یاسای ژماره‌ (14) ی ساڵی 2008 یاسای ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق

ژمارەی یاسا : 14
ساڵی دەرچوون : 2008
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ستن به‌ حوكمی بڕگه‌ (1) له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردسـتان – عێراق له‌ دانیشــتنی ژماره‌ (7)ی ڕۆژی 20/ 10/2008 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:-

یاسای ژماره‌ (14) ی ساڵی 2008 
یاسای ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق
ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م 
دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م : 
مه‌به‌ست له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ :
یه‌كه‌م : هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
دووه‌م : ئه‌نجومه‌ن : ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم.
سێیه‌م : سه‌رۆك : سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
مادده‌ی دووه‌م :
ئه‌نجومه‌نێك له‌ هه‌رێمدا به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق) داده‌مه‌زرێ، له‌رووی كارگێڕییه‌وه‌ به‌ وه‌زیری داده‌وه‌ ده‌لكێ و پێكدێ له‌ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و راوێژكاران، ژماره‌یان له‌ پێنج راوێژكار كه‌متر نابێ وله‌ نۆش زیاتر نابێ.
مادده‌ی سێیه‌م :
ئامانجی ئه‌نجومه‌ن به‌ دێهێنانی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م : سه‌یركردنی كێشه‌ كارگێڕییه‌كان.
دووه‌م: زامنكردنی یه‌كێتی یاسادانان. 
سێیه‌م: یه‌كگرتنه‌وه‌ی بنچینه‌ی داڕشتنی یاسادانان و زاراوه‌ وده‌سته‌واژه‌ی یاسایی له‌ هه‌رێمدا.





مادده‌ی چواره‌م : 
ئه‌نجومه‌ن له‌مانه‌ پێكدێ :ـ
یه‌كه‌م : ده‌سته‌ی گشتی
1-	له‌ سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی و راوێژكاران و راوێژكارانی یاریده‌ده‌ر پێكدێ و دانیشتنه‌كانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك سازده‌دات و له‌ كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگره‌كه‌ی ده‌بێ و به‌ ئاماده‌بوونی سێ له‌ سه‌ر چواری ئه‌ندامانی راده‌ی یاسایی ته‌واو ده‌بێ. 
2-	راوێژكاره‌ یاریده‌ده‌ره‌كان مافی به‌شدار بوونیان له‌ ده‌نگداندا نییه‌.
دووه‌م: ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی: له‌ سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی و كۆنترین راوێژكار پێكدێ.
سێیه‌م: ده‌سته‌ی به‌رزه‌فتكاریی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم: له‌ جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامیه‌تی دووان له‌ راوێژكاران پێكدێ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌سنیشانیان ده‌كات و له‌ كاتی ئاماده‌نه‌بوونی جێگری سه‌رۆك، كۆنترین راوێژكار سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌كه‌ ده‌كات.
مادده‌ی پێنجه‌م :
ئه‌نجومه‌ن سكرتێریكی ده‌بێ كه‌ خاوه‌ن بروانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ یاسا یان هاوتاكه‌ی بێ و به‌لانی كه‌م (10) ده‌ ساڵ خزمه‌تی له‌ كاروباری یاسایی و كارگێڕیی دا هه‌بێ و به‌ سه‌رۆكه‌وه‌ ده‌به‌ستریته‌وه‌و ئه‌م كارانه‌ ده‌كات:ـ
یه‌كه‌م: رێكخستنی گۆڕینه‌وه‌ی نووسراوه‌كان.
دووه‌م: سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری كارگێڕی و دارایی.
سێیه‌م: ئاماده‌كردنی به‌رایی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن.

ده‌روازه‌ی دووه‌م
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌نجومه‌ن
مادده‌ی شه‌شه‌م :
 ئه‌نجومه‌ن تایبه‌تمه‌ند ده‌بێ به‌ یاسادانان و ڕا ده‌ربڕین و راوێژپیكردن له‌ كاروباره‌ یاسایی و دادوه‌ریه‌كان له‌ هه‌رێمدا.

به‌شی یه‌كه‌م
یاساكاریی
مادده‌ی حه‌وته‌م :
ئه‌نجومه‌ن له‌ بواری یاساكاریدا ئه‌م ئه‌ركانه‌ی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
یه‌كه‌م: ئاماده‌كردن و داڕشتنی پرۆژه‌ی یاساكان له‌ هه‌رێمدا و، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاخود وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان یان لایه‌نه‌كانی كه‌ نه‌به‌ ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌ت ده‌بێ.
دووه‌م: لێوردبوونه‌وه‌ له‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ یان وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ یاخود لایه‌نی نه‌ به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن له‌ رووی شێوه‌ و بابه‌ته‌وه‌.
سێیه‌م: پڕۆژه‌ی یاساكان به‌ نووسراوێك ده‌نێردرێن بۆ ئه‌نجومه‌ن كه‌ وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند یان سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌ به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت ئییمزاكردبـێ له‌گه‌لأ ده‌رخستنی هۆیه‌ پێویسته‌كانی و هه‌موو كاره‌ ئاماده‌ باشییه‌كانی دا.
چواره‌م: وه‌رگرتنی بیروڕای وه‌زاره‌ته‌كان یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ست نین به‌ وه‌زاره‌ت له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ بۆی هاتوون و بۆی هه‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستی ناوبراو داوای ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رییان بكات به‌ مه‌رجێك پله‌كه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد دووباره‌ دایده‌رێژێته‌وه‌ و داوای ئه‌و به‌دیلانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانێ و له‌گه‌لأ ئه‌و راسپاردانه‌ی ئه‌نجومه‌ن بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌رزده‌كاته‌وه‌ و دانه‌یه‌كیش له‌ پرۆژه‌كه‌ و راسپارده‌كانی بۆ وه‌زاره‌ت یا ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ به‌ وه‌زراه‌ته‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ ده‌نێرێ.

به‌شی دووه‌م
بیروڕا ده‌ربڕین و راوێژكاریی یاسایی

مادده‌ی هه‌شته‌م :
ئه‌نجومه‌ن راوێژی یاسایی پێشكه‌ش ده‌كات له‌و پرسانه‌ی كه‌ له‌لایه‌نی باڵاوه‌ بۆ پرس پێ كردنی ده‌خرێته‌ به‌رده‌می.
مادده‌ی نۆیه‌م : 
ئه‌نجومه‌ن له‌ بواری راده‌ربرین ئه‌مانه‌ ئه‌نجام ده‌دات:
یه‌كه‌م : ده‌ربڕینی بیروڕا له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌سه‌ری ناكۆكن یان له‌ نێوان خۆیان و لایه‌نی نه‌به‌ستراوه‌به‌ وه‌زاره‌ت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی پرسه‌كه‌ش ناوبژیوانییان به‌ ئه‌نجومه‌ن سپارد ده‌بێ پابه‌ندبن به‌ڕایه‌كه‌یه‌وه‌.
دووه‌م : روون كردنه‌وه‌ی حوكمه‌ یاساییه‌كان له‌سه‌ر داوای یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ست نین به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌.
مادده‌ی ده‌یه‌م :
یه‌كه‌م : نابێ جگه‌ له‌ وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند یان سه‌رۆكی لایه‌نی په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ كێشه‌كان بخرێنه‌ به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نه‌وه‌.
دووه‌م : نابێ ئه‌نجومه‌ن بیروڕاو راوێژكاریی یاسایی سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ ده‌ربڕێت كه‌ له‌به‌رده‌می دادگاكاندان یان سه‌رچاوه‌یه‌كی یاساییان هه‌یه‌ بۆ تانووت لێدان.
مادده‌ی یازده‌م :
وه‌زیری داد بۆی هه‌یه‌ ئه‌و دۆزانه‌ی پێی باشه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ره‌وانه‌ بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕا ده‌ربڕین له‌ سه‌ریان یان و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی یاساكانی كه‌ پێی باشه‌ ده‌ربكرێت.

به‌شی سێیه‌م
دادوه‌ریی كارگێڕیی
مادده‌ی دوازده‌م :
یه‌كه‌م : وه‌زیری داد بۆی هه‌یه‌ دادگای كارگێڕیی له‌ سه‌نته‌ری پاریزگاكان له‌ هه‌رێم به‌ پێی پێویستی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ریك له‌ پۆلی یه‌كه‌م و ئه‌ندامێتی دوو دادوه‌ر له‌ پۆلی دووه‌م یان سێیه‌م یاخود ئه‌ندامێتی دادوه‌رێك و راوێژكارێك دابمه‌زرێنێ.
دووه‌م : وه‌زیری داد بۆی هه‌یه‌ داوای ئینتیدابی دادوه‌ران بكات بۆ دادگای كارگێڕیی له‌غه‌یری ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ ئینتیداب كراون بۆ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم.
سێیه‌م : سه‌یركردنی ئه‌و داوایانه‌ی كه‌ له‌م یاسایه‌ دا هاتوون به‌ پێی یاسای دادبینی شارستانی یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌ و به‌ ئاماده‌ بوونی ئه‌ندامی داواكاریی گشتی ده‌بێ.
مادده‌ی سێزده‌م :
دادگای كارگێڕیی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌یه‌:
یه‌كه‌م : سه‌یركردنی دروستی ئه‌و فه‌رمان و بڕیاره‌ كارگێڕییانه‌ی كه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران و ده‌سته‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم ده‌رده‌چن له‌ دوای به‌ركاربوونی ئه‌م یاسایه‌، كه‌ لایه‌نێك ده‌سنیشان نه‌كراوه‌ بۆ تانووت لێدانی له‌سه‌ر تانووت لیدانێكی خاوه‌ن ئه‌گه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ گۆڕیدا هه‌بێت كه‌ زیان به‌رلایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندیدار بكه‌وێ.
دووه‌م : یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانووته‌ تایبه‌تیه‌كان به‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ خۆجێیه‌كان.
سێیه‌م: یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و داوایانه‌ی كه‌ ده‌سته‌كان و كه‌سه‌كان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌ كارگێڕییه‌ كۆتاییه‌كان.
چواره‌م: داواكانی ره‌گه‌زنامه‌.
پێنجه‌م: داواكانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ له‌و زیانانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی بریاره‌ كارگیڕییه‌كانی به‌ نایاسایی ده‌رچوون.
شه‌شه‌م: تانووتدان له‌ بڕیاره‌ كۆتاییه‌كانی كه‌ له‌ لایه‌نه‌ كارگێڕییه‌كانه‌وه‌ ده‌رچوون له‌ باره‌ی كێشه‌كانی باج و ره‌سم به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ چۆنیه‌تی سه‌یركردنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ رێك ده‌خات.
حه‌وته‌م: تانووت دان له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ یان كار نه‌كردنی فه‌رمانبه‌ر یان ده‌سته‌ی فه‌رمانگه‌كان و ده‌زگاكانی هه‌رێم له‌باره‌ی ده‌ركردنی بڕیارێك یان فه‌رمانێك كه‌ پێویست بوو له‌سه‌ری له‌ رووی یاساییه‌وه‌ بیكات.
مادده‌ی چوارده‌م :
یه‌كه‌م : بڕیاری دادگای كارگێڕیی له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژدا له‌ رۆژی دووه‌می پێ راگه‌یاندنی یان ئاگادار كردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن داواكاریی گشتیه‌وه‌ ته‌میزده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: بڕیاری ده‌سته‌ی گشتی كه‌ له‌ ئه‌نجامی تانووت لێدانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ بنه‌بڕه‌.
مادده‌ی پازده‌م :
ئه‌گه‌ر ناكۆكی له‌ تایبه‌تمه‌ندیدا كه‌وته‌ نێوان دادگای دادوه‌ریی كارگێڕیی و دادگای شارستانی له‌و باره‌دا، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌سته‌یه‌ك داده‌نێ كه‌ له‌ شه‌ش ئه‌ندام پێكهاتبـێ سێ ئه‌ندامیان له‌ دادوه‌ره‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ (ته‌میز) ده‌بێ و سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌ هه‌ڵیان ده‌بژێرێ له‌گه‌لأ سێ ئه‌ندامی تر كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن له‌ ناو ئه‌ندامانی هه‌ڵیان ده‌بژێری و ده‌سته‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌وه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ش بنبڕویه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌
مادده‌ی شازده‌م :
دادگای دادوه‌ریی كارگێڕیی تایبه‌تمه‌ند نیه‌ به‌ سه‌یركردنی ئه‌و تانوتانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ مانه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: كاره‌كانی سه‌روه‌ریی، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ مادده‌ی ده‌یه‌م له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 دا هاتووه‌ به‌ كاری سه‌روه‌ری داده‌نرێ.
دووه‌م: بڕیاره‌ كارگێڕییه‌كان كه‌ یاسا رێگای بۆ زولم لێ وه‌رگرتنی یان ناره‌زایی له‌ سه‌رده‌ربڕینی یان تانووت لێدانی بۆ داناوه‌.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م :
یه‌كه‌م: مه‌رجه‌ به‌ر له‌ پێشكه‌ش كردنی تانووت بۆ دادگای كارگێڕیی خاوه‌ن تانووته‌كه‌ تڤلم (دادخوازی) خۆی له‌ لای لایه‌نی كارگێڕیی تایبه‌ت بكات ئه‌ویش ده‌بێ له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ رۆژ له‌ مێژووی تۆماركردنی دادخوازیه‌كه‌یدا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بدات.
دووه‌م: دادخواز (متڤلم) بۆی هه‌یه‌ كه‌ ته‌زه‌لومه‌كه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌ یان له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه‌ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ری لێ نه‌درا، تانووتی خۆی له‌لای دادگای كارگێڕی له‌ ماوه‌ی (30) سیی رۆژ له‌ رۆژی كۆتایی ماوه‌ دیاریكراوه‌كه‌ بدات ده‌نا مافی له‌ تانووت لێدانی له‌ ده‌ست ده‌چێ.
مادده‌ی هه‌ژده‌م :
دادگای كارگێڕیی بڕیاری خۆی له‌و تانووته‌ده‌دات كه‌ پێشكه‌ش كراوه‌ و بۆی هه‌یه‌ نانووته‌كه‌ ره‌تكاته‌وه‌ یان هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه‌ یان فه‌رمانه‌كه‌ی هه‌مواربكات یان بڕیاری تانووت لێدانه‌كه‌ له‌گه‌لأ حوكمدان به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای تانووت لێ ده‌رده‌بێ و بڕیاره‌كه‌شی له‌ رووی ته‌میزییه‌وه‌ قابیلی تانووت لێدانه‌ له‌لای ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژ له‌ رۆژی دوای پێڕاگه‌یاندنه‌كه‌ دانانی به‌ پێڕاگه‌یه‌نراو داده‌نرێ و بڕیاری دادگاش كه‌ تانووتی لێ نه‌درابێ و بڕیاری ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم كه‌ له‌ ئه‌نجامی نانووته‌كه‌ ده‌رچووبێ بنبڕه‌.
مادده‌ی نۆزده‌م :
ده‌سته‌ی گشتی له‌ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ پیاده‌ ده‌كا كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ (تمیز) به‌ پێی ده‌قی یاسای دادبینی شارستانی هه‌یه‌تی له‌ كاتی تانووت لێدان له‌ بڕیاره‌كانی دادگای كارگێڕیی.
مادده‌ی بیسته‌م :
یه‌كه‌م : ده‌سته‌ی به‌رزه‌فتكردنی هه‌رێم سه‌یری ئه‌و داوایانه‌ ده‌كات كه‌ فه‌رمانبه‌ر به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسای خزمه‌تی شارستانی پێشكه‌شی ده‌كات.
دووه‌م: بڕیاری ده‌سته‌ قابیلی تانووت لێدانه‌ له‌لای ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌ن له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ رۆژ له‌ رۆژی دوای پێڕا گه‌یاندنی.
سێیه‌م: بڕیاری ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌ن كه‌ له‌ ئه‌نجامی تانووت لێكدانه‌كه‌ ده‌رده‌چێ بنبڕه‌.
چواره‌م: ئه‌و داوایانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) دا هاتوون به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسای دادبینی شارستانی سه‌یر ده‌كرێن.
مادده‌ی بیست ویه‌كه‌م :
یه‌كه‌م : ده‌سته‌ی به‌رزه‌فتكردنی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم سه‌یری ئه‌و ناره‌زاییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌ن په‌یوه‌ندیی له‌ باره‌ی سزاكانی كه‌له‌ یاسای به‌رزه‌فتكردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تدا هاتوون یاخود هه‌ریاسایه‌كی تر كه‌جێی بگرێته‌وه‌.
دووه‌م : بڕیاری ده‌سته‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی تانووته‌كه‌ ده‌رچووه‌ بنبڕه‌.
سێیه‌م : ئه‌و ناره‌زاییانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتوون به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسای ئوسوولی دادگایكردنی سزایی سه‌یر ده‌كرێن.
مادده‌ی بیست ودووه‌م :
یه‌كه‌م :ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، پرۆژه‌ی یاسا و كێشه‌كان بۆ ده‌سته‌ی گشتی ده‌نێرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی و جێبه‌جێ كردنی كاری پێویست له‌ باره‌یه‌وه‌. 
دووه‌م: ده‌سته‌ی گشتی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ژماره‌ی ئه‌ندامی ئاماده‌ بوو بڕیاره‌كانی ده‌دات و ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانیش وه‌كو یه‌ك بوون ئه‌و لایه‌نه‌ په‌سند ده‌كرێ كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی بۆ داوه‌.


ده‌روازه‌ی سێیه‌م
خزمه‌تكردن له‌ ئه‌نجومه‌ندا
مادده‌ی بیست وسێیه‌م :
مه‌رجه‌ له‌ دامه‌زراندنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و راوێژكارو راوێژكاری یاریده‌ر سه‌ره‌ڕای مه‌رجه‌گشتییه‌كان بۆ دامه‌زراندن له‌ فه‌رمانبه‌ریه‌تی گشتیدا ده‌بێ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس بێ له‌ یاسا یان هاوتاكه‌ی و بیست سالأ دوای ده‌رچوونی له‌ كۆلێج خزمه‌تی به‌كرده‌یی له‌ فرمانی دادوه‌ریی یان پارێزه‌ریی هه‌بێ، ئه‌مه‌ به‌ نیسبه‌ت سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و راوێژكار و پازده‌سالێش به‌ نیسبه‌ت راوێژكاری یاریده‌ده‌ر.
مادده‌ی بیست وچواره‌م :
دوو سالأ له‌و ماوه‌یه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی پیشوودا هاتووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی ماجستیریان به‌ده‌ست هێناوه‌و پێنج ساڵیش بۆ ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی دوكتۆرایان به‌ده‌ست هێناوه‌ و ماوه‌ی خوێندنی بچووكیش بۆ وه‌رگرتنی هه‌ریه‌ك له‌و دوو بڕوانامه‌یه‌ به‌ ماوه‌ی كاركردن بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م یاسایه‌ داده‌نرێ.

