یاسای ژماره‌( 2 )ی ساڵی 2007 یاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق


 پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی   هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (3)ی رۆژی (2/4/2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌( 2 )ی ساڵی 2007
یاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق .
دووه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی شاره‌وانیه‌كانی هه‌رێم.
سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری شاره‌وانیه‌كانی هه‌رێم.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تیی شاره‌وانیه‌كانی هه‌رێم.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاریی وه‌زاره‌تی شاره‌وانیه‌كانی هه‌رێم.


- ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت -
مادده‌ی دووه‌م:
ئامانجی وه‌زاره‌ت ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م: پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری خۆجێیه‌تی وشاره‌وانی بۆ دابین كردنی پێویستیه‌كانی دانیشتوان له‌ ئاوی پاك وئاوه‌ڕۆ وئاوی باران ودروستكردنی رێگاوپرد وتونێل له‌ناو سنووری شاره‌وانییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاریی هه‌مه‌جۆری شاره‌وانی له‌ رووی چه‌ندیی وچۆنییه‌وه‌ تاكو شارو شارۆچكه‌ وگونده‌كان ده‌گرێته‌وه‌،له‌گه‌لأ دابین كردنی پێویستیه‌كانی هاونیشتمانیان له‌ سه‌یرانگاو یاریگاكان.
دووه‌م: پلاندان وبه‌ڕێوه‌بردن وڕاپه‌ڕاندنی كارو ئه‌ركه‌كان به‌جۆرێكی وا ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ به‌شداریی له‌ خولقاندنی گه‌شه‌ سه‌ندنی ئابووری خۆجێیه‌تی بكات، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی گرتنه‌ به‌ری سیاسه‌تێكی كارا ده‌بێ بۆ به‌كارهێنانی زه‌وی ونه‌خشه‌كێشانی بیناسازیی وئاوه‌دانی.
سێیه‌م: ئاماده‌ كردنی ئاووهه‌وای له‌بار بۆ پارێزگاریكردن له‌ ژینگه‌ی پاك ودروست وگرنگیدان به‌ ناوچه‌ سه‌وزه‌كان له‌شارو شارۆچكه‌كاندا.
چواره‌م: كاركردن له‌ پێناوی هێنانی سه‌رمایه‌ وهاندنی وه‌به‌رهێنانی بیانی وخۆجێیه‌تی له‌ كه‌رته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌كاره‌كانی وه‌زاره‌ت وئه‌مه‌ش به‌ هاو ئاهه‌نگی له‌گه‌لأ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا ده‌بێت.


-پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت-

مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:ـ
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ وبه‌رپرسه‌ له‌ كاره‌كانی وئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كه‌ی دا وسه‌رپرشتی وچاودێری چالاكییه‌كانی ده‌كات وهه‌ر له‌ویشه‌وه‌ ئه‌و بڕیارو فه‌رمان ورێنماییانه‌ ده‌رده‌چن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت وده‌زگاكانیه‌وه‌ له‌رووی هونه‌یی ودارایی وكارگیرێی ورێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی یاسا وبه‌رپرسیشه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌و پێیه‌ی كه‌ ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا وبۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سته‌ڵاته‌كانی بدات به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یا به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتیه‌كان یان ئه‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تدا به‌شیاوی ده‌زانێ.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: یارمه‌تی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌كردنی كاروباری وه‌زاره‌ت وسه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌دری وده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت، و پسپۆڕ بێ.
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر بێت وبڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م:نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وچه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی مه‌ركه‌زی وه‌زاره‌ت: 
1-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری یاسایی.
2-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری.
3-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندن.
4-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان.
5-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی بانكی زانیاریی.
6-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌ره‌پێدانی كارگێڕی وهونه‌ریی.
7-	به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ژینگه‌. 
شه‌شه‌م:راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ چوار زیاتر نابێ وده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیان هه‌بێت وخاوه‌نی شاره‌زایی و كارامه‌یی بن و پسپۆڕییه‌كه‌شیان له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ ده‌سنیشان ده‌كرێ.
حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كارگێڕیی و دارایی: به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆ بێت وخاوه‌نی شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
هه‌شته‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی پلاندان وبه‌دواداچوون: به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌نی شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت. 
نۆیه‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بۆ نه‌خشه‌كێشانی بیناسازیی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت. 
ده‌یه‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پڕۆژه‌كان:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
یازده‌م:به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوو ئاوه‌ڕۆكان: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
دوازده‌م:به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانیه‌كان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم دا: هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وپسپۆڕوخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
سێزده‌م:سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی له‌ مه‌ركه‌زی هه‌موو پاریزگایه‌ك له‌ پاریزگاكانی هه‌رێم: له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك سه‌رۆكێكی شاره‌وانی هه‌ڵبژێردراو سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی.
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زاره‌ت ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری ده‌بێ وله‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:
1- وه‌زیر:                                            سه‌رۆكه‌.
2- بریكاری وه‌زاره‌ت:                                  جێگری سه‌رۆكه‌ وله‌كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی سه‌رۆك
                                                               سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.                    
3ـ نوێنه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌مه‌رجێك پله‌یان له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ :                                ئه‌ندامن. 
4- به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان له‌وه‌زاره‌ت     ئه‌ندامن.
5- هه‌ر راوێژكار یا شاره‌زایه‌كی پسپۆڕ كه‌ وه‌زیر له‌ناو وه‌زاره‌ت یا له‌ ده‌ره‌وه‌یدا 
  هه‌ڵیده‌بژیری:                           ئه‌ندامن                         
دووه‌م: ئه‌نجومه‌ن راوێژكاری راسپارده‌كانی خۆی پێشكه‌ش به‌وه‌زیر ده‌كات وئه‌گه‌ر په‌سندی كرد شێوه‌ی بڕیاری وه‌زاری وه‌رده‌گرێ.
مادده‌ی پێنجه‌م:
   وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ گرێ به‌ست له‌گه‌لأ كه‌سی سروشتی ومه‌عنه‌وی خاوه‌ن شاره‌زایی وپسپۆڕی له‌ناو هه‌رێم یا ده‌ره‌وه‌یدا بكات، تاكو ئه‌و ئه‌رك وكارانه‌ی كه‌پێیان ده‌سپێردرێ له‌وماوه‌یه‌ی كه‌ به‌گونجاوی ده‌زانێ ئه‌نجام بده‌ن له‌ پێناوی به‌جێگه‌ یاندنی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت وماف وئه‌ركه‌كانیان له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ له‌ دوای وه‌رگرتی ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌سنیشان ده‌كرێ.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
 یه‌كه‌م: به‌پێڕه‌و ئه‌رك وتایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ت ده‌سنیشان ده‌كرێن.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی نوێ یان به‌ش یا هۆبه‌ له‌ناو پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ت دابنێ یان لێكیان بدات یاخود هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌ به‌ پێی پێویستی كاره‌كه‌ له‌كاتی پێویستدا.
 سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جی كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ. 
مادده‌ی حه‌وته‌م:
  یاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانیه‌كان وگه‌شتوگوزاری ژماره‌ (15)ی ساڵی1992كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی    نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق ده‌رچووه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ئه‌م یاسایه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
  كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێت گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی نۆیه‌م:
  ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
 ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ كاری پێده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قائیعی كوردستان)یشدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

  
                                                                                      عدنان موفتی
                                                                             سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                    كوردستان-عیراق
    

             
- هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ -
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو وه‌زاره‌ت به‌ ناوه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌كان ووه‌زاره‌تی گشتوگوزار له‌ جێی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌كانی پێشوو دامه‌زران وده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی جودا كرایه‌وه‌و هه‌ردوولاش له‌ ئه‌ركوفه‌رماندا سه‌ربه‌خۆن، بۆیه‌ ئه‌م یاسایه‌ دانرا.