یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی 2022 یاساى هەموارى یەکەمى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (14)ى ساڵى 2008

ژمارەی یاسا : 17
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (14) ڕۆژی 29/11/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد و، دوای گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2023ی سەرۆكایەتی هەرێم، بەپێی خاڵی (2) بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمواركراو، دوای چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (13)، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (1) ڕێكەوتی 1/3/2023 ئەم یاسایەی پەسەندكردەوە:

یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی 2022
یاساى هەموارى یەکەمى یاساى ئەنجومەنى شوراى 
هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (14)ى ساڵى 2008

مادده‌ی (1) 
دەقى ماددەى (یەکەم)ى یاساکە بەزیادکردنى بڕگەكانی (دووەم، پێنجەم، شەشەم) و گۆڕینی ڕیزبەندی بڕگەكان لەسەر ئەو بنەمایە هەموار دەکرێت ، و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزیر: وەزیرى دادى هەرێم.
سێیەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنى شوراى هەرێم.
چوارەم: سەرۆک: سەرۆکى ئەنجومەن.
پێنجەم: ڕاوێژکار: ڕاوێژکار لە ئەنجومەن.
شەشەم: ڕاوێژکارى یاریدەدەر: ڕاوێژکارى یاریدەدەر لە ئەنجومەن.


مادده‌ی (2)
دەقی ماددەى (دووەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ئەنجومەنێک لە هەرێم بە ناوى (ئەنجومەنى شوراى هەرێمی کورستان - عێراق) دادەمەزرێندرێت، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزیر دەبێت، لە سەرۆک و دوو جێگر، یەکێکیان بۆ کاروبارى دادوەریی کارگێڕی ئەوی دیكەیان بۆ کاروباری یاساکاریی و ڕاوێژکاریی، و ژمارەیەک ڕاوێژکار کە ژمارەیان لە (8) هەشت ڕاوێژكار کەمتر نەبێت و لە (12) دوازدە ڕاوێژكار زیاتر نەبێت، و ژمارەیەک ڕاوێژکارى یاریدەدەر کە لە نیوەی ژمارەى ڕاوێژکارەکان زیاتر نەبن، پێکدێت.
مادده‌ی (3)
دەقى ماددەى (چوارەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت، و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ئەنجومەن پێکدێت لە:-
یەکەم: دەستەى گشتى:-
1.	دەستەى گشتی لە سەرۆک و هەردوو جێگر و ڕاوێژکارەکان پێکدێت، دانیشتنەکانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک یان یەکێک لە جێگرەکانی کە سەرۆک دیاریدەکات، سازدەکرێت.
2.	دانیشتنەکانی دەستەی گشتی بە ئامادەبوونی ( 3/4 ) سێ لەسەر چوارى ئەندامەکانی سازدەکرێت.
3.	بڕیارەکانى دەستەى گشتى بە زۆرینەى دەنگى ئامادەبووان دەردەچێت، و لە بارى یەکسانبوونى دەنگەکان دەنگى سەرۆک یەکلاکەرەوە دەبێت.
4.	ڕاوێژکارانی یاریدەدەر بەشدارى دانیشتنەکانی دەستەى گشتى دەکەن و مافی دەنگدانیان نییە.
دووەم: دەستەى سەرۆکایەتى: لە سەرۆک و جێگرەکانى و دوو دێرینترین ڕاوێژکاری ئەنجومەن پێکدێت.
سێیەم: دادگاى کارگێڕیی باڵا: بەسەرۆکایەتى سەرۆک یان ئەوەى رایدەسپێرێت لە ڕاوێژکاران، و ئەندامێتی (4) چوار ڕاوێژکار و (2) دوو ڕاوێژکارى یاریدەدەر پێکدێت، کە دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشانیان دەکات. دەستەواژەی (دادگای كارگێڕیی باڵا) لە بوارى پیادەکردنى تایبەتمەندییە دادوەرییەکان جێگەى دەستەواژەى (دەستەى گشتى) دەگرێتەوە لە هەر شوێنێکى ئەم یاسایەدا هاتبێت.
چوارەم: دادگاى دادوەریی کارگێڕیی: بە سەرۆکایەتی دادوەرێک لە پۆلێنی یەکەم و ئەندامێتی دوو دادوەر لە پۆلێنی دووەم یان سێیەم یان ئەندامێتی دادوەرێک و ڕاوێژکارێک پێکدێت، و دەستەواژەی (دادگای دادوەریی كارگێڕیی) جێگەى دەستەواژەى (دادگاى کارگێڕىی) دەگرێتەوە لە هەر شوێنێکى ئەم یاسایە و هەر یاسایەکى دیکەى بەرکار لە هەرێم هاتبێت.
پێنجەم: دادگاى دادوەریى فەرمانبەرانى هەرێم: بەسەرۆکایەتى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن بۆ کاروبارى دادوەریی کارگێڕیى و ئەندامێتى دوو لە ڕاوێژکاران پێکدێت کە دەستەى سەرۆکایەتی دەستنیشانیان دەکات، و لە کاتى ئامادەنەبوونى جێگرى سەرۆک، دێرینترین ڕاوێژکار سەرۆکایەتى دادگا دەکات، و دەستەواژەی (دادگای دادوەریی فەرمانبەرانی هەرێم) جێگەى دەستەواژەى (دەستەى بەرزەفتکردنى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان - عێراق) دەگرێتەوە لە هەر شوێنێکى ئەم یاسایە و هەر یاسایەکى دیکەى بەرکار لە هەرێم هاتبێت.
مادده‌ی (4)
دەقی ماددەی (شەشەم)ی یاساکە هەموار دەکرێتەوە و  بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ئەنجومەن تایبەتمەند دەبێت بە ئەرکەکانی دادوەریی کارگێڕیی، ڕاوێژ و داڕشتن و ئامادەکردن و پێداچوونەوە و ووردبینیکردنی پڕۆژە یاساکان، و دەربڕینی ڕا و بۆچوون لەو پرسە یاساییانەى کە دامەزراوەکانى هەرێم ئاراستەیان دەکەن.
مادده‌ی (5)
بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (دوازدەم)ى یاساکە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: پێویستە دادگاى دادوەریى کارگێڕیی لە سەنتەرى پارێزگاکانى هەرێم و بەپێى پێویستى بەرژەوەندى گشتى دابمەزرێت.
مادده‌ی (6)
دەقی ماددەى (چواردەیەم)ی یاساکە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
بڕیارى دادگاى دادوەریی کارگێڕیی لە ماوەى (30) سی ڕۆژ لە ڕۆژی دواترى پێڕاگەیاندنی یان ئەژمارکردنى بە پێڕاگەیەندراو، لەلایەن تانەلێدەر یان نوێنەرە یاساییەکەى یان داواکاری گشتی دواى ئاگادارکردنەوەى، شیاوى تانەى پێداچوونەوەیە لە بەردەم دادگاى کارگێڕیى باڵا و بڕیارى دادگاش لەم بارەیەوە بنبڕ دەبێت.
مادده‌ی (7)
دەقى ماددەى (حەڤدەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: مەرجە بەر لە پێشکەشکردنى تانە بۆ دادگاى دادوەریی کارگێڕیی، دادخوازیى بۆ بڕیارەکە لاى ئەو لایەنەی بڕیارەکەى دەرکردووە یان سەرۆکایەتی ئەو لایەنەى بڕیارەکەى دەرکردووە بکرێت، لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى پێڕاگەیاندنى کەسى خاوەن بەرژەوەندی بەبڕیارە کارگێڕییەکە یان ئەژمارکردنى بە پێڕاگەیاندراو، و پێویستە لەسەر ئەو لایەنە کارگێڕییەش لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى تۆمارکردنى دادخوازییەکە تێڕوانینى بۆ بکات.
دووەم: لەکاتى تێنەڕوانین لە دادخوازییەکە یان ڕەتکردنەوەى لەلایەن لایەنى کارگێڕیی تایبەتمەندەوە، ئەوا پێویستە لەسەر کەسى دادخواز لەماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى ڕەتکردنەوەى دادخوازییەکەى بەڕاشکاویی یان بە حوکمى، تانەى خۆى پێشکەش بە دادگا بکات، بە پێچەوانەوە، مافى تانەلێدان لە بڕیارەکە لە دەستدەدات.
سێیەم: لە دەستدانى مافى تانەلێدان بەپێى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە ڕێگر نابێت لە داواکردنى قەرەبوو لەبەردەم دادگاى دادوەریی کارگێڕیی لەو زیانانەى دەرئەنجامى ئەو بڕیارە پێیکەوتوون.
مادده‌ی (8)
دەقى ماددەى (نۆزدەم)ى یاساکە هەڵدەوەشێندرێتەوە، و ئەم دەقەی خوارەوە شوێنى دەگرێتەوە:-
یەکەم: دادگاى کارگێڕیی باڵا تایبەتمەند دەبێت بەتێڕوانین لەمانەى خوارەوە:-
1-	تانەدان لەو بڕیار و حوکمانەى لە دادگاى دادوەریی کارگێڕیی و دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانى هەرێمەوە، دەردەچن.
2-	هەر ناکۆکیەک سەبارەت بە دیارکردنى تایبەتمەندى تێڕوانینى ئەو داوایەى دەکەوێتە نێوان دادگاکانى دادوەریى کارگێڕیى لە هەرێم یان لە نێوان دادگاى دادوەریی کارگێڕیی و دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانی هەرێم.
3-	هەر ناکۆکیەک سەبارەت بە جێبەجێکردنى دوو حوکمى پێچەوانەى یەکترى کە هەردووکیان پلەى بنبڕیان وەرگرتووە و لە دادگاى دادوەریی کارگێڕییەوە یان لە دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانى هەرێمەوە، لە یەک بابەتدا دەرچوون، ئەگەر لە نێوان هەمان لایەنەکانى داواکەدا بێت، یان یەکێکیان لایەن بێت لەم دوو حوکمە، لەم بارەدا بڕیارى پێشخستن و جێبەجێکردنى یەکێکیان دەدات بەبێ حوکمەکەى دیکە.
دووەم: لەکاتى تێڕوانین لە تانەدان لە بڕیارەکانى دادگاى دادوەریی کارگێریی و دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانى هەرێم، پەیوەست بەو تایبەتمەندیانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە دەقنووسكراوە، دادگاى کارگێڕیی باڵا ئەو تایبەتمەندیانە پیادە دەکات کە دادگاى پێداچوونەوە بە سیفەتى پێداچوونەوە پیادەیاندەکات، ئەوانەى لە یاساى دادبینیی شارستانى بەرکار لە هەرێم هاتوون.
مادده‌ی (9)
دەقى ماددەى (بیستەم)ى یاساکە هەمواردەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانى هەرێم تایبەتمەند دەبێت بە تێڕوانین لەو داوایانەى کە فەرمانبەر بەپێى هەردوو یاساى ڕاژەى شارستانى ژمارە (24)ى ساڵى 1960ى هەموارکراو و یاساى بەرزەفتکردنى فەرمانبەرانى دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە (14)ى ساڵى 1991ى هەموارکراو یان ئەوانەى جێگەیان دەگرنەوە یان هەر یاسا یان پەیڕەوێکى دیکە کە وەزیفەى گشتى ڕێکدەخات، بەرزیان دەکاتەوە.
دووەم: دواى تێپەڕبوونى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى ڕۆژى دواى پێڕاگەیاندنى بە بڕیار یان بڕیارە تانە لێدراوەکە ئەگەر لەناو عێراق بوو، (60) شەست ڕۆژ ئەگەر لە دەرەوەى عێراق بوو، فەرمانبەر مافى پێشکەشکردنى داوا بەپێى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە لەدەستدەدات.
سێیەم: بڕیارى دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانى هەرێم لەو داوایانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێکراوە شیاوى تانەلێدان دەبن لەلاى دادگاى کارگێڕیى باڵا لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە دواى پێڕاگەیاندن یان دانانى بە پێڕاگەیندراو، و بڕیارى دادگاى کارگێڕیى باڵاى دەرکراو لە ئەنجامى تانەلێدانەکە و بڕیارى دادگاى دادوەریی فەرمانبەرانی هەرێم ئەگەر لە ماوەى یاساییدا تانەى لێنەدرا، بنبڕ و پابەندکار دەبێت.
مادده‌ی (10)
ماددەى (بیست و یەکەم)ى یاساکە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
حوکمی یاساکانی دادبینیی شارستانی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ى هەموارکراو و یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان ژمارە (23)ی ساڵی 1971ى هەموارکراو، و یاسای سەلماندن ژمارە (107)ی ساڵی 1979ى هەموارکراو، و یاسای رسومی دادیی ژمارە (114)ی ساڵی 1981ى هەموارکراو، یان ئەوانەى شوێنیان دەگرنەوە، بەو شێوەیەی دەگونجێت لەگەڵ سروشتی ئەو داوایانەى تێڕوانینی بۆ دەکرێت لەلایەن هەریەک لە دادگای کارگێڕیی باڵا و دادگاى دادوەریی کارگێڕیی و دادگای دادوەریی فەرمانبەرانی هەرێم، پیادە دەکرێن.
مادده‌ی (11)
دەقی ماددەى (بیست و دووەم)ی یاساکە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
دەستەى سەرۆکایەتى ئەم ئەرکانەى خوارەوە پیادە دەکات:-
یەکەم: ناردنى پڕۆژە یاساکان و هەر داواکاریەکى نێردراو بۆی بۆ ڕا و بۆچوونی یاسایی بەپێی حوکمەکانى ئەم یاسایە، بۆ دەستەى گشتی بە مەبەستی تاوتوێکردنیان و دەرکردنی بڕیارى پێویست لەبارەیانەوە.
دووەم: ساڵانە، یان لە کاتێکی پێویستدا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بوونى کەموکوڕى و ئاڵۆزی لە یاسا بەرکارەکان و زێدەڕۆیى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتى کارگێڕیى، ئاڕاستەى سەرۆکایەتی ئەنجومەنى وەزیران دەکات.
مادده‌ی (12)
دەقی ماددەی (بیست و سێیەم)ی یاساكە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: سەرەڕاى مەرجە گشتییەکانى دامەزراندن، دواى دەرچوونیان لە کۆلێژى یاسا پێویستە هەر یەک لە سەرۆک و جێگران و ڕاوێژکاران (20) بیست ساڵ و ڕاوێژکارانى یاریدەدەر (15) پازدە ساڵ خزمەتى کردەییان لە ئەرکى دادوەریی یان پارێزەرى یان یاسایى یان ئەکادیمى لە بوارى یاسادا هەبێت.
دووەم: میکانیزمەکانی پاڵاوتنی سەرۆک و ڕاوێژکارەکان بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
مادده‌ی (13)
سێ بڕگە بە زنجیرەى (سێیەم) و (چوارەم) و (پێنجەم) بۆ ماددەى (بیست و پێنجەم)ى یاساکە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
سێیەم: هەر یەک لە سەرۆک و جێگرەکانى و ڕاوێژکاران، لەوانەى دادوەر نین، لەبەردەم سەرۆکى هەرێم سوێندى یاسایی دەخۆن، كە بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە: (سوێند بێت بەخواى مەزن، پابەندبم بە بەجێگەیاندنى ئەرکەکانم، و بە ڕاستگۆیی و دەسپاکى و دڵسۆزییەوە یاسا پیادە بکەم، و بەهەق حوکم بدەم).
چوارەم: هەر یەک لە سەرۆک و جێگرەکانى و ڕاوێژکار و ڕاوێژکارانى یاریدەدەر، پیادەى ئەرکی دادوەریی کارگێڕیی دەکەن بۆ مەبەستەکانى ئەم یاسایە.
پێنجەم: بە ڕەچاوكردنی هەردوو مەرجی پۆلین و ماوە، ڕاژەی ئەو دادوەرانەی كە دوو ساڵ لە دادگای كارگێریی باڵا كاردەكەن، لە ڕێكەوتی دامەزراندنی ئەنجومەنەوە، بە ڕاژەی دادوەریی ئەژماردەكرێت، بۆ مەبەستی پیادەكردنی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (37)ی یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (23)ی ساڵی 2007.
مادده‌ی (14)
بڕگەکانى (یەکەم) و (دووەم) لە ماددەى (بیست و شەشەم)ى یاساکە هەمواردەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: سەرۆک بە پلەى تایبەت دەبێت و مووچە و دەرماڵەى بریکارى وەزارەت وەردەگرێت.
دووەم: جێگرانى سەرۆک و ڕاوێژکاران بە پلەى تایبەت دەبن و مووچە و دەرماڵەى ڕاوێژکار وەردەگرن.
مادده‌ی (15)
بڕگەى (یەکەم) لە ماددەى (بیست و حەوتەم)ى یاساکە هەموار دەکرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: وەزیر بە ڕەزامەندی وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی بۆی هەیە (4) چوار لە ئەندامانی دەستەى وانە وتنەوە لە زانکۆکانی هەرێم ئینتیداب بکات، لەوانەى بڕوانامەى دکتۆرایان لە یاسادا هەیە و پلەى زانستییان لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نییە، ئەمەش بە ڕەزامەندی نووسراوى خۆیان وەک ڕاوێژکارى خۆتەرخانکەر، بۆ ماوەی (3) سێ ساڵ کە یاراى نوێکردنەوەیە بۆ یەک جار، بۆ ئەم مەبەستەش هەمان ماف و شایستەى دارایی و جیاوگەکانی ڕواێژکاریى ڕاژەى هەمیشەیی ئەنجومەنیان دەبێت.
مادده‌ی (16)
دەقى ماددەى (سى و چوارەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەکەم: وەزیر ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
دووەم: ئەنجومەن دەتوانێت پەیڕەوێکى ناوخۆ بۆ خۆى دەربکات.
مادده‌ی (17)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت .
مادده‌ی (18)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (19)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
                                       
                                                                                                                                                                                                                                    د.ڕێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                                                                                         سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق


هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
بۆڕێکخستنەوەى پێکهاتە و دەسەڵات و تایبەتمەندىەكانی ئەنجومەنى شوراى هەرێم بەشێوەیەک لێهاتوویى و تواناى خێرایى لە بوارەکانى دادوەریی كارگێریی و یاساکاریى و ڕاوێژکاریى یاسایى و ڕا دەربڕین دەستەبەربکات، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.