مادده‌ی بیست وپێنجه‌م :
یه‌كه‌م: سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و راوێژكار به‌ مه‌رسوومێكی هه‌رێمی له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیری داد و ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داده‌مه‌زرێن.
دووه‌م: راوێژكاری یاریده‌ده‌ر به‌ بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیری داد و راسپێری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی شوورا داده‌مه‌زرێ.
مادده‌ی بیست وشه‌شه‌م :
یه‌كه‌م: سه‌رۆك به‌ پله‌ی تایبه‌ت ده‌بێ ومووچه‌ی پله‌ی تایبه‌ت (أ) وه‌رده‌گرێ.
دووه‌م: جێگری سه‌رۆك و راوێژكار مووچه‌ی پله‌ی تایبه‌ت (ب) وه‌رده‌گرن.
سێیه‌م: راوێژكاری یاریده‌ده‌ر مووچه‌ی پله‌ی یه‌كه‌م وه‌رده‌گرێ.
مادده‌ی بیست وحه‌وته‌م :
یه‌كه‌م : وه‌زیری داد بۆی هه‌یه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی وه‌زیری فێركردنی باڵاو لێكۆلێنه‌وه‌ی زانستی دوو له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی هه‌رێم ئینتیداب بكات له‌ وانه‌ی بڕوانامه‌ی دوكتۆرایان له‌ یاسا هه‌یه‌ وپایه‌ی زانستیان له‌ بروفیسۆری یاریده‌ر كه‌متر نیه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ره‌زامه‌ندی نووسراوی خۆیان ده‌بێ بۆ كاركردن له‌ ئه‌نجومه‌ن وه‌ك راوێژكاری خۆته‌رخان كه‌ر (متفرغ) بۆ ماوه‌ی (3) سێ سالأ كه‌ قابیلی نوێكردنه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌ك جار.
دووه‌م : وه‌زیری داد و به‌ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆی هه‌یه‌ دادوه‌رانی پۆلی یه‌كه‌م به‌ ره‌زامه‌ندی نووسراوی خۆیان، بۆ كاركردن له‌ ئه‌نجومه‌ن ئینتیداب بكات وه‌ك راوێژكاری خۆته‌رخانكه‌ر بۆ ماوه‌ی سێ سالأ و قابیلی نوێكردنه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌ك جار و هه‌موو سیفه‌تێكی دادوه‌ریشیان ده‌پارێزن.
مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م :
نابێ سه‌رۆك یان جێگری سه‌رۆك یان راوێژكار یان راوێژكاری ئینتیدابكراو یاخود راوێژكاری یاریده‌ده‌ر بگیرین یاخود رێكاری سزاییان ده‌رهه‌ق وه‌ربگیرێ مه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندیی وه‌زیری داد بێ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ تاوانێكی جینایی ده‌ست ئه‌نقه‌ست و بینراویان ئه‌نجام دابێ.
مادده‌ی بیست ونۆیه‌م :
سه‌رۆك یان جێگری سه‌رۆك یان راوێژكار یاخود راوێژكاری یاریده‌ده‌ر خانه‌نشین ده‌كرێن كاتێك شه‌ست و پێنج ساڵی ته‌مه‌نیان ته‌واوكرد و یاسای خانه‌نشین كردنی خاوه‌ن فرمانه‌ به‌رزه‌كانیان بۆ پیاده‌ ده‌كرێ.
مادده‌ی سییه‌م :
یاسای خزمه‌تی شارستانی پیاده‌ ده‌كرێ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی له‌م یاسادا بۆ نه‌هاتبـێ.
مادده‌ی سی ویه‌كه‌م :
ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق) شوێنی (ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی) ده‌گرێته‌وه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی یاساو پیره‌وی به‌ركار له‌ هه‌رێم دا هاتبـێ و ناونیشانی كارمه‌ندان له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌گۆڕدرێن.
مادده‌ی سی و دووه‌م :
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیاریك ناكری گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.
مادده‌ی سی وسێیه‌م :
پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی سی وچواره‌م :
وه‌زیری داد بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.
مادده‌ی سی وپێنجه‌م : 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی(وه‌قائیعی كوردستان) دا جێبه‌جێ ده‌كرێ.

                                                                  عدنان موفتی
                                                       سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                               كوردستان ـ عیراق


هۆیه‌ پێویستیه‌كانی ده‌رچواندنی 
دوای ئه‌و گۆرانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمدا هات و له‌به‌ر روون نه‌بوونی حوكمه‌ تایبه‌تیه‌كان بۆ سه‌یركردنی ناكۆكیه‌ كارگێڕییه‌كان و بۆ دابین كردنی یه‌كێتی یاسادانان و به‌ مه‌به‌ستی دانانی دادگاكانی كارگێڕیی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هه‌رێمدا بۆسه‌یركردنی مه‌شرووعیه‌تی بڕیاره‌ كارگێڕییه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كان و له‌ پێناوی دانانی ئه‌نجومه‌نی به‌رزه‌فتكردنی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بره‌خسێ تاكو له‌ لای تانووت له‌و بڕیارانه‌ بده‌ن كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ ده‌رهه‌قیان ده‌رچوون، له‌گه‌لأ بوونی لایه‌نی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی كه‌ توانای دارشتنی ئه‌و یاساكارییه‌ی هه‌بێ كه‌ حكومه‌ت ئاماده‌ی ده‌كات تاكو پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ڵاتی یاسادانانی بكات و توانای ئه‌وشی هه‌بێ له‌ ده‌ربڕینی بیروڕا له‌ باره‌ی پرسه‌ یاساییه‌ ئالۆزه‌كان یان ئه‌وانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كارمه‌ندان له‌ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم و پێدانی زه‌مانه‌تی ته‌واو كه‌ له‌گه‌لأ گرنگی ئه‌ركی سه‌رشانیاندا بگونجێ، بۆیه‌ پێویستی كرد یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌رێم دابنرێ، بۆیه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێنرا.