یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2022 یاساى پەروەردە و فێركردن لە هەرێمى کوردستان - عێراق

ژمارەی یاسا : 13
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (12)ی ڕۆژی 15/11/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ندكرد:-
یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2022
یاساى پەروەردە و فێركردن لە هەرێمى کوردستان - عێراق

دەروازەی یەكەم
پێناسە، ئامانج، بنەما فەلسەفی و گشتییەكانی پەروەردە و فێركردن

بەشی یەكەم
پێناسەكان

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق. 
دووەم: ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.  
سێیەم: وەزارەت: وەزارەتی پەروەردەی هەرێم.  
چوارەم: وەزیر: وەزیری پەروەردەی هەرێم.  
پێنجەم: ئەنجومەنی وەزارەت: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم.  
شەشەم: ئەنجومەنی پەروەردە: ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان.
حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.  
هەشتەم: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان. 
نۆیەم: قۆناغی باخچە: قۆناغى شیاندن و ڕاهێنان و ئامادەکردنە بۆ منداڵانى تەمەن (4) چوار ساڵ و (5) پێنج ساڵ بەر لە خوێندنى بنەڕەتى، و پەروەردەی پێشوەخت بۆ منداڵى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەمان تەمەندا دەگرێتەوە.
دەیەم: خوێندنی پەیڕەوکراو: ئەو خوێندنەیە کە لە قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لەتەمەنی یاسایی قوتابیان و خوێندکاراندا پەیڕەو دەکرێت. 
یازدەیەم: خوێندنی پابەندکراو: قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی دەگرێتەوە، تێیدا بەخێوکار پابەند دەبێت کە لە تەمەنی یاساییدا منداڵ لە یەکێک لە قوتابخانەکان بخاتە بەر خوێندن. 
دوازدەیەم:
1.	خوێندنی بنەڕەتی: یەکەم قۆناغی خوێندنی پەیڕەوکراو و پابەندکراوە کە (9) نۆ پۆلی خوێندن لەخۆدەگرێت.
2.	قوتابخانەی بنەڕەتی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتییە.  
سیازدەیەم: 
1-	خوێندنی ئامادەیی: ئەو قۆناغەی خوێندنە کە دوای قۆناغی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (3) سێ پۆلی خوێندن پێکدێت، کە پۆلەکانی دەیەم تا دوازدەیەم لە خۆ دەگرێت.
2-	خوێندنگەی ئامادەیی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی ئامادەییە.  
چواردەیەم: خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: قۆناغی خوێندنی پیشەییە، کە دوای خوێندنی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (5) پێنج پۆلی خوێندن پێکدێت.
پازدەیەم:  پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: ئەو ناوەندەیە کە خوێندنی پیشەیی بۆ ماوەی (5) پێنج ساڵ، پاش تەواوکردنی قۆناغی بنەڕەتی تێدا بەڕێوەدەچێت. 
شازدەیەم: کۆمەڵگەی پەروەردەیی: ئەو دامەزراوەیەیە کە باخچەی منداڵان و قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لەخۆدەگرێت. 	
حەڤدەیەم: دامەزراوە: دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردنە، کە باخچەی منداڵان، قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگە و پەیمانگە پەروەردەییەکان، بە حکومی و ناحکومی و هاوبەشەوە دەگرێتەوە. 
هەژدەیەم: دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. 
نۆزدەیەم: دامەزراوەی پەرەردەیی ناحکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی کەس و لایەنی پەروەردەکاریی ناحکومین، و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. 
بیستەم: دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى قازانج نەویست: ناوەندى پەروەردە و فێرکردنى ناحکومى خاوەن کەسێتى مەعنەوییە، لەدامودەزگاکانى حکومى پەیوەندیدار تۆمار دەکرێت، قازانجى کارکردنى تەنها بۆ دابینکردنى پێداویستییە زانستى و کارگێڕییەکان و پەرەپێدانى تواناى منداڵان، قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و کارمەندانى دیکەى دامەزراوەکە دەبێت و بۆ سوودى کەسى بەکارناهێنرێت.
بیست و یەكەم: دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و تێچووەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، بەڵام لەلایەن کەسانی پەروەردەیی نیشتمانی یان بیانییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت بەڕێوەدەبرێن. 
بیست و دووەم: 
1- قوتابی: ئەو کەسەیە کە لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن.
2- خوێندکار: ئەو کەسەیە کە لە خوێندنگەی ئامادەیی یان بەشی ئامادەیی کۆمەڵگەی پەروەردەیی یان پەیمانگەکانی پەروەردەیی پیشەیی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن. 
بیست و سێیەم: پۆل: ساڵێکی خوێندنی قوتابی و خوێندکارە لە هەرقۆناغێکی خوێندندا. 
بیست و چوارەم: قوتابخانەی ئێواران: ناوەندی خوێندنی ئێوارانی حکومییە، بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی دەرنەچوونی دوو ساڵ لەسەریەک لە خوێندنی ڕۆژ یاخود بەهۆی تێپەڕبوونی تەمەنی یاساییان مافی بەردەوامبوونیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕۆژ نییە.
بیست و پێنجەم: مامۆستا: پێشەنگى پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردنە، شیاو و لێهاتووە، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە ئەو مەرج و کارامەییانەى تێدا دەستەبەرە کە بۆ مەبەستى وانە ووتنەوە و پێشەنگى لە دامەزراوەکاندا پێویستە.
بیست و شەشەم: مامۆستای پەروەردەی تایبەت: مامۆستاى پسپۆرە لە پەروەردە و فێرکردنى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لە پڕۆسەى پەروەردەى پیشوەختى قۆناغى باخچە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا .
 بیست و حەوتەم: بەڕێوەبەری دامەزراوە: ئەو کەسەیە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی پێ دەسپێردرێت. 
بیست و هەشتەم: یاریدەدەری بەڕێوەبەر: ئەو کەسەیە کە ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پێدەسپێردرێت. 
بیست و نۆیەم: ڕێنماییکارى پەروەردەیى: ئەو فەرمانبەرەیە کە خاوەن پسپۆڕییە لە یەکێک لە بوارەکانى دەروونناسى، کۆمەڵناسى، ڕێنماییکردنى پەروەردەیی یان کارى کۆمەڵایەتى یان هەر پسپۆڕییەکى دیکەى هاوشێوە، و ئەرکى ڕێنماییى دەروونى و پەروەردەیى و هۆشیارى کۆمەڵایەتى لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بۆ چارەسەرى کێشە دەروونى، کۆمەڵایەتى یان ڕەفتارییەکانى قوتابیان و خوێندکاران ڕادەسپێردرێت.
سییەم: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی: ئەوفەرمانبەرەیە کە بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەرکی ڕێنمایی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت.
سی و یەكەم: پلانی فێرکردن: دیدگا گشتیەکانی پەروەردە و فێرکردنە، کە لە بنەما گشتی و فەلسەفییەکانی پەروەردە وفێرکردنى هاتوو لەم یاسایەدا سەرچاوە دەگرێت و بەها و بنەماکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر بنیاتدەنرێت.
سی و دووەم: کتێبەکانی خوێندن: کتێبەکانی خوێندنی هەر بابەتێکە کە وردەکارییەکەی لە پلانی فێرکردنەوە سەرچاوەی گرتووە. 
سی و سێیەم : پرۆگرامی خوێندن: بەشێکە لە پلانی فێرکردن، کە پەیوەستە بە پۆلێک یاخود بازنەیەکی خوێندنی دیاریکراو، کتێبەکانی خوێندن لە هەر بابەتێک لە قۆناغی یان بازنەی پەیوەندیدار، کتێبەکانی ڕاهێنان و ڕێبەری مامۆستا و ڕێبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، سیستەمی تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن لەخۆدەگرێت.  
سی و چوارەم: بەخێوکار: ئەو کەسەی بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵ، قوتابی و خوێندکار، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە ئەستۆ دەگرێت. 
سی و پێنجەم: ئەنجومەنی بەخێوکاران: ئەو ئەنجومەنەیە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن بەخێوکارانەوە پێکدەهێنرێت.
سی و شەشەم: پەروەردەی تایبەت: بریتیە لە کۆمەڵێک بەرنامەی پەروەردەیی تایبەت، کە دەبێت بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین بکرێت، بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی خوێندنیان، لە ڕێگەی ئەو هۆکارانەى خوێندن کە لەگەڵ تواناکانیاندا دەگونجێت.
سی و حەوتەم: قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت: ئەو قوتابى و خوێندکارانەن کە بە هۆکارێکى تەندروستى، دەروونى یان فیزیکى، بەبێ بایەخپێدانى تایبەت ناتوانن چالاکییە ڕۆژانەکانى پڕۆسەى خوێندن هاوشێوەى هاوپۆلەکانیان، ڕایى بکەن. 
سی و هەشتەم: پەروەردە و فێرکردن: ئەو پرۆسەیەیە کە بەپێی پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکان، لەژێر چاودێری مامۆستا، بەمەبەستی بەهرەمەندبوونی قوتابی و خوێندکاران بە زانست و تێگەشتن و بنیاتنانی بەهاکان، هاوتەریبى خوێندنەوەى ڕەخنەگرانەى دەقەکان، لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بەڕێوەدەچێت. 
سی و نۆیەم: بەشە وانە: پرۆسەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنە، لە پۆل و لەژێر سەرپەرشتی مامۆستا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت.  
چل: دڵنیایی جۆری: ئەو ڕێکارانەیە کە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی ئەم یاسایە دەگیرێتەبەر.  
چل و یەكەم: خوێندنی خێرا: ئەو خویندنەیە کە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی فێربوونە بۆ ئەوانەی لە تەمەنی یاساییدا لە خوێندن بەردەوام نەبوون یان هەر پەیوەندیان بە قوتابخانەوە نەکردووە، لە ڕێگەی ئامادەکردنیان لە ماوەی (٥) پێنج ساڵ یان زیاتر، بۆ ئەوەی بەپێی تەمەنەکانیان بگەنەوە سەر ڕێچکەی خوێندنی پەیڕەوکراو. 
چل و دووەم: نەهێشتنی نەخوێندەواریی: بنیاتنانی توانستەکانی خوێندنەوە و نووسین و بنەماکانی ژمارەکارییە، بۆ ئەو کەسەى کە هەر نیەتى و تەمەنیشى لە (16) شازدە ساڵ زیاترە.  
چل و سێیەم: شوێنی حەواندنەوەی قوتابیان: ئەو شوێنانەن کە لە دواى تەواوبوونى دەوامى فەرمى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بۆ ئەو قوتابیانەى تەمەنیان لە (14) چواردە ساڵ  کەمترە و بەهۆى کارى بەخێوکاریان ناتوانن لە کاتى تەواوبوونى دەوامى قوتابخانە ڕاستەوخۆ بڕۆنەوە ماڵەوە.  
چل و چوارەم: دیداری گەشە: بریتیە لە دیدارێک کە لە قوتابخانە و خوێندنگە بە ئامادەبوونی مامۆستا، بەخێوکار و قوتابی یان خوێندکار بۆ تاوتوێکردنی باری خوێندن و بەمەبەستی دروستکردنى لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی تواناکانی قوتابی و خوێندکار و باشترکردنی بارودۆخی خوێندنیان، ئەنجام دەدرێت.  
چل و پێنجەم: قوتابخانە و خوێندنگەی بەهرەداران و تایبەتمەند: بریتییە لە قوتابخانە و خوێندنگەی بەهرەداران، یان تایبەتمەند بە هونەر یان وەرزش یان هەر بابەتێکی دیکە، کە وەزارەت ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەیان دەدات.
چل و شەشەم: مۆڵەت: ئەو ڕێگەپێدانەیە کە لەلایەن وەزارەتەوە و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ڕێنماییەکانی، بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دەدرێت.


بەشى دووەم
بنەما گشتى و فەلسەفییەکانى پەروەردە و فێرکردن
تەوەرى یەکەم
بنەما فەلسەفییەکانى پەروەردە و فێرکردن
مادده‌ی (2)
یەکەم: پەروەردە و فێرکردن میکانیزمى تواناسازى و بنیاتنەرى تاکێکى کوردستانى خوێندەوار و هۆشیار و داهێنەرە، بە ئاراستەى گەشەپێدانى کۆمەڵگەیەک کە پرنسیپەکانى دیموکراتى، بنەماکانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و یەکسانى نێوان هەردوو ڕەگەز، گیانى پێکەوە ژیانى ئاشتییانە و مرۆڤدۆستى و خۆشەویستى خاک و پاراستنى ژینگەى تێیدا گەشە بکات.
دووەم: قوتابى و خوێندکار تاکى خاوەن خواستى فێربوون و توانستى و شیکردنەوە و ڕەخنەگرتنن، تواناى تێگەیشتن و قبوڵکردنى دیدوبۆچوونى جیاواز و گوزارشت لە خۆکردنى ئازاد و بوێرانەیان هەیە، ئامادەن بۆ کارکردنى داهێنەرانە و جێبەجێکردنى کارامەییە بنەڕەتییەکان و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى لە داهاتوودا.
سێیەم: گەشەپێدانى گیانى ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیى و کۆمەڵایەتییە باڵاكانی کۆمەڵگەى کوردستانى لە پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن، و ڕاهێنانى قوتابى و خوێندکار لەسەر متمانە بەخۆبوون و داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان لە چوارچێوەى دەستور و یاسا کارپێکراوەکان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکاندا.

تەوەرى دووەم
بنەما گشتییەكانی پەروەردە و فێركردن

مادده‌ی (3)
یەکەم: فێربوون مافێکی دابینکراو و بەخۆڕاییە لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، نابێت هیچ تاکێک کە مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت لەو مافە بێبەش بکرێت. 
دووەم: زمانی کوردی زمانی فەرمیی خوێندنە لە سەرجەم دامەزراوەکاندا، جگە لەو دامەزراوانەی کە تایبەتن بە پێکهاتەکان وەک تورکمان، سریان کلدان ئاشور، ئەرمەن و عەرەب کە خوێندن تێیاندا بە زمانی دایک دەبێت، لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە بەپێی  حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتیان پێدراوە بە زمانێکی دیکە بخوێنن.  
سێیەم: قوتابی و خوێندکار بە چەقی  هەردوو پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن هەژمار دەکرێن. 
چوارەم: مامۆستا پێشەنگی سەرەکییە بۆ پەروەردە و هاندانی گیانی فێربوون و داهێنان، و گەیاندنی زانیاری و توانستە جۆراوجۆرەکان بە قوتابیان و خوێندکاران، و پێویستی بە پەرەپێدانی خودی بەردەوام هەیە و دەبێت شکۆى پارێزراو بێت.
پێنجەم: بەکارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و هەموو جۆرەکانی جیاکاریی و  خراپ مامەڵەکردن لە دامەزراوەکاندا، قەدەغەیە. 
شەشەم: پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە پەرەوەردەییە حکومیەکاندا لەسەر هەمان سیستم و بەها و میکانیزم بەڕێوەدەچێت.  
حەوتەم: وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان لەلایەن قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە حکومیەکان، بەمەبەستی خوێندن، قەدەغەیە. 
هەشتەم: وەزارەت سیستمى شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان لە بەڕێوەبەردندا، بۆ مەبەستى پێدانى دەسەڵاتى زیاتر بە بەڕێوەبەرایەتى دامەزاراوە پەروەردەییە حکومییەکان پیادە دەکات.

بەشی سێیەم
ئامانجە گشتی و هاوبەشەكانی پەروەردە و فێركردن 
مادده‌ی (4)
یەکەم: فێرکردن و گەشەپێدان و بنیاتنانی تواناکانى نەوەیەکی بەهرەمەند بە زانست.
دووەم:  بنیاتنانى هەستى پابەندبوون لە تاکدا، بە جۆرێک کە شانازی بە نیشتیمان و مێژوو و کلتوری کوردستانی خۆی بکات و لە بنیاتنانی وڵاتەکەیدا بەشدار بێت.  
سێیەم: پەرەپێدانی بەهاکانی دیموکراسى، ئاشتی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز، ڕێزگرتنی ئایین و نەتەوەکان، ئازادیی تاک، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە. 
 چوارەم: گەشەپێدانی توانستەکانی قوتابی و خوێندکار، تا ببن بە هاونیشتیمانییەکی خوێندەوار، داهێنەر، چالاک، خاوەن هۆشیاری و کەسایەتی سەربەخۆ. 
پێنجەم: گەشەپێدانی توانای نەوەکان بۆ ئامادەکردنیان تا بەشداری لە ژیانی گشتی کۆمەڵگە و بازاڕی کار و پێشکەوتنی هەرێمدا بکەن.  
شەشەم: ئامادەکردن و هاندانی قوتابیان و خوێندکاران تا بەردەوام بن لە خوێندن لە قۆناغی بەرزتردا.  
حەوتەم: گرنگیدان بە پەروەردەی وەرزشی و هونەری و جەستەیی قوتابیان و خوێندکاران. 
هەشتەم: کارکردن بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریی و ڕەخساندنی هەلی فێربوون و گەڕاندنەوەی دابڕاوان بۆ ناوەندەکانی خوێندن.  
نۆیەم: هێنانەئارای کۆمەڵگەیەک کە بڕوای بە ئاوێتەکردنی پەروەردەیی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەبێت، بەپێی بنەماکانی یەکسانی، بۆ ئەوەی فێرکردنێکی ئاست بەرزیان بۆ دابین بکرێت. 
دەیەم: بەهێزکردنی تواناکانی قوتابیان و خوێندکاران بۆ بیرکردنەوەی زانستی، ئەنجامدانی توێژینەوە و تاقیکردنەوەکان، بەکارهێنانی سەرچاوەی زانستی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو.
یازدەیەم: هەوڵدان بۆ ڕاهێنانی قوتابی و خوێندکار لەسەر شێوازە هاوچەرخەکانی خوێندن و پەرەپێدانی توانستی پیشەیی خوێندکاران و ئامادە و مەشقپێکردنیان، بە ئاراستەی گونجاندنی تواناکانیان لەگەڵ پیشەیەکی دیاریکراوی پێویست لە بازاڕی کاردا.





دەروازەی دووەم
دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكان

بەشی یەكەم
باخچەی منداڵان

تەوەرى یەكەم
بنەماكان
مادده‌ی (5)
باخچەی منداڵان قۆناغێکی ئارەزوومەندانەیە، (2) دوو ساڵ بەر لە خوێندنی بنەڕەتی دەستپێدەکات، منداڵان بۆ خوێندنی بنەڕەتی ئامادە دەکات، و هەموو ئەو منداڵانەی تێدا وەردەگیرێن کە لە ڕۆژی دەستپێکردنیان لە باخچە یان رۆژی (31)ی کانونی یەکەمی ئەو ساڵە، تەمەنیان گەیشتبێتە (4) چوار یان (5) پێنج ساڵ. 

تەوەرى دووەم
ئامانجە تایبەتییەكانی باخچەی منداڵان
مادده‌ی (6)
ئامانجە تایبەتییەکانى باخچەى منداڵان بریتین لە:-
یەکەم: کارکردن بۆ گەشەپێدانی کەسێتى منداڵ، بە تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵانی دیکە لە ژینگەی دەرەوەی بازنەی خێزان و پیادەکردنی چالاکی پەروەردەیی چێژبەخش و فێرکردنی سوودبەخش. 
دووەم: بەدەستهێنانی بنەما بەراییەکانی خوێندنەوە و نووسین و ژماردن، هاندانی هەستی جوانناسی و هونەر و پەرەپێدانی کارامەیی جەستەیی.  
مادده‌ی (7)
وەزارەت باخچەی منداڵانی نوێ دەکاتەوە و پشتیوانی پەرەپێدانی باخچەی منداڵان دەکات و کەرتی تایبەت بۆ کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی هاندەدات. 
مادده‌ی (8)
یەکەم: پێویستە ژمارەی منداڵان لە هەر پۆلێک لەگەڵ ڕووبەری پۆلەکەدا گونجاو بێت، و ژینگەیەکی لەباری تێدا دەستەبەر بکرێت. 
دووەم: ئەگەر باخچەی منداڵان یەک دەوام بوو دەبێت دەوامی ڕۆژانەی لە شەش کاتژمێر کەمتر نەبێت، و ئەگەر دوو دەوام بوو دەبێت دەوامی ڕۆژانەی باخچە لە پێنج کاتژمێر کەمتر نەبێت. 

بەشی دووەم
خوێندنی بنەڕەتی

تەوەرى یەكەم
بنەماكانی خوێندنی بنەڕەتی
مادده‌ی (9)
یەکەم: هەر منداڵێک لە ڕۆژى (31)ى کانوونى یەکەم تەمەنى بگاتە (6) شەش ساڵ، پێویستە لەلایەن بەخێوكارەكەیەوە لە قوتابخانەیەکى بنەڕەتى بخرێتە بەر خوێندن.
دووەم: خوێندنى بنەڕەتى پەیڕەوکراو، بۆ هەموو تاکێک کە تەمەنى (16) شازدە ساڵى تەواو نەکردبێت پابەندکراوە و پێویستە قوتابى پێش ئەوەى تەمەنى (19) نۆزدە ساڵى تێپەڕبکات ئەو خوێندنەى تەواوکردبێت.

تەوەرى دووەم
ئامانجەكانی خوێندنی بنەڕەتی
مادده‌ی (10)
یەکەم: بنیاتنانى بنەماکانى پەروەردە، خوێندن، نووسین و ژماردن لاى قوتابیان، و پەرەپێدانى کارامەییە سەرەکیەکانیان، بەتایبەت کارامەیی زمانزانى، ژماردن، هونەر، جووڵە و چالاکى زانستى. 
دووەم: فێرکردنى بنەماکانى هاونیشتیمانى بوون، مەدەنیەت، لێبووردەیى و قبوڵکردنى جیاوازى، هاندانى قوتابیان بۆ بەهێزکردنى توانستى دەستپێشخەرى، کۆششکردن، پشوودرێژى، و پاراستنى بەها باڵاکانى ڕەوشت و ڕەفتار.
تەوەرى سێیەم
خوێندنی پابەندكراو
مادده‌ی (11)
یەکەم: هیچ بەخێوکارێک مافى ئەوەى نیە كە ڕێگە لە خستنەبەر خوێندنى منداڵ لە قوتابخانەیەکى خوێندنى بنەڕەتى و بەردەوامبوون تێیدا، بگرێت، تەنها بە پاساوى تەندروستى و لە ڕێگەى ڕاپۆرتى پزیشکى پەسەندکراو لەلایەن لێژنەى تەندروستى تایبەتمەندەوە نەبێت، و هەر ڕاپۆرتێکیش تەنها بۆ یەک ساڵى خوێندن کاریپێدەکرێت و دەبێت ساڵانە نوێ بکرێتەوە.
دووەم: هەر بەخێوکارێک بەدەر لە حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ڕێگە لە چوونە بەر خوێندن یان بەردەوامبوونى خوێندنى منداڵێک بگرێت، دواى ئاگادارکردنەوەى بۆ یەکجار و پابەندکردنى بە ناردنى منداڵەکە بۆ قوتابخانە، بە پێبژاردنێک کە بڕەکەى لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت سزا دەدرێت، و لە کاتى دووبارەکردنەوەى سەرپێچییەکە سزاکەى دەبێت بە دوو هێندە، بە ڕەچاوکردنى هەر سزایەکى توندتر کە لە یاسا بەرکارەکانى هەرێمدا هاتووە.

تەوەرى چوارەم
بازنەكانی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی
مادده‌ی (12)
خوێندنى بنەڕەتى لە سێ بازنەى خوێندن پیکدێت:-
یەکەم: بازنەى یەکەم كە پۆلەکانى یەکەم، دووەم و سێیەم لە خۆدەگرێت، قوتابخانە بە پەیڕەوکردنى سیستمى مامۆستاى پۆل پابەندە، قوتابى لە هەر بابەتێکى خوێندندا کارتى هەڵسەنگاندنى پێدەدرێت و دەرنەچوون لەم بازنەیەدا بوونى نابێت.
 دووەم: بازنەى دووەم كە پۆلەکانى چوارەم، پێنجەم و شەشەم لە خۆدەگرێت، تێیدا سیستمى مامۆستاى بابەت پیادە دەکرێت، هەر بابەتێکى خوێندن لەلایەن مامۆستاى پسپۆڕى بابەتەکەوە دەوترێتەوە، قوتابیان کارتى نمرەیان پێدەدرێت و دەرنەچوون لە هەمان پۆل بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بوونى دەبێت.
سێیەم: بازنەى سێیەم كە پۆلەکانى حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم لە خۆدەگرێت، تێیدا سیستمى مامۆستاى بابەت پیادە دەکرێت، قوتابیان کارتى نمرەیان پێدەدرێت و دەرنەچوون لە هەمان پۆل بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بوونى دەبێت.

