یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمى کوردستان - عێراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، و له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (14)ی ڕۆژی 29/11/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ندكرد:
یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2022
یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمى کوردستان - عێراق

مادده‌ی (1) 
یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە (78)ی ساڵی 2012، لە هەرێمی کوردستان - عێراق، بەرکار و هەموارى پیادەکردنی دەکرێت.
مادده‌ی (2)
بۆ جێبەجێکردنى ئەم یاسایە، دامەزراوەکان و فەرمانگەکانی هەرێم و ئەوانەی خاوەن پۆستن تیایاندا جێگەی دامەزراوە و فەرمانگە ئیتیحادی و ئەوانەی خاوەن پۆستن تیایاندا دەگرنەوە، لەهەر شوێنێکی یاساکەدا هاتبن.
مادده‌ی (3)
پیادەکردنی بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، چوارەم، شەشەم، هەشتەم، پازدەیەم، حەڤدەیەم)ی ماددەی (1)ی یاساكە، هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
یەكەم: فەرمانگە: فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى   کوردستان - عێراق.
دووەم: سەرۆکى فەرمانگە: سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى.
چوارەم: 
1-	واژۆى ئەلیکترۆنى: نیشانەیەکى کەسیە کە بە شێوەى پیت، ژمارە، هێما، نیشانە، دەنگ یان شێوەى دیکە دەردەکەوێت و تایبەتمەندییەکى بێهاوتاى هەیە، و ناسنامەى کەسیى خاوەنەکەى دەسەلمێنێت و دەسەڵاتى پەسەندکردن متمانەى پێدەدات.
2-	واژۆى دیجیتاڵى: بریتیە لە جۆرێکى دیاریکراوى واژۆى ئەلیکترۆنى کە پشت بە بڕوانامەیەک دەبەستێت و دەتوانێت زانیارى واژۆکراو و ڕەسەنایەتى کەسى واژۆکار بسەلمێنێت، و لانیکەم ناو یان ناوى خوازراوى ئەو کەسە پشتڕاست بکاتەوە.
شەشەم: مامەڵە ئەلێکترۆنییەکان: مامەڵەی شارستانى، بازرگانی، کارگێڕی، دارایى و ئەوەی پەیوەستە پێیانەوە، لە داواکاریی، ڕێکار، گرێبەست، تۆمارنامە، نامەکاریی، قەواڵەى ئەلیکترۆنی شیاو بۆ هەواڵەکردن و دەستاودەستکردن، ئەوانەى کە بەهای دارایی و نەختینەییان هەیە و لێدەرهاتە داراییەکان، کە بە ئامرازی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێن، دەگرێتەوە.
هەشتەم: نێوەندی ئەلیکترۆنی: پرۆگرامی ئەلیکترۆنی یان هەر ئامرازێکی ئەلیکترۆنی دیکە، کە بە مەبەستى جێبەجێکردنی ڕێکارێک یان وەڵامدانەوەی ڕێکارێک، بۆ دروستکردن یان ناردن یان وەرگرتنی زانیاری، بەشێوەیەکی تەواو یان بەشێکی، بەبێ‌ دەستوەردان یان پێداچوونەوەی کەسێک لەکاتی جێبەجێکردن یان وەڵامدانەوەدا، دەگرێتەوە.
پازدەیەم: واژۆکار: ئەو کەسەیە کە هەڵگری داتا و ئامرازی واژۆکردنی ئەلیکترۆنی تایبەت بەخۆیەتی، لە واژۆکردنی مامەڵەیەکی ئەلیکترۆنی بەناوى خۆی یان ئەو کەسەی دەبێتە جێگرەوەی یان لەڕووی یاساییەوە نوێنەرایەتی دەکات، بەکاریدەهێنێت.
حەڤدەیەم: ئامرازی واژۆکردن: ئامرازێکە بۆ دروستکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێت، وەک پڕۆگرامێکی ئامادەکراو یان ئامێرێکی ئەلیکترۆنی.
مادده‌ی (4)
بڕگەیەک بە زنجیرەى (سێیەم) بۆ ماددەى (3)ى یاساكە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
سێیەم: 
1-	دەکرێت تەنها داواکارى و پەڕاو و بەڵگەنامە پێویست و پەیوەستەکان بەو مامەڵانەى لە خاڵەکانى ( أ، ب، ج، د، و)ى بڕگەی دووەمی ئەم ماددەیەدا هاتوون، ئەوەندەى لەگەڵ سروشتى یاساییاندا دەگونجێت، بۆ مەبەستى ئاسانکاریى لە جێبەجێکردنیان، بە شێوازى ئەلیکترۆنى پێشکەشى لایەنى فەرمى پەیوەندیدار بکرێن.
2-	دەکرێت ڕێوشوێنەکانى دادگا، پێڕاگەیاندنى دادوەریی، پێڕاگەیاندنى ئامادەبوون، فەرمانەکانى پشکنین، فەرمانەکانى دەستگیرکردن و حوکمە دادوەرییەکان، ئەوەندەى لەگەڵ سروشتى یاساییاندا بگونجێت، دواى دابینکردنى پێداویستییە یاسایی و هونەرى و تەکنیکییەکان و ڕاهێنانى دادوەران و فەرمانبەرانى پەیوەندیدار، بەشێوازى ئەلیکترۆنى بێت.


