یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 1998 یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌ نووسانی كوردستانی عێراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 1998
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌ نووسانی كوردستانی عێراق

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌ل
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار: 11
مێژووی بڕیار 22/4/1998

بڕیار
پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ پێی بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی (2) له‌ یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (10)ی رۆژی 20/4/1998 دا یاساكاری كردووه‌ بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ماندا.

یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 1998
یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌ نووسانی كوردستانی عێراق

فه‌سلی یه‌كه‌م 
(دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان)

مادده‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌م وشانه‌ی خواره‌وه‌ له‌م یاسایه‌دا ئه‌م مانایانه‌ ده‌به‌خشن كه‌ له‌ به‌رامبه‌ریانه‌وه‌ دانراون:
أ‌-	سه‌ندیكا: سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق.
ب‌-	ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق.
ج‌-	نه‌قیب: نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق.
د‌-	رۆژنامه‌نووس: هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ سه‌ندیكا بێ و وه‌فادار بێ به‌رامبه‌ر به‌ پابه‌ندییه‌كانی.
ه‌-	رۆژنامه‌: هه‌ر چاپ كراوێك كه‌ به‌ شێوه‌ی ده‌وری یان ناده‌وری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌چێ و به‌ ره‌سمی مۆڵه‌ت دراوه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ 
و‌-	تۆمار: ئه‌و تۆماره‌ی كه‌ پێش وه‌خت ئاماده‌ ده‌كرێ بۆ تۆمار كردنی ناوی رۆژنامه‌ نووس و تێكرای ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ سه‌ندیكایه‌ك بۆ رۆژنامه‌ نووسان به‌ ناوی (سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق داده‌مه‌زرێت، باره‌گاكه‌ی هه‌ولێره‌ پایته‌ختی هه‌رێم ده‌بێ و ده‌توانێ لقی تر له‌ ناوه‌نده‌كانی (مراكز) ی پارێزگاكانی تری هه‌رێم بكاته‌وه‌.
مادده‌ی سێ یه‌م:
سه‌ندیكا كه‌سایه‌تی یه‌كی مه‌عنه‌وی ده‌بێ.

مادده‌ی چواره‌م:
سه‌ندیكا هه‌وڵ ده‌دا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌:
1-	به‌رجه‌سته‌ كردنی سیسته‌می فیدرالزم بۆ كوردستانی عێراق.
2-	به‌شداری كردنی له‌ بنیاد نانی ده‌وله‌تی دامه‌زراوه‌كان (دولة المؤسسات) و به‌هێز كردنی (پرنسیپ)ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان.
3-	به‌رگری كردنی سه‌روه‌ری یاسا و سه‌ربه‌ستی دادگه‌ری.
4-	به‌رگری كردن له‌ ئازادییه‌ دیموكراتییه‌ بنه‌ره‌تیه‌كان و ئاشتی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ.
5-	پاراستن و په‌ره‌پێدانی رۆشنبیری نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی.
6-	پشتگیری كردنی خه‌باتی گه‌لی كوردستان له‌ پێناو وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانی نه‌ته‌وایه‌تی و بڵاوكردنه‌وه‌ی بنه‌مای لێبوورده‌یی و نه‌رمی نواندن له‌ كۆمه‌ڵگادا و پته‌كردنی برایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینی و یه‌كسانی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا.
7-	رێزگرتن له‌سه‌ربه‌ستی رۆژنامه‌نووسی و به‌رگری كردن له‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و زامنكردنی پارێزگاری كردنی پێویست بۆ ئه‌نجام دانی كاره‌كانیان.
8-	ئاسان كاری ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان.
9-	وه‌رگرتنی سه‌ندیكا له‌ یه‌كیه‌تییه‌ رۆژنامه‌نووسیه‌ جیهانیه‌كان و پێكه‌وه‌نانی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌لیاندا.
10-	پێگه‌یاندنی رۆژنامه‌نووسان به‌ هه‌موو رێگا گونجاوه‌كان.
11-	پشتگیری و پاڵپشتی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا له‌ كاتی پێویستدا.


فه‌سڵی دووه‌م 
(پێكهاته‌و ئه‌ندامیه‌تی)
مادده‌ی پێنجه‌م:
سه‌ندیكا له‌سه‌ر داواكاریێك پێكدێ ‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند ده‌كرێ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ نابێ له‌ پانزده‌ رۆژنامه‌نووس كه‌متر بن.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
كارمه‌ندانی سه‌ندیكا به‌ پێی تۆماری گشتی بۆ سێ جۆر پۆلین ده‌كرێن:
یه‌كه‌م: رۆژنامه‌ نووسی (متدرج): ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كاری رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ هه‌ر سێ كه‌ناڵه‌كانیه‌وه‌ ده‌كاته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كی خۆی، نازناو، یان سیفه‌تی رۆژنامه‌ نووسی خاوه‌ن ئه‌زموونی پێ نادرێ تا دوو ساڵی به‌رده‌وام به‌سه‌ر مماره‌سه‌كردنیدا تێنه‌په‌رێ به‌ پشتگیری كردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ له‌ لای كار ده‌كا دوای تۆمار كردنی ناوی خۆی له‌ تۆماری گشتیدا، هیچ جۆره‌ ئیمتیازێكی رۆژنامه‌نووسی ئه‌زموونداری پێنابڕێ تا ناوی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ خشته‌ی ئه‌م جۆره‌ (صنف)ە‌، دوای ئه‌وه‌ ماوه‌ی پله‌ به‌ پله‌ (تدرج) ده‌خرێته‌ سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كانی، ماوه‌ی پله‌ به‌ پله‌ (التدرج) ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن بروانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسی و راگه‌یاندندا یان هاوتای ئه‌و بروانامه‌یه‌، یه‌ك ساڵه‌.
دووه‌م: رۆژنامه‌نووسی به‌ ئه‌زموون:
ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ نووسیدا به‌ هه‌ر سێ كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ كاری كردووه‌ یان كار ده‌كا و كردوویه‌تیه‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ خۆی و ئه‌و ماوه‌یه‌ی به‌سه‌ر كاره‌كه‌یدا ره‌ت بووه‌ كه‌ له‌ بڕگه‌ی رابردوو دا ده‌رخراوه‌.
سێ یه‌م: رۆژنامه‌نووسی به‌شدار:
ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كاری رۆژنامه‌ نووسی ئه‌نجام داوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیكاته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ خۆی ئه‌مه‌ش به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی عه‌قدی پێویست ده‌یسه‌لمێنێ له‌و لایه‌نانه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستن (من الجهات المعنیه‌) وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوی خۆی راگوازێته‌وه‌ بۆ خشته‌ی رۆژنامه‌ نووسه‌ به‌ ئه‌زموونه‌كان دوای تێپه‌ر بوونی ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (5) پێنج ساڵی به‌رده‌وام كه‌متر نه‌بێ و رۆژنامه‌نووسی بكاته‌ پیشه‌ی خۆی.

مادده‌ی حه‌وته‌م:
سه‌ندیكا له‌ مانه‌ پیك دێ:
1-	ده‌سته‌ی گشتی.
2-	ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
3-	لیژنه‌ی به‌رزه‌فت كردن (الانضباط).
4-	لیژنه‌ی چاودێری كردن.
5-	لقه‌كانی سه‌ندیكا له‌ پارێزگاكانی كوردستانی عێراقدا.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌بیته‌ ئه‌ندام له‌ سه‌ندیكادا:
1-	دانیشتووی (مقیم)ی كوردستانی عێراق بێ .
2-	بیست ساڵی ته‌مه‌نی ته‌واو كردبێ.
3-	به‌ كووكه‌ (جنحه‌) و تاونی وا حوكم نه‌درابێ كه‌ شه‌ره‌فی له‌كه‌دار بێ.
4-	ئه‌هلییه‌تی پیشه‌یی هه‌بێ.
مادده‌ی نۆیه‌م:
 بوونه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكا به‌م جۆره‌ ده‌بێ:
1-	داواكارییه‌كی به‌ نووسین بۆ ده‌سته‌ی ئاماده‌كار له‌گه‌ڵ ته‌زكییه‌یه‌‌ك له‌ لایه‌ن دوو له‌ رۆژنامه‌ نووسانی به‌ ئه‌زموون، پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سته‌ یان ئه‌نجومه‌ن له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌ مێژووی تۆماركردنییه‌وه‌ بنبڕ بكرێ، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ی بنبڕ نه‌كرا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ناوبراویش له‌ بڕگه‌ی (1) كۆتایی پێهات سه‌ربه‌خۆ به‌ قبوڵكراو حسێب ده‌كرێ.
2-	 له‌ حاڵه‌تی ره‌فز كردنی داواكارییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ مه‌به‌سته‌ (الجه‌ المعنیه‌) هۆیه‌كانی ئه‌م ره‌فز كردنه‌ ده‌ربخا وه‌ پێشكه‌ش كاری داواكاریه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ كه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری ره‌فزه‌كه‌ بدا له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ (تمییز) ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ ماوه‌ی پانزده‌ رۆژدا له‌ مێژووی ئاگاداركردنه‌وه‌ به‌ بریاره‌كه‌، بریاری ئه‌ویش بن بڕه‌ (باتا).


فه‌سڵی سێیه‌م
(ده‌سته‌ی گشتی)
مادده‌ی ده‌یه‌م:
1-	ده‌سته‌ی گشتی باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ سه‌ندیكادا هه‌موو رۆژنامه‌ نووسه‌ به‌ ئه‌زموونه‌كان ده‌گرێته‌ خۆی ئه‌وانه‌ی وه‌فایان به‌ هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ كردووه‌.
2-له‌سه‌ره‌تادا ده‌سته‌ی گشتی هه‌ردوو ساڵ داواكاری ده‌سته‌ی ئاماده‌كار، یا ئه‌نجومه‌ن كۆ دبێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا و هه‌ر دوو لیژنه‌ی به‌رزه‌فت كردن (الانضبات) و چاودێری كردنی به‌ ده‌نگدانی نهێنی، (نصاب)یش به‌ ئاماده‌بوونی دوو سێ یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی ته‌واو ده‌بێ و له‌ حاڵه‌تی ته‌واو نه‌بوونی (نصاب) دواده‌خرێ و بۆ هه‌مان رۆژ له‌ حه‌وتووی داهاتوودا (نصاب) به‌ ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان ده‌بێ.

