یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2022 یاساى گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 9
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (7)ی ڕۆژی 22/6/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ندكرد:
یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2022
یاساى گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق 

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم/ هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق.
دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.
سێیەم/ وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار.
چوارەم/ وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار.
پێنجەم/ دەستە: دەستەى گەشتوگوزار.
شەشەم/ سەرۆکى دەستە: سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزار.
حەوتەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى دەستە.
هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
نۆیەم/ گەشتوگوزار: گەشت و گوزەرکردنى کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکە بۆ ماوەیەکى کاتى، بەمەبەستى حەوانەوە، چێژوەرگرتن، پشوودانى دەروونى یان جەستەیى، بینینى شوێنەوار یان هەواری مێژوویى یان شوێنى ئاینى یان دیمەنى سروشتى، وەرزشکردن، چارەسەریى تەندروستى یان هەر بابەتێکى دیکەى هاوشێوە.
دەیەم/ ناوچەى گەشتیارى: هەر شوێنێک کە بۆ مەبەستى گەشتیارى بگونجێت، چ سروشتى بێت یان دروستکراو، موڵکی گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت. 
یازدەیەم/ دامەزراوەی گەشتیاری: کۆمپانیا، نووسینگە و بریکاریى گەشتیاری دەگرێتەوە، کە گەشت ڕێکدەخەن یان خزمەتگوزارى و چالاکى گەشتیارى بەڕێوەدەبەن، گشتى بن یان تایبەت یان تێکەڵاو بێت.
دوازدەیەم/ گەشتیار: کەسێکى سروشتییە، هاونیشتیمانى بێت یان بیانى، کە لە شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیەوە دەچێتە شوێنێکى گەشتیارى، بۆ ماوەیەکى دیاریکراو، بۆ مەبەستى گەشتیارى.
سێزدەیەم/ پڕۆژەى گەشتیارى: هەر پرۆژەیەکى بوارى گەشتوگوزار، کە لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى ئەنجامدەدرێت، گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت.
چواردەیەم/ وەبەرهێنانى گەشتیارى: بەگەڕخستنى سەرمایەى مرۆیى و داراییە، لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى، بۆ بونیادنان و پێشخستنى کەرتى گەشتیاریى لە هەرێم.
پازدەیەم/ چالاکى گەشتیارى: ئەو چالاکیانە دەگرێتەوە کە لە شوێنە گەشتیارییەکاندا لەلایەن دامەزراوە گەشتیارییەکانەوە یان لەلایەن گروپ و کەسانى ترەوە ئەنجام دەدرێن.
شازدەدەیەم/ رێنوێنیکارى گەشتیارى: ئەو کەسەیە کە لەلایەن دەستەوە مۆڵەتدراوە و ئەرکى رێنوێنیکردنى گەشتیاران لەئەستۆ دەگرێت.
مادده‌ی (2) 
ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتییە لە:-
یەکەم/ ڕێکخستنى کەرتى گەشتیاری لە هەرێم، بەجۆرێک ڕۆڵى ئابووریى و ژیاریى و ڕۆشنبیریى ژینگەیى خۆى بەرجەستە بکات، لە ئێستا و لە داهاتوودا.
دووەم/ پەرەپێدانى کەرتى گەشتیاریى، کارکردن بۆ سەرنجڕاکێشانى گەشتیاران بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ڕۆشنبیرى و کلتورى و فەرهەنگییەکان، و پتەوکردنى ڕۆڵى کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ، و هاندانى سەرمایەگوزاریى نیشتیمانی و بیانیى بۆ وەبەرهێنان لە کەرتى گەشتیارییدا.
سێیەم/ ڕێکخستنى هەماهەنگى و کارى تەواوکارى لەنێوان دامەزراوە حکومى و ناحکومییە ناوخۆیى و دەرەکییە پەیوەندیدارەکاندا بە مەبەستى پێشخستنى کەرتى گەشتیارى هەرێم. 