بەشی سێیەم
خوێندنی ئامادەیی
تەوەری یەكەم
بنەماكانی خوێندن

مادده‌ی (13)
دوای تێپەڕاندنی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی لە هەموو بابەتەکانی خوێندن بەسەرکەوتوویی، قوتابی مافی هەیە پەیوەندی بە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی حکومی بێ بەرامبەر بکات، بە مەرجێک تەمەنی لە (20) بیست ساڵ  تێپەر نەکات و پێویستە خوێندکار بەر لە تێپەڕبوونی تەمەنی (24) بیست و چوار ساڵی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردبێت. 

تەوەرى دووەم
ئامانجەكانی خوێندنی ئامادەیی
مادده‌ی (14)
یەکەم: بەهێزکردنی توانستى خوێندکار لە ڕووى بیرکردنەوە، توێژینەوە، تاقیکردنەوە، بەکارهێنانی سەرچاوە زانستییەکان و شێوازە هاوچەرخەکانى خوێندن و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و هاندانى بۆ ئەوەى ئازادانە کار و کۆشش و هەماهەنگى لەگەڵ کەسانى دیکەدا بکات.
دووەم: بنیاتنانی کەسێتى خوێندکار لە ڕێگەى پڕۆگرام و پلانى تایبەتەوە، بۆ بەشداریکردنى ئەرێنی لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا و قبووڵکردنى جیاوازى و پێکەوەژیانى و ئاشتییانە.
چوارەم: گەشەپێدانی توانستى پیشەیى خوێندکارانى بەشە پیشەییەکان و ئامادەکردن و مەشقپێکردنیان بۆ بازاڕى کار. 



تەوەرى سێیەم
بەشەكانی خوێندنی ئامادەیی
مادده‌ی (15)
یەکەم: قۆناغى خوێندنى ئامادەیى لە بەشەکانى زانستى، وێژەیى و پیشەیى پێکدێت، و پسپۆڕییەکانى بەشى پیشەیى بەپێى پێویستى بازاڕى کار، و پسپۆڕییەکانى بەشى زانستى و وێژەیى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیارى لێدەدرێت.
دووەم: ئەنجومەنى وەزارەت دەتوانێت بەپێى پێویستى، خوێندنگەى ئامادەیى پیشەیى حکومى بۆ پەیمانگاى پەروەردەیى پیشەیى (5) پینج ساڵە بگۆڕێت.
سێیەم: خوێندکارى ئامادەیى مافى گۆڕینى بەشەکەى بۆ بەشێکى دیکە هەیە، ئەگەر مەرجەکانى بەشە نوێکەى تێدابێت، و ئامادەبێت سەر لەنوێ گشت پۆلەکانى ئەو بەشە بخوێنێتەوە.

تەوەرى چوارەم
پڕۆژەی ئامادەیی و تەواوكردنی خوێندن
مادده‌ی (16)
یەکەم: خوێندکاری پۆلی یازدەیەمی ئامادەیی زانستی و وێژەیی دەبێت پرۆژەیەکی زانستی یان وێژەیی یان کۆمەڵایەتی بە ناوی پرۆژەی ئامادەیی، ئەنجام بدات. 
دووەم: ئەو خوێندکارەی زانستی و وێژەیی کە پرۆژە ئەنجامنادات یاخود نمرەی خوار (50%) پەنجا لە سەد لە پرۆژەکەی وەردەگرێت، بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت.  
سێیەم: خوێندکاری پۆلی یازدەیەمی پیشەیی لە جیاتی پرۆژەی ئامادەیی دەبێت بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان لە بوارەکەی خۆیدا بکات کە لە (١٤) چواردە ڕۆژی پشووی هاوین کەمتر نەبێت.

مادده‌ی (17)
بۆ تێپەڕکردنی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، دەبێت خوێندکار تەواوی بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندنی تەواوكردبێت و لە تەواوى تاقیکردنەوەکانیش دەرچووبێت. 
مادده‌ی (18)
وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە و کەرتی تایبەت، کاردەکات بۆ بەستنەوەی خوێندنی ئامادەیی پیشەیی بە بازاڕی کار لەلایەک و خوێندنی باڵا لەلایەکی دیکە.
بەشی چوارەم
پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەكان
تەوەری یەكەم
بنەماكانی خوێندن لە پەیمانگە پەروەردییە پیشەییەكان
مادده‌ی (19)
یەکەم: دوای تەواوكردنی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی بەدەرچوون لە هەموو بابەتەکانی خوێندن، خوێندکار مافی هەیە بێ بەرامبەر لە پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی دەست بە خوێندن بکات، ئەگەر مەرجەکانی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی پەیوەندیداری تێدا بێت و تەمەنیشی لە (٢٠) بیست ساڵ زیاتر نەبێت.
 دووەم: خوێندکار بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مافی بەردەوامبوونی خوێندنی لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە حکومییەکان هەیە، بە مەرجێک تەمەنی لە (٢٨)  بیست و هەشت ساڵ تێپەر نەکات. 
سێیەم: وەرگرتنی خوێندکار لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە جیاوازەکان، بەپێی ڕێنمایی دەبێت کە ئەنجومەنی وەزارەت پێش کۆتایی مانگی ئازاری هەر ساڵێک بڕیاری لێ دەدات و وەزیر دەریدەکات. 



تەوەری دووەم
ئامانج لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەكان
مادده‌ی (20)
یەکەم: ئامادەکردنی خوێندکار بۆ پیشەیەکی دیاریکراو لە بازاڕی کاردا.  
دووەم: بەهێزکردنی تواناکانی خوێندکار سەبارەت بە گەشەکردنی بیرکردنەوەی زانستی، قوڵبوونەوەی توانستی توێژینەوە و تاقیکردنەوە، پیادەکردنی پرۆگرامی خوێندن، بەکارهێنانی سەرچاوەکان و ڕاهاتن لەسەر شێوازە هاوچەرخەکانی خوێندن و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو.  
سێیەم: بنیاتنانی بناغەیەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی کەسایەتی خوێندکار و بەشداریکردنی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هاندانی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، گەشەپێدانی توانستە زانستییەکانی، بایەخپێدانی تا بتوانێت سەربەخۆیانە کار بکات و توانای هەماهەنگی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبێت. 

تەوەری سێیەم
پڕۆژەی پەیمانگەی پەروەردەیی و پیشەیی

مادده‌ی (21)
خوێندکاری پۆلی چوارەمی پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، دەبێت یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرێت:-
یەکەم: پرۆژەیەکی زانستی یان پیشەیی بە ناوی پرۆژەی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی ئەنجام بدات، ئەو خوێندکارەی لە پرۆژەکەیدا نمرەی پێویستی بەدەست نەهێنا بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت.   
دووەم: بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان کە لە (١٤) چواردە ڕۆژی پشووی هاوین کەمتر نەبێت بکات، ئەو خوێندکارەی پابەندی بەشداربوونی تەواو نەبێت، بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت.


مادده‌ی (22)
پێویستە وەزارەت بە هاریکاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیكە و کەرتی تایبەت، کار بکات بۆ ئەوەی خوێندن لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لەگەڵ بازاڕی کار لەلایەک و خوێندنی باڵاش لەلایەکی دیكەوە بگونجێنێت. 
بەشی پێنجەم
حوكمە هاوبەشەكان
تەوەری یەكەم
بنەما هاوبەشەكان
مادده‌ی (23)
یەکەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکان وفەرمانبەرانیان، کار لە پێناو جێبەجێکردنی بنەما و ستانداردەکانی دڵنیایی جۆری و بەدەستهێنانی متمانەی دامەزراوەیی و متمانەی پرۆگرامەکاندا، بکەن. 
دووەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی ناوێکی جیاکەرەوەی هەبێت، و نابێت دامەزراوە هەمان ناو یان هەمان ناوی لێکدراوی دامەزراوەیەکی دیکەى لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە هەبێت. 
مادده‌ی (24)
یەکەم: پێویستە دامەزراوەکان پلانی ساڵانەیان بۆ گەشەپێدانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەبێت. 
دووەم: پێویستە سەرجەم مامۆستایان پلانی ساڵانە و وەرزانە بۆ ئەو بابەتانەی لە ئەستۆیانە دابڕێژن، خشتە و چالاکییە پلان بۆ دانراوەکان لەخۆبگرن و لە هەفتەی یەکەمی هەموو وەرزێکی خوێندندا بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا دابەش بکرێن. 
سێیەم: دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی، پاش وەرگرتنی مۆڵەتی وەزارەت، دەتوانێت لە پۆلدا سوود لە دوو مامۆستا وەربگرێت، کە یەکێکیان دەبێت بە مامۆستای سەرەکی و ئەوەی دیکەش دەبێتە مامۆستای هاوکار.  
مادده‌ی (25)
یەکەم: ئەرکی دامەزراوەکانە تێڕوانینیان لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە هەر قوتابی و خوێندکارێک ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ فێربوون و داهێنان، و پێویستە پرۆسەی خوێندن توانا و تایبەتمەندی هەر قوتابی و خوێندکارێک وەک تاک بە جیا لە بەرچاو بگرێت. 
دووەم: ئەرکی دامەزراوەکانە پشتیوانی قوتابی و خوێندکار لە ئەستۆ بگرن و کاری بۆ بکەن، بە تایبەتیش پشتیوانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پێویستیان بە هاوکاریی زانستی زیاتر هەیە، دەبێت ئەو پاڵپشتیە لە ساڵانی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتیدا چڕتر بێت. 

تەوەری دووەم
پڕۆگرامەكانی خوێندن و هۆیەكانی فێركردن
مادده‌ی (26)
وەزارەت تایبەتمەندە بەدانانی پرۆگرامەکان و کتێبەکانی خوێندن، گەشەپێدانی شێوازەکانی وانەوتنەوە و کەرەستەکان و هۆیەکانی فێربوون، بەجۆرێک کە کتێبە بنەڕەتییەکانی فێربوونی زمان و زانستەکان و بیرکاری و مێژوو و جوگرافیا و پەروەردەی ئیسلامی و (پەروەردەی مەسیحی و پەروەردەی ئێزیدیایەتی بە پێی تایبەتمەندی) و هونەر و وەرزش، و ئەو بابەتانەی کە وەزارەت دوای هەڵسەنگاندنی زانستی بە پێویستی دەزانێت بۆ گەشپێدانی کارامەیی زانستی و بەهایی قوتابیان و خوێندکاران و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان، بخوێندرێن.


تەوەری سێیەم
وەرز و كاتەكانی خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
مادده‌ی (27)
یەکەم: هەر ساڵێکی خوێندن لە وەرزی یەکەم و دووەمی خوێندندن پێکدێت، و وەرزی یەکەم لە مانگی ئەیلول و وەرزی دووەمیش لە مانگی کانوونی دووەم دەستپێدەکات. لە دۆخی نائاساییدا ئەنجومەنی وەزارەت دەتوانێت بۆ ساڵێکی خوێندن گۆڕانکاری لەو کاتانەدا بکات.  
دووەم: هەر ساڵێکی خوێندن لانیکەم  (١٧٠) سەد و حەفتا ڕۆژی خوێندن لەخۆ دەگرێت، و هەر حەفتەیەک لانیکەم  (٥) پێنج ڕۆژی خوێندن لەخۆ دەگرێت وهەر ڕۆژێکی خوێندن لە (٤) چوار کاتژمێر کەمتر نابێت.  
سێیەم: ئەمانەى خوارەوە پشووەکانى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانن: 
1-	پشووی سەری ساڵی زایینی لە ڕۆژی  (٣٠) سی کانونی یەکەم تا ڕۆژی (٢) دووی کانونی دووەم.
2-	پشووی نیوەی ساڵ، کە دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم دەبێت و نابێت پشووەکە لە یەک هەفتە زیاتر بێت .
3-	پشووی سەری ساڵی کوردی كە لە ڕۆژی (١٩) نۆزدەی ئازار تا  ڕۆژی (٢٤) بیست و چواری ئازار دەبێت.
4-	پشووی هاوین، کە ماوەکەی لە دوو مانگ کەمتر نابێت و بە ڕەچاوکردنی کاتی تاقیکردنەوەکان و دۆخی ناهەموار، دەکرێت بەپێی بریاری ئەنجومەنی وەزارەت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
5-	پشووی جەژنەکان. 
چوارەم : وەزارەت دەتوانێت لە کاتی پێویستدا گۆڕانکاریی لەکاتی پشووەکاندا بکات، بەمەرجێک لەگەل ئەو پشووانە ناکۆک نەبێت کە لە یاسا بەرکارەکان و بڕیارەکانی پەرلەمانی كوردستاندا هاتوون.






تەوەری چوارەم
ڕاگرتنی خوێندن لە بارودۆخی نائاسایدا
مادده‌ی (28)
یەکەم:  لە بارودۆخی نائاساییدا وەزیر دەتوانێت دەوامی دامەزراوەکان بۆ ماوەی (7) حەوت ڕۆژ ڕابگرێت، بە مەرجێک ئەنجومەنی وەزیران لە بڕیارەکە و هۆ و ڕێکارەکانی ڕاگرتنەکە ئاگادار بکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران مافی درێژکردنەوەی ماوەکەی بە درێژایی بارودۆخە نائاساییەکە هەیە.  
دووەم: لە بارودۆخی نائاساییدا بەڕێوبەری گشتیی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەتوانێت دەوامی دامەزراوەکان بۆ ماوەی (2) دوو ڕۆژ ڕابگرێت، بە مەرجێک وەزیر لە بڕیارەکە و هۆ و ڕێکارەکانی ڕاگرتنەکە ئاگادار بکرێتەوە، و وەزیر مافی درێژکردنەوەی ماوەکەی بۆ (7) حەوت ڕۆژ هەیە.

تەوەری پێنجەم
بەشەوانەكانی خوێندن
مادده‌ی (29)
پێش کۆتاییهاتنی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک، دەبێت وەزارەت لانیکەمی ژمارەی وانەکانی خوێندن لە هەر بابەتێکدا و بۆ هەر قۆناغێکی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو دیاریبکات، بە مەرجێک لەگەڵ بازنەکانی خوێندن و چوارچێوەی پرۆگرامی فێرکردندا بگونجێت.

تەوەری شەشەم
پێدانی كتێب و پێداویستییەكانی خوێندن
مادده‌ی (30)
یەکەم: 
1-	ئەرکی وەزارەتە، لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، کتێبەکانی خوێندن بەخۆڕایی، بۆ دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دابین بکات، بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا.
2-	پێویستە وەزارەت لە سەرەتای ساڵی خوێندندا کتێبەکانی خوێندن، بە تێچووی خۆی بەبێ قازانج بۆ ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی حکومی بە کاردێنن دابین بکات، بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا بە خۆڕایی.  
دووەم: ئەرکی وەزارەتە، پێش دەستپێکردنى ساڵى خوێندن پێدوایستیەکانی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، دابین بکات.  
تەوەری حەوتەم
مافی خوێندن بە زمانەكانی دیكە لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومییەكاندا
مادده‌ی (31)
یەکەم: خوێندن بە زمانی عەرەبی، تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی، بۆ قوتابی و خوێندکارانی ئەو پێکهاتانە، لە دامەزراوەى پەروەردەیى حکومی تایبەت بەو زمانانە دابیندەکرێت، بە مەرجێک زمانى دایکى بەخێوکاری قوتابی و خوێندکار زمانى کوردی نەبێت، و ژمارەی قوتابیان و خویندکاران بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی لەو جۆرە گونجاوبێت، وهاوکات زمانی کوردیش لەو ناوەندانە بخوێندرێت.
دووەم: ئەگەر قوتابیەکی بنەڕەتی لە قوتابخانەیەکی حکومی بخوێنێت کە خوێندن تیێدا بە زمانى دایک نەبێت، مافی هەیە بێ بەرامبەر لەسەر داواى بەخێوکار بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بە زمانی دایک بخوێنێت، بە مەرجێک زمانى دایکى بەخێوکارەکەى زمانی کوردى نەبێت، و ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە دەیانەوێت بەو زمانە بخوێنن لە (10) دە قوتابی کەمتر نەبێت.  
سێیەم: وەزارەت دەتوانێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بە زمانە جیهانییەکان بکاتەوە، لەگەڵ پابەندکردنیان بە خوێندنی زمانی کوردی تیایاندا.


تەوەری هەشتەم
قوتابیان و خوێندكارانی خاوەن پێداویستی تایبەت
مادده‌ی (32)
یەکەم: قوتابی و خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت، کە لە چوارچێوەی تەمەنی یاسایی خوێندندایە، مافی خوێندن و دابینکردنی هەلی یەکسان، وەرگرتن و بەردەوامبوونی خوێندنیان لە دامەزراوەکاندا هەیە، بە ڕەچاوکردنی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (35)ی ئەم یاسایە.  
دووەم: پێویستە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن گرنگی بە قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت، بەپێی جیاوازیی توانست و ئامادەباشیان، لەگەڵ دابینکردنی مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت.  
سێیەم: دەبێت وەزارەت پێوەر و هۆکار و کەلوپەلی تایبەت و شێوازی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی گونجاو بۆ قوتابی و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، دابین بکات. 
چوارەم: ئەرکی وەزارەتە ناوەڕۆکی پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکانی خوێندن و بەڵگە پەروەردەییەکان، بۆ میلاکەکانی فێرکردن و چالاکییە تایبەتەکان، کە پەیوەستن بە کتێبەکانی خوێندن، گەشە پێبدات و بیانڕەخسێنێت.
پێنجەم: ئەرکی وەزارەتە کاربکات بۆ پتەوکردنی ڕۆڵی هۆشیاریی کۆمەڵگە و بەشداریپێکردنی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. 
شەشەم:  پێویستە دامەزراوەکان کاربکەن بۆ ئەوەی تەلاری قوتابخانە وخوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانى کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بگونجێنن و ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاویان بۆ دابین بکەن.  
حەوتەم: ئەرکی وەزارەتە ڕێڕەوی خوێندنی جۆراوجۆر، پێداویستی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی، بوارەکانی دیکەی گونجاو لەگەڵ تواناکانیان، بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، دابینبکات.

تەوەری نۆیەم
خوێندنی ئەلكترۆنی
مادده‌ی (33)
وەزارەت لە کاتی پێویست، لەهەر قۆناغێکی خوێندندا بێت، مافی ڕێگەپێدانی بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وئاوێتە بە هەموو جۆرەکانیانەوە، هەیە.  




تەوەری دەیەم
قوتابخانە و خوێندنگەی تایبەتمەند و بەهرەداران
مادده‌ی (34)
یەکەم: وەزارەت مافی کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەی تایبەتمەند و بەهرەدارانی هەیە. 
دووەم: مەرجەکانی تەمەن، وەرگرتن لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی بەهرەداران، چۆنیەتی خوێندن، تاقیکردنەوەکان، کاروباری کارگێڕیی و چۆنیەتی سەرپەشتیکردن، بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پەروەردە دەریدەکات.
سێیەم: دەکرێت مەرجەکانی تەمەن لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی بەهرەداران، بەدەربن لەو مەرجانەی لە ماددەی (9) و (13)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسکراون.




تەوەری یازدەیەم
وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندكاران
مادده‌ی (35)
یەکەم: وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران و تۆمارکردنیان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان دەبێت.  
دووەم: پێویستە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەکی حکومی، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، بە پلەی یەکەم ئەو قوتابی و خوێندکارانە وەربگرن کە دانیشتووی ئەو گەڕەک و ناوچە جوگرافیەن کە قوتابخانە و خوێندنگەکەی تێدایە.  
سییەم: نابێت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، مەرجی پێشوەختە و تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار دابنێن، جگە لە مەرجەکانی توانای زمانەوانی و ئەو مەرجانەی لەم یاسایەدا ڕێگەیان پێدراوە.
چوارەم:
1.	 وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەپێی یەکێک لەم دوو میکانیزمە دەبێت:-
أ.	ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان لا ئاسانترە، لە پۆلی ئاسایی وەک قوتابیانی دیکە وەردەگیرێن، بەڵام مامۆستای تایبەتیان وەک مامۆستای دووەم لە پۆلدا بۆ تەرخاندەکرێت.  
ب.	ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان، بەهۆی ئۆتیزم، داون سیندرۆم، یان ئیفلیجی قورسی مێشک  و هتد، لا قورسترە، لە پۆلێکی تایبەت لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە یان لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی تایبەت وەردەگیرێن و پرۆگرام و مامۆستای تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت. 
2.	وەزیر دەتوانێت منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە مەرجى بەرزترین تەمەنى هاتوو لە ماددەکانى (9) و (13)ى ئەم یاسایە بەدەربکات.
پێنجەم: قوتابیان و خویندکاران مافی گواستنەوەیان لە ناوەندێکى خوێندن بۆ ناوەندێکى دیکەى خوێندن هەیە، بەپێى ئەو مەرجانەی وەزارەت دیاریدەکات.

تەوەری دوازدەیەم
قوتابی و خوێندكاری گەڕاوە لە دەرەوەی هەرێم
مادده‌ی (36)
یەکەم: پێویستە وەزارەت ڕێکاری پێویست بۆ ئاسان وەرگرتنی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دەرەوەی هەرێم دەگەڕێنەوە، بگرێتەبەر.
دووەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دەرەوەی هەرێم دەگەڕێنەوە و پێشتر لە ساڵێک زیاتر لە دەرەوەی هەرێم نیشتەجێ بوون، مافی خوێندنیان هەیە بەم مەرجانەی خوارەوە:-  
1-	نوسراوێکی ڕاستێندراو لەو قوتابخانە یان خوێندنگە یان پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەوە بێنن کە لە دەرەوەی هەرێم لێیهاتوون.
2-	بڕوانامەکانی خوێندنیان پێشکەش بکەن بەمەبەستی هاوتاکردنیان لەلایەن وەزارەتەوە، وەک بنەمایەک بۆ وەرگرتنیان لەو ئاستەی بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەت بە گونجاو دەزانرێت.
سێیەم:
1-	ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لەدەرەوەی هەرێم گەڕاونەتەوە و زمانی کوردی یان عەرەبی یاخود هەردووکیان باش نازانن، بۆ ماوەی (٢) دوو ساڵ لە دەرچوون لەو بابەتانە دەبەخشرێن، بە مەرجێک لەناو پۆلى خوێندنى زمانەکان بەشداربن، و پۆلى دوازدەش لە نێو ئەو (2) دوو ساڵەدا نەبێت کە لە دەرچوون دەبەخشرێن.
2-	ئەو قوتابى و خوێندکارانەى بەخێوکارانیان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو لە هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى نێردە دیبلۆماسی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەمێننەوە، لە حوکمى خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە بەدەردەکرێن و وەزیر بە ڕێنمایى شێوازى خوێندن و دەرچوونیان لە زمانەکانى کوردى و عەرەبى ڕێکدەخات.

تەوەری سیازدەیەم
كار و ڕەفتارە ڕێپێنەدراوەكان
مادده‌ی (37)
یەکەم: ئەو کار و ڕەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردە و فێرکردن ناگونجێن، لەدامەزراوەکاندا ڕێپێنەدراون، بەتایبەتیش ئەمانەی خوارەوە:- 
1-	هەڵگرتنی چەک و ئامێری بریندارکەر و مەترسیدار. 
2-	جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان بەهەموو جۆرەکانیەوە.
3-	چالاکی دوور لە پەروەردە و فێرکردن و ڕێکلامی بازرگانی و چالاکی سیاسی. 
4-	بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی و ڕەفتاری یەکتر شکاندن. 
5-	بەکارهێنان و خستنەڕووی ئەو دروشمانەی لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلی کوردستان ناگونجێن.  
دووەم: ئەو کەسەی سەرپێچی خاڵەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە دەکات، بەپێی ڕێنمایی وەزارەت سزای کارگێڕی دەدرێت، بێ ئەوەی ڕێگە لە هەر سزایەکی دیکە بگرێت ، کە لە یاسایەکی دیکەی بەرکاردا دەقنووسکراوە. 
سێیەم: بنەماکانی پەیڕەوی خوێندن و ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی قوتابیان و خوێندکاران بەپێی ڕێنمایی وەزارەت ڕێکدەخرێن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە سزای دوورخستنەوەی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی لەماوەی یەک ساڵی خوێندندا نابێت لە (10) دە رۆژ زیاتر بێت. 
مادده‌ی (38)
سیستمى یەکپۆشى بۆ قوتابیان و خوێندکاران لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا پەیڕەو دەکرێت، وەزارەت بە ڕێنمایى شێوازەکەى دیاریدەکات، و هەر گوڕانکارییەکیش بکات، دەبێت پێش کۆتاییهاتنى مانگى ئایار گشت دامەزاروە پەروەردەییەکانى لێ ئاگادار بکاتەوە.
مادده‌ی (39)
پێویستە قوتابی و خوێندکار لە وانەکان ئامادە و بەشداربن، لانی زۆری ڕۆژانی ئامادەنەبوونی قوتابی و خوێندکار، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخڕێت کە لەلایەن وەزیرەوە دەردەکرێت. 

تەوەری چواردەیەم
ژمارەی بازنە، قۆناغ و پۆل، و تەلار و كتێبخانە لە دامەزراوەكاندا

مادده‌ی (40)
یەکەم: پێویستە هەموو قوتابخانەیەکی خوێندنی بنەڕەتی لە یەک بازنەی خوێندن کەمتر لە خۆ نەگرێت، جگە لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.  
دووەم: پێویستە هەموو خوێندنگەیەکی ئامادەیی هەر سێ پۆلەکانی دەیەم، یازدەیەم و دوازدەیەم لەخۆ بگرێت، لە کاتی کردنەوەی خوێندنگەیەکی نوێ دەکرێت بە یەک پۆل دەستپێبکرێت.  
سێیەم: پێویستە هەموو پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی هەر (5) پێنج قۆناغەکانی خوێندن لەخۆ بگرێت، لە کاتی کردنەوەی پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی نوێ دەکرێت بە قۆناغی یەکەم دەستپێبکرێت.  
مادده‌ی (41)
یەکەم: دەکرێت باخچەی منداڵان پاشکۆی قوتابخانە و خوێندنگە بێت و بەشێکی تەلاری قوتابخانە یان خوێندنگەکە بەکاربهێنێت، بەمەرجێک پەرژینێک یاخود بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت.  
دووەم: دەکرێت تەلاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردن لە پۆلی یەکەمی خوێندنی بنەڕەتی تا پۆلی دوازدەیەمی ئامادەیی لەخۆ بگرێت، بە مەرجێک بەربەستێک یاخود ڕێگرێک لە نێوان قوتابیان و خوێندکاراندا هەبێت.  
سێیەم: لە تەلاری کۆمەڵگەی پەروەردەییدا، دەبێت بەربەستێک یاخود ڕێگرێک لەنێوان منداڵان و قوتابیان و خوێندکاراندا هەبێت.  
مادده‌ی (42)
دەبێت دامەزراوەکان کتێبخانەیان هەبێت، پەڕاویى یان ئەلیکترۆنى یان هەردووکیان، لە ئەگەرى نەبوونیدا کارئاسانى بۆ گەیشتنى قوتابیان و خوێندکاران بە نزیکترین کتێبخانە یان دەستگەیشتنیان بە کتێبخانەى ئەلیکترۆنى دەکرێت، و وەزیر بە ڕێنمایى ئەم بابەتە ڕێکدەخات.




تەوەری پازدەیەم
ئەنجومەنی بەخێوكارانی قوتابیان و دیداری گەشە
مادده‌ی (43)
یەکەم: بە مەبەستى پشتگیریکردنى منداڵەکانیان و پەرەپێدانى دامەزراوەکە، بەخێوکاران دەتوانن ئەنجومەنى بەخێوکارانى دامەزراوە پێکبهێنن، کە لە (3-9) بەخێوکار پێکدێت و بۆ هەر ساڵێکى خوێندن یەکێکیان سەرۆکایەتى دەکات.
دووەم: ئەنجومەنى بەخێوکاران بە هەماهەنگى دامەزراوە دەتوانێت ئامانج و پلانى کارى خۆى دابڕێژێت، و بۆ تاوتوێکردنى دۆخى خوێندنى قوتابى و خوێندکار و بە مەبەستى دروستکردنى لێکتێگەیشتنى هاوبەش کۆبوونەوەى خۆى لە کاتى پێویستدا دەکات، و ئەرکى بەڕێوەبەرى دامەزراوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە کارئاسانیان بۆ بکات.
مادده‌ی (44)
دەبێت قوتابخانە و خوێندنگەکان لە ناوەڕاستى هەر وەرزێکى خوێندندا، بە بەشدارى مامۆستا، بەخێوکار، قوتابى و خوێندکار، دیدارى گەشە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى خوێندنى قوتابى و خوێندکارانیان، بە ئاڕاستەى لێکتێگەیشتنى هاوبەش بۆ پەرەپێدانى تواناکانیان و باشترکردنى ئاستى خوێندنیان ڕێکبخەن.

تەوەری شازدەیەم
تۆمارەكانی دامەزراوە حكومییەكان
مادده‌ی (45)
یەکەم: ئەرکی گشت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانە، ژمارەیەک تۆماریان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت، هەبێت.
دووەم: دەبێت دامەزراوەکان دۆسیەیان سەبارەت بە هەر قوتابی و خوێندکارێک هەبێت، دۆسیەکە هەر لە سەرەتای خوێندنەوە زانیاریی سەبارەت بە قوتابی و خوێندکار و چۆنیەتی هاوکاریکردنی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خوێندنی ئەو قوتابی و خوێندکارەی تێیدا تۆمار دەکرێت، و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت دەتوانێت سیستمی ئەلیکترۆنی بەگەڕبخات.

تەوەری حەڤدەیەم
چێشتخانە و فرۆشگە لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
مادده‌ی (46)
یەکەم:
1-	 هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی، مافی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگەی بۆ قوتابی و خوێندکارانی دامەزراوەکە هەیە، بە مەرجێک پەسەندنامەی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەربگیرێت. 
2-	لە کاتی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگە دەبێت خواردەمەنییەکان تەندروست و بە نرخێکی گونجاو بن، کە پێشوەختە و ساڵانە لەلایەن دامەزراوەکە، یاخود لیژنەیەکی وەزارەت پەسەند دەکرێت.  
دووەم: ئەرکی ئەنجومەنی دامەزراوەکەیە زیادکردنی  ئاشکرا بۆ بەکرێدانی چێشتخانە و فرۆشگەکە سازبکات، و وردەکاری ئەم پرسە بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات. 
سێیەم: داهاتی بەکرێدانی چێشتخانە و فرۆشگە، بەپێی ڕێنمایی وەزارەت، و بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی خودی دامەزراوەکە خەرج دەکرێت.
چوارەم: ئەرکی دامەزراوەکەیە چاودێری پابەندبوونی بەڵێندەر بە مەرجەکان و ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی بکات. 








بەشی شەشەم
دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانكراو و نێودەوڵەتییەكان
تەوەری یەكەم 
دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانكراوەكان

مادده‌ی (47)
یەکەم: وەزارەت دەتوانێت بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی ڕادەستى دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بکات بەرامبەر بە تێچووی ساڵانە.  
دووەم:   
1-	دەبێت وەزارەت، بە پێی گرێبەستێک بڕە پارەیەک بۆ ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا ئاماژەی پێکراوە، دابین بکات. 
2-	دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە گشت تێچووەکانی مووچە و کرێی تەلارەکە و تێچووەکانی دیکە لە ئەستۆ دەگرێت.  
سێیەم: ڕادەستکردن، پێدانی تێچووی ساڵانە بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە، شێوازی بەڕێوەبردن، هەلومەرجی کاری فەرمانبەران، شێوازی سەرپەشتیکردن، تاقیکردنەوەکان، بڕوانامەکان و گشت پرسەکانی دیکە، بەپێی گرێبەستی پێشوەختەی نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دەبێت، کە هەر (3) سێ ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە.  
چوارەم: ئەو دامەزراوەر پەروەردەییە ناحکومییانەی بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دەگرنە ئەستۆ، دەتوانن پرۆگرامێکی خوێندنی حکومی یاخود پرۆگرامێکی خوێندنی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو پیادە بکەن. 
پێنجەم: خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەم دامەرزاوانە بە خۆڕاییە.  
شەشەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەیەمی ئامادەیی ئەم دامەزراوانە، بە یەکێک لەم دوو جۆرە دەبێت:-
1-	ئەگەر پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکە یان خوێندنگەکە نێودەوڵەتی بوو، بەڵگەنامەی دەرچوون لەسەر بنەمای تێکڕای دەرچوون لە قوتابخانە یان خوێندنگە و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت.  
2-	ئەگەر پرۆگرامی خوێندن حکومی بوو، بەڵگەنامەی دەرچوون بەپێی ڕێکاری پێدانی بڕوانامە لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان بە هەژمارکردنی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەدرێت.  
حەوتەم: کاروباری دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان، بەپێی ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.  

تەوەری دووەم
دامەزراوە پەروەردەییە نێودەوڵەتییە حكومییەكان
مادده‌ی (48)
یەکەم: وەزارەت دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ ناوەندێکی فێرکردنی نێودەوڵەتی، دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی حکومی بکات بە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی حکومی کە وەزارەت بەڕێوەیببات، هەروەها دەتوانێت دامەزراوەی پەروەردەیی نێودەوڵەتی حکومی نوێ بکاتەوە.  
دووەم:  
1-	کارمەندانی ئەم دامەزراوانە فەرمانبەر و کارمەندی حکومی دەبن، بە ڕەچاوکردنی خاڵی (2)ی ئەم بڕگەیە.  
2-	وەزارەت دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی دەرەوەی وڵات بۆ کارکردن لەم دامەزراوانە بکات، بەرامبەر بە بڕە مووچەیەک، و دەشتوانێت کارمەندان و مامۆستایانی دەرەوەی وەزارەت بەکاربخات، ومووچەی گشت ئەوانە لە داهاتی قوتابخانەکە دەدرێت.  
سێیەم: خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەم دامەرزاوانەدا بە خۆڕاییە. 
چوارەم: پرۆگرامی خوێندنی ئەم جۆرە دامەزراوانە، پشتبەست بە یەکێک لە پرۆگرامە نێودەوڵەتییە بڕواپێکراوەکان دەبێت.  
پێنجەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی پۆلی نۆیەم و دوازدەیەمی قوتابخانە و خوێندنگە نێودەوڵەتییە حکومییەکان، لەسەر بنەمای پروگرامە نێودەوڵەتییەکە و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. 
شەشەم: کاروباری ئەم جۆرە دامەزراوانە بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.

بەشی حەوتەم
قوتابخانە و خوێندنگەی ئێواران، خوێندنی خێرا، نەهێشتنی نەخوێندەواریی 
و تاقیكردنەوەی دەرەكی
تەوەری یەكەم
قوتابخانە و خوێندنگەی ئێواران
مادده‌ی (49)
یەکەم: بەدەر لە  خوێندنى زمانى سریانى و تورکمانى، قوتابخانەی ئێواران دەوامی ئێوارانە، و بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی دەرنەچوونی (2) دوو ساڵ لەسەر یەک لەهەمان پۆل، یاخود بەهۆی تێپەڕبوونی تەمەنی یاساییان، مافی بەردەوامبوونیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕۆژ نییە.
دووەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی خوێندنی ئێواران بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەن و لە تەمەنی یاسایی خوێندنی بنەڕەتی یان ئامادەیین، مافیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنگەی ڕۆژ.  
سێیەم: کاتەکانی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگەی ئێواران، ژمارەی بەشە وانەکان ، تاقیکردنەوەکان، بڕوانامەکان و هەموو کاروبارەکانی پەیوەست بە قوتابخانە و خوێندگەکانی ئێواران، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.

تەوەری دووەم
خوێندنی خێرا و نەهێشتنی نەخوێندەواریی
مادده‌ی (50)
وەزارەت هەردوو جۆرى خوێندنى خێرا و نەهێشتنى نەخوێندەواریى تەرخاندەکات، بۆ ئەو کەسانەى بەپێى مەرجى تەمەنى هاتوو لەم یاسایەدا مافى خوێندنیان لە ناوەندى خوێندنى پەیڕەوکراو نییە.



لقی یەكەم
خوێندنی خێرا
مادده‌ی (51)
یەکەم: خوێندنی خێرا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە (2) دوو ساڵ زیاتر وازیان لە قوتابخانە هێناوە یاخود پەیوەندیان بە قوتابخانەوە نەکردووە، و تەمەنیشیان لە ڕۆژی  (31) سی و یەكی کانونی یەکەمی ئەو ساڵەی خوێندن لە (9) ساڵ زیاترەو لە (16) شازدە ساڵ کەمترە.  
دووەم: ئەو قوتابیانەی خوێندنی خێرا کە تەمەنیان لە (14) چواردە ساڵ تێپەڕ ناکات، لە تەلاری تایبەت بە خۆیان دەخوێنن.  
مادده‌ی (52)
ماوەی خوێندن لە قوتابخانەکانی خوێندنی خێرا (5) پێنج ساڵە، و ئەم پێنج ئاستەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:- 
  ئاستی یەکەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی یەکەم و دووەمی قۆناغی بنەڕەتی.  
 ئاستی دووەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی سێیەم و چوارەمی قۆناغی بنەڕەتی.  
  ئاستی سێیەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی پێنجەم و شەشەمی قۆناغی بنەڕەتی.  
 ئاستی چوارەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی حەوتەم و هەشتەمی قۆناغی بنەڕەتی.  
 ئاستی پێنجەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی نۆیەمی قۆناغی بنەڕەتی.


مادده‌ی (53)
یەکەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی قوتابخانەی بنەڕەتی بە ئەو قوتابیە دەدرێت کە بەسەرکەوتوویی ئاستی پێنجەمی خوێندنى خێرای تەواو کردووە. 
دووەم: ئەو قوتابیەی لە ئاستی پێنجەم دەردەچێت، مافی بەردەوامبوونی خوێندنی لە پۆلی دەیەمی خوێندنگەی ئامادەیی هەیە، بە مەرجێک تەمەنی لە  (22) بیست و دوو ساڵ تێپەر نەبووبێت.  
سێیەم: بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن لە قوتابخانەی بنەڕەتی پەیڕەوکراو، قوتابیانی خوێندنی خێرا دەبێت لەو تاقیکردنەوانە بەشداربن کە وەزارەت بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئاستی زانستییان، ڕێکیدەخات.  
چوارەم: پرۆگرام، بابەتەکانی خوێندن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامەکان و کاروبارەکانی دیکەی پەیوەست بە خوێندنی خێرا، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
لقی دووەم
نەهێشتنی نەخوێندەواریی
مادده‌ی (54)
یەکەم: هەموو ئەوانەی کە ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن و بنەماکانی ژماردن نازانن و تەمەنیشیان لە سەروی (16) شازدە ساڵە، مافیان هەیە بێ بەرامبەر پەیوەندی بە قوتابخانەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی بکەن.  
دووەم: خوێندن لە قوتابخانەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی لە (3) سێ ساڵی خویندن پێکدێت، و هەر کەسێک بەسەرکەوتوویی ئەو قۆناغە ببڕێت بەڵگەنامەی دەرچوونی نەهێشتنی نەخوێندەواریی پێدەبەخشرێت، کە هاوتایە بە بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی  (6) شەشی خوێندنی بنەڕەتی.  
سێیەم: پرۆگرام و بابەتەکانی خوێندن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامە و کاروبارەکانی دیکەی پەیوەست بە خوێندنی نەهێشتنی نەخوێندەواریی، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.

تەوەری سێیەم
تاقیكردنەوەی دەرەكی
مادده‌ی (55)
وەزارەت ساڵانە تاقیکردنەوەی دەرەکی، بۆ ئاست و بابەتەکانی خوێندن ڕێکدەخات، بەم شێوەی خوارەوە:-
یەکەم: هەر کەسێک تەمەنی (19) نۆزدە ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی بنەڕەتی تەواو نەکردبێت.
دووەم: هەر کەسێک تەمەنی (24) بیست و چوار ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی ئامادەیی  تەواو نەکردبێت.
سێیەم: هەر کەسێک تەمەنی (28) بیست و هەشت ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی  پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی تەواو نەکردبێت.
چوارەم : هەر کەسێک لەو تاقیکردنەوانەی کە لە بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقنووسکراون، دەربچێت، بڕوانامەی تەواوکردنی خوێندنی ئەو بابەتە یان قۆناغی خوێندنە دیاریکراوەی پێدەدرێت.   
بەشی هەشتەم
فەرمانبەران و پێكهاتە پەروەردەیی و كارگێڕییەكان لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

تەوەری یەكەم
بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستایان، فەرمانبەران و كارمەندانی دیكە لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

مادده‌ی (56)
یەکەم: هەموو باخچەیەکی منداڵانی حکومی، بەڕێوەبەر، مامۆستا و فەرمانبەرانی دیکەی دەبێت، ئەگەر ژمارەی منداڵان لە باخچەیەکدا لە (200) دووسەد منداڵ زیاتر بوو، دەبێت یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر دابنرێت.  
دووەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بەڕێوەبەری خۆی دەبێت و ئەگەر ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران لە  (150) سەد و پەنجا زیاتر بوو، دەبێت یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر یان زیاتر دابنرێت. 
سێیەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی ژمارەیەک مامۆستای دەبێت کە لەگەڵ ژمارەی قوتابیان یان خوێندکارانیدا بگونجێت.  
چوارەم: وەزارەت کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بۆ هەر (200) دوو سەد قوتابی یان خوێندکارێک ڕێنماییکارێکی پەروەردەیی هەبێت. 
پێنجەم: وەزارەت کاردەکات بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی کە (200) دوو سەد قوتابی یان خوێندکاری زیاتر هەبوو، خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ دابین بکرێت.  
شەشەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی پێویستە ژمارەیەک فەرمانبەری کارگێڕیی و خزمەتگوزاریی هەبێت، ژمارەکەیان بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت، کە وەزیر دەریدەکات.  
حەوتەم: هەموو کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی حکومی بەڕێوەبەرێکی کۆمەڵگەی دەبێت، و بۆ هەر قۆناغێکی خوێندنیش بەڕێوەبەرێک دادەنرێت، بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بەرپرسی سەرەکی دەبێت لە پرسە ئەکادیمی و کارگێڕیی و داراییەکان و ئەرکی سەرەکی سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوون و دابینکردنی دڵنیایی جۆریی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکە لە ئەستۆ دەگرێت.  
هەشتەم: قوتابخانە و خوێندنگەکانی گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان، لە مەرجەکانی بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیە بەدەرن، و کارەکانیان بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات. 
تەوەری دووەم
ئەركەكانی بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

مادده‌ی (57)
بەڕێوەبەر نوێنەرایەتی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە دەکات، و کارەکانی بریتین لە:-  
یەکەم: بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە، کارکردن بۆ فەراهەمکردنى ژینگەیەکی کارى تەندروست، پاراستنى سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکە.  
دووەم: هەوڵدان بۆ هێنانەئارای کەشی پەروەردە و فێرکاریی گونجاو، کە مایەی بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکان بێت و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی و کارامەیی و گیانی هاوپشتیوانی قوتابیان و خوێندکارانی دامەزراوەکە.  
سێیەم: بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردەیی لە دامەزراوەکە بە شێوەیەکی گونجاو وهەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە بۆ مسۆگەرکردنی باش بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوەکەدا.  
چوارەم: دابەشکردنی بەشە وانەکان بەسەر مامۆستایان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دڵنیابوون لە پیادەکردنی پلانی ساڵانەی خوێندنی بابەتە پەیوەندیدارەکان، دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر ئەندامانی بەشی کارگێڕیی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە و دانانی لیژنەی پسپۆر. 
پێنجەم: دەستپێشخەریکردن بۆ داڕشتنی پلانی ساڵانەی دامەزراوەکە و داڕشتنی پلانی تاقیکردنەوەکان و بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونیان، مسۆگەرکردنى ئاستێكی باشی خوێندن و کردنەوەی هەموو ئەو تۆمارانەی کە پێویستە لە دامەزراوەکەدا هەبن.  
شەشەم: هەڵسەنگاندنی کاری مامۆستایان لەناو پۆلەکانی خوێندن، کاری ڕێنماییکارە پەروەردەییەکان و پشتیوانیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان. 
حەوتەم: بەرزکردنەوەی نوسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی  پەروەردە، سەبارەت بە گواستنەوەی هەر فەرمانبەرێکی پەروەردەیی، وەک ئەوەی بەرژەوەندی گشتی دەیخوازێت بە مەرجێک هۆکارەکانی پێشنیارەکە خرابێتنە ڕوو و ئەنجومەنی دامەزراوەکە پێشنیارەکەی پەسەند کردبێت.  
هەشتەم: پێشنیارکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە سەبارەت بە ڕەخساندنی هەل بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکە بۆ بەشداربوون لە خولی بەهێزکردنی تواناکانیان،  و بەرزکردنەوەی نوسراو بۆ بەرێوەبەرایەتی پەروەردە سەبارەت بە هەر پرسێکی گرنگ کە هەل ومەرجەکە بیخوازێت.
تەوەری سێیەم
ئەركەكانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

مادده‌ی (58)
یەکەم: ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ کاروباری کارگێڕیی، یارمەتیدانی بەڕێوەبەرە لە ئەرکە کارگێڕییەکاندا.  
دووەم : ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ کاروباری قوتابیان یان خوێندکاران، یارمەتیدانی بەڕێوەبەرە لە کاروباری قوتابیان و خوێندکاراندا، و یارمەتیدان و ڕێنمایکردنی قوتابیان و خوێندکاران، و هەر ئەرکێکی دیکەش کە لەلایەن بەڕێوەبەر پێیان بسپێردرێت.   

تەوەری چوارەم
ئەركەكانی مامۆستا
مادده‌ی (59)
یەکەم: پەروەردەکردن و فێرکردنی قوتابی و خوێندکار بەپێی پڕۆگرامەکانی خوێندن، گەشەپێدانی گیانی داهێنان و خوێندنەوەی بنیاتنەرانەی دەقەکان و ڕەچاوکردنی جیاوازى تواناکانی قوتابیان و خوێندکاران لە کاتی وانە ووتنەوەدا.  
دووەم: پشتیوانیکردنی قوتابی و خوێندکار لە بنیاتنانی بەهاکان و کەسێتى بەهێز و متمانە بەخۆبوون. 
سێیەم: داڕشتنی پلانی ساڵانەی خوێندنی بابەتەکان، و دابەشکردنی بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا. 
چوارەم: ئامادەکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ تاقیکردنەوەکان، ئامادەکردنی پرسیارەکان، چاودێریکردن، ڕاستاندنى وەڵامی تاقیکردنەوەکان و دانانی نمرەکان.  
پێنجەم: گەشەپێدانی زانیاری و توانا خودییەکان لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خولە پەروەردەیی و فێرکارییە جۆراوجۆرەکان، بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونە هاوچەرخەکان لە بوارەکەی خۆیدا و بەشداریکردن لە فێربوونی بەردەوام و فێرکردنی کەسانی دیکەدا. 
شەشەم: هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی دامەزراوەکە بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی باش و چاودێری سەلامەتیی قوتابی و خوێندکار لە کاتی وانە و لەو کاتەی لەژێر سەرپەرشتی مامۆستادان. 
حەوتەم: پێدانى ئەو زانیاریانەی کە بەخێوکار سەبارەت بە منداڵەکەى داواى دەکات و ڕێزگرتن و پاراستنى نهێنى و تایبەتمەندى دامەزراوەکە و قوتابیان و خوێندکاران. 
هەشتەم: پێشکەشکردنی نووسراو و پێشنیاز لەکاتی پێویست بە کارگێڕیی دامەزراوەکە، سەبارەت بە چۆنێتی بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکە و دابینکردنی دڵنیایی جۆری و سەلامەتی تیایدا، بەشداریکردن لە چالاکی و ئەرکە پێویستەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خوێندن لە ژینگەیەکی تەندروستدا. 
نۆیەم: هەر ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکردنی دیکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە پێی دەسپێردرێت یان بەپێى هەر ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات دەکەوێتە ئەستۆى.

تەوەری پێنجەم
ئەركەكانی ڕێنماییكاری پەروەردەیی
مادده‌ی (60)
یەکەم: ئەرکی سەرەکی ڕێنماییکاری پەروەردەیی بەدواداچوونە سەبارەت بە پرسی قوتابیان و خوێندکاران و پشتگیریکردنیان بۆ چارسەرکردنی گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەکەدا و پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندێتیان. 
دووەم: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کێشەی دەروونی و ڕەفتارە ناپەروەردەییەکانی قوتابیان و خویندکاران و ئاگادارکردنەوەی کارگێڕیی قوتابخانە یان خوێندنگە.
سێیەم: پیشکەشکردنی ڕاپۆرت و ئەنجامدانی توێژینەوە سەبارەت بە کارەکەی خۆی.

