یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان

ژمارەی یاسا : 14
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، و له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (14)ی ڕۆژی 29/11/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ندكرد:
یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی 2022
یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم.
سێیەم: وەزیر: وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم. 
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەت.
پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتی: بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
شەشەم: ئاژەڵی ماڵی: ئەو ئاژەڵەیە کە بە سروشتی ماڵییە یان شیاوى ماڵیکردنە، لانەی هەبێت یان نەیبێت، و ئاژەڵی دڕندە ناگرێتەوە. 
حەوتەم: ئاژەڵی بێلانە: ئەو ئاژەڵەیە کە بە سروشت تواناى هەڵکردنى لەگەڵ مرۆڤ هەیە، بەڵام خاوەنی نیە یان بەخێوکارەکەی دەستبەرداری بووە و گەڕۆکە و لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاو دەبنەوە.
هەشتەم: ئاژەڵی کێوی: ئەو ئاژەڵەیە کە دوور لە دەستی مرۆڤ لە دایک بووە، بەبێ هاوکاری مرۆڤ لە قۆناغەکانی ژیانیدا پێگەیشتووە و بە سروشتى خۆی لەگەڵ مرۆڤدا هەڵناکات، دڕندەبێت یا نا.
نۆیەم: بەخێوکاری ئاژەڵ: هەر کەسێک کە پازدە ساڵی تەواو کردبێت، بەکردەیى سەرپەرشتی وچاودێری و ڕەفتار بەئاژەڵی ماڵییەوە بکات، خاوەنی ڕاستەقینەى بێت یان ئاژەڵەکە لە بن دەستیدا بێت.
دەیەم: بەڵگەنامەی تەندروستی ڤێتێرنەری: ئەو دۆکیومێنتەیە کە لەلایەن پزیشکی ڤێتێرنەرییەوە ڕێکدەخرێت، و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە پەسەندە دەکرێت.
یازدەیەم: نەخۆشییە درمییەکان: ئەو نەخۆشیانەن کە بە هۆی ڤایرۆس، بەکتریا، کەڕووەکان، پرایۆن، و مشەخۆرى دەرەکی وناوەکی، لە ئاژەڵێک بۆ ئاژەڵێکی دیکە بە خێرایی دەگوازرێنەوە.
دوازدەیەم: نەخۆشی مرۆژەڵی (هاوبەش): ئەو نەخۆشیانەن کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ یان بەپێچەوانەوە. 
سیازدەیەم: پەڕاوی تۆماری ئاژەڵ: ئەو تیانووسەیە کە زانیاریی تایبەت بە ئاژەڵى ماڵى و بەخێوکارەکەی یان بە ئاژەڵى بێلانەى تێدا تۆمار دەکرێت.
مادده‌ی (2)
ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لە:-
یەکەم: پارێزگاریکردن لە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان، پاراستنی تەندروستی ڤێتێرنەری و ڕێکخستنی بەخێوکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
دووەم: پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و تەندروستی گشتی لە زیانى ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان.
سێیەم: بڵاوکردنەوەی کلتوری ئاژەڵدۆستی.
مادده‌ی (3)
بەڕێوەبەرایەتی ئەم ئەرکانەی خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:-
یەکەم: 
1-	کردنەوەى نۆرینگەى تایبەت بە چارەسەری تەندروستی ئاژەڵان و پێکهێنانى تیمى پزیشکى ڤێتێرنەرى خولاو بۆ فریاگوزارى سەرەتایى و چارەسەرى پزیشکى. 
2-	هەڵسەنگاندنی مەترسی بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکان و کۆنترۆڵکردنی، لە ڕێگەی ڕاسپاردنی پشکنەری ڤێتێرنەری گەڕۆک، بەسەردانی مەیدانى و دەستنیشانکردنی تاقیگەیی.

3-	هەڵمەتی کوتان و دابڕاندن و کەرەنتینەکردنى ئاژەڵان و چارەسەرکردن یان لە ناوبردنی ئاژەڵی نەخۆش لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
دووەم: 
دروست کردنی پەناگە بۆ ئاژەڵی بێلانە و دەستبەسەر و نەخۆش، ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە، تۆمارکردن و پاراستن و چاودێریکردنى تەندروستیان. 
سێیەم: 
1-	ڕووپێوی مەیدانى وبەردەوامی ئاژەڵی بێلانە.
2-	تۆمارکردن و ڕیکخستنی ناسنامەی ئاژەڵى ماڵی و بەخێوکارانیان و دروستکردنی پەڕاوى دروستى ئاژەڵانی ماڵی و بێلانە.
مادده‌ی (4)
هەر کەسێک دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتى یان بەشى سەرپەرشتی پەناگەکان لە بوونی ئاژەڵی نەخۆش و ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە، ئاگادار بکاتەوە.
مادده‌ی (5)
لیژنەیەکی پسپۆڕ لە پزیشکانی ڤێتێرنەری بەڕێوەبەرایەتییەکان، بە هەماهەنگی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و تەندروستى و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، بڕیار دەدەن سەبارەت بە ڕاگرتنی هاوسەنگی زۆربوون و لەناوچوونی ئاژەڵان، پاڵپشت بە پێوەر و ڕێکاری تەندروستی ڤێتێرنەری هاوچەرخ.
مادده‌ی (6)
یەکەم: 
1-	سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان بەهاماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان، شوێنى بازاڕ وگۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵێ و پێشانگاکانى خستنەڕووى ئاژەڵان بە ڕەچاوکردنی یاسا و پێڕەو و ڕێنماییە بەرکارەکان، دیاریدەکەن.
2-	بەڕێوەبەرایەتی چاودێری مەرجى تەندروستی و تەکنیکی ئەو گۆڕەپان و پێشانگایانەى کە لەخاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتوون، لە ئەستۆ دەگرێت.
دووەم: مامەڵەکردن بە ئاژەڵ و پەلەوەرى کێوى لە گۆڕەپان و پێشانگاکانى کڕین و فرۆشتنی هاتوو لە خاڵى (1)ى بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە قەدەغەیە.
سێیەم:
1-	هەر کەسێک، لە شوێنێکى بەدەر لەو شوێنانەی کە بە ڕێکاری هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە دیاریدەکرێت کڕین یان فرۆشتن ئەنجام بدات، بە پێبژاردنێک کە لە (250.000) دووسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت.  
2-	خاوەنی شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵێ و خاوەنی شوێنی بەخێوکردنی بەکۆمەڵی ئاژەڵ، و پێشانگاکانى خستنەڕووى ئاژەڵان بە پێبژاردنێک کە لە (250.000) دووسەدو پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و  لە(1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، بۆ هەر سەرپێچییەکى بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، سزا دەدرێت. 
3-	سزای هاتوو لەم بڕگەیەدا دەبێت بە دوو هێندە، لە کاتی دووبارە بوونەوەی هەمان سەرپێچی.
4-	 سەرباری سەپاندنی سزای هاتوو لە خاڵی (3)ی ئەم بڕگەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەتوانێت بەشێوەى کاتى یان هەمیشەیی، بڕیاری داخستنی شوێنەکە بدات.

مادده‌ی (7)
یەکەم:
1-	ئەم کردارانە دەرهەق بە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەكان قەدەغەیە:-
‌أ.	ئەنجامدانی هەر ڕەفتارێکى بە ئەنقەست، کە ببێتە هۆی ئەشکەنجەدانی ئاژەڵ یان زیان پێگەیاندنی.
‌ب.	ژەهراوی کردن بە ئەنقەست یان لە ئەنجامى کەمتەرخەمى.
‌ج.	بەقوربانیکردنى ئاژەڵێکى ماڵى بە مەبەستى ڕاوکردن یان کوشتنى ئاژەڵێکى دیکە. 
‌د.	سازدانى شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە، بەشێوەیەک ببێتە مایەى زیان پێگەیاندن یان کوشتنى یەکێکیان.
‌ه.	بەکارهێنانی هەر دەرمانێکی وزەبەخش یان هۆرمۆن یان ستڕۆیدەکان بۆ ئاژەڵ، بەبێ بڕیاری پزیشکی ڤێتێرنەری.
‌و.	بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کردارەکانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
2- 
‌أ.	هەر کەسێک یەکێک لەو کردارانەی هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، دەرهەق بە ئاژەڵی ماڵی یان ئاژەڵی بێلانە ئەنجامبدات، بە پێبژاردنێک کە لە (250.000) دووسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت. 
‌ب.	ئەگەر سەرپێچیکار پیشەی کڕین و فرۆشتن و مامەڵەپێکردنی ئاژەڵان بێت، سزای پێبژاردنەکەى دەبێتە دوو هێندە.
دووەم:
1-	هەر کەسێک بە ئەنقەست و بە ناڕەوایى ئاژەڵى ماڵى یان بێلانە بکوژێت، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (1) یەک مانگ کەمتر نەبێت یان بە پێبژاردنێک کە لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (3.000.000) سێ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
2-	ئەم بارانەى خوارەوە بە بارودۆخى توندکردنى سزا دادەنرێن بۆ مەبەستى هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە:-  
‌أ.	ئەگەر کوشتنەکە بە هۆى بەکارهێنانى ژەهرەوە بێت.
‌ب.	ئەگەر کوشتنەکە بە ڕێگایەکى دڕندانە بێت.
‌ج.	ئەگەر کوشتنەکە بەرامبەر بڕە پارەیەک یان سودێک بێت.
‌د.	ئەگەر بکەر تاوانەکە دووبارە بکاتەوە.
3-	ئەگەر کوشتنەکە بە هەڵە یان بە هۆکارى کەمتەرخەمى یان بەبێ مەبەست بێت، ئەوا کەسەکە بە پێبژاردنێک کە لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پینج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
مادده‌ی (8)
یەکەم: 
1-	بەخێوکردن یان ڕاهێنانی ئاژەڵ بە کۆمەڵ لە ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و قەزا وناحیە و ئەو گوندانەى کە شارەوانیان هەیە، قەدەغەیە.
2-	بەخێوکردنی ئاژەڵ بە تاک، ئەگەر ببێتە هۆکاری شێواندنی سیمای شارستانی و ئاوەدانی و زیانی تەندروستی و ژینگەیی، قەدەغەیە.
دووەم:
1-	حوکمی خاڵی (1)ی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، باخچەی ئاژەڵان و پرۆژەی بەخێوکردن وپەروەردەکردنی ئاژەڵان بۆ ئامانجی زانستی، و پێشانگاى خستنەڕووى ئاژەڵ و پەلەوەر بۆ مامەڵەپێکردن، و هەر شوێن و ئاژەڵێکی دیکە کە نەبێتە هۆکاری شێواندنی سیمای شارستانی و ئاوەدانی و زیانی تەندروستی و ژینگەیی، ناگرێتەوە.
2-	شوێنی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی ئاژەڵان بەو مەرجانەى لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، دوای تۆمارکردن لە ژێر چاودێرى و پشکنینی تەندروستی ڤێتێرنەری بەڕێوەبەرایەتییدا، دەبێت.
3-	ژمارەى ئاژەڵ و جۆرەکەى، مەرج و هۆکارەکانى شێواندنى سیماى شارستانى و ئاوەدانى و زیانى تەندروستى و ژینگەیی بە ڕێنمایی دیاریدەکرێت، کە وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار بە هەماهەنگى وەزیر و دەستەى پاراستن و چاككردنی ژینگە دەریدەکات.
سێیەم: هەر کەسێک سەرپێچى حوکمى خاڵەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە بکات، بە پێبژاردنێک کە لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (250.000) دووسەد و پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت بۆ هەر سەرپێچییەک.
چوارەم:
1-	هەر کەسێک بە دەر لە حوکمى هاتوو لە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، ئاژەڵ بەخێو بکات، بە پێبژاردنێک کە لە (50.000) پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (100.000) سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، بۆ هەر ئاژەڵێک، سزا دەدرێت.
2-	لە کاتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچی هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، پێبژاردنەکە دەبێت بە سێ هێندە، سەرباری لابردنی سەرپێچییەکە لەسەر خەرجى سەرپێچیکار.
مادده‌ی (9)
کەسی سروشتی یان مەعنەوی دەتوانێت ئاژەڵە ماڵییەکان بەخێو بکات و ڕێگە بە زۆربوونیان بدات بۆ مەبەستی بازرگانی، یان بۆ سوود وەرگرتن و ئارەزووى کەسى، و ئەمەش بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێت، کە وەزیر دەریدەکات.


مادده‌ی (10)
یەکەم: بەخێوکاری ئاژەڵی ماڵی پابەند دەبێت بە:-
1.	بەخێوکردنی ئاژەڵ لە شوێن و ژینگەی گونجاو و دابینکردنی خۆراکى ڕێگەپێدراو کە گونجاوبێت لەگەڵ تەمەن، جۆر، بەبڕى پێویست، تەندروست و پێداویستییەکانی دیکەى.
2.	کۆنترۆڵکردنی ئاژەڵەکە لە شوێنە گشتییەکاندا و ڕێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە کەسانى دیكە و پاک ڕاگرتنى ژینگەى شوێنە گشتییەکان. 
3.	پاراستنی تەندروستی ئاژەڵ و کوتانیان بە پێی ڕێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەری و چارەسەرکردنیان لە کاتی نەخۆشی.
4.	بەکارهێنانى هۆکارى گواستنەوەى گونجاو و ڕێپێدراو لە گواستنەوەى ئاژەڵ و پەلەوەرەکان، بەشێوەی کۆمەڵ بێت یان تاک، بە جۆرێک کە سەلامەتى و تەندروستییان پارێزراو بێت و لەگەڵ پێوەرە کارپێکراوەکاندا بگونجێت.
5.	تۆمارکردنیان لە پەڕاوى دروستى ئاژەڵان.
6.	دەستبەجێ ئاگادارکردنی بەڕێوەبەرایەتی یان یەکەی کارگێڕی لە لەناوچوونی ئاژەڵان یان بوونی نەخۆشی درمی یان هاوبەش یان گومان لێیان.
7.	خراپ مامەڵە نەکردن لەگەڵ ئاژەڵ، کە ئەمانەى خوارەوە دەگرێتەوە:-
‌أ.	بەکارهێنانی ئاژەڵەکە بۆ مەبەستێک کە لەگەڵ سروشتەکەی گونجاو نەبێت یان لەسەروی توانا و تەمەنەکەی بێت.
‌ب.	دابین نەکردنی پەناگەى گونجاو و تەندروست بۆ پاراستنی. 
‌ج.	فەرامۆش کردن بە جۆرێک کە زیانی لێبکەوێتەوە.
‌د.	زیندانیکردن یان سنوردارکرنی ئازادی و جوڵە بە جۆرێک کە لەگەڵ سروشتیدا گونجاو نەبێت.
‌ه.	چارەسەرنەکردنی لە کاتی نەخۆشی یان چارەسەرکردن بەدەر لە ڕێنماییە تەندروستییە ڤێتێرنەرییەکان.
‌و.	ناچارکردنی بە زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە کە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.
‌ز.	بەکارهێنانی لە پێشانگا و کەمپینەکانی ڕێکلام کردن و کارە هونەرییەکان ئەگەر ببێتە هۆی زیان پێگەیاندنیان.
‌ح.	ئازاردان.
دووەم: 
1.	بەخێوکاری ئاژەڵی ماڵی بە پێبژاردنێک کە لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (250.000) دووسەد و پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، ئەگەر سەرپێچی هەر پابەندییەک لە پابەندییەکانی هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە بکات.
2.	لەکاتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچی، پێبژاردنەکە دەبێت بە دوو هێندەی پێبژاردنی هاتوو لە خاڵى (1)ی ئەم بڕگەیە.
3.	سەرباری سەپاندنی سزای هاتوو لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە، بەڕێوەبەرایەتی دەتوانێت ئاژەڵەکە ڕادەستی پەناگە بکات بۆ ماوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی.
مادده‌ی (11)
یەکەم: بەخێوکارى سەگ یان پشیلە، سەرباری پابەندییەکانی هاتوو لە ماددەی (10)ی ئەم یاسایە، پابەند دەبێت بە:
1-	تۆمارکردنی لەلای بەڕێوەبەرایەتی بە مەبەستی وەرگرتنی بەڵگەی بەخێوکردن و هێشتنەوەى لە ماڵان و شوێنگەکاندا، جگە لەو کاتانەی کە وەرزی زاوزێییە.   
2-	هەڵواسینی ناو، ژمارە یان پیتى گونجاو و ناونیشانی لە گەردنی، یان بە هەر شێوازێکی دیکەی هاوچەرخ، و بەڕێوەبەرایەتی بەبێ بەرامبەر دەستبەسەر ئەو ئاژەڵەنەدا دەگرێت کە بێ ناو و ناونیشانن.
3-	وەرگرتنی بەڵگەی تەندروستی ڤێتێرنەری کە سەلمێنەری کوتانی دژی نەخۆشییەکان و پشکنینى ڤێتێرنەری بێت، ئەو ئاژەڵانەی بەڵگەی تەندروستی ڤێتێرنەریان نیە کەرەنتینە دەکرێن لەسەر خەرجی خاوەنەکانیان تا دڵنیابوون لەوەی تەندروستن و بەڵگەی تەندروستییان بۆ دەکرێت.
 دووەم: دەکرێت پابەندییەکانی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بۆ بەخێوکاری هەر ئاژەڵێکی دیکە دابنرێت، کە بەپێى پێویستى جۆرەکەی بە ڕێنمایی لەلایەن وەزیرەوە دیاریدەکرێت.
سێیەم:
1-	بەخێوکاری ئاژەڵ بە پێبژاردنێک کە لە (50.000) پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (100.000) سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچی پابەندییەکانی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بکات.
2-	بەخێوکاری ئاژەڵ بە پێبژاردنێک کە لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت ئەگەر بە ئەنقەست و بۆ زیان گەیاندن بە کەسانی دیکە سەرپێچی پابەندیەکانی ئەم ماددەیە بکات.
مادده‌ی (12)
یەکەم: 
1-	بەخێوکاری ئاژەڵ لەحاڵەتى دەستبەرداربوونی لە ئاژەڵەکە بە پاساوێکى ڕەوا، ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی دەکاتەوە بە مەبەستی داڵدەدانی لە پەناگەکان.
2-	بەخێوکاری ئاژەڵ لەو بارەى لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر پابەندییەکانى بەردەوام دەبێت تاوەکو ڕادەستکردنی ئاژەڵەکە بە پەناگەکان.

دووەم: 
1-	بەخێوکاری ئاژەڵی ماڵی بە پێبژاردنێک کە لە (150.000) سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت ، ئەگەر پێچەوانەی ڕێکاری هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ئاژەڵەکە دەربەدەر بکات.
2-	سەرباری سەپاندنی سزای هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، بەخێوکاری ئاژەڵی ماڵی بە بەخێوکەر دادەنرێت تا ئەو کاتەی ئاژەڵەکە ڕادەستی پەناگە دەکرێت. 
مادده‌ی (13)
یەکەم: بەکارهێنانى ئاژەڵ لە تاقیکردنەوەکان، بۆ ئامانجى پزیشکى و زانستى ڕێگەپێدراو دواى ڕەزامەندى وەزارەتى تەندروستى یان وەزارەتی خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، بەو مەرجانەى کە بەڕێنمایی لەلایەن وەزیرەوە دیاریدەکرێت، ڕێگە پێدراو دەبێت.
دووەم: 
1-	هەر کەسێک سەرپێچى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە بکات، بە پێبژاردنێک کە لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، بۆ هەر سەرپێچییەک.
2-	لە حاڵەتى دووبارەکردنەوەى هەمان سەرپێچى سزاکە دەبێتە دوو هێندە.
مادده‌ی (14)
یەکەم: لیژنەیەک لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و لە سنوورى قەزاو ناحیەکان بەپێى پێویستى، لە سەرۆکی یەکەی کارگێڕی، نوێنەری تەندروستی، ژینگە، پۆلیس، شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی، پێکدەهێندرێت و ئەم ئەرکانەی خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:-
1-	سەرپەرشتی هەڵمەتی کۆکردنەوە و کەرەنتینەی ئاژەڵی نەخۆش و ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە و ڕادەستکردنیان بە پەناگەکان.
2-	بڕیاردان لەسەر لەناوبردنی هەر ئاژەڵێک کە مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ یان ئاژەڵێکی دیکە دروست بکات، ئەگەر ڕێگەی گونجاو نەبێت بۆ چارەسەرکردنی.
دووەم: لایەنە سەربازییەکان لە سنووری سەربازگەکاندا، کاری هاتوو لە خاڵەكانی (1، 2)ی بڕگەی یەكەم بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، لە ئەستۆدەگرن.
مادده‌ی (15)
پارێزگار و سەرپەرشتیارى ئیدارە سەربەخۆکان و یەکە کارگێڕییەکانى دیکە، لەسەر پێشنیازی لیژنە دەتوانن گرێبەست لەگەڵ لایەنی تایبەتمەند بە ئەرکى هاتوو لە ماددەی (14)ی ئەم یاسایە واژۆ بکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت.
مادده‌ی (16)
ئەگەر سزایەکی توندتر بۆ کردارە تاونکارییەکانی هاتوو لەم یاسایەدا، لە یاسا بەرکارەکاندا هەبوو ئەوا سزا توندەکە جێبەجێ دەکرێت.


مادده‌ی (17)
کۆمەڵە و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاکوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزى دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەک لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، سکاڵا تۆمار بکەن.
مادده‌ی (18)
وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەوقاف وکاروباری ئاینی، ڕۆشنبیری و لاوان، و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و ڕێکخراوەکانى بوارى ئاژەڵدۆستى، هەماهەنگ دەبن لە هەڵمەتی هێنانەکایەی کلتوری ئاژەڵدۆستی و هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مافەکانی ئاژەڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، لە قۆناغەکانی خوێندن و لەسەر ئاستی گشتی.  
مادده‌ی (19)
یەکەم: (50%) لە سەدا پەنجاى داهاتى ئەو پێبژاردنانەى لەم یاسایەدا هاتوون بۆ مەبەستى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە تەرخان دەکرێت.
دووەم: بە ڕێنماییەک کە وەزیر بە هەماهەنگى وەزیرى دارایی وئابوورى و شارەوانى و گەشتوگوزار دەریدەکات، بڕى پاداشتى پێویست بۆ ئەو کەسانەى کە لە کۆکردنەوەى ئاژەڵانى بێلانەدا بەشدار دەبن، دیاریدەکات. 
مادده‌ی (20)
ئەمانەی خوارەوە بە ڕێنمایی ڕێک دەخرێت، کە وەزیر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری شارەوانی وگەشت وگوزاری هەرێم دەریدەکات:-
1-	گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان و پێشانگاى خستنە ڕووى ئاژەڵان بۆ مامەڵەکردن، لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
2-	مەرجەکانی پەناگە و پێداویستییەکانی.
3-	مەرجەکانی گواستنەوەی ئاژەڵان.
4-	ڕێکخستنى کارى کۆمپانیا و نووسینگەکانى بەبازاڕکردن و هاوردە و هەناردەکردنى ئاژەڵان.

مادده‌ی (21)
وەزیر ڕێنمایی بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (22)
کار بە دەقی هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (23)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (24)
ئەم یاسایە دوای (90) ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)دا، جێبەجێ دەکرێت.




                                                                                                                                                               د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                     سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
لە پێناو پاراستنی ئاژەڵان و ڕێکخستنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، و بۆ ڕێکخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا ڕێک نەخراون، و بۆ چەسپاندنی کلتوری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.