مادده‌ی (3) 
یەکەم/ بۆ هێنانەدی ئامانجەکانى ئەم یاسایە، دەستەى گەشتوگوزار ئەم ئەرک و دەسەڵاتانەى خوارەوەى دەبێت:-
1-	دانانى پلانى ستراتیجى و بەرنامەى ساڵانەى تایبەت بە گەشتوگوزار، و گەشەپێدانى شوێنە گەشتیارییەکان وجێبەجێکردنى، دواى پەسەندکردنیان لەلایەن وەزارەتەوە.
2-	دانانى پێوەر و مەرجى تەکنیکى و بیناسازیى مۆدێرن و گەرەنتى ڕەچاوکردنى لە پرۆژە گەشتیارییەکاندا، و ئامادەکردنى سیستەمى پۆلێنکردنى دامەزراوە و پرۆژە گەشتیارییەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
3-	 پێدانى مۆڵەتى کارکردنى شوێن و دامەزراوە گەشتیارییەکان بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
4-	پێدانى لارینەبوون بۆ دروستکردنى پڕۆژەى گەشتیارى بەپێى یاساى وەبەرهێنانى بەرکار لەهەرێم و پێدانى مۆڵەتى دروستکردنى پڕۆژە بچوکەکانى بوارى گەشتیارى کە بە پڕۆژەى وەبەرهێنان هەژمار ناکرێن، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
5-	چاودێریکردن و پشکنینى شوێنە گەشتیارییەکان و ئاراستەکردنیان بۆ چاککردنى جۆرێتى خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان وپەرەپێدانى چالاکیى گەشتیاری، لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ.
6-	ڕەتکردنەوەى وەبەرهێنان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا، ئەوانەى بنەماکانى سەرنجڕاکێشانى گەشتیارییان تێدایە، بۆ هەر بوارێکى دیکە جگە لە پرۆژەکانى بواری گەشتیارى.
7-	بڕیاردان لەسەر دانانى چالاکییە گەشتیاریییەکانى هەرێم وەک بڕاندێکى نێوخۆیى و ڕێکخستنى کەرنەڤاڵە گەشتوگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، بەپێى ڕێنماییەک کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات.
8-	بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى گەشتوگوزارى و ئامادەکردنى ڕێبەرى گەشتیاری پەڕاویى و ئەلکترۆنى لە شێوەى (ئەپلیکەیشن)، تایبەت بە شوێن و پرۆژە گەشتیارییەکانى هەرێم.
9-	دامەزراندنى ناوەندی پسپۆڕ، و هاندان و پێشنیازى کردنەوەى پەیمانگە و ناوەند بۆ ڕاهێنانى کارمەندانى بوارى گەشتیارى لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ.
10-	بەشداریکردن لە چالاکى ڕێکخراوە گەشتیارییە جیهانییە تایبەتمەندەکان و کۆنفرانس و بۆنە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە چالاکیى گەشتیاریى، دواى ڕەزامەندى وەزارەت.
11-	دامەزراندنى نووسینگەى زانیاریى و گەشەپێدانى گەشتیارى لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و شوێنە پێویستەکانى دیکە بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و بەکارهێنانى شێوازە هەمەڕەنگەکانى ڕیکلام بە مەبەستى ناساندنى شوێنە گەشتیارییەکان.
12-	ئامادەکردن و پێشنیازکردنى ڕەشنووسى ڕێنمایى تایبەت بە کەرتى گەشتیاری لە هەرێم.
13-	کارکردن بۆ گەیاندنى خزمەتگوزاری پێویست بۆ شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
14-	هەر ئەرکێکى دیکەى هاتوو لەم یاسایە و یاسا بەکارەکانى دیکەى هەرێم، پەیوەست بە چالاککردن و پەرەپێدانى کەرتى گەشتیاری.
دووەم/ دابەشکردن و پۆلێنکردنى ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەى پێدراوە، بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت کە وەزیر پشتبەست بەم یاسایە و یاساى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى بەرکار لە هەرێم، دەریدەکات.
مادده‌ی (4)
یەکەم/ ئەنجومەنى وەزیران دەتوانێت لەسەر پێشنیازى وەزارەت، کۆمپانیاى گشتى یان تێکەڵاو لە بواریى گەشتوگوزارى، بەپێى یاسا بەرکارەکان لە هەرێم، دابمەزرێنێت.
دووەم/ ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێدراوە، سەربەخۆیى دارایى و کارگێڕییان دەبێت، و پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانى بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەم مەبەستە دەریدەکات.
مادده‌ی (5)
یەکەم/ پۆلێنکردنى تایبەتمەندى دامەزراوە گەشتیارییەکان و مەرجەکانى مۆڵەتى گەشتیاریى و دەستبەرداربوون لە موڵەت، بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە بۆ ئەم مەبەستە دەریدەکات.  
دووەم/ دامەزراوەى گەشتیاریى بە مۆڵەتى دەستە پیادەى کار و چالاکییەکانى دەکات.

سێیەم/
1-	داواکارى وەرگرتنى مۆڵەتى کارکردنى دامەزراوەى گەشتیاریى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى گەشتوگوزار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆوکان دەکرێت.
2-	ماوەى مۆڵەتى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە (2) دوو ساڵە و شیاوى نوێکردنەوەیە.
چوارەم/ دەستبەرداربوون (تنازل) لە مۆڵەتى دامەزراوەى گەشتیاری بۆ دامەزراوەیەکى دیکە تەنها بە ڕەزامەندى دەستە دەبێت.
مادده‌ی (6)
دامەزراوەى گەشتیارى پابەند دەبێت بە:-
یەکەم/ پیادەکردنى چالاکییەکانى بە گوێرەى تایبەتمەندى دیاریکراو لە مۆڵەتەکەیدا.
دووەم/ پێدانى زانیارى لە ڕێگەى بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانەوە بە دەستە، دەربارەى پلان و پرۆگرامە گەشتیارییەکانى پێش جێبەجێکردنیان.
سێیەم/ پێدانى زانیارى بە دەستە، دەربارەى گەشتیاران و هەر زانیارییەکى دیکە کە پەیوەندیدار بێت بە گەشتوگوزار، لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە، ئەگەر دەستە بە نووسراو داواى بکات.
چوارەم/ ئاسانکارى بۆ بەمەبەستى چاودێرى و پشکنین.
پێنجەم/ بەگەڕخستنى دەستى کارى ناوخۆیى بە ڕێژەیەک کە لە ( 75%) حەفتا و پێنج لە سەد کەمتر نەبێت، جگە لەو پڕۆژانەى کە پێویستى بە پسپۆڕى تایبەت و دەستى کارى شارەزا هەیە بەمەرجێک لە هەرێمى کوردستان بوونیان نەبێت.
شەشەم/ هەر پابەندییەکى دیکە کە بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت، یان دەستە لە گرێبەستى نێوانیاندا زیادى دەکات.
مادده‌ی (7)
یەکەم/ ناوچەى گەشتیارى دەستکرد و بونیادنراوەکانى سەر ناوچەى گەشتیاری سروشتى بە مۆڵەتی دەستە دادەمەزرێت، و مەرجەکانى مۆڵەتی شوێنى گەشتیارییش بە ڕێنمایى دیاردیدەکرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات.
دووەم/ داواکارى وەرگرتنى مۆڵەتى دامەزراندنى شوێنى گەشتیاریى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەکرێت.
سێیەم/ شوێنە گەشتیارییەکان پابەند دەبن بە ئاسانکاریى بۆ مەبەستى چاودێرى و پشکنین.
مادده‌ی (8)
یەکەم/ پیادەکردنى کارى ڕێنوێنى گەشتیارى بە مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى دەستەى گەشتوگوزار دەبێت، مەرجەکانى مۆڵەتیش بە ڕینمایى دیاریدەکرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات.
دووەم/ ڕێنوێنیکارى گەشتیاریى پابەند دەبێت بە:-
1-	پیادەکردنى کارى ڕێنوێنکارى بەو مەرج و ڕێکاریانەى لە مۆڵەتەکەیدا هاتووە.
2-	پیادەکردنى ڕێسا پیشەییەکانى کارى ڕێنوێنکاری.
3-	هەر پابەندییەکى دیکە کە بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت.
مادده‌ی (9)
یەکەم/ ماف وئەرکەکانى گەشتیار، بە پێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان، پارێزراو دەبێت.
دووەم/ دەستە ڕێوشوێن بۆ دەستەبەرکردنى مافى گەشتیار لە بەرامبەر دامەزراوە و شوێنە گەشتیارییەکاندا دەگرێتەبەر.
سێیەم/ ئەگەر هەمان جۆرى چالاکى گەشتیارى لەلایەن زیاتر لە یەک دامەزراوەى گەشتیاری ئەنجام درا، ئەوا سەرجەمیان پێکەوە بەرپرسن لە قەرەبووکردنەوە بەرامبەر هەر هەڵە یان سەرپێچیەک کە زیان بە گەشتیار بگەیەنێت و دەرئەنجامى کارى هاوبەشى ئەو دامەزراوانە بێت.
مادده‌ی (10)
یەکەم/ بینینى داواى شارستانى(مدنی) لە بوارى گەشتوگوزار و یەکلایى کردنەوەیان، لەلایەن دادگاکانەوە سیفەتى بەپەلەى پێدەدرێت.
دووەم/ لەو ناوچە گەشتیارییانەى کە بنکەى پۆلیسى تێدایە، هۆبەى پۆلیسى گەشتیارى دادەمەزرێت، و ئەرکیان پاراستنى گەشتیار و ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت.
مادده‌ی (11)
دامەزراوەى گەشتیارى بە داخستنى کاتى و پێبژاردنێک کە لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (2,000,000) دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدەرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمی بڕگەى (دووەم) لە ماددەى (5) و ماددەی (6)ی ئەم یاسایەى کرد، یان زانیاریى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد.
مادده‌ی (12)
یەکەم/ دامەزراوەى گەشتیارى بە پێبژاردنێک کە لە (100,000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و  لە (200,000) دوو سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، بۆ هەر ڕۆژێک دواکەوتن لە نوێکردنەوەى مۆڵەتى کارکردن.
دووەم/ ئەگە دامەزراوەى گەشتیاریى ماوەى زیاتر لە (60) شەست ڕۆژ بەسەر نوێ نەکردنەوە مۆڵەتەکەیدا بەبێ پاساوى ڕەوا تێپەڕى، ئەوا سەربارى سەپاندنى سزاى هاتوو لە لەبڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا، دواى ئاگادارکردنەوەى، نوێکردنەوەى مۆڵەتەکەى بۆ ماوەى (3) سێ مانگ دوادەخرێت و ئەگەر هەر پابەند نەبوو بۆ ماوەیەک کە لە (1) یەک ساڵ کەمتر نەبێت مۆڵەتەکەى دوادەخرێت، و لەو ماوەیەدا ڕێگەى کارکردنى پێنادرێت.
مادده‌ی (13)
هەر یەک لە دامەزراوەى دەستبەرداربوو و دامەزراوەى دەستبەرداربۆکراو بە پێبژاردنێک کە لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (2,000,000) دوو ملێۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر دەستبەرداربوونەکەیان بە پێچەوانەى بڕگەى (چوارەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایە، ئەنجامدا.
مادده‌ی (14)
ناوچەی گەشتیاری بە داخستنى كاتی کە لە (30) سی ڕۆژ زیاتر نەبێت و پێبژاردنێک کە لە (500،000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمى بڕگەكانی (یەكەم، سێیەم)ی ماددەى (7)ی ئەم یاسایەى کرد یان زانیاریى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد. 

مادده‌ی (15)
یەکەم/ رێنوێنیکارى گەشتیارى بە پێبژاردنێک کە لە (250,000) دوو سەدو پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500,000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (8)ى ئەم یاسایەى کرد یان زانیارى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد.
دووەم/ ڕێنوێنیکارى گەشتیاری بە پێبژاردنێک کە لە (100,000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (250,000) دوو سەد وپەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، بۆ هەرجارێک کە سەرپێچى پابەندییەکانى هاتوو لە بڕگەى(دووەم)ى ماددەى (8)، بکات.
مادده‌ی (16)
یەکەم/ لەکاتى دووبارەکردنەوەى سەرپێچییەکانى هاتوو لە ماددەکانى(15،14،13،11)ى ئەم یاسایە، بڕى پێبژاردنەکان دەبنە دوو هێندە.
دووەم/ ئەگەر سەرپێچیکار بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچییەکانى  هاتوو لە ماددەکانى ئاماژەپێدراو لە  بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا، ئەوا بەپێى قەبارەى سەرپێچییەکە، مۆڵەتەکەى بۆ ماوەیەکى کاتى ڕادەگیرێت یان هەڵدەوەشێتەوە.
مادده‌ی (17)
یەکەم/ سەرۆکى دەستە یان ئەوەى ڕایدەسپێرێت، دەسەڵاتى سەپاندنى سزاکانی هاتووی لەم یاسایەدا هەیە، پشتبەست بە ڕاسپاردەى لیژنەیەک کە دەستە یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بۆ ئەو مەبەستە دروستیدەکات.
دووەم/ بڕیارەکانى سزادان بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، لە ماوەى (30) سی ڕۆژ لە بەروارى پێڕاگەیاندنیان، یاراى تانەلێدانن لەبەردەم دادگای کارگێڕیى بەپێى حوکمەکانى یاساى ئەنجومەنى شوراى بەرکار لە هەرێم.
مادده‌ی (18)
سەپاندنى سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، ڕێگر نییە لە سەپاندنى هەرسزایەکى دیکەى هاتوو لە یاساى سزاکانى بەرکار لە هەرێم.

مادده‌ی (19)
یەکەم/ بڕى ڕەسمى پێدان و نوێکردنەوەى مۆڵەتى پیادەکردنى کارى دامەزراوە و شوێنە گەشتیارییەکان و بە ڕێنوێنكاری گەشتیاری، بەپێى پەیڕەوێک دیاریدەكرێت لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەردەچێت.
دووەم/ (30%) لەسەدا سى بڕى داهاتى بەدەستهاتوو بەپێى بڕگەى (یەکەم) ى ئەم ماددەیە بۆ مەبەستى پەرەپێدانى كەرتی گەشتیارى تەرخان دەکرێت.
مادده‌ی (20)
مەرج و خەسڵەت و تایبەتمەندى ئەو شوێنە گەشتیارییانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، لەلایەن وەزارەتەوە بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێن.
مادده‌ی (21)
یەکەم/دواى لارینەبوونى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، زەوى کشتوکاڵى بۆ پڕۆژەى گەشتیاری، لەبەر ڕۆشنایى یاسا بەرکارەکانى هەرێم، بەمەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژە گەشتیارییەکان، دەکوژێندرێتەوە.
دووەم/ بە دەر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، وەزارەت دەتوانێت بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، هەر زەوییەکى تر بۆ مەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژە گەشتیارییەکان، تەرخان بکات.
مادده‌ی (22)
یەکەم/ خاوەنى ئەو زەوییانەى موڵکى تەواون (ملک صرف)، دەتوانن بە ڕەزامەندى دەستە پڕۆژەى گەشتیارى بەپێی حوکمەکانى ئەم یاسایە دابمەزرێنن، بەڕەچاوکردنى پێگەى جوگرافى و لە چوارچێوەى سیاسەتى گەشەپێدانى کەرتى گەشتیاری لە هەرێم.
دووەم/ خاوەنى مافى ڕەفتارپێکردن لەسەر ئەو زەویانەى موڵکى دەوڵەتن، بەدەر لە یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2008)، لەسەر ڕووبەرێک کە لە (20%) بیست لەسەدی تەواوى ڕووبەرى زەویەکە تێپەڕ نەکات، لەسەر داواکارى کەسەکە و پێشنیازى دەستە، دواى لارینەبوونى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، دەتوانن پڕۆژەی گەشتیاری بونیادبنێن، بەرامبەر بەکرێیەک کە بڕەکەى بە ڕێنمایى لەلایەن وەزیرى دارایى و ئابوورى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیر دیاریدەکرێت.
سێیەم/ خاوەنى مافى ڕەفتارپێکردن لەسەر زەویەک کە ڕووبەرەکەى لە (5) پێنج دۆنم کەمترە، بە هەمان مەرج و ڕێکارى هاتوو لە بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە، دەتوانێت (50%) پەنجا لەسەدی ڕووبەرى زەوییەکە بکاتە پڕۆژەى گەشتیاری بەمەرجی پابەندبوون بە پاراستنى پارێزراوە سروشتییەکان و پابەندییە ژینگەییەکان.
مادده‌ی (23)
یەکەم/ دەستە دەتوانێت ئەو زەویانەى کە بۆ مەبەستى گەشتیارى تەرخانکراون، تەنها بۆ پڕۆژەى گەشتیارى بەکرێ بدات.
دووەم/
1-	ماوەى گرێبەستى بەکرێدانى زەوى و پڕۆژەى گەشتیارى، لە دواى ڕۆژێک لە تەواوکردن یان نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکە، کە پێشتر ماوەکەى لە ڕێگەى لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریکراوە، هەژماردەکرێت، و کرێى ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش لەسەر زەویەکە وەردەگیرێت.
2-	ئەگەر خاوەن پڕۆژە دەستى لە پڕۆژەکە هەڵگرت یان نەیویست گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە، ئەوا لە بەکرێدانى ئاشکرادا بەکرێ دەدرێتەوە.
3-	
‌أ.	جگە لە گرێبەستى بانەوانى، گرێبەستەکانى بەکرێدانى شوێن و پڕۆژە گەشتیارییەکان لە لایەن دەستەوە، کە ماوەیان لە (15) پازدە ساڵ کەمترە، بۆ یەک جار یاراى درێژکردنەوەن، بەو مەرجەى ماوەى بنەڕەتى و ماوەى درێژکراوە پێکەوە لە (15) پازدە ساڵ تێپەڕ نەکات و بڕى بەرامبەرى ڕاستەقینە بەپێى ئەو ڕێکارانەى لە یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2021)دا هاتوون، بخەمڵێنرێتەوە.
‌ب.	ماوە و بڕى بەرامبەر و مەرجەکانى درێژکردنەوە، لەسەر پێشنیارى دەستە و بە ڕەزامەندى وەزیر دیارى دەکرێت.
مادده‌ی (24)
یەکەم/
1-	دەستە لە ڕێگەى لیژنەیەکەوە، کە پێکهاتەکەى بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت کە وەزارەت بۆ ئەو مەبەستە دەریدەکات، لە داواکارى ئەو کرێچیانە دەڕوانێت، کە وەبەرهێنانى گەشتیارییان لەسەر ماڵ و موڵکى دەوڵەت بە گرێبەست لەناوچە تازە گەشەسەندووەکاندا کردووە، و پرۆژەکانیان مایەى خۆى ناهێنێتەوە و داواى لێخۆشبوون لە کرێ دەکەن. 
2-	ئەگەر دواى هەڵسەنگاندن، لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە داواکارییەکە مەرجى لیخۆشبوونى تێدایە، پێشنیازى لێخۆشبوون لە کرێ بۆ وەزیر دەکات.
3-	وەزیر بۆ هێنانەدى بەرژەوەندیى گشتى و پەرەپێدانى گەشتیارى لەو ناوچە تازە گەشەسەندووانە بڕیارى لێخۆشبوون تەنها بۆ ماوەیەکى دیارکراو کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، دەدات.
دووەم/ دەستە دەتوانێت دوای ڕەزامەندى وەزارەت، ماوەى گرێبەستى پڕۆژە گەشتیارییە بەکرێدراوەکان لە گوندەکان درێژ بکاتەوە، ئەگەر لە ماوەى بەکرێدانەکەدا، دواى جێبەجێکردنى رێژەى (100%) لە سەدا سەدى پڕۆژەکە، بەپێى توێژینەوەى کەڵکى ئابوورى، سەرمایەى پڕۆژەکە بەدەست نەهاتبێت.
مادده‌ی (25)
یەکەم/ئەو کەسەى زەوى بە بەرامبەر بۆ تەرخان دەکرێت، مافى هەیە بە ڕەزامەندی دەستە، پڕۆژەکە یان ئەو شوێنە گەشتیارییەى لەسەرى دروستکراوە، لەدواى تەواوبوونى بەڕێژەى ( 100%) لە سەدا سەدى، بەبێ زەوییەکە، بفرۆشێتە کەسانى دیکە، بەمەرجى زیادکردنى (20%) بیست لە سەدی کرێى ساڵانەى زەوى.
دووەم/خاوەنى پڕۆژە گەشتیارییەکان کە لانیکەم (51%) لە سەدا پەنجا و یەکی پڕۆژەکانیان دروستکردووە، دەتوانن بە مەبەستى تەواو کردنى پڕۆژەکە، داواى هاوبەش (ادخال شریک) بکەن.
مادده‌ی (26)
وەزیر لەسەر پێشنیازى دەستە رێنمایى بۆ رێکخستنى ئەمانەى خوارەوە دەردەکات.
یەکەم/ چاودێرى و پشکنینى دامەزراوە گەشتیارییەکان.
دووەم/ کردنەوەى پەیمانگە و ناوەندەکانى تایبەت بە ڕاهێنانى گەشتیاریى لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ.
سێیەم/ مۆڵەتدانى پڕۆژە گەشتیارییەکان بەپێى سیستەمى دابەشکردنى کات بەهاوکارى لەگەڵ وەزارەتی دارایى و ئابوریى.
چوارەم/ ئامادەکردنى ڕێبەرە گەشتیارییەکان.
پێنجەم/ دیاریکردنى کاتى دەستپێکردن و کۆتایى هاتنى کار و چالاکیە گەشتیارییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا.
مادده‌ی (27)
یەکەم/ ئەو پڕۆژە و دامەزراوە گەشتیارییانەى دەکەونە ناو پۆلێنکراوى وەبەرهێنانى گەشتیارى، ئەو لێخۆشبوونانە دەیانگرێتەوە کە بەپێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بڕیاریان لێدراوە.
 دووەم/ لێخۆشبوونى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ڕەسمەکانى تایبەت بە پیادەکردنى پیشە ناگرێتەوە.
مادده‌ی (28)
پشکەکانى کۆمپانیاى (ئینشکێ)ی هاوپشکى تێکەڵ کە (49%) چل و نۆ لە سەدی سەرمایەى کۆمپانیاکەیە و بەناوى وەزارەتى دارایى عێراق تۆمارکراوە بەبێ‌ بەرامبەر بەناوى وەزارەت تۆمار دەکرێت و گواستنەوەی تۆمارەكە لە باج و رسومات دەبوردرێت.
مادده‌ی (29)
وەزیر خۆى یان لەسەر پێشنیازى دەستە ڕێنمایى پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (30)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

مادده‌ی (31)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (32)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.



                                                                                                                                                                                                               د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                                                                     سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
بە لەبەرچاوگرتنى گرنگى گەشتوگوزار لە فرەکردنى سەرچاوەکانى داهات لە هەرێم، و ئەو ڕەهەندانەى لە ناساندنى شوناسى شارستانى و کلتووریى رۆشنبیری و دەستکەوتى تەلارسازیى گەلى کوردستاندا هەیەتى، و بۆ جەختکردنەوە لە گرنگى پلاندانان و کارکردن لەسەر پیادەکرنى ستراتیجیەتێکى ڕوون بۆ کاراکردنى کەرتى گەشتوگوزار و بەشدرایکردنى لە گەشەپێدانى ئابوری نیشتیمانیدا، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.