تەوەری شەشەم
ئەنجومەنی دامەزراوە
مادده‌ی (61)
یەکەم: لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی، ئەنجومەنی دامەزراوە پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەر و ئەندامیەتی هەریەک لە:- 
1-	یاریدەدەرانی بەڕێوەبەر.   
2-	بەرپرسی دڵنیایی جۆریی. 
3-	نوێنەرێکی مامۆستایان کە لە سەرەتای هەموو ساڵێکی خوێندندا دەگۆڕدرێت.  
4-	ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئەگەر لە دامەزراوەکەدا هەبێت.   
دووەم: لە کاتی هەبوونی ئەنجومەنی بەخێوکارانی قوتابیان و خوێندکاران، سەرۆکی ئەنجومەنەکە مافی ئامادەبوون و بەشداریکردنی لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی دامەزراوە سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکاران هەیە، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.  
سێیەم:  ئەنجومەنی دامەزراوە مانگانە و لە کاتی پێویست کۆبوونەوە دەکات و ڕۆژ و کاتی کۆبونەوەکان لەلایەن بەڕێوەبەر دیاریدەکرێن و پێشوەختە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی لێئاگادار دەکرێنەوە.  
چوارەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی دامەزراوە بەپێی بنەمای زۆرینە دەدرێت، بەبێ  ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی بەڕێوەبەر بەپێی یاسا هەیەتی سنوردار بکرێت.  
پێنجەم: قوتابخانە و خوێندنگەکانی گوند و شوێنە دوورەدەستەکان، بەدەرن لەو مەرجانەی لە بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیەدا هاتوون، و کارەکانی ئەو دامەزراوانە بەپێی ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێن.  

تەوەری حەوتەم
ئەركەكانی ئەنجومەنی دامەزراوە
مادده‌ی (62)
یەکەم: بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی وەرزیی بۆ کاری دامەزراوەکە لەڕووی جێبەجێکردنی بنەماکانی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین، بەپێی پێوەر و ستانداردە کارپێکراوەکان. 
دووەم: بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکی پلانی ساڵانە و پلانەکانی دیکە و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکە و پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. 
سێیەم: بەدواداچوون بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕیی، و ئەرکی بەڕێوەبەره زانیاری پێویست سەبارەت بەو کارانە بە ئەنجومەنەکە بدات. 
چوارەم: تاوتوێکردن و پێشنیاری چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگانەی دامەزراوەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە داوا لە ئەنجومەن دەکرێت تاوتوێیان بکات. 
پێنجەم: تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی کە بەڕێوەبەری دامەزراوەکە خوازیارە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای بکات سەبارەت بە گواستنەوەی ئەندامانی وانەوتنەوە یان فەرمانبەرانی دیكە، ئەوەش دوای خستنەڕووی هۆیەکانی تایبەت بەو داوایە، و لە ئەگەری ڕازیبوونی ئەنجومەن پێشنیازەکانی بەڕێوەبەر پەسەند دەکرێن.  
شەشەم: پێکهێنانی لیژنەی پێویست لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی کە لە بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیەدا هاتوون. 

تەوەری هەشتەم
مەرجەكانی دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر و دامەزراندنی مامۆستا و ڕێنماییكاری پەروەردەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
لقی یەكەم
مەرجەكانی دانانی بەڕێوەبەر
 
مادده‌ی (63)
لە دانانی بەڕێوەبەردا، پێویستە ئەم مەرجانە لە داواکاردا هەبێت:- 
یەکەم:
1-	بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و ئەزموونی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە (٥) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت.
2-	بەشداری خولی شیاندنی بەڕێوەبەری کردبێت، کە وەزارەت ساڵانە بە هاریکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە ڕێکیدەخات.  
3-	بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای بەرزەفتەیی (سەرزەنشت) و زیاتری پێنەدرابێت. 
دووەم: وەزارەت دەبێت لە ماوەى (4) چوار ساڵدا مەرجەکانى ئەم ماددەیە بەسەر ئەوانەدا جێبەجێ بکات کە پێش دەرچوونى ئەم یاسایە بەڕێوەبەربوون.
سێیەم: بڕگەکانی (یەکەم و دووەم)ی ئەم ماددەیە، بەڕێوەبەرەکانی دامەزاراوەی گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان ناگرێتەوە، و مامەڵکردنی ئەوان بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات.



لقی دووەم
مەرجەكانی دانانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر

مادده‌ی (64)
یەکەم: لە دانانی یاریدەدەری بەڕێوەبەردا، پێویستە ئەم مەرجانە لە داواکاردا هەبێت:- 
1-	دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری باخچەی منداڵان بڕوانامەیەکی پەروەردەیی هەبێت، کە لە بڕوانامەی بەرایی زانکۆ کەمتر نەبێت.  
2-	دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، بڕوانامەیەکی پەروەردەیی هەبێت کە لە بڕوانامەی بەرایی زانکۆ کەمتر نەبێت و ئەزموونیشی لەبواری پەروەردە و فێرکردندا لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت.
3-	بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتری پێنەدرابێت. 
دووەم: خاڵەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە یاریدەدەری بەڕێوەبەری دامەزاراوەی گوندو و شوێنە دوورەدەستەکان ناگرێتەوە، مامەڵکردنی ئەوان بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات.

لقی سێیەم
مەرجەكانی دامەزراندنی مامۆستا وڕێنماییكاری پەروەردەیی

مادده‌ی (65)
یەکەم: 
1-	بۆ دامەزراندنى مامۆستا، سەرەڕاى مەرجە گشتییەکانى دامەزراندنى هاتوو لە یاسا بەرکارەکاندا، پێویستە داواکار بڕوانامەی زانکۆى لە بوارى پەروەردەدا هەبێت.
2-	بۆ دامەزراندنى ڕێنماییکارى پەروەردەیى، سەرەڕاى مەرجە گشتییەکانى دامەزراندنى هاتوو لە یاسا بەرکارەکاندا، داواکار دەبێت بڕوانامەی بەرایى زانکۆى هەبێت لە یەکێک لە بەشەکانى کۆمەڵناسى، دەروونناسى، کارى کۆمەڵایەتى یان ڕێنماییکارى دەروونی یان هەر پسپۆڕییەکى دیکەى هاوشێوە کە بۆ کارى ڕێنماییکارى گونجاوبێت.

دووەم: 
1-	دەکرێت هەڵگرانى بڕوانامەى بەرایی زانكۆ، هاوشێوە و نزیک لە بوارى پەروەردە، وەک مامۆستا دابمەزرێن، بەمەرجێک وەزارەت داواکارییەکانیان پەسەند بکات.
2-	دەکرێت هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم لەکاتى پێویستدا وەک مامۆستا لە قەزا، شارۆچکە، گوند و شوێنە دوورەدەستەکان دابمەزرێن.
سێیەم:
1-	لەکاتى دامەزراندنى یەکەمجارى مامۆستادا، مەرجە بۆ ماوەیەک کە لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، لە شوێنە دوورەکان خزمەت بکات، و هیچ مامۆستایەک ڕاستەوخۆ لە شارەکان دانامەزرێت، و هیچ مامۆستایەکیش پێش تەواوکردنى ئەو ماوەیە بۆ شارەکان ناگوێزرێتەوە.
2-	مامۆستایانى خوێندنى زمانى پێکهاتەکان، لەکاتى دامەزراندنیان لە مەرجى خزمەت لە شوێنە دوورەکان بەدەردەکرێن، ئەگەر ناوەندێکى خوێندن بە زمانى پێكهاتەكە لەو شوێنانە بوونى نەبێت.
3-	وەزیر بەدەر لە حوکمى خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە دەسەڵاتى گواستنەوەى مامۆستایانى خاوەن پێداویستى تایبەت و ئەو مامۆستایانەى هەیە کە نەخۆشى شێرپەنجەیان هەیە.
چوارەم: مامۆستا و ڕێنماییکارى پەروەردەیى دواى دامەزراندن، خولى پەروەردە و فێرکردن و دڵنیایى جۆریى، کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات، دەبینن.

تەوەری نۆیەم
ڕێكارەكانی دامەزراندنی مامۆستا، ڕێنماییكاری پەروەردەیی و فەرمانبەرانی دیكە لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

مادده‌ی (66)
یەکەم: مامۆستا، ڕێنماییکاری پەروەردەیی و فەرمانبەرانی دیکەی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دادەمەزرێن.  
دووەم: ئەنجومەنی پەروەردە لە قەزا ئامادەکردنی ناوی پاڵێوراوان و ناردنیان بۆ وەزارەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەوە، ئەنجام دەدات. 
سێیەم: خاڵەکانی بەرایی و شێوازی هەڵبژاردنی پاڵێوراوان، کە لە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ڕێگەی ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات. 
مادده‌ی (67)
یەکەم: وەزارەت دەتوانێت دواى ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک، بەگرێبەست و بەرامبەر شایستەیەکى دارایى دیاریکراو دابمەزرێنێت، و دەبێت ئەو مامۆستایانەى بە گرێبەست دادەمەزرێن لە مامۆستایانى وانەبێژبن.
دووەم:
1-	وەزارەت دەتوانێت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى دارایى و ئابوورى، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک و هەڵگرانى بڕوانامەى دیبلۆمى بوارى پەروەردە، لە گوند و شارەدێ و شوێنە دوورە دەستەکان، و لە شارەکانیش بەپێى پێویستى، بەرامبەر شایستەیەکى دارایى گونجاو، وەك وانەبێژ دابنێت.
2-	وەزیر بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى، ڕێنمایى پێویست بە شایستە داراییەکانى وانەبێژان و مافەکانیان، و مەرج و ڕێکارەکانى دامەزراندنیان بە گرێبەست بەپێى حوکمەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، دیاریدەکات.
سێیەم: وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی کرێی وانەبێژیی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا دیاریدەکات.  

تەوەری دەیەم
ڕێكارەكانی دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر 
لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
مادده‌ی (68)
یەکەم: دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە ڕێگەی بڕیارێک دەبێت کە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە لەبەر ڕۆشنایى ڕێنماییە کارپێکراوەکان، لەسەر بنەمای پێشنیاری ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا دەیدات، و بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە ناتوانێت بێ پاساوى ڕەوا پێشنیارى ئەنجومەن ڕەتبکاتەوە. 
دووەم: دەبێت ڕەچاوی بڕوانامە و لێهاتویی و ئەزموون و کارامەیی و هاوسەنگی نێوان هەردوو ڕەگەز لە کاتی دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەردا، بکرێت.  
سێیەم: ماوەی دانانی بەڕێوەبەر (4) چوار ساڵە، و دەشکرێت بۆ تەنها جارێک نوێبکرێتەوە. 
تەوەری یازدەیەم
كۆتاپێهێنانی كاری بەڕێوەبەر

مادده‌ی (69)
کاری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، لەم بارانەی خوارەوەدا کۆتایی پێدێت:- 
یەکەم: کۆتایهاتنی ماوەی یاسایی. 
دووەم: دەستلەکارکێشانەوەی ئارەزوومەندانە.  
سێیەم: ساغبونەوەی ئەوەی کە ناتوانێت ئەرکەکانی بەجێبێنێت، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت.  
چوارەم: سزادانی بە تاوانی ئابڕوبەر، یاخود سزایەکی کارگێڕی کە (سەرزەنشت) و زیاتر بێت. 
پێنجەم: ئەگەر (2) دوو ساڵ لەسەر یەک لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەکیدا، دامەزراوە پەروەردەییەکە ئاستێکی نزم بە دەستبهێنێت.  
شەشەم: وەرگرتنی مۆڵەتی لە (6) شەش مانگ زیاتر، بەدەر لە مۆڵەتی دایکایەتی کە بۆ ماوەی یەک ساڵە. 

تەوەری دوازدەیەم
تواناسازی مامۆستایان و فەرمانبەران
مادده‌ی (70)
یەکەم: بەڕێوبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزاروە پەروەردەییە حکومییەکاندا لانیکەم (30) سی کاتژمێر لە ساڵێکدا مافی بەشداریکردن لە خولی پەرەپێدانی توانا پیشەییەکانیان هەیە. 
دووەم: پێویستە وەزارەت هەل بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی توانای سەرکردایەتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر، و تواناى زانستى و پیشەیى مامۆستایان و فەرمانبەران بڕەخسێنێت. 
مادده‌ی (71)
هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای هاوتاکراو لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەموو ئەو ماف و جیاوگانەیان پێدەدرێت کە هاوتاکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بە پێی یاسا کارپێکراوەکان، پێیاندراوە.   
تەوەری سێزدەیەم
بەشە وانەكان و دابەشكردنیان لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
لقی یەكەم
بەشەوانەكان لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا
مادده‌ی (72)
یەکەم: ژمارەی بەشە وانەی مامۆستایان لە هەفتەیەکدا، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:-
1-	مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی (24) بیست و چوار بەشە وانەیە.  
2-	مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی (22) بیست و دوو بەشە وانەیە.
3-	بەڕێوەبەر (4) چوار بەشە وانەیە.  
4-	یاریدەدەری بەڕێوەبەر (8) هەشت بەشە وانەیە.  
5-	مامۆستای خاوەن بڕوانامەی دبلۆمی باڵا (20) بیست بەشەوانەیە. 
6-	مامۆستای خاوەن بڕوانامەی ماستەر (18) هەژدە بەشەوانەیە.
7-	مامۆستای خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا (14) چواردە بەشەوانەیە.
دووەم: 
 بەشە وانەکان بەپێی پسپۆڕی و پێداویستیی دامەزراوەکە دابەش دەکرێن.  
سێیەم: ژمارەی بەشەوانەکانی دەقنووسکراو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، لەم بارانەی خوارەوەدا بەم شێوەیە کەمدەکرێنەوە:-
1-	(2) دوو بەشە وانە بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە خاڵەکانی (1، 2، 3، 5، 6، 7)ی بڕگەی (یەکەم)دا هاتوون،کە تەمەنیان دەگاتە (50) پەنجا ساڵ.
2-	(4) بەشە وانە بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەر کە تەمەنی دەگاتە (50) ساڵ.
3-	(4) بەشە وانە بۆ ئەو مامۆستایەی کە بەپێی ماددەی (88/ دووەم)ی ئەم یاسایە ئەرکی دڵنیایی جۆریی پێدەسپێردرێت.
چوارەم: وەزیر دەتوانێت ژمارەى بەشە وانەکانى هاتوو لە بڕگەکانى (یەکەم) و (سێیەم)ى ئەم ماددەیە کەمتربکاتەوە، بۆ مامۆستایانى خاوەن پێداویستى تایبەت و ئەو مامۆستایانەى نەخۆشى شێرپەنجەیان هەیە.
لقی دووەم
دابەشكردنی ژمارەی بەشەوانەكان لە دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكاندا

مادده‌ی (73)
یەکەم: ژمارە و شێوازی دابەشکردنی بەشە وانەکان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتەوە، ساڵانە و پێش کۆتاییهاتنی مانگی تەمووز پەسەند دەکرێت.  
دووەم: ئەگەر مامۆستایەک، نەیتوانی گشت ئەو بەشە وانانەی، لە دامەزراوە پەروەردەییە پەیوەندیدارەکەدا بۆی تەرخانکراوە بڵێتەوە، ئەوا دەبێت پاشماوەی بەشە وانەکانی لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی دیکەدا تەواو بکات.  
سێیەم: لە هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیى حکومی، کرێی وانەبێژیی بۆ هیچ مامۆستایەک هەژمار ناکرێت، ئەگەر مامۆستاى میلاک و گرێبەستى دامەزراوەکە تەواوی بەشەوانەکانی خۆی نەوتبێتەوە.  
چوارەم: مامۆستایانی گوند و شوێنە دوورەدەستەکان حوکمەکانی ماددەی (72) و بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، نایانگرێتەوە.  
مادده‌ی (74)
یەکەم: ووتنەوەى وانەى تایبەت لەلایەن مامۆستایانى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانەوە، لەدەرەوەى دامەزراوەکە، و بەرامبەر بڕە پارەیەک یان هەر بەرامبەرێکى دیکە، بە قوتابیان و خوێندکارانى هەمان ناوەندى خوێندن کە خۆى تێیدا مامۆستایە، قەدەغەیە، بە ڕەچاوکردنى ئەو هەلومەرجە تایبەتەى لە بڕگەى (دووەم)ى ماددە (130)ى ئەم یاسایەدا هاتووە.
دووەم: ئەو مامۆستایەی سەرپێچی بڕگەى (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بکات، سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار بە نووسراو ئاگادار دەکرێتەوە و لەکاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان یەکێک لە سزا کارگێڕییەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
سێیەم: بەکارهێنانی ناوی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی بۆ کاری بازرگانی، لەلایەن دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی یان کەسانی دیکەوە، قەدەغەیە.
چوارەم: پرۆگرامەکان و کتیبەکانی خوێندن ماف و خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت، و بە هیچ شێوەیەک نابێت بەبێ بڕیاری فەرمی وەزارەت کورت بکرێتەوە یان دەستکاری بکرێت.

تەوەری چواردەیەم
لیژنەكانی قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگە حكومییەكان
مادده‌ی (75)
لە گشت قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی، بە بڕیاری بەڕێوەبەرەکەی، ئەم لیژنانە پێک دەهێنرێن:- 
یەکەم: لیژنەی دڵنیایی جۆری. 
دووەم: لیژنەی تاقیکردنەوەکان. 
سێیەم: لیژنەی وردبینیکردنی نمرەکان.  
چوارەم: لیژنەی کارگێڕی.  
پێنجەم: لیژنەی هونەری بۆ کاروباری وەرزشی، هونەری و ئەدەبی و چالاکییەکان.  
شەشەم:  لیژنەی ژینگە و پاکوخاوێنی و بەدواداچوونی تەندروستی. 
حەوتەم: لیژنەى بەرزەفتکردنى کار و ڕەفتارە ڕێپێنەدراوەکان.
هەشتەم: هەر لیژنەیەکی دیکە کە وەزارەت بەپێویستی دەزانێت و دامەزراوەکانی لێئاگاداردەکاتەوە.







بەشی نۆیەم
پلانی فێركردن و پڕۆگرامەكانی خوێندن
تەوەری یەكەم
پلانی فێركردن
مادده‌ی (76)
یەکەم: پلانی فێرکردن لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتەوە بڕیاری لێدەدرێت.  
دووەم:  دەبێت پلانی فێرکردن ئەم تەوەرانە لەخۆبگرێت:-  
1-	بنەما گشتییەکان . 
2-	بەهاکان.  
3-	ئەو ئامانجانەی دەبێت لە هەر بازنەیەکدا بۆ منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران، دیاریبکرێت. 
4-	ئەو کارامەییانەی لە منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران چاوەڕێ دەکرێن.  
5-	ئەو بابەتانەی خوێندن کە دەبێت بخوێندرێن لە هەر بازنە و قۆناغێکدا و هەروەها  ناوەڕۆکی سەرەکی بابەتەکە و ئامانجەکەی.  
6-	ژمارەی بەشە وانەکان بۆ هەر بابەتێک لە ساڵێکدا. 

تەوەری دووەم
پڕۆگرامەكانی خوێندن
مادده‌ی (77)
یەکەم: پێویستە هەریەک لە باخچەی منداڵان، خوێندنی بنەڕەتی، خوێندنی ئامادەیی، پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، خوێندنی خێرا و نەهێشتنی نەخوێندەواریی، پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە خۆیان هەبێت، کە لەگەڵ توانستەکانی منداڵ و قوتابی و خوێندکار لەهەر قۆناغ و بازنەیەکدا بگونجێت.  
دووەم: پرۆگرامی خوێندن بریتیە لە:-
1-	بەشێکی پلانی فێرکردن کە پەیوەستە بە قۆناغێکی خوێندن یان بازنەیەکی دیاریکراو.
2-	کتێبەکانی خوێندن لەهەر بابەتێک.
3-	کتێبەکانی ڕاهێنان.
4-	ڕێبەری مامۆستا. 
5-	ڕێبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی. 
6-	ڕێبەری سیستەمی تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن. 
سێیەم: پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ هەر بازنە و قۆناغێک لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری لێدەدرێت، بە سوودوەرگرتن لە کەسانی پسپۆر و ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان.  
چوارەم: ئەرکی ئەنجومەنی وەزارەتە، کە لانیکەم هەر (٤) چوار ساڵێک، لەسەر پێشنیاری لیژنەی پسپۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، بەڕێگە و میکانیزمی زانستی گونجاو، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن، پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکاندا بکات.  
مادده‌ی (78)
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، دوای ڕاسپاردەی نووسەرانی کتێبەکان و پسپۆڕان و پاش ڕەزامەندی وەزارەت، مافی گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندندا هەیە.


بەشی دەیەم
تاقیكردنەوە، نمرەی دەرچوون، كارتی نمرە و بڕوانامەكان
تەوەری یەكەم
ئامانجەكان
مادده‌ی (79)
ئامانجی تاقیکردنەوەکان بریتییە لە:- 
یەکەم: پێوانە و هەڵسەنگاندن سەبارەت بە ئاستی بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. 
دووەم: پێوانەی ئاستی بەرەوپێشچوون و فێربوونی قوتابیان و خوێندکاران، لەبواری پەروەردەیی و فێرکردن لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە. 
سێیەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی سەرکەوتنی مامۆستایان و بەڕێوەبەران و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا. 
چوارەم: دانانی پلانی داهاتوو بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لەسەر بنەماى ئەنجامی تاقیکردنەوەکان. 

تەوەری دووەم
بنەمای تاقیكردنەوەكان
مادده‌ی (80)
یەکەم: تاقیکردنەوەکان لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکانی خوێندن بنیاتدەنرێن. 
دووەم: کتێبە بڕیارلێدراوەکانی خوێندن تەنها سەرچاوەن بۆ تاقیکردنەوەکان. 
سێیەم: سزا کارگێڕییەکانی گزیکردن بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێن کە وەزیر دەریدەکات. 

تەوەری سێیەم
تاقیكردنەوەكان
مادده‌ی (81)
وردەكاریی تاقیکردنەوە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا، بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران دەریدەکات.
مادده‌ی (82)
یەکەم: وەزیر دەبێت ساڵانە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە کەسانی پسپۆر و بەئەزموون پێکبهێنێت.
دووەم: لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان، دانانی پرسیارەکانیان، پاراستنی نهێنییەکانیان، پێشنیازکردنی ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، سەلامەتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیان و یەکلاکردنەوەی تانەکان.
مادده‌ی (83)
یەکەم: هەرکەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات، یان زانیاریی لە بارەیانەوە بدرکێنێت یان مامەڵەی پێوەبکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) سێ ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت
دووەم: ئەگەر کەسی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، ئەندامی لیژنەی تاقیکرنەوەکان بوو یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنیان، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە و بە تاوانی ئابڕوبەر ئەژمار دەکرێت و لە وەزیفەش دەردەکرێت.
سێیەم: ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان کارمەندێکی دیکەی حکومەت بوو، هەمان حوکمی بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
چوارەم: ئەم تاوانە بە تێپەڕبوونی کات خەسڵەتی تاوانکاری لەدەست نادات.

تەوەری چوارەم
پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەی دەرچوون
مادده‌ی (84)
یەکەم: پێویستە بەڕێوبەرایەتی پەروەردە بەبێ بەرامبەر ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامە و بڕوانامەى دەرچوون، لە کاتی بەکارهێنانی لەناو وڵاتدا بکات.
دووەم: پێویستە وەزارەت بەرامبەر بە ڕەسمێک ڕاستاندن بۆ  بەڵگەنامە و بڕوانامەى دەرچوون بکات لەکاتی بردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

بەشی یازدەیەم
سیستەمی دڵنیایی جۆریی، سەرپەرشتیكردن و هەڵسەنگاندن
مادده‌ی (85)
سیستمی دڵنیایی جۆریی، لە بەشی کارگێڕیی دامەزراوەکان، مامۆستا، قوتابی و خوێندکار، ڕێگەکانی وانەوتنەوە، پرۆگرامەکانی خوێندن و ژینگەی خوێندن پێکدێت. 

تەوەری یەكەم
بەرپرسیارێتی دڵنیایی جۆریی لە وەزارەت
مادده‌ی (86)
یەکەم: وەزارەت لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى دڵنیایى جۆریى و سەرپەرشتیکردن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بنەماکانی دڵنیایی جۆریی و متمانەبەخشین، لەبەر ڕۆشنایی پێوەر و ستانداردی زانستیدا، و بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی بەردەوامی توانای کارمەندانى  پەروەردە و فێرکردن.
دووەم: لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریدا، فیدباکى قوتابی و خوێندکار، مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکە، وەردەگرێت. 
مادده‌ی (87)
یەکەم: ڕێبەری دڵنیایی جۆریی لەلایەن وەزارەت بڵاودەکرێتەوە، وێنەیەکی لای دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دەپارێزرێت، و دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ پیادەکردن و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. 
دووەم: بەمەبەستی  هەڵسەنگاندنی کارمەندان و خودی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە ڕووی کارگێڕیی و ژینگەییەوە، وەزارەت بەر لە کۆتایی مانگی ئایاری هەر ساڵێک، فۆڕمی وەکیەکی هەڵسەنگاندن بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش دەکات و ئەو فۆڕمانە  دەبنە بنەمایەک بۆ خود هەڵسەنگاندن و هەڵسەنگاندنى دەرەکی ناوبەناو لەلایەن دامەزراوەکانەوە و دەبنە بنەمایەکیش بۆ ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاران. 
سێیەم:
1-	بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی، و پیادەکردنی بە باشترین شێوە، بەڕێوەبەرایەتییەکی کارگێڕیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دادەمەزرێت.
2-	ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە کۆتایی هەردوو وەرزەکانی یەکەم و دووەم، زانیاری سەبارەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆری کۆدەکاتەوە، و لەسەر بنەمای ئەوە پوختەیەک لەسەر پابەندی دامەزراوەکان لە کۆتایی ساڵی خوێندن پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن دەکات.

تەوەری دووەم
بەڕێوەبردنی سیستمی دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەكاندا
مادده‌ی (88)
یەکەم: بەڕێوەبەری دامەزراوە بەرپرسە لە جێگیرکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوە، سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان و پیادەکردنی ڕێبەری دڵنیایی جۆریی، ئەوەی کە لەلایەن وەزارەتەوە ئامادە و دابەش دەکرێت.  
دووەم: ئەنجومەنی دامەزراوە یەکێک لە ئەندامەکانی، دوای بەشداریکردنی لەخولی ڕاهێنان، بە بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی ڕادەسپێرێت.  
سێیەم: هەر مامۆستایەک پێویستە بە گیانی هاوکاری لە پیادەکردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی بەشدار بێت، و کار بکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئەرکەکانیەوە. 
تەوەری سێیەم
سیستمی دڵنیایی جۆری لە دامەزراوەكاندا
مادده‌ی (89)
یەکەم: پێویستە هەموو دامەزراوەکان، بەر لە کۆتایی مانگی ئایاری هەر ساڵێک، و لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکی وەکیەکی دڵنیایی جۆریی کە وەزارەت دایدەڕێژێت و دابەشی دەکات، ساڵانە بۆ ئاستی فێربوونی قوتابیان و خوێندکاران، پابەندی کادیرانی وانەوتنەوە و کارگێڕیی، بەڕێوەچوونی کارى دامەزراوەکە، چالاکییە جۆراوجۆرەکان، و ئاستی سەرکەوتنیان لە پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی هەڵسەنگاندن بکەن.  
دووەم: پوختەیەک لە فۆڕمەکانی هەڵسەنگاندن، لەگەڵ بەڵگەکان و پێداویستییەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزدەکرێتەوە، و هەڵسەنگاندنەکە دەبێتە بنەمای بابەتیانەی پرۆسەی هەڵسەنگاندن.  
سێیەم: مافی هەر کەسێکە کە بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت، وێنەیەکی ڕاپۆرتی کۆتایی هەر دامەزراوەیەک بەدەستبهێنێت، لە ڕێگەی داوایەک کە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن دەکرێت. 
چوارەم: ئەگەر کەموکوڕی لە کاری دامەزراوەکە بەدیکرا، و لەکاتی دیاریکراودا چارسەر نەکرا، ئەوا ئەرکی وەزارەتە ڕێکاری پێویست بەرامبەر دامەزراوەکە بگرێتەبەر.

تەوەری چوارەم
ڕێبەری دڵنیایی جۆریی
مادده‌ی (90)
یەکەم:  
1-	وەزارەت ڕێبەری دڵنیایی جۆریی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بڵاودەکاتەوە. 
2-	ڕێبەری دڵنیایی جۆریی پێناسەی دڵنیایی جۆریی و سیستمەکەی، بەڕێوەبردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی لە وەزارەت و دامەزراوەکان، و نیشاندەرەکانی دڵنیایی جۆری لە وانەوتنەوە، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان،  شێوازەکانی وانەوتنەوە، پرۆگرامەکان،  ژینگەی دامەزراوەکە، پێکهاتەکانی هەگبەی مامۆستا، دیاریکردنی ڕۆڵی بەخێوکاران لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی، نموونەیەکی فۆرمەکانی هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی پڕکردنەوەیان لەلایەن كارمەندانی دامەزراوەکان، لە خۆدەگرێت.  
دووەم: دەبێت ڕێبەری دڵنیایی جۆریی پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لەلایەن وەزارەتەوە ئامادە بکرێت و بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش بکرێت.
تەوەری پێنجەم
هەگبەی مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر

مادده‌ی (91)
یەکەم: هەر مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەرەی بەڕێوەبەرێک، هەگبەیەکی تایبەت بە خۆی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە تایبەتییەکان سەبارەت بە باش بەڕێوەچوونى کارەکانیان. 
دووەم: هەگبە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:-  
1-	فێربوونی بەردەوام لە ڕێگەی ئاشنابوون بە گەشەکردنەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن. 
2-	سازدانی سیمیناری پەروەردەیی و فێرکردن یان بەشداربوون تێیاندا.  
3-	ئەنجامدانی ڕاپۆرت و توێژینەوەی پەروەردەیی و فێرکردنی جیاواز.  
4-	بەشداریکردنی مامۆستا لە کارەکانی دامەزراوەکەی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.  
سێیەم: وەزارەت مافی زیادکردنی پێکهاتەی دیکەی بۆ هەگبە هەیە، و دەبێت بەڕێنمایی ڕێکبخرێت كە وەزیر دەریدەكات.  

تەوەری شەشەم
هەڵسەنگاندنی ساڵانەی دامەزراوە پەروەردەییە حكومییەكان و فەرمانبەرەكانیان

مادده‌ی (92)
یەکەم:  
1-	كارمەندانی پەروەردەیی و فێرکردن و كارمەندانی کارگێڕیی، ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەری دامەزراوەکەوە، هەڵسەنگاندنیان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دەکرێت. 
2-	ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە تۆمارەکانی دامەزراوەکە تۆماردەکرێن و پوختەیەکی لە شێوەی فۆرمێک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆكانی و وەزارەت دەنێردرێت. 
3-	هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی كارمەندان و دامەزراوەکە دەکرێت و وەک بنەمایەک بۆ پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بەکاردێت. 
دووەم: هەر دامەزراوەیەک لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی دەرەکی سەر بە وەزارەت، و بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت و فۆڕمی تایبەت، کە بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش دەکرێت، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، و ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە وەک هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر و دامەزراوەکە هەژمار دەکرێت.

تەوەری حەوتەم
پرۆسەی هەڵسەنگاندن و دەرهاوێشتەكانی
مادده‌ی (93)
یەکەم: ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردنە، فۆرمەکانی هەڵسەنگاندن کۆبکاتەوە، کورت و پوختیان بکات، تۆمار و شیکردنەوەیان بۆ بکات و سوودیان لێ وەربگرێت . 
دووەم: ئاستی کارایی هەر دامەزراوەیەک بەپێی زانیاری و بەڵگەکانی ڕاپۆرتی ساڵانە دەبێت، و دامەزراوەکان بەم جۆرە پۆلێن دەکرێن:-
1-	ئاستی یەکەم: پێویستی بە پشتیوانی گەورەیە.
2-	ئاستی دووەم: پێویستی بە پشتیوانیە.
3-	ئاستی سێیەم: ناوەندە. 
4-	ئاستی چوارەم: باشە. 
سێیەم: هەر کارمەندێکی پەروەردەیی و فێرکردن، لە هەر دامەزراوەیەک، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەگبەکەی پۆلێن دەکرێت بۆ:-  
1-	پێویستی بە پشتیوانیە.  
2-	پەسەندە.  
3-	ناوەندە.  
4-	باشە. 
5-	زۆر باشە. 
6-	نایابە. 
چوارەم: وەزارەت، بە پشتبەستن بە ئاکامەکانی پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی، پڕۆسەی هاندان جێبەجێ دەکات.  
پێنجەم: ڕاپۆرتی ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لەناو دۆسیەی دامەزراوەکەدا هەڵدەگیرێت، و وێنەیەکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن لە پارێزگا بەرزدەکرێتەوە.  

تەوەری هەشتەم
دڵنیایی جۆریی لەكاتی دامەزراندنی دامەزراوەی پەروەردەییدا

مادده‌ی (94)
یەکەم: ھیچ دامەزراوەیەکى پەروەردەیى دانامەزرێت و مۆڵەتی پێ نادرێت، ئەگەر پێداویستییە خوازراوەکان و ڕێکارەکانی دڵنیایی جۆریی و ڕێبەری دڵنیایی جۆریی، نەبێت.
دووەم: هەموو دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، هەر چوار ساڵ جارێک، داوای باوەڕپێدان لە وەزارەت دەکەن، کە وەک سەلماندنی ئاستی وانەوتنەوە ئەژماردەکرێت، و وەزارەت لەو ڕووەوە پشت بەو هەڵسەنگاندنەی دامەزراوەکە دەبەستێت کە لە چوار ساڵی پێشتردا بەدەستیهێناوە.

تەوەری نۆیەم
ئامانجی سەرپەرشتیكردن و هەڵسەنگاندن
مادده‌ی (95)
یەکەم: ئامانجی سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندن، گەیشتنە بە ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان و باشترکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و فێرکردن و بنیاتنانی تواناکانە لە دامەزراوەکاندا. 
دووەم: دەبێت پەرەپێدانی شێوازەکانی پێوانە و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ڕووە جیاوازەکانیەوە بەپێی بنەما و پێوەری بابەتی بێت، کە مەبەست لێی پەرەپێدانی بوارەکانی پێشخستنە لای قوتابی و خوێندکار و فەرمانبەرانی دامەزراوەکە، و بۆ باشترکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و ناوەڕۆکەکانیان و شێوازەکانی وانەوتنەوە و تاقیکردنەوەکان و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای مامۆستاکانە. 


لقی یەكەم
ئەركەكانی سەرپەرشتیكردن
مادده‌ی (96)
یەکەم: ڕێنوێنی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، پشتیوانیکردن و پشکنینی کاری دامەزراوەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران لە ڕووە جیاوازەکانەوە.  
دووەم: پشتگیریکردنی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان. 
سێیەم: داهێنانی ڕێکاری بابەتیانە بۆ دڵنیایی جۆریی. 
چوارەم: ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە باش بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، پلان و پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن، سەرپەرشتیاری و چۆنیەتی گەشەکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و فێرکاریی و چالاکییەکان، کاروباری دارایی و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە. 
لقی دووەم
ئەركەكانی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی
مادده‌ی (97)
یەکەم: ڕێنوێنی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، پشتیوانیکردن و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی دامەزراوەکان، بۆ دڵنیابوون لە ئاستی پەروەردەیی و فێرکردن و ڕێگەکانی کارکردنیان، بەمەبەستی گەشەپێدانی کاری دامەزراوەکان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی بە شێوەیەکی گشتی و پشتگیریکردنی دامەزراوەکان لە کارەکانیاندا.  
دووەم: دڵنیابوون لە هەبوونی ڕێکاری تۆکمە بۆ دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەکاندا. 
سێیەم: هەڵسەنگاندنی کاری کارگێڕیی دامەزراوەکان بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت.  
چوارەم: هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی مامۆستایان لە کاتی وانەوتنەوەدا بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت، و هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بەپێی پێوەری زانستی تایبەت.
پێنجەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەندبوونی دامەزراوەکان بە یاسا و ڕێنماییەکان، ئاستی تۆمارکردنی دەسکەوتەکانی دامەزراوەکە و تۆمارکردنی هەر پێشێلکارییەک کە لە دامەزراوەکەدا ڕوویدابێت.  
شەشەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەبەندبوونی دامەزراوە بە پروگرامەکانی خوێندن و ڕادەی پشتیوانیکردن و هاندانی کارامەیی سەرکردایەتی لای قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان.  
حەوتەم: دڵنیابوون لە پابەندبوونی مامۆستایان بە ئامادەکردنی هەگبەکانیان و کۆکردنەوەی بەڵگەی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازیی بەردەوام.  
هەشتەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی پەروەردەیی و فێرکردنی قوتابیان و خوێندکاران و ڕێژەی دەرچوونیان.  
نۆیەم: هەڵسەنگاندنی ژینگەی خوێندن.  
دەیەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی چالاکی  ئامادەیی پیشەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لە ڕووی هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا.  
یازدەیەم: هەڵسەنگاندنی پلانی خوێندنی دامەزراوەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی و ئەنجامەکانیان، بەپێی چەند فۆرمێکی گشتگیر و پێوەری باوەڕپێکراو.  
دوازدەیەم: هەڵسەنگاندنی هەر بوارێکی دیکە کە سەرپەرشتیار لە چوارچێوەی داواکاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن، بە گرنگی دابنێت لە ڕووی سوودگەیاندن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. 
سێزدەیەم: کارکردن لەپێناو سوودوەرگرتن لە گرنگی توێژینەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم سەبارەت بە گەشەپێدانی سیستەمی پەروەردەیی و فێرکردن.  
چواردەیەم: وەرگرتنی سکاڵای قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکاری لە دامەزراوەکان و لێکۆڵینەوە لێیان، بێ ئاشکراکردنی ناوی سکاڵاکار، و بڕیاردانی گونجاو لە بارەیانەوە لە ماوەیەکدا کە لە (1) یەک مانگ تێپەر نەکات. 

لقی سێیەم
ڕێكاری ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی سەرپەرشتیار لەكاتی سەردانی دامەزراوەكاندا

مادده‌ی (98)
یەکەم: ئامادەکاریی بۆ سەردانی دامەزراوەکان بەپێی ڕێکارەکان و پێداویستیەکانی سیستمی دڵنیایی جۆریی. 
دووەم: بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی کاری دامەزراوەکان، دڵنیابوون لە بوونی ڕێکاریی فەراهەمکردنی دڵنیایی جۆریی و بەدواداچوونیان. 
سێیەم: شیکردنەوەی ئەنجامی سەردانیکردنەکان و نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی هەڵسەنگاندن.  
چوارەم: ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی کۆتایی و ناردنی وێنەیەکی بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکە.  

لقی چوارەم
دامەزراندنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی
مادده‌ی (99)
یەکەم: مەرجەکانی دامەزارندنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی:  
1-	بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت و ناونیشانی مامۆستا بێت.
2-	ئەزموونی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە (10) دە ساڵ کەمتر نەبێت، و لەو ماوەیە لانیکەم (5) پێنج ساڵ کاری وانە وتنەوەی کردبێت. 
3-	بەشداری لە خولی شیاندنی سەرپەرشتاریی کردبێت، کە وەزارەت ساڵانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، ئەنجامیدەدات.  
4-	بە تاوانی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتری بەسەردا نەسەپێنرابێت.  
دووەم: ڕێکارەکانی دامەزراندنی سەرپەرشتیاران:-
1-	سەرپەرشتیار، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن  و بەپێی تاقیکردنەوەی بابەتیانە دەپاڵێورێت، و فەرمانی دانانیان لەلایەن وەزیرەوە بۆ دەردەچێت.  
2-	لە کاتی پاڵاوتن، لە پێشینەیی بۆ ئەو مامۆستایەیە کە خاوەن بڕوانامەی بەرزتر و لێهاتوویی زیاترە.  
3-	هەر کەسێک کە داواکاریی بۆ کاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پێشکەش کردبێت و کارەکەی پێ نەدرێت بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورای بەرکار لە هەرێم مافی دادخوازی و تانەلێدانی لە بڕیارەكە هەیە.




دەروازەی سێیەم
دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
بەشی یەكەم
ئامانج، جۆرەكان و دامەزراندن
تەوەری یەكەم 
ئامانج
مادده‌ی (100)
ئامانج لە مۆڵەتپێدانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان ئەمانەن:-
یەکەم: ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە بەراورد بە تواناکانی حکومەت. 
دووەم: دابینکردن و ئامادەکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی پرۆگرام و ڕێکارە هاوچەرخەکان.  
سێیەم: هاندانی پرۆسەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی و بیانی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی سیستمێکی هاوچەرخدا. 
چوارەم: ڕەخساندنی هەل لە بواری پەروەردە و فێرکردن بۆ  ڕەوەند و کەسانی بیانی و ئەوانەی گەڕاونەتەوە هەرێم. 
پێنجەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموون و  پێوەرە زانستییە سەرکەوتووەکان، بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و بەرزکردنەوەی ئاست و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو. 

تەوەری دووەم
جۆرەكانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
مادده‌ی (101)
یەکەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان چوار جۆرن:- 
1-	دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی، کە پرۆگرامی حکومی یان پروگرامێکی تایبەت بە خۆیان کە لە وەزارەت ڕێگەپێدراوە، پیادە دەکەن.  
2-	دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی قازانج نەویست، کە پرۆگرامی حکومی یان پروگرامێکی تایبەت بە خۆیان کە لە وەزارەت ڕێگەپێدراوە، پیادە دەکەن.  
3-	دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی، کە بریتین لەو دامەزراوانەی کە:-  
أ.	پرۆگرامێکی خوێندنی ناوەندێکی متمانەدەری نێودەوڵەتی فێرکردنی جیهانی پێشکەوتووی تێدا پیادە دەکرێت.  
ب.	سیستەمێکی ئەزموونەکانی ناوەندێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی متمانەداری باوەڕپێکراویان تێدا پیادە دەکرێت.  
ج.	سیستەمێکی سەرپەرشتیاری یان هەڵسەنگاندنی ناوەندێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی باوەرپێکراویان، هەبێت.  
4-	دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیە بیانییەکان، کە پرۆگرامی خوێندن، سیستەمی تاقیکردنەوەکان، جۆری بڕوانامە و هەڵسەنگاندنی وڵاتێکی دیاریکراو پیادە دەکەن، بە ڕەچاوکردنی بنەما گشتییەکانی خوێندن لە هەرێم، وەک ئەوەی لە یاسا بەركارەكاندا، هاتووە.  
دووەم: گشت دامەزراوە ناحکومییەکان پابەندن بە پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی، و نابێت ئامانجەکانیان لەگەڵ ئامانج و فەلسەفەی ئەم یاسایەدا، ناکۆک بێت. 

تەوەری سێیەم
دامەزراندنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی
مادده‌ی (102)
هەر کەسێک عێراقی بێت یان بیانی، سروشتی بێت یان مەعنەوی و شیاوى یاسایی هەبێت، ئەگەر مەرجەکانی بەخشینی مۆڵەتی تێدا بێت مافی دامەزراندنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی هەیە. 

لقی یەكەم
مەرجەكانی بەخشینی مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی

مادده‌ی (103)
یەکەم: دەبێت پرۆژەی بونیادنانی دامەزراوەکە ناکۆک نەبێت لەگەڵ بەها نیشتیمانی و بنەما گشتى و فەلسەفەییەکانى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێم.  
دووەم: نابێت داواکاری مۆڵەت ڕێکخراوێکی سیاسی یان ئایینی بێت.  
سێیەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.  
چوارەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت قەرز و باجی لەسەر نەبێت و بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی قەرز و باج لەگەڵ داواکاریی مۆڵەتدا پێشکەش بکات.  
پێنجەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت تەلاری تایبەت بە خۆی یان گرێبەستی سەرەتایی بۆ بەکرێگرتنی تەلارێکی گونجاو یان زەویەکی گونجاوی بۆ دروستکردنی تەلارێکی پەروەردەیی و فێرکاری هەبێت، مەرج و ڕێکارەکانیشى بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات، بێ ئەوەی مەرجە بیناسازییەکانی لەو مەرجانە توندتربن کە بۆ دروستکردنی تەلاری دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی دانراون. 
شەشەم:  
1.	پێویستە داواکاری مۆڵەت ناوێکی جیاکەرەوە بۆ دامەزراوەکەی دیاریبکات، بە جۆریک کە ناوەکە یان ناوە لێکدراوەکە بەتەواویی هەمان ناو نەبێت کە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی دیکە لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە هەیەتى، و نابێت ناوەکە لەگەڵ پەیامی پەروەردە ناکۆک بێت.   
2.	ئەگەر داواکاری مۆڵەت دامەزراوەی پەروەردەیی دیکەی هەبێت، مافی هەڵبژاردنی هەمان ناوی دامەزراوەکەی پێشتری بۆ دامەزراوە نوێکەی هەیە، بەڵام بە زیادکردنی وشەیەک یان ناوێکی دیکە.  
حەوتەم: نابێت داواکاری مۆڵەت لە (6) شەش ساڵی پێشتر دەستبەرداری خاوەنداریەتی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بوو بێت بۆ کەسێکی دیکە. 
هەشتەم: دەبێت داواکاری مۆڵەت گشت مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی تێدابێت. 

لقی دووەم
پێداویستییەكان لە كاتی پێشكەشكردنی داواكریی مۆڵەتدا
مادده‌ی (104)
یەکەم: دەبێت داواکاریی مۆڵەت ئەم زانیارییانی خوارەوە لە خۆبگرێت:-  
1-	سوودە پەروەردەیی و فێرکاریی و کۆمەڵایەتییەکانی دروستکردنی دامەزراوەکە. 
2-	سەرچاوە داراییەکان و لایەنی پشتیوانکار.  
3-	بڕی کرێی خوێندنی ساڵانە و ژمارەی قیستەکان کە دەبێت بە دراوی نیشتمانی بێت.   
4-	مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران و مەرجەکانی گواستنەوەیان.  
5-	پرۆگرامەکانی خوێندن، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئامانج و فەلسەفەی ئەم یاسایەدا ناکۆک نەبێت.  
6-	بنەماکانی دەرچوون و دەرنەچوون و سیستەمی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن. 
7-	بنەماکانی سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندن.  
8-	زمانی خوێندن.  
9-	بازنە و قۆناغ و ژمارەی ساڵەکانی خوێندن. 
10-	کارامەیی داواکراو لە كارمەندەكاندا.  
11-	چۆنیەتی دابینکردنی چاودێریی تەندروستی و چالاکییە جۆراوجۆرەکان.  
12-	پەیڕەوی ناوخۆی پێشنیازکراو بۆ کارگێڕیی دامەزراوەكە.  
13-	ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی دڵنیایی جۆریی.
14-	شوێنی دامەزراوەکە و نەخشەى بیناسازیى.
15-	پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی لە قەرز و باج.
16-	شێواز و میکانیزمى جێبەجێکردنى ئەرک و پابەندیى دامەزراوەکە بۆ قوتابیان و خوێندکارانى خاوەن پێداویستى تایبەت.
دووەم: ئەگەر داواکە سەبارەت بە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی یان بیانی بێت، ئەوکاتە پێویستە نوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە وەدەستهێنانی بەڵگەنامەی کاندیدبوون بۆ متمانەبەخشین (ئەکریدیتەیشن) لەلایەن ناوەندی سەرەکیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە یان دەوڵەتە پەیوندیدارەکە، لەگەڵ داواکاریەکە هاوپێچ بکرێت. 




لقی سێیەم
پێشكەشكردنی داواكاریی مۆڵەت و ڕێكارەكانی وەزارەت بۆ پێدانی

مادده‌ی (105)
یەکەم:
1-	پێشکەشکردنی داواکاریی مۆڵەت لەنێوان ڕۆژی یەکەمی مانگی تشرینی دووەم تا ڕۆژی یەکەمی مانگی ئازار دەبێت.  
2-	پێشکەشکردنی داواکاریی مۆڵەت، دوای پێدانی ڕەسمی پێشکەشکردنی داواکاریی، و هەبوونی گشت مەرجەکانی ماددەی (103) لە داواکاردا و دابینکردنی گشت پێداویستیەکانی ماددەی  (104) دەکرێت.  
3-	پێش بڕیاردان لە داواکە، وەزارەت مافی داواکردنی گۆڕینی داواکارییەکە و ئامادەکردنی هەر پێداویستییەكی لە داواکار هەیە بە گۆڕینی نرخی ساڵانەی خوێندنی پێشنیارکراویشەوە. 
4-	وەزارەت لە ماوەی (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بە گشت مەرج و پێداویستیەکانییەوە وەڵام دەداتەوە، و ئەگەر لەو ماوەیەدا وەڵامی نەدایەوە داواکارییەکە بە ڕەتکراوە ئەژمار دەکرێت. 
دووەم: 
1-	لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە لەلایەن وەزارەتەوە، دەبێت ڕەتکردنەوەکە بە نوسراو و هۆدار بێت، لەو بارەدا ڕەسمەکانی پێشکەشکردنی مۆڵەت نادرێتەوە.  
2-	داواکاری مۆڵەت مافی دادخوازی لە بڕیاری ڕەتکردنەوە یان وەڵام نەدانەوەی لە ماوەی دیاریکراودا، لە ماوەی  (30) سی ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێڕاگەیاندنی بڕیارەکە یان دوای تێپەربوونی (60) شەست ڕۆژەکە، هەیە.  
سێیەم: لە ئەگەری پێنەدانی مۆڵەت، داواکار مافی هەیە دوای نەمانی هۆیەکانی پێنەدانی مۆڵەت و  پێدانی ڕەسمی نوێ، جارێکی دیکە داوای مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت بکات.