مادده‌ی (5)
پیادەکردنى ماددەی (28)ى یاساكە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیڕەوێک بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (6)
پیادەکردنى ناوەڕۆكی ماددەی (29)ى یاساكە ڕادەگیرێت، و بەم شێوەیەى خوارەوە دادەڕێژرێتەوە:-
یەکەم: مەرج و ڕێکارى پەیوەندیدار بە مۆرى ئەلیکترۆنى و دیجیتاڵى هاوڵاتیان و سیفەتى فەرمى قەواڵە ئەلیکترۆنییەکان، بە پەیڕە و دیاریدەکرێت. 
دووەم: ئەو ڕێکارانەى پەیوەستن بە دروستکردنی نووسراو، سپاردن، پارێزگاریکردن، کۆپیکردن و بەکارهێنانی واژۆی ئەلیکترۆنی لەسەریان، بەجۆرێک پاراستنی نهێنی زانیارییەکان و سەلامەتیان مسۆگەر بکات، بە پەیڕەو دیاریدەکرێت.
سێیەم: لایەنە فەرمییەکان دەتوانن بەڕێگەى ئەلیکترۆنى ئەم ئەرکانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:-
1-	دروستکردنی قەواڵە، قبوڵکردن، سپاردن، پێشکەشکردن و پارێزگاری لێکردنیان.
2-	پێدانى مۆڵەت، ڕێگەپێدان، ڕەزامەندی و دەرکردنى بڕیار.
3-	قبوڵکردنی پارەدان یان وەرگرتنى ڕەسم.
4-	خستنەڕووی تەندەری حکومی، بەو شێوەیەی کە لەگەڵ حوکمی یاسا بەرکارەکان لەم بوارەدا دەگونجێت.
چوارەم: جگە لەو حاڵەتانەی بەیاسا ڕێپێدراوە، لایەنی حکومی و ناحکومی پەیوەندیدار، و ئەوانەی کارى تێدا دەکەن، و ئەوانەی بەحوکمی ئەرکەکانیان دەڕواننە زانیاریی و داتای کەسی ئەو کەسانەی لەسیستەمی ئەلیکترۆنیدا مامەڵە دەکەن، ناتوانن زانیارییەکان ئاشکرا بکەن، تەنها بەڕەزامەندی خاوەنەکەی یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات یان بەبڕیارێکی دادگا نەبێت، هەروەها ناتوانن بەناڕەوا بەکاریان بهێنن.
مادده‌ی (7)
بەشێک بە ڕیزبەندی (هەشتەم) بە ناوى (حوکمە سزاییەکان) بۆ یاساكە زیاد دەکرێت کە پێکدێت لە ماددەکانى (30، 31، 32، 33، 34، 35، 36) و بەشی (هەشتەم)ی یاساكە دەبێتە بەشی نۆیەم، و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێنەوە:- 




بەشی هەشتەم
حوكمە سزاییەكان
ماددەی (30) زیادكراو
لەگەڵ ڕەچاوکردنى هەر سزایەکی توندتر کە لە یاسا بەرکارەکانى هەرێمدا هاتوون، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (6) شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە (3) سێ‌ ساڵ زیاتر نەبێت و بەپێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (4.000.000) چوار ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، هەركەسێك:-
یەکەم: بەڵگەنامەی ئەلیکترۆنی بۆ هەر مەبەستێکی ناڕەوا دروست بکات یان بڵاویبکاتەوە یان پێشکەشى بکات.
دووەم: بەشێوەیەکی ناڕەوا بچێتە ناو داتابەیسێکی تایبەت بە واژۆ و بەڵگەنامەی ئەلیکترۆنی یان تیایدا بمێنێتەوە.
سێیەم: بەڕێگەی گزى، داتا بخاتە ناو سیستەمی چارەسەریی زانیاری یان ئەو داتایانەی لەخۆی گرتووە لایببات یان هەمواری بکات.
چوارەم: بەبێ مۆڵەتى خاوەنەکەى داتای دروستکردنی واژۆیەکی ئەلیکترۆنی تایبەت بە کەسێکی دیکە دەستداربکات یان ئاشکرای بکات یان بەکاریبهێنێت.
ماددەی (31) زیادكراو
بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (1) یەک ساڵ زیاتر نەبێت و بەپێبژاردنێک کە لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (3.000.000) سێ‌ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، هەركەسێك:-
یەکەم: زانیاری نادروست بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێگەپێدانی دەرکردنی بڕوانامەى پەسەندکردن و نوێکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەیان، پێشکەش بکات.
دووەم: دانپێدانانی ناڕاست بدات بۆ وەرگرتنی بڕوانامەى پەسەندکردن.
ماددەی (32) زیادكراو
لایەنی پەسەندکردن بەپێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (10.000.000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت لە یەکێک لەم دوو بارەی خوارەوەدا:-
یەکەم: پیادەکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەسەندکردنی ئەلیکترۆنی بەبێ‌ ڕێگەپێدان، دەستپێکردنەوە یان بەردەوامبوون لەسەر چالاکییەکەی وێڕای هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانەکەی یان کۆتاییهاتنی بەبێ‌ نوێکردنەوە، یاخود لێکدان (اندماج) لەگەڵ لایەنێکی دیکە یان دەستهەڵگرتن لە ڕێگەپێدان بەپێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە.
دووەم: ئاشکراکردنی یەکێک لە مامەڵەکارەکانی یان سوود وەرگرتن لەو زانیارییانەی بەردەستیەتی سەبارەت بە کەسى داواکاری بڕوانامەى بەڵگەنامە ئەلیکترۆنییەکان بۆ مەبەستی دیکە جگە لە چالاکی ئەرشیفکردنى ئەلیکترۆنی بەبێ‌ وەرگرتنی ڕەزامەندی نووسراوی داواکاری بڕوانامە، و ئەم سزایە ڕێگر نیە لە هەر سزایەکى دیکە کە لەم یاسایە یان یاسا بەرکارەکانى دیکەدا بۆ سزادانى کەسى بکەر هاتبێت.
ماددەی (33) زیادكراو
لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەر سزایەکی توندتر کە لەیاسا بەرکارەکانى هەرێمدا هاتوون، بەبەندکردن یان زیندانیکردن و بەپێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (4.000.000) چوار ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، هەركەسێك:-
یەکەم: بەهەر ڕێگایەک واژۆیەک یان نێوەندێک یان بەڵگەنامەیەکی ئەلیکترۆنی لەناو ببات یان خەوشدار یان ساختەیان بکات، یان بەشێوەیەکی ناڕەوا بەکاریبهێنێت. 
دووەم: بەهەر ئامرازێک بەناڕەوایی بگاتە واژۆیەک یان نێوەندێک یان بەڵگەنامەیەکی ئەلیکترۆنی یان ئەو نێوەندە هاک بکات یان ڕێگەی لێبگرێت یان پەکیبخات.
	ماددەی (34) زیادكراو
یەکەم: جگە لەو حوکمە تایبەتانەی لەم یاسایەدا هاتوون، هەر کەسێک سەرپێچی حوکمەکانی دیکەى ئەم یاسایە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (6) شەش مانگ زیاتر نەبێت و بەپێبژاردنێک کە لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بەهەردووکیان، سزادەدرێت.
دووەم: بە تاوانبارکردنی کەسی ڕێگەپێدراو بەیەکێک لەو تاوانانەی لەم یاسایەدا هاتوون، ڕێگەپێدانەکەى هەڵدەوەشێتەوە.
	ماددەی (35) زیادكراو
ئەو کەسانەی لە لایەنی تایبەتمەندى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە کاردەکەن، لە چوارچێوەى ئەرکەکەیاندا سیفەتی ئەندامی بەرزەفتی دادگەرییان پێدەدرێت، سەبارەت بەو تاوانانەی لەو یاسایەدا دەقنووسکراون.
	ماددەی (36) زیادكراو
سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، بەبارى توندکەر هەژمار دەکرێت ئەگەر تاوانەکە لەلایەن فەرمانبەرێکى پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنى یاساکە ئەنجام درابێت.
مادده‌ی (8)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (9)
ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەكەن.

مادده‌ی (10)
ئەم یاسایە دوای تێپەربوونی (90) نەوەد ڕۆژ لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا جێبەجێ دەكرێت.

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
لەپێناو بەدەنگەوەهاتنی پێشکەوتنە خێراکانی بواری ئەلێکترۆنى و تەکنەلۆجیای زانیاری، بەو شێوەیەی خزمەت بە پێشکەوتنی ئابوریی هەرێم دەکات، و وەک گونجاندنێک لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بوارى بازرگانى، لەڕێگەی یەکخستنی حوکمە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان، و ئاسانکاریی بازرگانی و مامەڵەی دارایی و کارگێڕیی و لابردنی بەربەست و ئاڵەنگارییەکانی بەردەمیان لەڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی یاسایی واژۆی ئەلیکترۆنی و بەڵگەنامە ئەلیکترۆنییەکان و پێدانی هێزى یاسایی پێیان، و مسۆگەرکردنی گواستنەوەی ئەم بەڵگەنامانە و مامەڵەکردن پێیانەوە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی خزمەتگوزاریی بێ‌ مەترسی و پارێزراو، بەجۆرێک یاساکە حوکمی تایبەت بەپاراستنی نهێنی کەسێتی داتا و زانیاری کەسیی لەخۆ بگرێت، و خراپ بەکارهێنانی واژۆی ئەلیکترۆنی لە جۆرەها زێدەڕۆیی لە مامەڵەی ئەلیکترۆنی سنووردار بکات، بەشێوەیەک پارێزراوێتى مسۆگەر بکات و متمانەی مامەڵەکاران پتەوتر بکات، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.

                                                                                                                                                          د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                               سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق