامانجه‌كانیان چوونیه‌ك بن و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانیشیان رازی بن. ئه‌گه‌ر وه‌زیریش رازی نه‌بێ ئه‌وه‌، له‌م باره‌دا بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیر ئه‌وه‌ی له‌ باره‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ر ده‌م دادگای ته‌مییزی هه‌رێمدا له‌ ماوه‌ی (15) رۆژ كه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا و تانه‌ی لێبدرێ.

مادده‌ی شازده‌:
له‌سه‌ر داواكردنی وه‌زیر یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ وه‌زیر ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌دا ،دادگای بیدائه‌ی ناوچه‌ی ریكخراوه‌كه‌ ده‌شێ به‌ بڕیارێ پاش وه‌رگرتنی پله‌ی بنبڕی رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌:
1-ئه‌گه‌ر ماوه‌ی ساڵێك به‌سه‌ر دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌دا تێپه‌ر بووبێ و، رێكخراوه‌كه‌ به‌ بێ هیچ هۆكارێكی له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ر، ئیشو كاری خۆی به‌پێی ده‌قی بیرۆكه‌ی ده‌ست پێ نه‌كردبێ.
2-ئه‌گه‌ر بزاڤه‌كانی له‌و ئامانجانه‌ لایدابێ كه‌ بۆی دامه‌زراوه‌.
3-ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ لاواز بووبێ كه‌ نه‌توانێ عه‌هد و په‌یمان و ئیلتیزاماتی دارایی و یاسایی خۆی به‌جێ بهێنێ.

مادده‌ی حه‌ڤده‌:
ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی، خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا هه‌یئه‌ته‌كه‌ی خۆی پاكتاوكارێك (مصفی) یان پتری بۆ داده‌نێ، بەلام ئه‌گه‌ر دادگا هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌م باره‌دا دادگای بیدائه‌ی ناوچه‌ی رێكخراوه‌كه‌ پاكتاوكاری بۆ داده‌نێ و ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و داراییدا ده‌گرێ و تا پاكتاوكردنی یاسایی ته‌واو ده‌بێ.

مادده‌ی هه‌ژده‌:
بڕیاره‌كانی دادگای بیدائه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا كه‌ ده‌قه‌كانیان له‌ مادده‌ی (16،17)ی ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ یارای ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (15) رۆژدا كه‌ له‌ رۆژی دواتری ته‌بلیغه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا، له‌به‌رده‌م دادگای ته‌مییزی هه‌رێمدا تانه‌ی لێ بدرێ.

"حوكمه‌ گشتییه‌كان"

مادده‌ی نۆزده‌:
1-ریكخراوه‌ كوردستانی عراقییه‌ ناحكومییه‌كان كه‌ ئێستا به‌رقه‌رارن، ده‌بێ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا كه‌ له‌ رۆژی به‌كارخستنی ئه‌م یاسایه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا و هه‌موو بارودۆخێكی خۆیان به‌ جۆرێ بهێننه‌ ژێر بار كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا بگونجێ.
2-ئه‌م ریكخراوانه‌ش كه‌ حوكمی بڕگه‌ (1)ی ئه‌م مادده‌یه‌ نه‌هێننه‌جێ، به‌ پێی یاسا به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن.

مادده‌ی بیست:
هه‌ر رێكخراوێك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیلتیزامات و پێكهاتنی كه‌ له‌ناو هه‌رێم یا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ستبێتی پرۆژه‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه‌، له‌و باره‌دا وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و یاساكارپێكراوه‌كانی دیكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بداته‌ دادگا.

مادده‌ی بیست و یه‌ك:
 رێكخراو بۆی هه‌یه‌، دوای ره‌زامه‌ندی وه‌زیر لق له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم یان ده‌ره‌وه‌یدا بكاته‌وه‌.

مادده‌ی بیست و دوو:
كاروباری رێكخراوه‌ مرۆییه‌ غه‌یره‌ حكومییه‌ بیانیه‌كانی ناو هه‌رێم به‌ پێره‌وێك كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆیانی داده‌نێ رێك ده‌خرێ.

مادده‌ی بیست و سێ:
هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت ناخرێته‌ به‌ ركار.

مادده‌ی بیست و چوار:
وه‌زیری ناوخۆ بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ساناكردنی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربهێنێ.

مادده‌ی بیست و پێنج:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ركار. 

مادده‌ی بیست و شه‌ش:
 ئه‌م یاسایه‌، له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان)دا، ده‌خرێته‌ به‌ركار.




                  					             د. رۆژ نوری شاویس
               			                       سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق


هۆكاره‌ پێویستەکان
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مانه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌م قۆناغی ئه‌زموونه‌ دیموكراتیه‌ماندا مافی ره‌وای خۆشێتی كه‌ رێكخراوگه‌لی له‌ بواری به‌ هانا چوونی و ئاوه‌دانكاری و فراژووكاریدا بببێ و، له‌ پێناوی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تیش بۆ رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان كه‌ بتوانن له‌ رێگای پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت و پرۆژه‌ و یاریده‌دانی بنیادی ئابووریی و نیشتیمانی یه‌وه‌ هاوبه‌شی له‌و بوارانه‌دا بكه‌ن و سوودیش له‌ شاره‌زایی و وزه‌ و توانای هه‌موو چین و توێژێكی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و وه‌ربگیرێ، له‌به‌ر ئه‌وانه‌، هه‌مووی، ئه‌م یاسا كارییه‌ ئه‌نجام درا.