لقی چوارەم 
پێدانی مۆڵەت و دەرئەنجامەكانی

مادده‌ی (106)
یەکەم : تەنها پاش بڕیاری وەزیر بە پێدانی مۆڵەت و بەجێهێنانی ئەم ئەرکانەی خوارەوە، مۆڵەت كاریپێدەكرێت.
1-	پێدانی ڕەسمی دامەزراندن. 
2-	دانانی بارمتە نامە، بە بڕێک کە وەزیر بە ڕێنمایی دیاریدەكات، و بۆ ماوەی (3) سێ ساڵ دەبێت، ئەویش بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی کاری دامەزراوەکە بە شێوەیەکی باش و لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتدا دامەزراوەکە پابەند دەکرێت بە نوێکردنەوەی دڵنیایی بانکی. 
3-	پێشکەشکردنی هەر پێداویستییەکى دیکە کە وەزارەت بە پێویستی دەزانێت. 
دووەم: پێدانی مۆڵەتی باخچە و قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگا ناحکومییەکان بەپێی پێویست و پلانی وەزارەت و جۆری پسپۆرییەکەیان دەبێت. 
مادده‌ی (107)
یەکەم: ڕێگە بە دەستبەکاربوونی هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نادرێت و ناتوانێت قوتابی و خوێندکار وەربگرێت تا بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەت وەرنەگرێت.  
دووەم:
1-	ئەو کەسەی مۆڵەتی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی وەردەگرێت، دەبێت لەماوەی (1) یەک ساڵ لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەتەکە دامەزراوەکەی دەستبەکار بێت، و تەنها یەکجار و بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ ماوەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە.  
2-	ئەگەر دروستکردنی تەلاری دامەزراوەکە بەپێی مەرجەکان، زیاتر لە دوو ساڵی لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەت خایاند، دەکرێت ماوەی یەک ساڵی تریش بدرێت بە خاوەن مۆڵەت بە مەرجێک ڕەسمەکان بدات.  
3-	درێژکردنەوەی ماوەکانی هاتوو لە خاڵەکانی (1، 2)ی ئەم بڕگەیە، بە بڕیاری وەزیر و لەسەر داوای خاوەن مۆڵەت و پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی ناحکومی دەبێت.

سێیەم:
1-	موڵەتى دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى بە باخچە و قوتابخانە و خوێندنگەیەک نادرێت کە لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى بوارى نیشتەجێبووندا دروستکرابێت و بەشێک بێت لەو خزمەتگوزارییە گشتییانەى کە پێشتر خاوەن پڕۆژەکەى پێ پابەندکراوە.
2-	ئەگەر لە هەمان کاتدا، لە مۆڵەتى پڕۆژەى وەبەرهێنانەکەدا مافى هەردوو دامەزراوەی پەروەردەیى حکومى و ناحکومى پێدرابێت، ئەوا دەبێت یەکەمجار دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە بونیاتبنێت، بەپێچەوانەوە، موڵەت بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە نادرێت.
3-	هەر پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، ئەگەر دواى چوونە بوارى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، پابەندى دروستکردنى دامەزراوەى پەروەردەیى حکومى نەبووبێت، بە دروستکردنى دامەزراوەکە پابەند دەکرێت تەنانەت ئەگەر زەوى تەرخانکراویش بۆ بواریکى دیکە بەکارهاتبێت و ناچار دەکرێت لە دەرەوەى پڕۆژەکە دامەزراوە پەروەردەییەکە دروست بکات.
4-	پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاریى، پابەندن بە دابینکردنى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ دامەزاروە پەروەردەییە حکومییەکان، بە هەمان نرخى دابینکردنى خزمەتگوزارییەکە لەلایەن کەرتى گشتییەوە.

لقی پێنجەم
نوێكردنەوەی مۆڵەت

مادده‌ی (108)
یەکەم: دەبێت داواکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەت، لانیکەم بە (3) سێ مانگ پێش بەسەرچوونی مۆڵەتی کارپێکراو، پێشکەش بە وەزارەت بکرێت.  
دووەم:  
1-	نوێکردنەوەی مۆڵەت هەر (3) سێ ساڵ جارێک دەبێت.
2-	ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت بە ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات ڕێکدەخرێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەت دەبێت لە ماوەی  (30) سی ڕۆژدا، لە ڕۆژی پێشکەشکردنی داوای نوێکردنەوەی مۆڵەت بە گشت پێداویستیەکانیەوە، بڕیار لەسەر نوێکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی داواکە بدات.   
3-	ئەگەر گشت مەرجەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت لە داواکارییەکەدا هەبوو، مۆڵەتەکە نوێ دەکرێتەوە.  
4-	لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت، دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان هەیە لە سەرهەمان كرێی ساڵانەی خوێندن کە پێش نوێکردنەوەی مۆڵەت هەیانبووە، بەردەوام بن. 
5-	ئەگەر نوێکردنەوەکە سەبارەت بە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان بیانی بوو، دەبێت دامەزراوەکە نووسراوی متمانە (ئەکریدیتەیشن)، نەک کاندیدبوون لە دامەزراوە نێوەدەوڵەتییەکە یان دەوڵەتە بیانییەکە، هاوپێچ بکات.   

لقی شەشەم
دەستبەرداربوون لە خاوەنداریەتی مۆڵەت و گواستنەوە

مادده‌ی (109)
یەکەم: خاوەنی مۆڵەت، تەنها پاش تێپەڕبوونی (4) چوار ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەکە بە شێوەیەکی کرداریی، مافی دەستبەرداربوونی خاوەنداریەتی مۆڵەتەکەی هەیە.  
دووەم:
1-	خاوەن مۆڵەت ناتوانێت بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت و هەبوونی گشت مەرجەکان لەو کەسەی داواکاره ببێتە خاوەنی نوێ، دەستبەرداری مۆلەتەکەی ببێت. 
2-	لە کاتی هەبوونی گشت مەرجەکان لە داواکاردا، وەزارەت لە ماوەیەک کە لە  (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بە گشت پێداویستیەکانیەوە تێپەڕ نەکات، داواکارییەکە پەسەند دەکات. 
سێیەم: مۆڵەت نادرێت بە هیچ کەسێک، کە لە ماوەی  (6) شەش ساڵی پێشتر، دەستبەرداری خاوەنداریەتی مۆڵەتێک بووبێت، یان مۆڵەتەکەی هەڵوەشێنرابێتەوە.  
مادده‌ی (110)
یەکەم: لە حاڵەتی مردنی خاوەن مۆڵەت، مۆڵەتەکە بۆ میراتگرەکەی دەگوازرێتەوە بە مەرجێک گشت مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی هاتوو لەم یاسایە، لە میراتگردا هەبێت.  
دووەم: لە کاتی بوونی مەرجەکانی ئەم یاسایە لە میراتگردا، میراتگر یان نوێنەرێکی یاسایى دەتوانێت کەسێک کە مەرجەکانی تێدا بێت بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە هەڵبژێرێت، و هەروەها دەتوانێت دامەزراوەکە بفرۆشێت یان دەستبەرداری ببێت بۆ کەسێک کە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی تێدا بێت.  
سێیەم: ئەگەر مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت لە میراتگر یان نوێنەرە یاساییەكەیدا بوونی نەبوو، ئەوا دامەزراوەکە دەفرۆشرێتەوە یان دەستبەرداری دەبێت بۆ کەسێک کە مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی تێدا بێت.  
مادده‌ی (111)
یەکەم: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی گواستنەوەی بۆ تەلارێکی دیكە هەیە.  
دووەم: مەرجەکانی گواستنەوەی دامەزراوەکە لە تەلارێک بۆ تەلارێکی دیکە بە ڕێنمایی کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێت. 

تەوەری چوارەم
هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت
مادده‌ی (112)
لە هەر یەک لەم بارانەی خوارەوەدا، ئەرکی وەزارەتە لە ماوەی (٦٠) شەست ڕۆژدا، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، هەڵوەشێنێتەوە:-
یەکەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەفرۆشرێت یان خاوەنەکەی دەستبەرداری دەبێت، بەبێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت. 
دووەم: کاتێک دامەزراوەیەک بەردەوام دەبێت لە داخستنی دەوام بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا زیاتر لە (1) یەک هەفتە و بەبێ هۆی ڕەوا و بەبێ گوێدانە هۆشداری فەرمی وەزارەت.  
سێیەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەگوازرێتەوە لە تەلارێک بۆ تەلارێکی دیکە بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت.  
چوارەم: کاتێک خاوەنی مۆڵەت لە کاتی دیاریکراودا داوا سەبارەت بە نوێکردنەوەی مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت ناکات، بێ گوێدانە هۆشداری دووبارەی فەرمی وەزارەت سەبارەت بە بەسەرچوونی مۆڵەتی کارپێکراو.  
پێنجەم: کاتێک دامەزراوەیەک لەو کاتەی بەپێی بڕیاری مۆڵەت بۆی دیاریکراوە دەستبەکار نابێت، بەبێ بوونی پاساوێکی ڕەوا کە لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت. 
شەشەم: کاتێک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی یان بیانی متمانەی (ئەکریدیتەیشن)ی ئەکادیمی لەدەست دەدات، و لەو کاتەدا دامەزراوەکە دەکرێت بە دامەزراوەیەکی خۆماڵی.  
حەوتەم: کاتێک سەلمێنرا کە بڕیاری پێدانی مۆڵەت لەسەر بنەمای بەڵگە و نووسراوێکی ساختە بێت.  
هەشتەم: کاتێک خاوەن مۆڵەت، پاش ئاگادارکردنەوەی زیاتر لە جارێك لەلایەن وەزارەتەوە، بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی پێشکەش نەکات. 
نۆیەم: کاتێک دامەزراوەکە پابەند نابێت بە ئەرک و پابەندییە یاسایی و کارگێڕییەکانی، سەرەڕای هۆشداریی زیاتر لە جارێكی وەزارەت.  
 
تەوەری پێنجەم
ڕێكارەكانی لێكۆڵینەوە و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی

مادده‌ی (113)
یەکەم : بەمەبەستی ڵێکۆڵینەوە سەبارەت بە سەرپێچییەكان دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، وەزیر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرێکی گشتی و ئەندامیەتی چەند فەرمانبەرێکی دیکە کە یەکێکیان یاسایی دەبێت، پێکدەهێنێت و لیژنەکە ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە وەزیر دەکات.
دووەم : ئەرک و ڕێکارەکانی کاری لیژنەکە بە ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێن. 
مادده‌ی (114)
یەکەم:
1-	لە کاتی سەلماندنی یەکێک لە بارەکانی ماددەی  (112)ی ئەم یاسایە، وەزارەت پێش دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، مافی سەپاندنی پێبژاردنێکی هەیە له سه¬ر دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی کە لە  (10.000.000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە  (150.000.000) سەد و پەنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.  
2-	وەزارەت مافی دەستبەسەرداگرتنی بڕی دڵنیایی بانکی بە شێوەیەکی کاتی هەیە. 
دووەم: لە ماوەی  (30) سی ڕۆژ لە بڕیاری وەزیر بە سەپاندنی سزای پێبژاردن یان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، خاوەنی مۆڵەت دەتوانێت دادخوازی و تانە لە بڕیارەکە بدات، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئەنجومەنی شورای بەرکار لە هەرێم.
مادده‌ی (115)
یەکەم: لە ئەگەری دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، خوێندن لە دامەزراوەکە تا کۆتایی ساڵی خوێندن بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی بەرێوەبردنێکی هاوبەشەوە لە نێوان دامەزراوەکە و وەزارەت و گشت تێچووەکانی بەڕێوەبردنە هاوبەشەکە لەسەر خاوەنی دامەزراوەکە دەبێت.  
دووەم: بە هەماهەنگی لەگەڵ خاوەنی ئەو دامەزراوەیەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دراوە، وەزارەت دەتوانێت دوای تەواوبوونی ساڵی خوێندن، بەڕەزامەندی قوتابیان و خوێندكاران و بەخێوكارانیان، بۆ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی یان ناحکومی دیكەیان بگوازێتەوە.  

تەوەری شەشەم
حوكمە هاوبەشەكان
مادده‌ی (116)
خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی بەجێهێنانی پابەندییەكان لە ئەستۆدەگرێت و بەرپرسە لە فەراهەمکردنی مافەکانی کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە.  
مادده‌ی (117)
یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگای لە دامەزراوەکە هەیە، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان.  
دووەم: دەبێت نرخی خواردن و شتومەکی خواردنگە و فرۆشگا گونجاو بێت، و ئەنجومەنی وەزارەت مافی کەمکردنەوەی نرخەکانی هەیە ئەگەر لەچاو نرخی بازاڕ و هاوشێوەکانیان بەرزبوون. 
مادده‌ی (118)
یەکەم: دەکرێت تەلاری دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان موڵک یان کرێ بن. 
دووەم: ئەگەر تەلاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی لە (٣) سێ نهۆم زیاتربوو، کە هەرسێکیان پۆلی تیدابێت، ئەو کاتە پێویستە ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەت وەربگیرێت، و ئەو هەلومەرجە تایبەتانە ڕوونبکرێنەوە کە وایانکردووە تەلارەکە لە (٣) سێ نهۆم زیاتر بێت، و پاش ئەوە وەزارەت بڕیاری خۆی دەدات.  
سێیەم: ئەو تەلارانەی دوای دەرچوونی ئەم یاسایە بۆ دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی دروست دەکرێن، دەبێت ڕووبەری پۆلەکانیان لە (٣٥) سی و پێنج مەتر دووجا کەمتر نەبێت. 
چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی خۆیانە تەلارەکانیان بۆ (٢) دوو دەوامی یەک لەدوای یەک بەکاربهێنن . 
پێنجەم: نابێت ئەو مەرجە بیناسازیانەی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان داوا دەکرێن لە کاتی دروستکردنی تەلارەکانیاندا، لەو مەرجانە توندتر بن کە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان داوا دەکرێن.  
شەشەم: تەلاری ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دروستکراون بەپێی یاسا و ڕێنمایی و مۆڵەتی کارپێکراوی کاتی دروستکردنیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.  
حەوتەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی هەبوونی نوسینگەی خۆی لە تەلاری دامەزراوەکەدا هەیە.  
هەشتەم: ژێرزەمین بە نهۆم هەژمار ناکرێت، و نابێت هیچ پۆلێکی وانەوتنەوە لە ژێرزەمین هەبێت، بەڵکو دەکرێت بۆ هۆڵی کۆبونەوە و هۆڵی تاقیکردنەوە و تاقیگە و کافیتێریا و کاری خزمەتگوزاریی بەکاربهێندرێت.

بەشی دووەم
پڕۆگرامەكانی خوێندن، سیستەمی وەرگرتن، تاقیكردنەوەكان و بڕوانامەكان لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
تەوەری یەكەم
پڕۆگرام و كتێبەكان و بابەتەكانی خوێندن
لقی یەكەم 
پڕۆگرامی خوێندن
مادده‌ی (119)
هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، دەبێت بە یەكێك لەم چوار جۆرە پرۆگرامەی خوێندن پابەند بێت:- 
یەکەم: پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەت، ئەگەر دامەزراوەکە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی بێت. 
دووەم: پروگرامێکی تایبەت، ئەگەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی پێشوەختە و بەفەرمی، ڕەزامەندی بۆ پڕۆگرامەکەی لە وەزارەت وەرگرتبێت.
سێیەم: پرۆگرامی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی دانپێدانراو، کە لەلایەن بنکەی سەرەکیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە پەسەندکرابێت و لەلایەن وەزارەتیشەوە مۆڵەتی پێدرابێت . 
چوارەم: پرۆگرامی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بیانی، کە تایبەت بێت بە ڕەوەندە بیانییەکان و لەلایەن دەوڵەتی پەیوەندیدار و وەزارەتەوە پەسەند کرابێت.  

لقی دووەم
بابەتەكانی خوێندن
مادده‌ی (120)
یەکەم: بابەتەکانی خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بەپێی پرۆگرامی خوێندنی دامەزراوەکە دەبێت، کە پێشتر لە وەزارەت ڕەزامەندی بۆ وەرگیراوە.  
دووەم: هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، دوای ئاگادارکردنەوەی وەزارەت، مافی زیادکردنی بابەتی خوێندنی بۆ پرۆگرامەکانی حکومی هەیە، بەو مەرجەی کاریگەری لەسەر بابەتەکانی خوێندن نەبێت و لەگەڵ بنەما گشتییەکان و فەلسەفەی ئەم یاسایە ناکۆک نەبێت. 

لقی سێیەم
كتێبەكانی خوێندن
مادده‌ی (121)
یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خۆماڵیەی كە پرۆگرامی وەزارەت پیادە دەکات، هەمان کتێبى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بەکاردێنێت، و مافی بەکارهێنانی کتێبی دیکەى هەیە بە مەرجێک پێشوەختە ڕەزامەندى وەزارەتى بۆ وەرگرتبێت.
دووەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خۆماڵیانەی پرۆگرامی تایبەت بە خۆیان دەخوێنن، پاش ڕەزامەندی وەزارەت مافی هەبوونی کتێبی تایبەت بە خۆیان هەیە. 
سێیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە نێودەوڵەتی و بیانییەکان، کتێبی تایبەت بە خۆیان دەخوێنن، بەڵام دەبێت ڕەزامەندی فەرمی وەزارەتی بۆ وەربگرن.  
چوارەم: لە گشت دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەبێت بابەتی زمانی کوردی بە پێی پرۆگرامی وەزارەت بخوێندرێت.
لقی چوارەم 
زمانی خوێندن
مادده‌ی (122)
یەکەم: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بەهەمان ستافی بەڕێوەبردن، دەتوانێت خوێندن بە یەک یان زیاتر لە زمانەکانی عەرەبی، تورکمانی، سریانی، ئەرمەنی، ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکەی جیهانی باوەڕپێکراو بکات، بە مەرجێک بابەتی زمانی کوردی و زمانی عەرەبی بەپێی سیستمی وەزارەت بخوێندرێت. 
دووەم: ڕەوەندی بیانی و پەنابەرەکان دەتوانن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن، بە مەرجێک بابەتەکانى زمانی کوردی و زمانی عەرەبی بەپێی سیستەمی وەزارەت تێیاندا بخوێندرێت.

تەوەری دووەم
سیستمی وەرگرتن
مادده‌ی (123)
یەکەم: بنەمای سەرەکی وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار، بەپێی ئەو مەرجانەی وەرگرتن دەبێت کە پێشتر لەلایەن دامەزراوەکە لەکاتی داواکردنی مۆڵەتی دامەزراندن پێشکەش بە وەزارەت کراوە و مۆڵەتی لەسەر وەرگیراوە، بە ڕەچاوکردنی حوکمی بڕگەکانی خوارەوەی ئەم ماددەیە. 
دووەم:  
1-	لە باخچەی منداڵانی ناحکومی، ئەو منداڵانە وەردەگیرێن کە لە ڕۆژی تۆمارکردنیان یان لە (٣١) کانونی یەکەمی ئەو ساڵە، تەمەنی (4) چوار یان (5) پێنج ساڵ تەواودەکەن. 
2-	هیچ منداڵێک لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی وەرناگیرێت ئەگەر لە (31) کانونی یەکەمی ئەو ساڵە تەمەنی نەبووبێتە (6) شەش ساڵ. 
3-	نابێت تەمەنی قوتابی لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی لە(19) نۆزدە ساڵ زیاتر بێت.  
4-	نابێت تەمەنی خوێندکاری ئامادەیی ناحکومی لە(28) بیست و هەشت ساڵ زیاتر بێت. 
سێیەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دامەزراوەیەكی پەروەردەیی ناحكومی لە پۆلێکی دیاریکراودا دەخوێنن، جێگایان لە پۆلێکی بەرزتری هەمان دامەزراوە بۆ ساڵی خوێندنی دواتر دابینکراو دەبێت، بە مەرجێک دامەزراوەکە ئەو پۆلەى هەبێت و قوتابیەکە یان خوێندکارەکە دەرچووبێت و ئامادەبێت کرێی ساڵانەی خوێندن بدات.  
چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بۆیان نییە قوتابی و خوێندکار لەبەر هۆی ناپەروەردەیی، یان ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن وەرنەگرن، تەنها لەو بارەدا نەبێت کە قوتابی و خوێندکار پێویستی بە پۆلی تایبەت هەبێت یان وەرگرتنی ببێتە هۆی خەرجی زیاتر لەسەر دامەزراوەکە.  
پێنجەم:
1-	ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، ساڵانە (5) پێنج کورسی بە خۆڕایی بۆ کوڕ وکچی شەهیدان و هاوسەرەکانیان تەرخان بکەن، بەو مەرجەی ئەو ژمارە داواکاریە هەبێت و داواکار مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت.  
2-	ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، ساڵانە (5) پێنج کورسی بە خۆڕایی بۆ کوڕ وکچ و هاوسەری ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر یان کوڕ و کچیان تەرخان بکەن، بە مەرجێک ئەو ژمارە داواکاریە هەبێت و داواکار مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت.  
شەشەم : دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە بەڕێژەی (١٠٪) دە لە سەدی کورسیەکانی هەر پۆلێک، بە پێی ڕێکاری دامەزراوەکە قوتابی و خوێندکار وەربگرن. 
حەوتەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان ساڵانە و پێش کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لیستێک بە ناو، تەمەن، پۆلەکانی قوتابیان و خوێندکاران، بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پەیوەندیدار، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوە، بنێرن. 
هەشتەم: هیج دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، نابێت قوتابی یان خوێندکاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دیکە وەربگرێت و ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوە و بەشداریکردنی لە خوێندن بدات، ئەگەر خوازیارەکە پێشوەختە بەڵگەنامەی گواستنەوەی لە دامەزراوەی دووەمەوە نەهێنابێت.  
نۆیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان هەیە قوتابی و خوێندکار لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە و نمرە وەربگرن.  

تەوەری سێیەم
تاقیكردنەوە، نمرە و بڕوانامەكان
لقی یەكەم
تاقیكردنەوە و نمرەكان

مادده‌ی (124)
یەکەم: کات و شێوەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دانانی نمرە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، بەسەر هەموو ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەدا پیادە دەکرێت کە پرۆگرامی حکوومی دەخوێنن، جگە لەو دامەزراوانەی پێشوەختە مۆڵەتیان لە وەزارەت وەرگرتووە بۆ پیادەکردنی سیستەمێک کە بەشێک لە ووردەکارییەکانی جیاوازە لە سیستەمی حکومی.  
دووەم: ئەرکی هەموو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە نێودەوڵەتی و بیانییەکانە، کات و شێوەی تاقیکردنەوە و نمرەدانانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت.  
سێیەم: بەمەبەستی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم، وەزارەت لە ڕێگەی ڕێکاری تایبەتەوە بڕیار لە شێوازی هەژمارکردنی نمرەکانی قوتابیانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە نێودەوڵەتی و بیانییەکان و ئاستەکانیان دەدات.
چوارەم: پاش وردبینی، دامەزراوەکان وێنەیەکی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلەکان بۆ یەکەی تاقیکردنەوەکان و بەشی ئەرشیف لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان دەنێرن.  

لقی دووەم
بڕوانامەكان
مادده‌ی (125)
یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی وەزارەت دەخوێنن، دەکەونە ژێر هەمان مەرج و ڕێکاری پێدانی کارتی هەڵسەنگاندن و بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون، ئەوانەی کە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا پەیڕەو دەکرێن.  
دووەم: کارتی هەڵسەنگاندن، بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوونی هەر قۆناغێک لەو دامەزراوانە، هاوتایە لەگەڵ کارتی هەڵسەنگاندن و بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون لە دامەزراوەی پەروەردەیی حكومی. 
سێیەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی نێودەوڵەتی و بیانی دەخوێنن، دەکەونە ژێر ئەو مەرج و ڕێکارە تایبەتانەی پێدانی کارتی هەڵسەنگاندن، بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون، کە پێشتر لەلایەن دامەزراوەکە پێشکەش بە وەزارەت کراوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە. 
چوارەم: بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی دوازدەیەمی خوێندنگە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان، لە سەر بنەمای دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت و بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی دوازدەیەمی خوێندنگە ناحکومییە بیانییەکان لەسەر بنەمای دەرچوون لە تاقیکردنەوە بیانییەکان دەدرێت.  
پێنجەم: وەزارەت تاکە لایەنە کە مافی پشتگیریکردن و هاوتاكردنی بەڵگەنامەکانی دەرچوونی هەیە. 

تەوەری چوارەم
حوكمە هاوبەشەكان
مادده‌ی (126)
یەکەم: هەر ساڵێکی خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، لانیکەم لە (170) سەد و حەفتا ڕۆژی خوێندن پێکدێت، و هیچ ڕۆژێکی خوێندن لە (5) پێنج کاتژمێر کەمتر نابێت.  
دووەم: ساڵنامەی خوێندن و کاتەکانی دەوام و پشووەکان لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، بەپێی ئەو پرۆگرامە ڕێکدەخرێت کە پێشتر ڕەزامەندی لەسەر وەرگیراوە لە وەزارەت، بە ڕەچاوکردنی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە و حوکمەکانی ماددەی  (27) ی ئەم یاسایە.  
سێیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن ڕۆژ و کاتژمێری زیاتر بخوێنن، وەک لەوەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا هاتووە، و هەروەها دەتوانن لەو ڕۆژانەدا بخوێنن کە بەپێی ماددەی (27) پشوو نییە.  
چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن سوود لە سیستەمی (2) دوو مامۆستا لە پۆل وەربگرن، کە یەکێکیان دەبێت بە مامۆستای سەرەکی و ئەوەی دیکەش دەبێتە مامۆستای هاوکار.  
مادده‌ی (127)
ڕێکارەکانی گواستنەوەی قوتابی و خوێندکار لە نێوان دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکاندا، بەپێی ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێت. 


مادده‌ی (128)
یەکەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، لە ساڵی یەکەمی دامەزراندنیدا، دەتوانێت بە (1) یەک پۆل دەست پێبکات.  
دووەم: 
1-	ئەو قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی یەک بازنەی خوێندنی تێدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (3) سێ ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی یەک بازنەی خوێندن.  
2-	ئەو خوێندنگە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی ئامادەیی تیدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (٣) سێ ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندنی ئامادەیی.  
3-	ئەو پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی تێدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (5) پێنج ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی. 
4-	کۆمەڵگەی پەروەردەیی ناحکومی دەبێت لە ساڵی یەکەمی خوێندندا، لانیکەم پۆلێکی لە هەر قۆناغێکی خوێندن هەبێت، و هەر ساڵێکی خوێندن پۆلێکی نوێ زیاد بکات، بۆ ئەوەی ساڵ لە دوای ساڵ ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندن.  
سێیەم: هەموو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی ناحکومی، بۆ درێژەدان بە خوێندن، دەتوانێت خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بکاتەوە، بەمەرجێک لای وەزارەت مۆڵەتی بۆ وەربگرێت.  





بەشی سێیەم
پێكهاتە كارگێڕییەكان لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكاندا
تەوەری یەكەم
بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و كارمەندان

مادده‌ی (129)
یەکەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بەڕێوەبەرێکی هەمیشەیی هەبێت.  
دووەم:  
1-	ئەگەر ژمارەی منداڵان لە باخچەیەکی منداڵان لە (150) سەد و پەنجا منداڵ زیاتر بوو، پێویستە یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر دابنرێت.  
2-	ئەگەر ژمارەی قوتابیان و خوێندکارانی قوتابخانە یان خوێندنگە یان کۆمەڵگەی پەروەردەیی یان پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی گەیشتە  (150) سەد و پەنجا، یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر یان زیاتری بۆ دادەنرێت. 
سێیەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی ژمارەیەک مامۆستای هەبێت کە لەگەڵ ژمارەی منداڵان یاخود قوتابیان و خوێندکارانیاندا بگونجێت، و ناکۆک نەبێت لەگەل ڕێنماییەکانی وەزارەت.  
چوارەم: پێویستە هەموو  قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی و  پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، ڕێنماییکارێکی پەروەردەیی بۆ هەر  (125) سەد و بیست و پێنج قوتابی و خوێندکارێک هەبێت. 
پێنجەم: پێویستە هەموو قوتابخانە، خوێندنگە، و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، فەرمانبەرێکی تەندروستی هەبێت یان خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕێگەی گرێبەستێک لەگەڵ دامەزراوەیەکی تەندروستی دابین بکات.  
شەشەم: پێویستە هەموو  کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بەڕێوەبەرێکی خاوەن بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، هەروەها بەڕێوەبەرێک بۆ هەر یەک لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتی و قۆناغی ئامادەیی دابنێت. بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بەرپرسی یەکەمی کاری ئەکادیمی و کارگێڕیی و دارایی دەبێت، هەروەها ئەرکی سەرەکی سەرپەرشتیاری و دڵنیایی  جۆریی لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە کۆمەڵگەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی.  
حەوتەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دەبێت ژمارەیەک کارمەند دابمەزرێنێت، بەپێی پێداویستی دامەزراوەکە و بەو ناونیشانەی دامەزراوەکە پێویستیەتی.
مادده‌ی (130)
یەکەم:  
1- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە  (٨٠٪) هەشتا لە سەدی کۆی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراوەکە، کەمتر نەبێت.
2- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکان لە هەر یەک لە (3) سێ قۆناغەکەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە (٨٠٪) هەشتا لە سەدی مامۆستایانی قۆناغە پەیوەندیدارەکەی کۆمەڵگەکە کەمتر نەبێت.
3- دەبێت لانیکەم (٨٠٪) هەشتا لە سەدی بەشە وانەکانی هەر یەک لە دوازدە ساڵەکەی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و (5) پێنج ساڵەکەی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی بە مامۆستا هەمیشەییەکان بدرێت.
دووەم: 
1-	لە کاتی دەوامی فەرمی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی نیە مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەیی دیکە و سەرپەرشتیاران و کادیرانی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بەکاربخات، ئەوانە نەبێت کە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە یان خواستراون.
2-	تەنها پێش دەستپێکردن یان دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی ئەو دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەی کە مامۆستا و فەرمانبەرە حکومییەکە کاری تێدا دەکات، و دوای مۆڵەت وەرگرتنی نووسینەکی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە لەلایەن مامۆستا و فەرمانبەرەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی بەکارخستنی مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی حکومی هەیە. 
سێیەم: هیچ کەس ناتوانێت لە یەک کاتدا بەڕێوەبەری دوو دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی بێت. 
چوارەم: هەر مامۆستایەک بەهۆکاری تەندروستی خانەنشین کرابێت مافی کارکردنی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا نییە. 
پێنجەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، لە مانگی یەکەمی ساڵی خوێندندا، ناوی ئەندامانی کارگێڕیی و مامۆستایانیان بۆ وەزراەت بنێرێن. 

شەشەم:
1-	بەڕێوەبەری هەمیشەیی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەمیشەیی، مامۆستای هەمیشەیی و ڕێنماییکاری پەروەردەیی هەمیشەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا ئەوانەی خوارەوەن:- 
أ.	‌ئەوانەی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دامەزراون بێ ئەوەی لە کەرتی گشتی کار بکەن. 
ب.	‌ئەوانەی تەمەنیان لە  (63) شەست و سێ ساڵ تێپەر نەبووە. 
ج.	‌ئەوانەی لە دامەزراوەکە دامەزراون بێ ئەوەی گرێبەستی کاری هەمیشەییان لە گەڵ شوێنێکی دیکە هەبێت.  
2-	بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی کەرتی گشتی، کە خواستراون یان خاوەنی مۆڵەتی بێ مووچەن، بەکارمەندی هەمیشەیی هەژمار ناکرێن. 

تەوەری دووەم
 مافەكانی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
مادده‌ی (131)
یەکەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بەرپرسە لە پاراستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەکانی کارمەندەکانی لە ماوەی خزمەتکردنیان لە دامەزراوەکەدا، هەروەها پابەند دەبێت بە ڕەخساندنی دەرفەتی شیاندن و فێربوونی بەردەوام و ڕاهێنانیان لەسەر پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. 
دووەم: پێویستە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، ئەو تۆمارانەی هەبێت کە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەمەرجی گرتوون، ئەوەش بەمەبەستی جێگیرکردنی مافەکانی مامۆستا و کارمەندەکانی. 
سێیەم: كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی پشوویان بە پێی گریبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەستنیشان دەکرێت، بەڕەچاوکردنی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم. 
چوارەم: بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنمایکاریی پەرورەدەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی بەشداریکردنیان لە خولی بەهێزکردنی تواناکان و فێربوونی بەردەوام هەیە، کە لە ساڵێکدا نابێت لە (٣٠) سی کاتژمێر کەمتر بێت، و لەسەر خەرجی دامەزراوەکە بۆیان دەکرێتەوە.  


پێنجەم:  
1-	نابێت کاتژمێرەکانی کارکردنی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە (8) هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و لە  (40) چل کاتژمێر لە حەفتەیەکدا، زیاتر بێت. 
2-	ژمارەی بەشە وانەکانی مامۆستایان بەپێی ئەو گرێبەستە دەبێت کە لەنێوان دامەزراوەکە و مامۆستاکە بەستراوە، بە ڕەچاوکردنی کاتژمێرەکانی کار لە هەفتەیەکدا.  
3-	لە حاڵەتی کارکردنی زیادە یان وتنەوەی بەشە وانەی زیاتر وەک لەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە، دەبێت دامەزراوەکە مافی هەر کاتژمێرێکی کارکردنی زیادە بە مامۆستا و كارمەندە پەیوەندیدارەکە بدات. 
شەشەم:  
1.	کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی  کارمەندانى باخچە ناحکومییەکان، نابێت لە کۆى مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت. 
2.	کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی کارمەندانی  قوتابخانە، خوێندنگە و پەیمانگە  ناحکومییەکان، نابێت لە شایستەى دارایى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت.
حەوتەم: لە پشووی هاویندا، مووچەی مامۆستا و کارمەندانی هەمیشەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بە پێی گرێبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەبێت، و لە هیچ بارێکدا نابێت لە (70%) حەفتا لە سەدی مووچەی مانگانە کەمتربێت. 
هەشتەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە بێ دیاریکردنی هۆیەکەی، مافی دەرکردنی بەڕێوەبەر یان کارمەندانی وانەوتنەوە و کارمەندانی دیکەی نیە، کە دەبێت پشتبەست بە ڕاسپاردەی لیژنەیەک کە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن دامەزراوەکە دروست دەکرێت، دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بۆ وەردەگیرێت، بڕیاری لە بارەوە بدرێت. 
نۆیەم: مەرجەکانی بەکارخستن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و ناکۆکییەکانی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان و مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە، بەپێی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر دەقێکی دیکەی جیاواز لەم یاسایەدا نەهاتبێت.  
دەیەم: ساڵەکانی کارکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا، ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە ڕاژەی کردەیی بۆ گشت مەبەستەکان هەژمار دەکرێت.

تەوەری سێیەم
بەكارخستن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
لقی یەكەم
مەرجەكانی  بەكارخستن
مادده‌ی (132)
یەکەم: مەرجەکانی دامەزراندنی بەڕێوەبەر:-  
1-	لانیکەم خاوەنی بڕوانامەی بەرایی زانکۆ بێت.  
2-	ئەزموونی کار یان چالاکی لەبواری پەروەردە و فێرکردن لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، لە عێراق یان دەرەوەی عێراق.  
3-	بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتر          نەدرا بێت. 
4-	دەکرێت هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ، هەرچەندە خوێندنەکەیان لەبواری پەروەردە نەبووبێت، وەک بەڕێوەبەر بەکاربخرێن، بە مەرجێک پێش دامەزراندنیان خولی شیاندنی بەڕێوبەریان بینیبێت. 
دووەم: مەرجەکانی دامەزراندنی یاریدەدەری بەڕێوەبەر:- 
1-	دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری باخچەی منداڵان بڕوانامەی زانکۆی لەبواری پەروەردەدا هەبێت.
2-	دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی بڕوانامەی زانکۆی لەبواری پەروەردەدا هەبێت، و ئەزموونی لە بواری پەروەردە لە (٥) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت. 
3-	بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتر نەدرابێت.  
سێیەم: مەرجەکانى دامەزراندنى مامۆستا و ڕێنماییکارى پەروەردەیى، هەمان ئەو مەرجانە دەبێت کە بۆ مەبەستى دامەزراندنیان لە کەرتى گشتى، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دانراوە.
چوارەم: 
1- بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر، لەسەر خەرجی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە، لە یەکێک لەو خولانەی شیاندن بەشدار دەبن کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات. 
2- مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لەسەر خەرجی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەکە، لە یەکێک لەو خولانەی شیاندن و دڵنیایی جۆریی بەشداردەبن کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات. 
لقی دووەم
گرێبەستی دامەزراندن
مادده‌ی (133)
یەکەم: پێویستە گرێبەست لەنێوان دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی و هەر كارمەندێكی دامەزراوەکەدا هەبێت.  
دووەم: دەبێت گرێبەستەکە ماوەی کارکردن، بڕی موچە، کات و شێوازی کار، پشووەکان، و مافەکانی دیكەی کارمەندان و سزاکانی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تێدا هاتبێت. 
سێیەم: گرێبەستی دامەزراندنی بەڕێوەبەر لە نێوان بەڕێوەبەر و خاوەنی دامەزراوەکە یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات واژۆ دەکرێت.  
چوارەم: گرێبەستی دامەزراندنی كارمەندانی دیکە، لە نێوان كارمەندەكە و بەڕێوەبەر واژۆ دەکرێت.  
پێنجەم: دەبێت وێنەیەکى گرێبەستەکە بە تەواوى پاشکۆکانییەوە لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندنى ناحکومى دابنرێت.  

تەوەری چوارەم
ئەركەكانی بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكاندا

مادده‌ی (134)
بەڕێوەبەر نوێنەرایەتی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دەکات و ئەم ئەرکانەی هەیە:-    
یەکەم: ئەو ئەرکانەى لە بڕگەکانى ماددەى (57)ى ئەم یاسایەدا هاتوون و لەگەڵ سروشتى ئەرکەکانى بەڕێوەبەر لە دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومیدا دەگونجێن.
دووەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ خاوەن دامەزراوەکە سەبارەت بە گرێبەست لەگەڵ كارمەندان بەپێی پێویستی، یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیان.  
سێیەم: هەر ئەرکێکی دیکەی پەروەردەیی کە لەلایەن خاوەن دامەزراوەکەوە، پێی ڕادەسپێردرێت.


مادده‌ی (135)
یەکەم: ئەو ئەرکانەی لە ماددەکانی(58، 59، 60)ی ئەم یاسایەدا هاتوون، بەسەر یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا، جێبەجێ دەکرێت.  
دووەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن ئەرکی دیکە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی بسپێرن بەپێى ئەو ڕێکەوتنەى لەگرێبەستى دامەزراندندا هاتووە.

تەوەری پێنجەم
ئەنجومەنی كارگێڕیی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی 
لقی یەكەم
پێكهێنانی ئەنجومەن
مادده‌ی (136)
یەکەم: لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومیدا، ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی خاوەن دامەزراوەکە یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات و ئەندامیەتی هەر یەک لە:-  
1-	بەڕێوەبەری دامەزراوەکە. 
2-	دوو نوێنەری دەستەی مامۆستایان. 
3-	ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئەگەر لە دامەزراوەکەدا هەبێت. 
دووەم: لە هەر باخچەیەکی منداڵانی ناحکومیدا کە ژمارەی منداڵانی لە (50) پەنجا منداڵ زیاتر بوو، ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی خاوەن دامەزراوەکە، یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات و ئەندامیەتی هەر یەک لە:-
1-	بەڕێوەبەری باخچەکە.  
2-	دوو نوێنەری دەستەی مامۆستایان. 
3-	چاودێرێک.  
سێیەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم) و(دووەم)ی ئەم ماددەیەدا، پاش ڕەزامەندی خاوەن دامەزراوەکە یان نوێنەرەکەی، بە پەسەندکراو هەژمار دەکرێن.  
لقی دووەم
ئەركی ئەنجومەنی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان

مادده‌ی (137)
یەکەم: بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن و پرۆسەی دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەکە و هەڵسەنگاندنی وەرزانەیان.  
دووەم: بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی پلانی ساڵانەی دامەزراوەکە.  
سێیەم: تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگانەی پەیوەست بە دامەزراوەکەن، و بەڕێوەبەر داوا لە ئەنجومەن دەکات لەو بوارەدا یارمەتی بدەن.  
چوارەم: بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە بە جۆرێک کە لەگەڵ ئامانجەکانی ئەم یاسایەدا، بگونجێت.

تەوەری شەشەم
لیژنەكانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان
مادده‌ی (138)
لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، بەڕێوەبەر لانیکەم ئەو (6) شەش لیژنەیە دادەنێت کە لە ماددەی (75) ی ئەم یاسایەدا هاتووە.  






بەشی چوارەم
سیستەمی دارایی
تەوەری یەكەم
كرێی ساڵانەی خوێندن

مادده‌ی (139)
یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی وەرگرتنی کرێی ساڵانەی خوێندنی هەیە. 
دووەم:   
1-	کرێی ساڵانەی خوێندن کتێبەکانی خوێندن و جلی یەکپۆشی ساڵی خوێندن لەخۆدەگرێت، بە ڕەچاوکردنی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی (30)ی ئەم یاسایە.  
2-	هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دەستبەکار بووە، دەبێت لە ماوەی (3) سێ ساڵ لە دەرچوونی ئەم یاسایە لەگەڵ حوکمەکانی خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە خۆی بگونجێنێت.   
سێیەم: دامەزراوە مافی هەیە بڕی تێچووی خواردن و کرێی هاتوچۆی قوتابی و خوێندکار وەربگرێت، بە مەرجێک ئارەزوومەندانە بێت.  
چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان نییە، بێ ڕازیبوونی بەخێوکار، یان بێ ڕازیبوونی خودی قوتابی یان خوێندکار ئەگەر تەمەنی (١٨) هەژدە ساڵ یان زیاتر بوو، هیچ بارگرانییەکی دارایی بخەنە ئەستۆیان، جگە لەو کرێیانەی کە لەم ماددەیەدا هاتوون.  
پێنجەم:  
1-	دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن لەسەر کرێی ساڵانەی خوێندنی خۆیان، کە لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت بڕیاری لێدراوە بەردەوام بن، بێ هیچ دەستێوەردانێک.
2-	بەدەر لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، وەزارەت لە کاتى قەیرانى داراییدا، دەسەڵاتى کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى بەڕێژەیەکى گونجاو هەیە.


شەشەم:  
1-	ئەگەر بەخێوکار لە ماوەی  (30)  سی ڕۆژ لە پێدانی قیستی یەکەم، پەشیمان بوو لە دانانی یان بەردەوامبوونی منداڵەکەی یان قوتابی یان خوێندکارەکەی لە دامەزراوەکە، ئەرکە لەسەر دامەزراوەکە (90%)  نەوەد لە سەدی پارەکە بۆ بەخێوکار بگەڕێنێتەوە و گەڕاندنەوەکە پارەی کتێب و جلوبەرگی بەکارهاتوو ناگرێتەوە.  
2-	منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە کرێی وەرزی دووەم دەبەخشرێت، ئەگەر پێش دەسپێکی وەرزەکە دامەزراوەکەی بەجێهێشت بە کشانەوە یان گواستنەوە.  
حەوتەم: ئەرکی دامەزراوەکەیە پێش دەسپێکی ساڵی خوێندن، یان پێش دەسپێکردنی خوێندنی منداڵ و قوتابی و خوێندکار، گرێبەستێک لەگەڵ بەخێوکار سەبارەت بە ماف و ئەرکەکانی هەردوو لایەن بکات، بەمەرجێک ناوەڕۆکەکەی بە زمانی دایک بێت، و هیچ بڕگەیەکی گرێبەستەکە لەگەڵ هیچ ماددە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە ناکۆک نەبێت.  
هەشتەم: هەر قوتابی یان خوێندکارێک یەکەمی سەر ئاستی هەر پۆلێک لە پۆلەکانی خویندن بێت، لانیکەم لە (50%) پەنجا لەسەدی کرێی خوێندنی ساڵەکە دەبەخشرێت.
مادده‌ی (140)
یەکەم:  
1-	کرێی ساڵانەی خوێندن لانیکەم بە (3) سێ قیست دەبێت. 
2-	قیستی یەکەم لە کاتی تۆمارکردن یان پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندن دەدرێت. 
3-	قیستی دووەم لە کاتی دەستپێکی وەرزی دووەم دەدرێت، و قیستی سێیەمیش لەگەڵ وەرگرتنەوەی کارتی نمرە. 
دووەم: ئەگەر بەخێوکار پابەند نەبوو بە دانی کرێی ساڵانەی خویندن لە کاتی خۆیدا، دامەزراوە مافی هەیە داوا لە وەزارەت بکات بە گواستنەوەی منداڵ و قوتابی و خوێندکار بۆ دامەزراوەیەکی دیکە، و دەبێت وەزارەت لە ماوەی  (١٥) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتی داواکەوە بڕیاری گواستنەوەکە و جێبەجێکردنی بدات.  
سێیەم: بۆ وەرگرتنی کرێی ساڵانی خوێندن، دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی کردنەوەی ژمارەی بانكی هەیە.

تەوەری دووەم
باجەكان

مادده‌ی (141)
باجەکانی سەر دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی لە ماددەی  (164)ی ئەم یاسایەدا هاتووە.  

بەشی پێنجەم
سیستەمی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن و هەڵسەنگاندن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكاندا

مادده‌ی (142)
هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پرۆگرامی حکومی بەکار دەهێنێت، پێویستە پابەندی سیستەمی سەرپەرشتیکردن و دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی وەزارەت بێت. 
مادده‌ی (143)
یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پرۆگرامی تایبەت بە خۆی پیادەدەکات، ئەوەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کراوە، دەبێت بەشی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی هەبێت. 
دووەم: هەر کات وەزارەت بە پێویستی بزانێت، مافی سەرپەرشتیکردنی ئەو دامەزراوانەی هەیە کە پرۆگرامی خوێندنی خۆیان پیادەدەکەن. 
مادده‌ی (144)
یەكەم: ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، بەر لە کۆتایی مانگی تەمووز، هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ چالاکییەکانی دامەزراوەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ساڵی خوێندنی پێشوو بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی دانانی پلانی ئایندەدا سوودی لێ وەربگیرێت. 
دووەم: هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئەو دامەزراوانەی کە پرۆگرامی حکومی پیادە دەکەن بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:- 
1-	هەڵسەنگاندنی ساڵانەی كارمەندانی پەروەردەیی لەلایەن بەڕێوەبەرەوە.  
2-	ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە تۆمارەکانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا تۆمار دەکرێن و پوختەیەکیشی بەشێوەی فۆرمێک بۆ وەزارەت، وبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان یان ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت. 
3-	هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی كارمەندەكان و دامەزراوەکە دەکرێت و وەک بنەمایەک بۆ پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بەکاردێت.
4-	دامەزراوەکان لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی وەزارەت، و بەپێی پێوەر و فۆرمی تایبەت کە  بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن بە سەر دامەزراوەکاندا دابەشدەکرێن، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە بە گشتی، وەک هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر و دامەزراوەکە هەژمار دەکرێت. 
سێیەم: هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئەو دامەزراوانەی کە پرۆگرامی خۆیان بەکاردێنن بەپێی ئەو پێوەرانە دەبێت کە لەکاتی داواکردنی مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت کراوە و ڕەزامەندی لەسەر وەرگیراوە، بە ڕەچاوکردنی حوکمەکانی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی  (143)ی ئەم یاسایە.   

بەشی شەشەم
حوكمە گشتییەكان
مادده‌ی (145)
یەکەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە ناحکومییەکان، جلی یەکپۆشی تایبەت بە خۆیان دەبێت کە لەلایەن دامەزراوەکەوە دیزاین دەکرێت. 
دووەم: دەکرێت قوتابخانە ناحکومییەکان، پاش دەوامی فەرمی قوتابخانە، شوێنی حەواندنەوە بۆ قوتابییانی خۆیان بکەنەوە، پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەت، وکرێی مانگانە بەپێی گرێبەستێکی نێوان بەخێوکار و قوتابخانە ناحکومییەکە دەبێت.  
مادده‌ی (146)
یەکەم: دەبێت دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان گشت ئەو تۆمارانەیان هەبێت کە وەزیر لە ڕێگەی ڕێنمایییەوە دیاریاندەکات. 
دووەم:
1-	دامەزراوەی پەروەردەیى ناحکومی قازانج نەویست، دەبێت لە پەیڕەوى دامەزرانیدا هاتبێت کە قازانج نەویستە، و ساڵانە لەلایەن وەزارەتەوە چاودێری دەکرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە قازانجی دامەزراوەکە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکە و قوتابی و خوێندكار و مامۆستا و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە، خەرج دەکرێت.  
2-	ژمێرکارى دامەزراوەکە لەژێر ووردبینى دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمدا دەبێت.
مادده‌ی (147)
دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافی کردنەوەی خولی بەهێزکردنیان تەنها بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خۆیان هەیە. 
مادده‌ی (148)
یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی مۆڵەتیان پێش دەرچوونی ئەم یاسایە وەرگرتووە، مافی هێشتنەوە یان گۆڕینی ناوی خۆیان هەیە، بە مەرجێک مۆڵەت لە وەزارەت وەربگرن و ڕەسمی پێویست بدەن.   
دووەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی مافی گۆڕینی دامەزراوەکەی بۆ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە، بەم مەرجانەی خوارەوە:-
1-	نووسراوێكی متمانەبەخشین (ئەكریدیتەیشن) لە ناوەندێكی جیهانی باوەڕپێكراو پێشكەش بكات.
2-	پرۆگرام و شێوازی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی باوڕەپێکراوی هەبێت،
3-	ڕەسمی گۆڕینی مۆڵەت کە (50%)  پەنجا لە سەدی بڕی ڕەسمی پێدانی مۆڵەتە بدات.
4-	گۆڕانکارییەکە گشت قۆناغەکان بگرێتەوە، بەڵام لە پۆلی یەکەم دەست پێ بکات، و ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پێش گۆڕینی دامەزراوەکە بۆ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی لە دامەزراوەکە بوون، هەر بە سیستەمی خۆماڵی خۆیان بەردەوام دەبن. 
مادده‌ی (149)
یەکەم: هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، سەرپێچی پابەندییەکانی بەپێی ئەم یاسایە و رێنماییەکانی وەزارەت بکات، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە  (10.000.000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە  (150.000.000) سەد و پەنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سەرباری ئەوە وەزارەت مافی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەشی هەیە.   
دووەم: هەر کەس و لایەنێک، بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت دامەزراوەی ناحکومی بکاتەوە، بە پێبژاردنێک کە لە (50.000.000) پەنجا ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە  (150.000.000) سەد و پەنجا ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت و وەزارەت دامەزراوەکە دادەخات.  
سێیەم: سزاکانی بڕگەکانی (یەکەم) و (دووەم)ی ئەم ماددەیە، ڕێگە لەوە ناگرێت ڕێکاری یاسایی دیکە بەرامبەر بە سەرپێچکار بگیرێتەبەر ئەگەر سەرپێچییەکی دیکەی کردبێت و سزاکەی لە یاسایەکی دیکەدا دەقنووسکرابێت.  

دەروازەی چوارەم
ئەرك و پێكهاتەی وەزارەتی پەروەردە 
بەشی یەكەم
ئەركەكانی وەزارەت

مادده‌ی (150)
وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە، هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە گشتی و هاوبەشەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەدات:- 
یەکەم: داڕشتنى سیاسەتى پەروەردەیى و فێرکردن و جێبەجێکردنیان.   
دووەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ئەرکانەی لەم یاسایەدا هاتوون.  
سێیەم: چەسپاندنی بنەمای گشتی فێرکردنی بەرمەبنای دابینکردنی هەلی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاو.  
چوارەم: کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی، و بەستنەوەی بە ڕێکاری سەرپەرشتیکردنی هەموو دامەزراوە پەروەردەییە حکومیی و ناحکومییەکان.  
پێنجەم: دروستکردن، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بە هەموو قۆناغ و جۆرەکانیان و پارێزگاریکردن لە سەربەخۆییان و دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی بەگەڕکەوتن و بەردەوامبوونی کارەکانیان.  
شەشەم: دابینکردنی هۆکارەکانی فێرکردن و تەکنیکە پێویستە پەروەردەییەکان بۆ کاری پەروەردە و فێرکردن.
حەوتەم: دیاریکردنی بنەما و پێوەرە گشتییەکانی گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. 
هەشتەم: دانان و نوێکردنەوەی پلانی فێرکردن و پروگرامەکانی خوێندن، بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی ئەو بواره.  
نۆیەم:  گرنگیدان بە توێژینەوەی پەروەردەیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی جیاواز و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانیان بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. 
دەیەم: خوێندنەوە و دانانی ڕێگە و هۆکاری گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی ئەکادیمی و پیشەیی و کارکردن لەسەر گەشەپێدانیان. 
یازدەیەم: گرنگیدان بە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی توانستە پیشەیی و زانستییەكانی كارمەندە پەروەردەییەکان.  
دوازدەیەم: گرنگیدان بە چالاکیی وەرزشی و هونەری لە دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. 
سێزدەیەم: گرنگیدان بە لایەنی دەروونیی قوتابیان و خوێندکاران، دابینکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان، توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی قوتابی و خوێندکاران و سەلامەتی ژینگەی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان.  
چواردەیەم: ئامادەکردنی پلانی نیشتیمانی سەرتاسەریی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریی.  
پازدەیەم: هاندانی پتەوکردنی پەیوەندی لەنێوان دامەزراوە و کەسوکاری قوتابی و خوێندکاران، لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنی بەخێوکاران.  
شازدەیەم: کارکردن بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە و فێرکاریی لەلایەن کەرتی تایبەت و فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵیاندا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە و پڕۆژە پەروەردەییانەی ئامانجیان بەهێزکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. 
حەڤدەیەم: گرنگیدان بە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەبوارە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و فێرکردن، و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم لەو کۆنگرە و کۆبوونەوە و ڕێکخراو و کۆڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە ئامانجی پەروەردەیی و فێرکارییان هەیە.  
هەژدەیەم: هەر ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکردنی دیکە کە ئەنجومەنی وەزارەت پەسەندی دەکات. 

بەشی دووەم
پێكهاتە و ئەنجومەنی وەزارەت 
تەوەری یەكەم
پێكهاتەكانی وەزارەت
مادده‌ی (151)
یەکەم:
1-	وەزیر: سەرۆکی باڵای وەزارەتە و بەرپرسی کارەکانیەتی و ئاراستەکاری پلانەکانیەتی و سەرپەرشتیکار و چاودێرە بەسەریەوە، بە بڕیار و سەرپەرشتیی خۆی و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، سەرجەم ئەو بڕیار و فەرمان و ڕێنمایییانە دەردەچن، کە پەیوەندییان بە ئەرک و پێکهاتە و دەسەڵات و هەموو کاروبارە هونەری و دارایی و کارگێڕیی و ڕێکخستنەکانی وەزارەتەوە هەیە، و وەزیر وەک ئەندامێک لەئەنجومەنی وەزیران لە بەردەمیدا بەرپرس دەبێت.
2-	نووسینگەی وەزیر: کە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن.  
دووەم: 
1-	بریکاری وەزارەت: وەزارەت یەک بریکاری دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی وەزیر پێیدەدات، یارمەتی وەزیر دەدات لە ڕاییکردن و سەرپەرشتیکردنی کاروباری وەزارەتدا.
2-	نووسینگەی بریکاری وەزارەت: لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە، و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن.  
سێیەم:  
وەزارەت ژمارەیەک ڕاوێژکاری دەبێت کە ژمارەیان لە (5) پێنج زیاترنابێت و ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن کە وەزیر بەپێی پێداویستی وەزارەت پێیان دەسپێرێت، و دەبێت هەریەکەیان خاوەن بڕوانامەی بەرایی زانکۆ بن و ئەزموونیان لە  بواری پەروەردە و فێرکاریی لە (15)  پازدە ساڵ کەمتر نەبێت. 
چوارەم: بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ناو وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. 



مادده‌ی (152)
یەکەم: ئەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیانەی خوارەوە لە وەزارەت دەبن:-
1-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان.  
2-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخچەی منداڵان و فێرکردنی بنەڕەتی.  
3-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی.  
4-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەکان.  
5-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن.  
6-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن . 
7-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن.  
8-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی.  
9-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی تورکمانی.  
10-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی سریانی.  
11-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و هونەر.  
12-	بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بیناسازیی.  
13-	بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی ناحکومی.
دووەم: لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە دەبێت. 
سێیەم: هەر یەک لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی لە بڕگەکانی  (یەکەم) و (دووەم) ی ئەم ماددەیەدا هاتوون، لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەدەبرێن، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی  هەبێت و ئەزموون و خزمەتیشی لە بواری پەروەردە و فێرکردن، یاخود بواری ئەکادیمی لە  (10) دە ساڵ کەمتر نەبێت.  
چوارەم: 
1-	ئەرک و دەسەڵاتی پێکهاتەکانی وەزارەت بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران دەریدەکات.
2-	ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت لە کاتی پێویستدا، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا لەسەر پێشنیاری وەزارەت، لێکبدات یان تێکەڵ بکاتەوە.
مادده‌ی (153)
یەکەم: وەزیر مافی هێنانەئارا یان لێکدان یان هەڵوەشاندنەوە یان گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی یان بەش یان هۆبەی هەیە. 
دووەم: پێکهاتەی نووسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەزارەت و ئەرکەکانیان لە ڕێگەی پەیڕەوێکی ناوخۆ، کە وەزیر بە ڕەچاوکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەریدەکات، ڕێکدەخرێت.  

تەوەری دووەم 
ئەنجومەنی وەزارەت
مادده‌ی (154)
یەکەم: ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە) پێکدێت، بە سەرۆکایەتی وەزیر و ئەندامیەتی هەر یەک لە:-  
1-	بریکاری وەزارەت.  
2-	ڕاوێژکارەکانی وەزارەت. 
3-	بەڕێوەبەرە گشتییەکان.  
دووەم: بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر سکرتێری ئەنجومەن دەبێت، کارەکانی ڕێکدەخات، کۆنوسی کۆبونەوەکان تۆمار دەکات و بڕیارەکانی ئەنجومەن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەنێرێت.  
مادده‌ی (155)
ئەرکەکانی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە پێکدێت لە:- 
یەکەم: داڕشتنی پلانی کاری وەزارەت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لەبەر ڕۆشنایی ئامانجەکانی ئەم یاسایە.  
دووەم: گرتنەبەری بڕیاری پێویست سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی. 
سێیەم: بڕیاردان لە ساڵنامەی خوێندن و چەسپاندنی ڕۆژە پشووەکانی خوێندن.  
چوارەم: ئامادەکردنی  پێشنیازی بودجەی ساڵانەی وەزارەت و پێکهاتەکانی و ڕاستاندنی ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتایی.  
پێنجەم: دانانی ئەرکە لەپێشینەکان و ڕێسا گشتییەکان، بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن و شاند و زەمالەکان.  
شەشەم: بڕیاردان لە ڕەشنووسی ڕێنماییەکان و هەموارکردنەوەیان. 
حەوتەم: کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی.  
هەشتەم: پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای پەروەردە و ئاراستەكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران.  
نۆیەم: گفتوگۆکردن و بڕیاردان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کارەکانی وەزارەت.  
دەیەم: تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە . 
یازدەیەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەم یاسایەدا هاتووە، و هەر کارێک کە وەزیر لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی ئەم یاسایەدا بە پێویستی دەزانێت کە ئەنجومەن تاوتوێی بکات و بڕیاری لێبدات. 
مادده‌ی (156)
یەکەم: ئەنجومەن کۆبوونەوەی مانگانەی دەبێت و دەتوانێت لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی دیکە لەسەر داوای سەرۆک بکات، و بڕیارەکانی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی دەدرێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە بەپێی یاسا تەنها لە دەسەڵاتی وەزیرە.  
دووەم: سەرۆکی ئەنجومەن، مافی بانگهێشتکردنی پسپۆران و کەسانی پەیوەستداری بۆ کۆبوونەوەکان هەیە، بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.







بەشی سێیەم
ئەنجومەنی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان 
تەوەری یەكەم
پێكهاتە و كۆبوونەوەكان
مادده‌ی (157)
یەکەم: لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەنجومەنێک پێکدێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامیەتی هەر یەک لە: 
1-	یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی. 
2-	بەڕێوەبەرەکانی پەروەردە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. 
3-	بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن.  
دووەم: دەکرێت کەسانی پسپۆر بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەن بانگێشت بکرێن، بێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.  
سێیەم: نوێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، مافی ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوانە هەیە کە پەیوەستن بە پرسی مامۆستایان، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.  
چوارەم: لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی ئەنجومەن لە کۆبوونەوەکان، پێشوەختە مافی دستینشانکردنی جێگرەوەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکە هەیە.  
پێنجەم: کۆبوونەوەی ئەنجومەن لانیکەم مانگێ جارێک دەبێت، و هەر کاتێکیش پێویست بوو دەتوانێت کۆبوونەوە بکات، و بڕیارەکانی ئەنجومەن بە دەنگی زۆرینە دەبێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییە.  
شەشەم: بەڕێوەبەری گشتی بڕیاردەرێک بۆ ئەنجومەن لە نێو فەرمانبەرانی پەروەردە دیاریدەکات، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت و لە تۆمارکردنی کۆنوسی کۆبوونەوەکان و گشتاندنیان بەرپرس دەبێت.  


تەوەری دووەم
ئەركەكانی ئەنجومەنی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان

مادده‌ی (158)
یەکەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەو پلان و پرۆژانەی کە وەزارەت لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکە دایڕشتووە، و کارکردن بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان، و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وەرزی لە بارەیانەوە بە وەزارەت.  
دووەم: گفتوگۆکردن دەربارەی کێشە پەروەردەیی و فێرکاریی و کارگێڕیی و هونەرییەکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە و بەدواداچوون بۆ ئاستەکانی خوێندن و پرسی دڵنیایی جۆریی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجومەندا.  
سێیەم:  ڕوانین لەو پرسانەی کە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دووچاری دەبن.  
چوارەم: پێشنیارکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دامەزراندنی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا، کە پشت بە پێشنیازی لیژنەی پسپۆر دەبەستێت. 
پێنجەم: پێشنیارکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دابەشکردنی فەرمانبەران و گشت كارمەندانی دیكە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە ناوەندی پارێزگا و قەزاکانی. 
شەشەم: پێشنیارکردنی ئاڕاستە گشتییەکانی پلانی پەروەردە و فێرکردن لە سنووری کاری ئەنجومەنەکە و ئاراستەکردنی بۆ وەزارەت.  
حەوتەم: پێشنیارکردنی دابەشکردنی بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و قەزاکان، و پێداچوونەوە بەسەر ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتایی. 
هەشتەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ وەزارەت سەبارەت بەو پرسانەی کە دەتوانن ببنە هۆی باشترکردنی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی گشتی.  
نۆیەم:  پێشنیازکردنی کردنەوەی قوتابخانەی نوێی حکومی یاخود داخستنیان، بەگوێرەی پێداویستیەکانی بەرژەوەندیی گشتی.  
دەیەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەلایەن وەزارەتەوە دەخرێتە ئەستۆی ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا. 

بەشی چوارەم
ئەنجومەنی پەروەردە لە قەزاكان
تەوەری یەكەم
پێكهاتە و كۆبوونەوەكان
مادده‌ی (159)
یەکەم: دەبێت لە هەر قەزایەک بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردە هەبێت. 
دووەم: لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی قەزاکان، ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و ئەندامیەتی هەر یەک لە: 
1-	سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یەکەمی قەزا. 
2-	بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن.  
سێیەم: نوێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان مافی ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوانە هەیە کە پەیوەستن بە پرسی مامۆستایان، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.  
چوارەم: بەڕێوەبەر بڕیاردەرێک بۆ ئەنجومەن لەنێو فەرمانبەرانی پەروەردە دیاریدەکات، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت، و بەرپرس دەبێت لە تۆمارکردنی کۆنووسی کۆبوونەوەکان و گشتاندنیان.
پێنجەم:  کۆبوونەوەی ئەنجومەن لانیکەم مانگی جارێکە، و هەر کاتیش پێویست بوو دەتوانێت کۆبونەوە بکات، و بڕیارەکانی ئەنجومەن بە دەنگی زۆرینە دەبێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە.  
شەشەم: دەکرێت خەڵکانی پسپۆر بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بانگهێشت بکرێن لە کاتی پێویست، بێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.





تەوەری دووەم
ئەركەكانی ئەنجومەنی پەروەردە لە قەزا
مادده‌ی (160)
یەکەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەو پلان و پرۆژانەی کە وەزارەت لە سنووری قەزا دایڕشتووە، و کارکردن بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنیان و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وەرزیی لە بارەیانەوە بە ئەنجومەنی پەروەردە لە پارێزگا.
دووەم: گفتوگۆکردن لەسەر کێشە پەروەردەیی و فێركاریی و کارگێڕیی و هونەرییەکان لە سنووری قەزاکە و بەدواداچوون بۆ ئاستەکانی خوێندن و پرسی دڵنیایی جۆریی.  
سێیەم: پێشنیازکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دامەزراندنی بەڕێوەبەری دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردن و گشت کادیرانی دیکەی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە قەزاکان پشتبەست بە پێشنیازی لیژنەی پسپۆر. 
چوارەم:  بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا سەبارەت بە ئاڕاستە گشتییەکانی پلانی پەروەردە و فێرکردن لە قەزا و ئەو پرسانەی کە دەتوانن ببنە هۆی باشکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی گشتی.  
پێنجەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا سەبارەت بە دامەزراندنی قوتابخانەی حکومی نوێ یاخود داخستنیان، بەپێی پێداویستیەکانی بەرژەوەندیی گشتی.   
شەشەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەلایەن ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ بە ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا دەسپێردرێت.  





دەروازەی پێنجەم
حوكمە دارایی و گشتییەكان 
بەشی یەكەم
حوكمە داراییەكان
تەوەری یەكەم
داهاتەكانی وەزارەت
مادده‌ی (161)
داهاتەکانی وەزارەت پێکدێت لە:-  
یەکەم: بەشە بودجەی وەزارەت لە بودجەی گشتیی هەرێم.  
دووەم: داهاتی فرۆشگاکانی دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییە حکومییەکان. 
سێیەم: یارمەتی و دیاری و بەخشین و ئەو سپاردانەی کە دەدرێت بە وەزارەت بەمەبەستی دروستکردنی تەلاری دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکاریی یان گەشەپێدانیان یان فراوانکردنیان یاخود نۆژەنکردنەوەیان یان دابینکردنی پێداویستیەکانیان. 
چوارەم: هەر داهاتێکی دیکە کە بۆ وەزارەت و دامودەزگاکانی بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، دادەنرێت. 
مادده‌ی (162)
ئەو بابەت و کەرەستە و ئامێرانەی کە وەزارەت بەمەبەستی پەروەردە و فێرکردن هاوردەی دەکات، یاخود ئەوانەی بۆ ئەو مەبەستە بە وەزارەت دەبەخشرێن، لە ڕەسمە گومرگیەکان دەبەخشرێن.  
مادده‌ی (163)
وەزارەت، لە ڕێگەی ڕێنماییەوە کە وەزیر دەریدەکات، مافی وەرگرتنی ڕەسمی لەو کار و خزمەتگوزاریانەی خوارەوەدا هەیە:-  
یەکەم: هاوتاکردنی بڕوانامەکان.  
دووەم: وردبینیکردنی بەڵگەنامەکان و وەرگێڕانیان.  
سێیەم:  وێنەی زیادەی بەڵگەنامەکان.  
چوارەم: ڕسوماتی پێدانی مۆڵەت، و نوێکردنەوەی مۆڵەت، گواستنەوەی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، ناوگۆڕینی دامەزراوە و ئەو خزمەتگوزاریانەی دیکە کە پەیوەندیان بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکانەوە. 
پێنجەم: بەشداربوون لە تاقیکردنەوە دەرەکییەکان.
مادده‌ی (164)
یەکەم: هەر کەسێک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردن بێ بەرامبەر دروست بکات و بیبەخشێت بە وەزارەت، لە بڕێکی باج دەبەخشرێت کە هاوتای (20٪) بیست لە سەدی تێچووی دروستکردنی دامەزراوەکە بێت.
دووەم: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی قازانج نەویست، مافی لێخۆشبوونی لە باج بەپێی یاسا بەرکارەکان، هەیە.  
مادده‌ی (165)
ئەو ڕەسم و کرێ  و پێبژاردنە کارگێڕییانەى کە وەزارەت وەریاندەگرێت، بۆ دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی تەلاری قوتابخانە، یان پێداویستیی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، یان ڕاهێنانى مامۆستایان و فەرمانبەران یاخود پاداشتکردنیان تەرخاندەكرێن. 
مادده‌ی (166)
دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان، دەتوانن یارمەتی دارایی و بەخشینەکان وەربگرن، بە مەرجێک لەژێر چاودێریی ووردبینى دارایی و بەپێی ڕێنمایییەکانی وەزارەت بێت. 

تەوەری دووەم
حوكمە گشتییەكان
مادده‌ی (167)
وەزارەت مافی ناردنی نێردەی زانستی بۆ دەرەوەی هەرێم و پێشوازیکردنی نێردەی زانستی لە دەرەوەی وڵات هەیە، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان. 
مادده‌ی (168)
یەکەم: شکۆی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکانی هەرێم، لە سنووری یاسادا پارێزراوە، و نابێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەبێ پرس بچنە ناو حەرەمیان، تەنها لەو بارەدا نەبێت کە تاوانێکی بینراو هەبێت، یان لەسەر داوای بەرێوەبەری دامەزراوەکە یاخود پشتبەست بە فەرمانی دادوەر بێت. 
دووەم: دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، یاخود بەهۆی وەزیفەکەیەوە، بە باری توندکاری سزای دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت. 
مادده‌ی (169)
یەکەم: دامەزراوە پەروەردەییە حکومییە پەیوەندیدارەکان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زەوی پێویست بۆ دروستکردنی باخچەی منداڵان و قوتابخانە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەكان و ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردنی دیکەی حکومی تەرخاندەکەن. 
دووەم: ئەگەر زەوی پێویست بەپێی حوکمەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە تەرخان نەکرا، وەزارەت بۆی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، زەوی گونجاو بکڕێت یان بە موڵک بکرێتە سەر وەزارەت و لەسەر تێچووی حكومەت، بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بودجەی وەزارەت هەبێت.  
سێیەم: ئەو زەویانەی دامەزراوەی پەروەردەیی حکومییان لەسەر بنیاتنراوە یان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون، بە ناوی وەزارەت تۆمار دەکرێن.  
ماددەی (170)
بڕى ڕەسمى ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەى کە وەزارەت پیشکەشى دەکات، بە پەیڕەوێک دیاریدەکرێت، کە ئەنجوومەنى وەزیران دەریدەکات.
ماددەی (171)
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێبکەن.
مادده‌ی (172) 
پێویستە وەزیر ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەربکات. 
مادده‌ی (173)
یەکەم: یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە (4)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو هەڵدەوەشێتەوە.  
دووەم: یاسای قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (14)ی ساڵی (2012) هەڵدەوەشێتەوە.  
مادده‌ی (174)
کار بە دەقی هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.   

مادده‌ی (175)
یەکەم: ئەرکی وەزارەتە، پێش دەسپێکی نزیکترین ساڵی خوێندن دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بە جۆرێک ڕێکبخات کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا هاوتابێت.  
دووەم: ئەرکی گشت دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکانە، پێش دەسپێکی نزیکترین ساڵی خوێندنی دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، خۆیان لەگەڵ حوکمەکانی بگونجێنن.  
مادده‌ی (176)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتی  بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.  


هۆیەکانی دەرچوواندن
بەمەبەستى ڕێکخستنى کەرتى پەروەردە و بوارە جیاوازەکانى ئەم کەرتە، لە ڕێگەى ئەو ڕێسا یاساییانەى کە زەمینە و ژینگەى تەندروستى پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن و بەدیهێنانى ئامانجە گشتى و تایبەتییەکانى خوێندن دەڕەخسێننن، لە پێناو پێگەیاندنى تاکێکى کوردستانى خوێندەوار، هۆشیار، مرۆڤدۆست، داهێنەر و بەرپرسیار، بۆ ئەوەى پەروەردە و فێرکردن ببێتە سەرمایەگوزارییەکى مسۆگەر لە پڕۆسەى مرۆڤسازیى و نیشتیمانسازیی، بە ئاڕاستەى خستنەگەڕى تواناکان لە خۆشگوزەرانى تاک و کۆمەڵ و بەهێزکردنى ئینتیمای نەتەوەیى و نیشتیمانى، ئەم یاسایە دەرچووێندرا. 
                                                                                                                                                      د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                            سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق