یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2010 یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان ـ عیراق

ژمارەی یاسا : 12
ساڵی دەرچوون : 2010
هەڵوەشاوەتەوە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق

پشت بە حوكمی بڕگەی (1 )لە ماددەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراوو، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق لە دانیشتی ئاسایی ژمارە (13)ی رۆژی 9/11/2010 بڕیاری دەرچوواندنی ئەم یاسایەی دا:


یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2010
	یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان ـ عیراق



ماددەی یەكەم:
مەبەست لەم زاراوە و دەستەواژانەی دادێن، واتاكانی بەرامبەریانە بۆ مەبەستی ئەم یاسایە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان ـ عیراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزاری هەرێم.
سێیەم: وەزیر: وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێم.
چوارەم: بریكاری وەزارەت: بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزاری هەرێم.
پێنجەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنی راوێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێم.

ئامانجەكانی وەزارەت
ماددەی دووەم:
وەزارەت ئامانجی ئەمانەیە كە دادێن:
یەكەم: پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریی شارەوانی و گەشتیاری بۆ دابین كردنی پێداویستی دانیشتووان لە ئاوی پاكی خواردنەوە و ئاوەڕۆی چڵكاو و باراناو و وێستگەی خاوێن كردنەوەی و دروست كردنی رێگا و پرد و تونێڵ لە نێو سنووری شارەوانییەكان و گوندەكان، لەگەڵ ناوچەكانی گەشتیاری و، بەرز كردنەوەی ئاستی هەمەجۆر خزمەتگوزاریی شارەوانی بە چەند و چۆنیەوە، لەگەڵ دابین كردنی پێداویستی هاووڵاتیان لە ناوچەكانی گەشتیاری و پاركەكاندا.
دووەم: پلان دانان و بەڕێوەبردن و جێبەجێ كردنی كار و ئەركەكان بەو جۆرەی بەشدار دەبێت لە بەدی هێنانی بووژانەوەی ناوخۆی ئابووری، لە رێی سیاسەتی كارای بەكارهێنانی زەوی و نەخشەدانانی ئاوەدانی، لەگەڵ پلان دانان و بەدواداچوون و پەرەپێدانی بزاڤی گەشتیاری لە چوارچێوەی پلانی گشتیی گەشتیاری لە هەرێمدا.
سێیەم: ئامادە كردنی كەشی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگەی پاك و تەندروست و بایەخدان بە ناوچەی سەوز و چارەسەر كردنی خاشاكی رەق لە شار و شارۆچكەكان لەگەڵ ناوچەكانی گەشتیاری.
چوارەم: كار كردن بۆ راكێشانی سەرمایە و هاندانی وەبەرهێنان، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێم لە چوارچێوەی یاساكانی كار پێ كراو.

پێكهاتەی وەزارەت
ماددەی سێیەم: 
وەزارەت بریتییە لەم پێكهاتانەی دادێن:
یەكەم: وەزیر: ئەو سەرۆكی باڵای وەزارەتە و بەرپرسە لە كارەكانی و ئاراستە كردنی سیاسەتەكەی و سەرپەرشتی و چاودێری كردنی، بەپێی حوكمەكانی یاسا هەموو بڕیار و فەرمان و رێنماییەك لە هەموو شتێكی پەیوەندیی بە ئەركی وەزارەت و پێكهاتەكان و دەسەڵاتەكان و تێكڕای كاروباری تەكنیكی و كارگێڕی و رێكخستنەوە هەبێت، لەوەوە دەردەچن و بە چاودێریی ئەویش جێبەجێ دەكرێن، بەو سیفەتەی ئەندامێكی هاوكارە تێیدا، لە بەردەمی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا بەرپرس دەبێت، بۆشی هەیە هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی بداتە بریكاری وەزارەت یان بەڕێوەبەرانی گشتی یان كەسێك لە وەزارەتدا كە بە گونجاوی دەزانێت.
دووەم: بریكاری وەزارەت: یارمەتیی وەزیر دەدات لە ئاراستە كردنی وەزارەت و سەرپەرشتی كردنی كاروباری لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی لە لایەن وەزیرەوە پێی دەدرێن، بە مەرجێك بڕوانامەیەكی بەرایی پسپۆرایەتیی زانكۆی بەدەست هێنا بێت.
سێیەم: نووسینگەی وەزیر: فەرمانبەرێك بە پلەی بەڕێوەبەر سەرۆكایەتیی دەكات و بەڕێوەی دەبات، بڕوانامەی بەرایی زانكۆی بەدەست هێنا بێت و چەند فەرمانبەرێكیش یاریدەری دەبن.
چوارەم: نووسینگەی بریكاری وەزارەت: فەرمانبەرێك بە پلەی بەڕێوەبەر سەرۆكایەتیی دەكات و بەڕێوەی دەبات، بڕوانامەی بەرایی زانكۆی بەدەست هێنا بێت و چەند فەرمانبەرێكیش یاریدەری دەبن.
پێنجەم: راوێژكاران: ژمارەیان لە چوار زیاتر نابێت و لەوانەی بڕوانامەی بەرایی زانكۆیان هەیە و لەوانەی خاوەن شارەزایی و پسپۆرین.
شەشەم: وەزارەت پێك دێت لەم بەڕێوەبەرایەتیانەی گشتی كە دادێن: هەر یەك لەوان بەڕێوەبەرێكی گشتی بەڕێوەی دەبات، كە بڕوانامەی بەرایی زانكۆی بەدەست هێناوە و لەوانەی خاوەن شارەزایی و كردن(ممارسە)ن.
1ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان.
2ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدواداچوون.
3ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی.
4ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆژەكان.
5ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ.
6ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان لە پارێزگاكانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان.
حەوتەم: سەرۆكایەتیی شارەوانی لە ناوەندی پارێزگاكانی هەرێمدا. لە هەر پارێزگایەكدا سەرۆك شارەوانییەك بە گوێرەی جۆری تایبەتی شارەوانییەكە، سەرۆكایەتیی دەكات.

ماددەی چوارەم:
دەستەی گشتیی گەشت وگوزار: سەر بە وەزارەت دەبێت و، كەسایەتییەكی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی وكارگێڕیی دەبێت، فەرمانبەرێك بە پلەیەكی تایبەت سەرۆكایەتیی دەكات، بڕوانامەكی بەرایی زانكۆی بەدەست هێناوە و، لەوانەی خاوەن شارەزایی و پسپۆرین لە بواری گەشتیاریدا و، پێك دێت لە:
1ـ نووسینگەی سەرۆكی دەستە: فەرمانبەرێك بە پلەی بەڕێوەبەر سەرۆكایەتیی دەكات، بڕوانامەی بەرایی زانكۆی بەدەست هێناوە و چەند فەرمانبەرێكیش یاریدەری دەبن.
2ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتیاری لە هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیاندا: فەرمانبەرێك بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی سەرۆكایەتیی هەر یەك لەوان دەكات، بڕوانامەی بەرایی زانكۆی بەدەست هێناوە و لەوانەشە كە خاوەن شارەزایی و پسپۆرین  لە بواری گەشتیاریدا.
3ـ ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەستە: پێك دێت لە:
أ ـ سەرۆكی دەستە / سەرۆك.
ب ـ بەڕێوەبەرانی گشتی لە هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیاندا/ئەندام.
ج ـ دوو لە راوێژكارانی وەزارەت كە وەزیر رایان دەسپێرێت/ ئەندام.
د ـ بڕیارەكانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بە زۆرینە دەبن و وابەستە بە راستاندنی وەزیر دەبن.

ماددەی پێنجەم:
یەكەم: وەزارەت ئەنجومەنێكی راوێژكاریی دەبێت، پێك دێت لە:
1ـ وەزیر                                               سەرۆك
2ـ بریكاری وەزارەت                                ئەندام
3ـ سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشت و گوزار     ئەندام
4ـ راوێژكاران                                         ئەندام
5ـ بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت                   ئەندام
6ـ وەزیر بۆی هەیە هەر كەسێك لە ناو وەزارەت یان دەرەوەی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەن بانگهێشت بكات، بە مەبەستی راوێژ لە كاتی پێویستدا بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.
دووەم: ئەنجومەنی ئەركی پێشكەش كردنی راوێژ و پێشنیار بە وەزیر دەگرێتە ئەستۆ و، ئەگەر راستاندنی ئەوی بەدەست هێنا، سیفەتی بڕیاری وەزاری بەدەست دەهێنێت.
ماددەی شەشەم: 
وەزیر بۆی هەیە گرێبەست لەگەڵ كەسانی ئاسایی و مەعنەوی، لەوانەی خاوەن شارەزایی و پسپۆرین لە ناوخۆی هەرێم بكات، بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو كار و ئەركانەی پێی دەسپێردرێت و بۆ ئەو ماوەیەی بە گونجاوی دەبینێت، ئەویش بە مەبەستی بەجێ گەیاندنی ئامانجەكانی وەزارەت و، ماف و پەیوەشتییان لە لایەن وەزیرەوە دیاری دەكرێت و، بەدەست هێنانی رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەگەر گرێبەست كردنە كە لەگەڵ كەسانی دەرەوەی هەرێمدا بوو.
ماددەی حەوتەم: 
یەكەم: بە پەیڕەوێك ئەرك و پسپۆرایەتیی پێكهاتەكانی وەزارەت دیاری دەكرێن.
دووەم: وەزیر بۆی هەیە لە كاتی پێویستدا بەڕێوەبەرایەتی یان بەش یان هۆبە لە نوێ بكاتەوە یان تێكەڵ بكات یان ئیلغا بكات.
سێیەم: وەزیر بۆی هەیە رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێ كردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات.
ماددەی هەشتەم: 
یەكەم: یاسای وەزارەتی شارەوانی ژمارە(2)ی ساڵی2007 و، یاسای وەزارەتی گەشت وگوزار ژمارە(20)ی ساڵی 2006 كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عیراقەوە دەرچوون، ئیلغا دەبن.
دووەم: هەموو ماف و پەیوەستی و هەبوو و میلاكی وەزارەتی گەشت وگوزار دێتە ئەستۆی وەزارەتەوە.


ماددەی نۆیەم: 
وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی هەرچی كە پەیوەندیی بە شوێنەوار و شوێنانی شوێنەوار و بینای كەلەپوور و دەستنووس و دراوەوە هەیە، تا كاتی دەرچوونی یاسایەكی تایبەت بەوان لە هەرێمدا.
ماددەی دەیەم: 
پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنانی پەیوەندیدار، حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.
ماددەی یازدەهەم: 
ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی كوردستان)دا جێبەجێ دەكرێت.


                                                                                         محمد قادر عبدالله
                                                                                      (د. كه‌مال كه‌ركووكی)
                                                                              سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق


هۆیەكانی دەرچوونی
لەبەر تێكەڵ كردنی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و، گەشت وگوزار لە كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا و، بۆ بەدی هێنانی بەرژەوەندیی گشتی و دانانی پەیكەرێكی گونجاو و چالاك بەپێی پێداویستەكانی كاتی ئێستا و، كەم كردنەوەی خەرجی و ئیلغا كردنی هەندێ پێكهاتەی كارگێڕی و ئاسان كردنی مامەڵە كردنی هاووڵاتیان لەگەڵ فەرمانگەكانی وەزارەت، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.