یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2010 یاسای ده‌سته‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره‌

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2010
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

به‌پێی برگه‌ی (1 و 5) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو، و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (6)ی رۆژی 26/4/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 


یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2010
یاسای ده‌سته‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره‌

مادده‌ی یه‌كه‌م: 
مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌ و ده‌ربڕینانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌: 
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
دووه‌م: ده‌سته‌: ده‌سته‌ی گشتی له‌ هه‌رێم بۆ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌.
چواره‌م: سه‌رۆك: سه‌رۆكی ده‌سته‌.
پێنجه‌م: ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان: ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ له‌ كوردستان ـ عێراق به‌ پێچه‌وانه‌ی واقعی مێژوویی و جوگرافی دابڕێنراون و رێكاره‌كانی به‌عه‌ره‌ب كردن و گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
یه‌كه‌م: به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌سته‌یه‌ك پێكدێ به‌ناوی (ده‌سته‌ی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان)وه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕی هه‌یه‌ و له‌باری كارگێڕییه‌وه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌لكێ.
دووه‌م: باره‌گای ده‌سته‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێم ده‌بێ و، ئه‌شێ نووسینگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم و ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان بكاته‌وه‌.
مادده‌ی سێیه‌م:
ده‌سته‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت: 
یه‌كه‌م: به‌دواداچوونی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانه‌ به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
دووه‌م: هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی كردن له‌ رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاته‌كانی فیدرالی له‌ هه‌موو كارێكی په‌یوه‌ندیدار بێ به‌ دابین كردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بۆ دووباره‌ نه‌خشه‌كێش كردنی سنووری كارگێڕیی هه‌رێم و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌تووان و لابردنی ئاسه‌واره‌كانی سیاسه‌تی پاكتاوكردنی ره‌گه‌زیی و به‌عه‌ره‌ب كردن و كۆچ پێ كردنی به‌زۆر.
سێیه‌م: هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان له‌ كوردستان ـ عێراق و به‌دواداچوونی جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كان تیایدا.
چواره‌م: رێكخستن و به‌دواداچوونی كاروباری كۆچ پێكراوان و ده‌ركراوان له‌و ناوچانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره‌.
پێنجه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی و به‌دیكۆمێنت كردنی به‌ڵگه‌ و رووداوی مێژووی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان.
مادده‌ی چواره‌م:
ده‌سته‌ سه‌رۆكێكی ده‌بێ به‌پله‌ی وه‌زیر داده‌مه‌زرێ و، خۆی سه‌رۆكی باڵایه‌تی و به‌رپرسه‌ له‌كاره‌كانی و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی و سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كات و له‌وه‌وه‌ و به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هه‌موو بڕیار و فه‌رمان و رێنماییه‌ك ده‌رده‌چێ و جێبه‌جێ ده‌كرێن، له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ په‌وه‌ندییان به‌ ئه‌ركی ده‌سته‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و هه‌موو كاروباره‌ هونه‌ری و دارایی و كارگێڕییه‌كانیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی حوكمه‌كانی یاسا و، به‌رپرسیشه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.


مادده‌ی پێنجه‌م: 
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رۆكی ده‌سته‌ داده‌مه‌زرێ پێویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ی لێ بێته‌دی:
1-	ده‌بێ دانیشتوانی كوردستان ـ عێراق بێت و له‌هه‌رێم نیشته‌جێ بێت.
2-	ده‌بێ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و لێهاتوویی و شاره‌زایی له‌بواری پسپۆڕییه‌كه‌ی خۆی هه‌بێت.
3-	خوو و ره‌وشتی باش بێت و به‌تاوانێكی ئابڕووبه‌ر حوكم نه‌درابێ.
4-	به‌شداریی له‌و تاوانانه‌ نه‌كردبێ كه‌ رژێمی به‌عس نه‌خشه‌ی بۆ كێشا بێت یان كردبێتی له‌ عێراقدا.
دووه‌م: سه‌رۆك به‌مه‌رسوومی هه‌رێمی و له‌سه‌ر پاڵاوتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داده‌مه‌زرێ.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ له‌م فه‌رمانگانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ و هه‌ر فه‌رماگه‌یه‌كیش له‌وانه‌ له‌ لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆ له‌ بواری پسپۆڕیی فه‌رمانگه‌كه‌ی و شاره‌زایی له‌ كاره‌كه‌یدا هه‌بێ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێ و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن:
1- ه‌رمانگه‌ی كارگێڕیی و دارایی.
2- فه‌رمانگه‌ی یاسایی و لێكۆڵینه‌وه‌كان و دیكۆمێنت كردن. 
3- فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان و راگه‌یاندن. 
4- فه‌رمانگه‌ی ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان.
دووه‌م: ده‌سته‌ راوێژكاری ده‌بێ و ژماره‌یان له‌ دووان كه‌متر نه‌بێ.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ هه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك له‌ ناو پێكهاته‌ی ده‌سته‌ به‌ پێی پێویستی كاره‌كه‌ی له‌ نوێ دابمه‌زرێنێ یان لێكیان بدات یاخود هه‌ڵیان وه‌شێنێته‌وه‌.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ ئه‌نجومه‌نێكی ده‌بێ كه‌ پێكدێ له‌ سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامی راوێژكار و، سه‌رۆك بۆی هه‌یه‌ داوای نوێنه‌ری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم بكات بۆ ئاماده‌ بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی به‌ سیفه‌تی چاودێر و، مافی وتووێژیان ده‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بێ.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌ن مانگانه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و سه‌رۆك بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی پێویستدا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كت وپڕ بكات و راسپارده‌كان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بووان وه‌رده‌گیرێن و له‌كاتی یه‌كسانبوونی ده‌نگه‌كان ئه‌و لایه‌نه‌ په‌سند ده‌كرێ كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی له‌گه‌ڵدا ده‌دات.
سێیه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ راپۆرتی ده‌وری هه‌ر چوار مانگ جارێك له‌سه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانی ده‌سته‌ له‌ڕێگای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان بكات.
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ ئه‌رك و پسپۆرایه‌تییه‌كانی ده‌سته‌ به‌ پێره‌وێك ده‌ستنیشان بكات.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كرنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی یازده‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی دوازده‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێ.



                                                       محمد قادر عبدالله
                                                       (د. كه‌مال كه‌ركووكی)
                                                   سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق







(( هۆیه‌ پێویستیه‌كانی ده‌رچوواندنی))
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدرال، به‌رپرسیاریه‌تی گرتنه‌ به‌ری هه‌نگاونانی پێویست بۆ جێبه‌جێ كردنی پێویستیه‌كانی جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری عێراقی خستۆته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی فدرالی بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌كانی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی به‌عه‌رب كردن و به‌ زۆر كۆچ پێكردن و گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌لێك ناوچه‌ له‌ كوردستان دابڕێنران و بوونه‌ته‌ ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر و بۆ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و جێبه‌جێ كردنی مادده‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌م یاسایه‌ ده‌چووێنرا.