بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان بهناوی گهلهوه پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق پاڵپشت به حوكمی بڕگهی (1)ی ماددهی (56) لە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههمواركراو، و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و لهسهر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنی ئاسایی ژماره (14)ی ڕۆژی 29/11/2022 ئەم یاسایهی پهسهندكرد: یاسای ژماره (16)ی ساڵی 2022 یاساى هەموارى پیادەکردنى یاسای بەڕێوەبردنى ئەوقافى عێراقى ژمارە (64)ى ساڵى 1966ى هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان - عێراق ماددهی (1) پیادەکردنى خاڵى (2) لە ماددەى (2)ى یاساى بەڕێوەبردنى ئەوقافى عێراقى ژمارە (64)ى ساڵى 1966ى هەموارکراو، هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:- 2. وەقفى پاشکۆ، لە کاتى نەمانى لە ئەستۆگرتنى یان دەستپێکێشانەوەی لە ئەستۆكراو، بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى لێپرسینەوە یان دادگاى بارى کەسى، و لە بەرامبەر بەڕێوەبردندا بڕى (35%) سى و پێنج لە سەدی کۆى گشتى داهاتەکە وەردەگرێت. ماددهی (2) پیادەکردنى خاڵى (1) لە ماددەى (4)ى یاساى بەڕێوەبردنى ئەوقافى عێراقى ژمارە (64)ى ساڵى 1966ى هەموارکراو، هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:- 1. أ. دیوان چاودێرى وەقفە پاشکۆکان دەکات، لە لەئەستۆگرانى دەپرسێتەوە، لەبەرامبەردا (30%) سى لەسەدى کۆى گشتى داهاتى هەر وەقفێک وەردەگرێت، و لە کاتى گۆڕینى وەقفکراو بۆ موڵک لە ڕێگەى سەرپێچى و زێدەڕۆیى سکاڵا بەرزدەکاتەوە. ب. دیوان بە مەرجێک بڕى (30%) سى لەسەدى کۆى گشتى داهاتی هاتوو لە خاڵی (أ) وەردەگرێت، كە لەدواى جێبەجێکردنى مەرجەکانى وەقفکار بڕەکە لە نۆژەنکردنەوەى مزگەوت و حوجرە و قوتابخانە ئیسلامییەکاندا خەرج بکات. ماددهی (3) پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. ماددهی (4) کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت. ماددهی (5) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت. د.رێواز فائق حسێن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان – عێراق هۆیهكانی دهرچوواندن بە مەبەستى ڕێکخستنى داهات و خەرجییەکان لە وەقفە پاشکۆکان، و بەکارهێنانى بۆ خزمەتکردنى مزگەوت و حوجرە و قوتابخانە ئیسلامییەکان بە مەرجى لەبەرچاوگرتنى مەرجەکانى وەقفکار، ئەم یاساییە دەرچووێندرا.