یاسای رێكخستنی غه‌رامه‌كانی هاتوچۆ له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا به‌ناوی خوای گەورە ومیهره‌بان به‌ناوی گه‌له‌وه ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق ژماره‌ی بڕیار: 18 مێژووی بڕیار: 27/9/2000 "بڕیار" پشت به‌و یاساكاریيه‌ی كه ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له دانیشتنی ژماره (5)ی رۆژی (27/9/2000) ی‌دا ئه‌نجامی داوه‌و، به پێی حوكمی بڕگه (1)ی مادده‌ی (56) له یاسای ژماره (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992) و، به پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه بڕگه (3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وەمان دا: یاسای ژماره (4)ی ساڵی (2000) یاسای رێكخستنی غه‌رامه‌كانی هاتوچۆ له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا یه‌كه‌م: هه‌ركه‌سێ، له كارێ له‌م كارانه‌ی خواره‌وه تێوه‌گلێ به‌م غه‌رامه‌یه سزا ده‌درێ كه به‌رامبه‌ری دیاری كراوه: 1/ئۆتۆمبیلێ پاژوێ له‌وحه‌ی تۆماره‌كه‌ی روون وئاشكرا نه‌بێ یا فه‌وتابێ غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 2/ئۆتۆمبیلێ باژوێ له‌وحه‌ی تۆماری نه‌بێ غه‌رامه‌كه‌ی (200) دوو سه‌د دیناره. 3/ئۆتۆمبیلی گه‌وره‌ی بارهه‌ڵگر و هی ئینشائی و كشتوكاڵی یا پاسی گه‌وره، له كۆڵانه‌كان یا شه‌قامه‌كانی ناوه‌وه و ناوچه نشینگه‌كاندا به‌جێ بهیڵێ یان شه‌و له‌و جێگایانه‌دا بیهێڵیته‌وه، غه‌رامه‌كه‌ی (75) حه‌فتا وپێنج دیناره، به‌ڵام ئه‌وانه ناگرێته‌وه كه ماوه‌یه‌ك، هه‌ر هه‌ندەی به‌شی بارداگرتن یان باركردن بكات ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌وه‌ستێنن. 4/ئۆتۆمبیل ڕاگرتن له‌سه‌ر شۆسته غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 5/ئۆتۆمبیلێ له جێگایه‌كدا بوه‌ستێنێ كه بۆ وه‌ستاندنی ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه كرابێ، یا له ڕێزی دووه‌مدا (هاوشان) بیوه‌ستێنێ غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 6/ ئاڵوواڵای رازاندنه‌وه، یا هی ڕاگه‌یاندن، یان نووسین و وێنه، له‌سه‌ر بۆدیی ئۆتۆمبیل یان په‌نجه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی یان دواوه‌ی دابنێ، غه‌رامه‌كه‌ی (30) سی دیناره. 7/شه‌وقی به‌رز، به‌جۆرێ هه‌ڵكا، سه‌ر له شوفێری ئۆتۆمبیله‌كانی تر بشێوێنێ، غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 8/له‌جاده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاردا، ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی پشتێنی دڵنیاییان تێدایه و، نه‌یانبه‌ستبێ، غه‌رامه‌كه‌ی (10) دە دیناره. 9/له‌و جێگایانه‌دا، هۆرن لێ بدا كه پۆلیسی هاتۆچۆ هۆرن لێدانی تێدا قه‌ده‌غه كردبێ، یان ئامێری هۆرنی هه‌وایی، یان هی هه‌مه ئاواز بخاته كار، یان (سەمماعه)ی گه‌وره له ده‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبیل دابنێ، یان هۆڕن به ده‌نگی به‌رز لێ بدا، یا هۆرنی وه‌كو ده‌نگی گیانه‌وران به‌كاربێنێ، غه‌رامه‌كه‌ی (75) حه‌فتاو پێنج دیناره. 10/شووشه‌ی لێڵ وچاوبه‌ستی له په‌نجه‌ره‌كانی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی گرتبێ، غه‌رامه‌كه‌ی (200) دوو سه‌د دیناره. 11/په‌رده‌ی قوماش، یا په‌رده‌ی كانزای چاوبه‌ستی له شووشه‌كانی دواوه یا له شووشه‌كانی لاته‌نیشتی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی گرتبێ، غه‌رامه‌كه‌ی (200) دوو سه‌د دیناره. 12/به كه‌مته‌رخه‌می، یان به‌لاساری ئۆتۆمبیل باژوێ، غه‌رامه‌كه‌ی (250) دوو سه‌د و په‌نجا دیناره. 13/هه‌ر شوفێرێ بۆ ئیشاره‌تی گڵۆپه‌كانی هاتوچۆ، یان بۆ ئیشاره‌تی پۆلیسی هاتوچۆ ملكه‌چ نه‌بێ، غه‌رامه‌كه‌ی (100) سه‌د دیناره. 14/ ئۆتۆمبیل به پێچه‌وانه‌وەی ئاراسته‌ی هاتۆچۆ، كه ده‌سەڵاتی هاتوچۆ دیاریی كردووه، باژوێ، غه‌رامه‌كه‌ی (200) دوو سه‌د دیناره. 15/هه‌ر شوفێرێ، له‌شانی ڕاسته‌وه پێش ئۆتۆمبیلێكی تر بكه‌وێ و به‌هه‌ڵه تێپه‌رێ غه‌رامه‌كه‌ی (100) سه‌د دیناره. 16/به‌رزكردنه‌وه‌ی باروبارخانه‌ی ئۆتۆمبيلی بارهەڵگر، بەرزتر لەو ئاستەی كە پۆليسی هاتوچؤ دياريی دەكا، غەرامەكەی (٥٠) پەنجا دينارە. 17/باروبارخانه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی به جۆرێكی توند‌و تۆڵی ئه‌وتۆ دانه‌پۆشیبێ كه نه‌یه‌ڵێ له كاتی ڕێ كردن یان له‌رینه‌وه‌دا، باره‌كه‌ی بپه‌ڕێ یان بڵاوبێته‌وه، یان به‌ربێته‌وه، غه‌رامه‌كه‌ی (100) سه‌د دیناره. 18/له‌و جێگایانه‌وه پێچ بكاته‌وه كه ڕێگای پێچ كردنه‌وه‌ی پێ نه‌دراوه، غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 19/ ئۆتۆمبیل به‌خێراییه‌ك، زیاتر له‌و خێراییه باژوێ كه یاسا دیاریی كردووه، غه‌رامه‌كه‌ی (50) په‌نجا دیناره. 20/ ئۆتۆمبیلێ باژوێ شه‌رتوشروتی توندوتۆڵی ودڵنیایی تێدا نه‌بێ، كه‌موكوڕی له گڵۆپه‌كانی پێشه‌وه، یا دواوه‌ی، یا ئیشاره‌ته‌كانی لاته‌نیشته‌كانیدا هه‌بێ، غه‌رامه‌كه‌ی (100) سه‌د دیناره. دووه‌م: 1/ هه‌ریه‌كه له ئه‌فسه‌ری هاتوچۆ و قۆمیسه‌ر (مفوچ) ی تا پله‌ی دووه‌می هاتووچۆ، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریان پێ ده‌درێ، بۆ ئه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌و سه‌رپێچییانه‌ی كه ده‌یگرن و له به‌ندی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه، بسه‌پێنن. 2/ئه‌و بڕیاری حوكمه‌ی كه ئه‌فسه‌ری هاتوچۆ یان قۆمیسه‌ری پله دووی هاتوچۆ به پێی ئه‌م فۆرمه (نموزج)ی هاوپێچ له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌دا يە، ده‌یدا، بڕدراوه‌یه و، هه‌ر ئه‌وه‌یه. سێیه‌م: (25%)ی ئەو غه‌رامه فه‌وریانەی کە وه‌ردەگیرێن بۆ كارمه‌ندانی هاتووچۆ ته‌رخان ده‌كرێ. چواره‌م: هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بێت، كاری پێ ناكرێ. پێنجه‌م: وه‌زیره پێوه‌ندداره‌كان ده‌بێ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بخه‌نه‌كار. شه‌شه‌م: ئه‌م یاسایه له رۆژی بڵاوكردنه‌وەی له رۆژنامه‌ی ڕه‌سمیدا ده‌خرێته كار. د.رۆژ نوری شاوه‌یس سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشمانیی كوردستانی عێراق