ئه‌ركه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی

  مادده‌ی یازده‌یه‌م:
سالانه‌ ده‌سته‌ی گشتی كۆده‌بێته‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی (دوو سێ یه‌كی) ئه‌ندامه‌كانی، بڕیاره‌كانی له‌و مه‌سه‌لانه‌ی خواره‌وه‌دا به‌ زۆرینه‌ ده‌دا.
1-	گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێره‌وی ناوخۆ و راستاندنی (تصدیق).
2-	گفتوگۆكردنی راپۆرتی ساڵانه‌و كاروباری سه‌ندیكا و حیسابكاریه‌كانی و پێشكه‌ش كردنی رێنمایی له‌باره‌یه‌وه‌.
3-	راستاندنی بودجه‌.
مادده‌ی دوازده‌یه‌م:
1-	مه‌رجه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا به‌ نه‌قیب و بریكار و سكرتێر و ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌ی به‌رزه‌فتكردن و چاودێری كردنه‌وه‌، سێ ساڵ تێپه‌ری كردبێ به‌سه‌ر‌ گه‌یشتنیان به‌ پله‌ی به‌ ئه‌زموونی (درجه‌ التمرس).
مادده‌ی سیازده‌یه‌م:
1-	ئه‌نجومه‌ن به‌ نه‌قیب و بریكار و سكرتێره‌وه‌ له‌ نۆ ئه‌ندام پێك دێ.
2-	ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێ كردنی بریاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی و هه‌رچ ئه‌ركێكی تری پێ بسپێردرێ. 
مادده‌ی چوارده‌یه‌‌م:
لیژنه‌ی چاودێری كردن له‌ سه‌رۆك و دوو ئه‌ندام پێك دێ كاریان لێوردبوونه‌وه‌یه‌ له‌ راستی ئه‌ندامێتی (صحه‌ العضویه) و رادده‌ی پیاده‌ كردنی یاسا.
مادده‌ی پازده‌یه‌م:
لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی كردن (الانضباط) ل سه‌رۆك و دوو ئه‌ندام پێك دێ كاریان توێژینه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كار بوونه‌ له‌و شكایه‌تانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بۆیان ده‌چێ به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی شازده‌یه‌م:
لقه‌كانی سه‌ندیكا:
1-	له‌ ناوه‌ندی هه‌ر پارێزگایه‌كدا لیژنه‌یه‌كی لق له‌ پێنج ئه‌ندام پێك دێ، ئه‌ندامانی لق له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ به‌ ئه‌زموونداره‌كان هه‌ڵیان ده‌بژێرن كه‌ پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی له‌ پارێزگادا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
2-	كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی لقه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كانیان، هه‌مان شێوه‌ی تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی ده‌بێ.
مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م:
ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن مه‌رجه‌ پێویستییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی له‌ده‌ست دا و له‌ سێ دانیشتنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك (غائب) بوو به‌ ده‌ست له‌ كاركێشراوه‌ (مستقیل) داده‌نرێ و ئه‌ندامی یه‌ده‌گ (احطیاط) كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ ده‌ست هێناوه‌ جێگای ده‌گرێته‌وه‌.
مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م:
نه‌قیب سه‌رۆكایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا ده‌كا له‌ لای سه‌رچاوه‌ تاایبه‌ته‌كان و ئیمزا كردن له‌سه‌ر ئه‌مر و بڕیار و رێنمایی و نووسراوه‌كاریه‌كاندا ده‌كا و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌سه‌ڵات به‌ غه‌یری خۆی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بسپێرێ.




فه‌سڵی چواره‌م
(ماف و پابه‌ندییه‌كان)
یه‌كه‌م: مافه‌كان.
مادده‌ی نۆزده‌یه‌م:
1-	رۆژنامه‌نووس مامه‌ڵه‌ی كارمه‌ندی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ له‌ لایه‌نی مۆله‌ت پێدانی ئاسایی و نه‌خۆشییه‌وه‌.
2-	له‌ كاتی دامه‌زرانی له‌ هه‌ر فه‌رمانێك ماوه‌ی كاركردنی له‌ رۆژنامه‌نووسیدا بۆ سه‌ر مووچه‌ (علاوه‌) و به‌رز كردنه‌وه‌ی خانه‌نشینی ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئیشه‌كه‌ی.
3-	له‌ كاتی كاركردندا ئه‌گه‌ر تووشی هه‌ر پێشهاتێك (اصابه‌)یه‌ك بوو له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ كاری بۆ ده‌كا هاریكاری پێویستی بكا ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ مافی خانه‌نشینی یه‌وه‌ هه‌یه‌.
4-	ده‌كری رۆژنامه‌نووسی خانه‌نشین به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسای خانه‌نشینی رۆژنامه‌نووس له‌ دام و ده‌زگاكاندا كار بكا.
5-	پێویسته‌ خه‌به‌ری سه‌ندیكا بدرێ له‌ كاتی شكایه‌ت كردن كه‌ له‌ دژی رۆژنامه‌نووس پێشكه‌ش ده‌كرێ، له‌ كاتی تاوانی بینرا و نه‌بێ نابێ، رۆژنامه‌نووس پرسیار و وه‌ڵام و توێژینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ به‌ تاوانیك كه‌ دراوه‌ت پاڵی و په‌یوه‌نداره‌ به‌ ئه‌نجام دانی كاره‌كه‌یه‌وه‌ دوای خه‌به‌ردانی سه‌ندیكا نه‌بێ.
6-	ئه‌وه‌ی ده‌ست درێژی بكاته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس له‌ كاتی ئه‌نجام دان یا به‌ هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و سزایه‌ ده‌درێ كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ دانراوه‌ كه‌ ده‌ست درێژی ده‌كاته‌ سه‌ر كارمه‌ندی گشتی له‌كاتی ئه‌نجامدانی فه‌رمان یا به‌ هۆی فه‌رمانه‌وه‌.
7-	ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی به‌ هۆی یان له‌ كاتی ئه‌‌نجامدانی كاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌مرێ، نازناوی ئه‌ندامی (شه‌ره‌ف)ی له‌ سه‌ندیكادا پێ ده‌دری به‌ بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی پێره‌وی ناوخۆ.
دووه‌م: پابه‌ندییه‌كان
مادده‌ی بیسته‌م:
نابێ رۆژنامه‌نووس ئه‌م كارانه‌ بكا:
1-	ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی توێژینه‌وه‌ یا دادگاكان گرتوویانه‌ ئه‌ستۆ كه‌ كار ده‌كاته‌ سه‌ر رێره‌وی توێژینه‌وه‌، یان دادگایی كردن.
2-	ئه‌نجامدانی ئه‌و پیشه‌یه‌ به‌بێ تازه‌ كردنه‌وه‌ی به‌شداربوون له‌ سه‌ندیكادا به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌.
3-	به‌كار هێنانی هه‌ر هۆیه‌ك یان رێگه‌یه‌ك به‌ مه‌به‌ستی قازانجی ناره‌وا.
4-	وه‌رگرتنی پیتاك به‌ ره‌زامه‌ندی به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌‌نجومه‌ن نه‌بێ.
5-	ناوبانگ زراندنی پیشه‌كه‌و ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی یان هه‌ره‌شه‌ كردن له‌ هاونیشتمانیان به‌ هه‌ر رێگا و شێوه‌یه‌ك بێ له‌ شێوازه‌كانی رۆژنامه‌ نووسی .
6-	شلۆق كردنی موتمانه‌ به‌ رژێمی فیدراڵی له‌ كوردستانی عێراقدا و شێواندنی ئاسایشی هاوڵاتیان به‌ رێگای راسته‌وخۆ بێ یا ناراسته‌وخۆ، هه‌روه‌ها وروژاندنی غه‌ریزه‌كانی جه‌ماوه‌ر به‌ هه‌ر رێگایه‌ك بێ.
7-	قۆستنه‌وه‌ی وشه‌ی نووسراو یا نێردراو قۆستنه‌وه‌یه‌كی (تایبه‌تی) بۆ سوودی تایبه‌تی و زیان به‌خش بێ به‌ خه‌ڵكی تر،یان هه‌ڵگرنتی سیفه‌تێك (انتحال صفه‌) یان فیكره‌یه‌ك و زه‌ره‌ر گه‌یاندن به‌ ره‌وشت و نیزامی گشتی.
8-	به‌ هه‌ڵه‌ بردنی جه‌ماوه‌ر به‌ زانیاری نادروست و لێكدانه‌وه‌ی رووداوه‌كان لێكدانوه‌یه‌كی دوور له‌ ده‌سپاكی یان بڵاوكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان بێ دڵنیا بوون لێیان.
9-	وه‌رگرتن و هه‌لێنجان (اقتباس) له‌ به‌رهه‌می كه‌سی تر به‌بێ ئاماژه‌ كردن بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی یان سه‌رچاوه‌كه‌ی.
10-	قۆستنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسی بۆ تانه‌لێدان و سوكایه‌تی كردن به‌ پیرۆزی و رێوره‌سم و ئایینی و نیشتیمانییه‌كان.
فه‌سڵی پێنجه‌م
(ئیجراكارییه‌كانی به‌رێوه‌بردن)
ماده‌ی بیست و یه‌كه‌م:
یه‌كه‌م: هه‌ر رۆژنامه‌ نووسێك وازی له‌ ئه‌ركێك له‌ ئه‌ركه‌كانی پیشه‌كه‌ی هێنا یان كارێكی وای كرد كه‌ له‌ نرخی ئه‌و پیشه‌یه‌ی دابه‌زاند یان به‌ كارێك هه‌ڵسا كه‌رامه‌تی ئه‌نگاوت یا به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌ك (مستند)ێكی نادروستی پێشكه‌شی به‌ سه‌ندیكا كرد یا سه‌رپێچی یه‌كێك له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ی كرد سزای (تأدیب)ی ده‌درێ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (انضباط)ی به‌ پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ ده‌قی گرتووه‌ له‌ یاسای به‌رزه‌فتی كردنی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌تی كارپێكراو، ئه‌م سزایانه‌ی خواره‌ وه‌ ده‌درێ 
1-	وریا كردنه‌وه‌ (التنبیه‌): به‌ نووسراوێك ده‌بێ و ئاراسته‌ی رۆژنامه‌نووس ده‌كرێ و سه‌رنجی راده‌كێشرێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ لێی رووداوه‌ و داوای لێ ده‌كرێ كه‌ له‌ داهاتوودا روو نه‌كاته‌وه‌.
2-	ئینزار(الانزار): له‌ كاتی دووباره‌ كردنه‌وی سه‌رپێچی دیاری كراو له‌ بڕگه‌ی (1) له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ ئینزاری پێ ده‌درێ كه‌ جارێكی تر دووباره‌ی نه‌كاته‌وه‌.
3-	به‌رهه‌ڵستی كردن له‌ ئه‌نجامدانی پیشه‌كه‌ی ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ یه‌ك ساڵ تێنه‌په‌رێ.
4-	ده‌ركردنی كاتی : ناوی له‌ تۆماری گشتی ده‌سرێته‌وه‌، نابێ دووباره‌ ناوی تۆمار بكرێته‌وه‌ دوای تێپه‌ر بوونی دوو ساڵ نه‌بێ.
دووه‌م: سزاكانی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ ناكرێ ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌نووس دوای راستاندنی (مصادقه‌)ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا نه‌بێ.
سێیه‌م: بۆ رۆژنامه‌نووسی سزا دراو هه‌یه كه‌‌ تانه‌ له‌ بریاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌ڵستی كردنی (المنع) یان ده‌ركردن بدا له‌ لای دادگای پێداچوونه‌وه‌ له‌ ماوه‌ پانزده‌ رۆژ له‌ مێژووی ئاگادار كردنیه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌، سزاكه‌ جێبه‌جێ ناكرێ تا پله‌ی بنبڕی (درجه‌ البتات) وه‌رنه‌گرێ.
چواره‌م: ناوی ئه‌ندام له‌ سه‌ندیكادا ده‌سرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر حوكمی‌ دوماهی به‌ سزای (به‌ندكردنی ئازادی) له‌ كووكه‌ (جنحه‌) یان تاوانێكی ناسیاسی له‌سه‌ر ده‌رچوو.
پێنجه‌م: له‌ كاتی حوكم به‌سه‌ر دادانیدا له‌ كووكه‌ (جنحه‌) یان تاوانێكی شه‌ره‌ف به‌ردا، ناوی له‌ تۆماری گشتی لا ده‌درێ و نابێ جارێكی تر تۆمار بكرێته‌وه‌.

فه‌سڵی شه‌شه‌م
(دارایی سه‌ندیكا)
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
یه‌كه‌م: دارایی سه‌ندیكا له‌ مانه‌ی خواره‌ وه‌ پێك دێ:
1-	ره‌سمی ئه‌ندامیه‌تی.
2-	پاره‌ی به‌شدار بوونی ساڵانه‌. 
3-	پێبه‌خشینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم.
4-	ده‌سكه‌وتی ئاهه‌نگه‌كان و پیتاكی گشتی كه‌ سه‌ندیكا پێی هه‌ڵده‌ستێ به‌ گوێره‌ی یاسای په‌یره‌و كراو.
5-	قازانجی ئه‌و پرۆژانه‌ی سه‌ندیكا پێیان هه‌ڵده‌ستێ.
6-	قازانجی چاپه‌مه‌نیه‌كانی سه‌ندیكا.
7-	به‌خشش و له‌ قه‌به‌ركردنه‌كانی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامان و غه‌یری ئه‌وان پێشكه‌ش ده‌كرێن به‌ مه‌رجێك كار له‌ رێره‌وی سه‌ندیكا نه‌كا و ئاگاداری لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌و كاره‌ بكرێ.
دووه‌م: ئوسوڵی ژمێریاری گشتی به‌سه‌ر دارایی سه‌ندیكادا پیاده‌ ده‌كرێ.
سێیه‌م: ره‌سمی ئه‌ندامیه‌تی پاره‌ی به‌شداری بوون به‌ گوێره‌ی پێره‌وی ناوخۆ دیاری ده‌كرێ.


فه‌سلی حه‌وته‌م
(حوكمه‌كانی دوماهی)
(ناونیشانه‌كانی رۆژنامه‌نووس)
مادده‌ی بیست و سێیه‌م:
مه‌به‌ست له‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌م ناونیشانانه‌ی خواره‌وه‌ی پێوه‌بێ:
1-	خاوه‌نی ئیمتیاز.
2-	سه‌رنووسه‌ر.
3-	جێكری سه‌رنووسه‌ر.
4-	به‌رێوه‌به‌ری نووسین.
5-	سكرتێری نووسین.
6-	نووسه‌ر.
7-	وه‌رگێری رۆژنامه‌ نووسیی.
8-	په‌یامنێر.
9-	وێنه‌گر.
10-	وێنه‌ كێش.
11-	ره‌نگرێژ (المصمم).
12-	هه‌ڵه‌چن.

مادده‌ی بیست و چواره‌م:
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان بۆی هه‌یه‌ پێره‌وی ناوخۆ ده‌ربهێنێ به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.




مادده‌ی بیست و پێنجه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێ كه‌ هاودژ بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌دا.

مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی ده‌رهێنانیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

           



                                                                               جوهر نامق سالم
                                                            سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق.
 



(هۆكاری پێویست)
رۆژنامه‌نووسی به‌ زمان حاڵی هه‌ر گه‌لێك له‌ گه‌لان حیساب ده‌كرێ و دیارده‌یه‌كی ژیارییه‌و رۆڵیكی بنیاد نه‌رانه‌ی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤدا و پارێزگاری كاریه‌تی (وصمام الامان له).
وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ توانا دا بێ رۆڵی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر ببینێ بۆ پته‌وكردنی خه‌باتی گه‌لی كوردستان له‌ پێناو هێنان دی ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كانی و به‌رگری كردن له‌ ئازادییه‌ بنه‌ره‌تییه‌كان و بنه‌مای مافی مرۆڤ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ په‌یامێكی مێژوویی داده‌نرێ ناتوانرێ ئه‌نجام بدرێ به‌ هێنانه‌ كایه‌ی كادیری رۆژنامه‌نووسی لێهاتوو نه‌بێ.
له‌و كاته‌ی كه‌ له‌سه‌ر لێواری یادی سه‌د ساڵه‌ی له‌ دایك بوونی رۆژنامه‌نووسی كوردی ده‌وه‌ستین كه‌ ده‌كاته‌ رێككه‌وتی (22)ی نیسانی 1998 ئه‌م یاسایه‌ ده‌رهێنرا.