بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان بەناوی گەلەوە پەرلەمانی كوردستان عێراق ژمارەی بڕیار: 12 مێژووی بڕیار: 13/10/2019 بـــــڕیـــــار پشت بە حوكمەكانی بڕِگەی (8)ی ماددەی (56) لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، و بەپێی ئەو رێكارە یاساییانەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی داوە لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (3) ڕێكەوتی 29/9/2019 ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا: یەكەم: هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2018 كە هاوپێچی ئەم بڕیارەیە دەرچوێندرا. دووەم: ئەم هەموارە لە رۆژی پەسەندكردنی بەركار دەبێت و، لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە. د.رێواز فایق حسێن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان عیراق بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان بەناوی گەلەوە پەرلەمانی كوردستان عێراق ژمارەی هەمواری پەیڕەو: 1 مێژووی هەمواری پەیڕەو: 29/9/2019 پشت بە حوكمەكانی بڕِگەی (8)ی ماددەی (56) لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و، ماددەی (125) لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (3)ی رۆژی 29/9/2019 هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان عێراق پەسەند كرد: هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان عێراق ماددەی (1): یەكەم: پێناسەی (پڕۆژە یاسا و بڕیار) لە ماددەی (1) هەمواردەكرێت و بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە: پڕۆژە یاسا و بڕیار: ئەو پڕۆژە یاسا و بڕیارانەیە كەلەلایەن سەرۆكی هەرێم، یان ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی دادوەری لە بواری تایبەتمەندی خۆیان، دەستە سەربەخۆكان و هەر دامەزراوەیەك كە دەسەڵاتی ئاڕاستە كردنی پڕۆژەی هەیە بەپێی یاسا كارپێكراوەكان، ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێن. دووەم: پێناسانەی ئەم زاراوانەی خوارەوە بۆ ماددەی (1)ی پەیڕەوی ناوخۆی زیاد دەكرێن بەم شێوەیەی خوارەوە: پێشنیازی یاسا و بڕیار: ئەو پێشنیازی یاسا و بڕیارانەن كە لانیكەم لەلایەن (10) دە ئەندامی پەرلەمان، پێشكەش دەكرێن. زۆرینەی ڕەها: نیوە كۆ یەكی(50 %+1)ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان. زۆرینەی سادە: نیوە كۆ یەكی(50%+1)ی ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو. زۆرینەی تایبەت: هەموو ئەو زۆرینانە دەگرێتەوە كە ڕێژەی تایبەتیان بۆ دیاری كراوە. ماددەی (2): ماددەی (10)ی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكرێت و بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە: یەكەم: دەستەی سەرۆكایەتی پێكدێت لە سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان، لانیكەم یەكێك لە سێ ئەندامی دەستە ی سەرۆكایەتی ئافرەت دەبێت. دووەم: لە هەر ماددە و بڕگەیەكی ئەم پەیڕەوە دەستەواژەی (جێگری دووەم) هاتبێت دەگۆردرێت بۆ (سكرتێری پەرلەمان). ماددەی (3): وشەی (سەرۆكایەتی)، بۆ وشەی (دەستە)، لە هەر ماددە و بڕگەیەكی ئەم پەیڕەوە دا هاتبێت زیاد دەكرێت. ماددەی (4): بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی ( 24)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێتە بڕگەی (یەكەم) ی ماددەكە و ڕیزبەندی بڕگەكانی تر وەك خۆی بەدوایدا دێن. ماددەی (5): یەكەم: خاڵی (2) لە برگەی (دووەم)ی ماددەی (25)ی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە: 2 دەبێت سەرۆك لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا، داواكارییەكە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو بارێكدا لە ماوەی (30) ڕۆژ لە ڕێكەوتی پێشكەش كردنی، دەست لەكاركێشانەوەكە بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووان یەكلابكرێتەوە. دووەم: لە هەر ماددە و بڕگەیەكی ئەم پەیڕەوە، وشەی (بەروار) هاتبێت دەگۆردرێت بۆ (رێكەوت). ماددەی (6): ماددەی (29)ی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكرێت و لێژنە هەمیشەییەكان بەمشێوەیەی خوارەوە پێكدەهێنرێت: ماددەی (29): یەكەم: لیژنەی كاروباری یاسایی. دووەم: لیژنەی دارایی وكاروباری ئابووری. سێیەم: لیژنەی كاروباری پێشمەرگە چوارەم: لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان. پێنجەم: لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری. شەشەم: لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. حەوتەم: لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر. هەشتەم: لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی. نۆیەم: لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی. دەیەم: لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم. یازدەم: لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی. دوازدەم: لیژنەی شارەوانی گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار سێزدەم: لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان. چواردەم: لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان. پازدەم: لیژنەی دەسپاكی. شازدەم: لیژنەی كاروباری پەرلەمان و سكاڵا. حەڤدەم: لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی. هەژدەم: لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ. نۆزدەم:لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت ماددەی (7): برگەی (دووەم)ی ماددەی (42) هەموار دەكرێت و رێزبەندی بڕگەكانیشی بەم شێوەیە دەبێت: ماددەی (42): یەكەم: لیژنەكان دەتوانن داوا لە سەرۆك بكەن، بۆ بەشداری كردنی وەزیری پەیوەندیدار بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی لیژنە و پێشكەشكردنی ڕونكردنەوەی پێویست، لەسەر ئەو بابەتەی دەخرێتەڕوو، بەشێویەك ماوەی (3) سێ ڕۆژ لەڕێكەوتی ئاراستەكردنی بانگهێشتنامەكە، تێپەرنەكات. دووەم: لیژنەكان دەتوانن، بۆ بەشداریی ئەوانەی كە پلەیان، لەخوار وەزیرەوەیە لە كۆبوونەوەی لیژنەدا، داوا ئاراستەی سكرتێری پەرلەمان بكەن. سێیەم: لیژنەكان دەتوانن لەڕێی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە، داوا لە فەرمانگە فەرمی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكەن، كە زانیاریی پێویستیان پێشكەش بكات، یان لە كۆبوونەوەی لیژنەدا ئامادەببن . چوارەم: ئەگەر ئەو لایەنانەی لە بڕگەكانی سەرەوەدا باسكراون، خۆیانگرت لە پێدانی زانیاری یان ئامادەنەبوون لە كۆبوونەوە، ئەوا ئەو كاتە لە ڕێی سەرۆكەوە، سەرۆك وەزیرانی لێ ئاگاداردەكرێتەوە و لەحاڵەتی وەڵام نەدانەوەی داواكاریەكەی لەماوەی (7) حەوت ڕۆژدا، بابەتەكە دەخرێتە بەردەمی پەرلەمان، بۆ ئەوەی تێڕوانینی بۆ بكات. پێنجەم: وەزیری پەیوەندیدار، لەكاتێكدا كە بۆی دیاری دەكرێت، لەسەر داوای خۆی و بە رەزامەندی سەرۆك یان لەسەر داوای لێژنە لە كۆبوونەوەی لێژنەكان ئامادە دەبێت، كاتێك گفتوگۆی بابەتێك دەكرێت كە پەیوەندیدارە بە وەزارەتەكەی، و دەتوانێت ستافی وەزارەتەكەی لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ كۆبوونەوە، هەروەها تێڕوانینەكانیشیان لەسەر بڕیاری لێژنە لە ڕاپۆرت جێگیر دەكرێن بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت. ماددەی (8): خاڵی (2) لە بڕگەی (سێیەمی) ماددەی (44) لە پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە: 2 ئەگەر كەس و لایەنی بانگكراو بێ پاساو لەكاتی دیاریكراودا ئامادەنەبوو، ئەوا لێژنە دەتوانێت لە رێی دەستەی سەرۆكایەتیەوە، دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئاگاداربكاتەوە، بە مەبەستی ئامادەكردنی داوالێكراو بەگوێرەی یاسا بەركارەكان. ماددەی (9): ماددەی (78)ی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە: ماددەی (78): پرۆسەی یاسا دانان، بریتیە لە گفتوگۆ و پەسەندكردنی: یەكەم: ئەو پڕۆژە یاسا و بڕیارانەی تایبەتن بە سەرۆكایەتی هەرێم،و لە بواری تایبەتمەندی خۆیان، پێشكەش دەكرێن. دووەم: ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پێشكەش دەكرێن. سێیەم: ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، لەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە خۆیان، پێشكەش دەكرێن. چوارەم: ئەو پڕۆژە یاسا و بڕیارانەی لەلایەن دەستە سەربەخۆكان و هەر دامەزراوەیەك كە بەپێی یاسا كارپێكراوەكان مافی هەیە، پێشكەش دەكرێن. پێنجەم: ئەو پێشنیازی یاسا، یان بڕیارانەی، كە لانیكەم لەلایەن (10) دە ئەندامەوە پێشكەش دەكرێن. ماددەی (10): ماددەی (79) پەیرەوی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە: یەكەم: پێشنیازی یاسا و بڕیار، پێویستە مەرجە ڕەواڵەتی و بابەتییەكانی پێشنیازە یاسا و بڕیار لەخۆ بگرێت. دووەم: لە ماوەی (14) ڕۆژ لە بەرواری پێشكەش كردنیەوە، لەلایەن لێژنەی كاروباری یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی، بڕیار دەدرێت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، لەسەر بنەمای گونجاندنی لەگەڵ ئەم پێوەرانەی خوارەوە:- 1 هەبوونی بابەتێكی گشتی ، یان بۆشایی یەكی یاسایی، یان بوونی كەموكوڕی لە دەقەكانی یاسایەك یان بڕیارێك، كە پێویست بێت یاسایەك یان بڕیارێكی بۆ دەربچێت. 2 ئەگەر بووە مایەی لێكەوتەی دارایی لەسەر حكوومەت، پێش خوێندنەوەی یەكەم، ئاراستەیان دەكرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی سەبارەت بەو لێكەوتە داراییەی كە لە ئەنجامی دەرچوواندنی یاساكە دەكەوێتە ئەستۆیان. ماددەی (11): بڕگەیەك بە ڕێزبەندی (چوارەم) بۆ ماددەی (91)ی پەیڕەوی ناوخۆ زیاد دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە: چوارەم: جگە لەو پێشنیازانەی كە بە گوێرەی بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە بۆ دەنگدان ئامادە دەكرێن، لێژنەی یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی تایبەتمەند دەتوانن لە كۆبەندی ئەو بژاردانەی كەلەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەخرێنەڕوو، بژاردەی تر بۆ خستنە دەنگدان ئامادە بكەن. ماددەی (12): بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (110)ی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵدەوەشێتەوە. هۆكارە پێویستەكان لە پێناو باشتر بەڕێوەچوونی كاری پەرلەمانی و فەراهەمكردنی هاوڕێكی پەیڕەو لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكان، ئەم هەموارە پەسەندكرا. د. رێواز فایق حسێن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان عیراق