یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2022 یاساى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (7)ی ڕۆژی 22/6/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ندكرد:
یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2022
یاساى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق 

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم/ هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق.
دووەم/ وەزارەت: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم.
سێیەم/ وەزیر: وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم.
چوارەم/ بریکاری وەزارەت: بریکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم.
پێنجەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم.
شەشەم/ دەستە: دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم.
حەوتەم/ سەرۆکی دەستە: سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم.
هەشتەم/ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن: ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم.




مادده‌ی (2) 
ئامانجەکانی ئەم یاسایە بریتین لە:-
یەکەم: پەرەپێدانى خزمەتگوزارییە گشتییەکانی شارەوانی و پەرەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی شارەوانی لە ڕووی چەندێتی و چۆنیێتییەوە.
دووەم: پاراستنی ژینگەی هەرێم بە شێوەیەکى خاوێن و تەندروست، بایەخدان بە ناوچە و پانتاییە سەوزاییەکان، دروستکردن و بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پارک و باخچە و ناوچە سەوزاییەکان، بەپێى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
 سێیەم: کارکردن بۆ ڕاکێشانی سەرمایە، و هاندانی وەبەرهێنان لەڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمدا، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بەشێوەیەک ببێتە مایەی پێشکەوتنی ئابووری و فەراهەمبوونی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان.
چوارەم: پلاندانان، ڕێکخستن، ئاڕاستەکردن، بەدواداچوون،  پەرەپێدانی چالاکیی گەشتوگوزاری، پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکان، پتەوکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەرتی تێکەڵاو و هاندانی سەرمایەی نیشتمانی و بیانی بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتە .
پێنجەم: کارکردن بۆ پەیڕەوکردنى بنەمای هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، بەشێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
شەشەم: پەرەپێدانی گەنجینەی شارستانى کولتووری، بەشێوەیەکی بەرپرسیار و هاوسەنگ، لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕووپێوی و دەستنیشانکردن و هەڵکۆڵینى زانستی ورد، لەهەموو شوێنەوارەکان، و پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێن و ناوچانە لەسەر بنەمایەکی بەردەوام، بە ئامانجی پیشاندانی سیما شارستانییەکانی هەرێم.
مادده‌ی (3) 
ئەرکەکانی وەزارەت بریتین لە:-
یەکەم: داڕشتنی سیاسەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە ڕێگەی ئامادەکردنی نەخشەی بنەڕەتی، (ماستەرپلان) و نەخشەی کەرتیی بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێم لەسەر بنەمای زانستی، و پاڵپشت بە ستانداردی نەخشەسازی، بۆ ئەوەی نەخشە و بەکارهێنانی جۆراوجۆری زەوی ببێتە پاڵپشتی پەرەپێدانی شارستانی و ئابووری هەرێم.
دووەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و دروستکردنی ڕێگەوبان و پرد و تونێڵ لە سنووری شارەوانییەکان، بە شێوەیەک ببێتە مایەی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و خۆشگوزەرانی دانیشتووان.
سێیەم: سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی پلان و پڕۆژەکانی شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی وەزارەت لە شارو شارۆچکەکان و بەدواداچوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، کە لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا دەردەچن.
چوارەم: دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و دامەزراندنی وێستگەکانی ئاو و تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ هاووڵاتیان.
پێنجەم: دروستکردنی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ بۆ ئاوی قورس و ئاوی باران لەگەڵ دروستکردنی وێستگەی تایبەت بۆ دووبارە پاککردنەوەی ئاو.
شەشەم: سەرپەرشتی و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی نەخشەی کەرتی و نەخشەی سێکتەرەکانی دیکەی ناو ماستەرپلان، کە لەلایەن شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندارەکان ئامادە دەکرێت، بە مەبەستی کۆنتڕۆلکردن و کەمکردنەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر سیمای شارستانیی شارەکان.
حەوتەم: دانانی پلانی گونجاو بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی هەرێم لەڕێی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زانستى بۆ زبڵ و خاشاک لە شار و شارۆچکەکان.
هەشتەم: پلاندانان، بەدواداچوون، پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکان، چالاکیی گەشتوگوزاریی و پتەوکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەرتی تێکەڵاو و هاندانی سەرمایەی نیشتمانی و بیانی بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا، لە چوارچێوەی پلانەکانی کەرتی گەشتیاریی.
نۆیەم: ئەنجامدانی کاری ڕووپێوی و پشکنین و هەلکۆڵینی زانستی ورد لە ناوچە شوێنەوارییەکان و پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە لە ڕێگەی تیمە پسپۆڕەکان بەشێوەیەکی بەردەوام.





مادده‌ی (4)
وەزارەت پێکدێت لە:-
یەکەم:
1-	وەزیر: سەرۆکی باڵای وەزارەتە، بەرپرسە لە کارەکانی و ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانی، و سەرپەرشتی و چاودێری هەموو بڕیار و فەرمان و رێنماییەکانی پەیوەندیدار بە ئەرکەکانی وەزارەت و پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی و هەموو کاروبارەکانی تەکنیکی، دارایی، کارگێڕی و ڕێکخستن دەكات، و بەرپرسیارە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، و دەتوانێت بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستە یان بەڕێوەبەرە گشتییەکان یان بەرپرسانی پێکهاتەکانی وەزارەت، ڕاسپێرێت.
2-	نووسینگەی وەزیر: فەرمانبەرێک بەڕێوەیدەبات، کە لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى بەرایی زانکۆیی بێت و ژمارەیەک فەرمانبەر یاریدەدەرى دەبن.
دووەم:
1-	بریکاری وەزارەت: هاوکاریی وەزیر دەکات، لەڕووی ئاڕاستەکردنی وەزارەت و سەرپەرشتیکردنی کاروبارەکانی، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن وەزیرەوە پێی دەبەخشرێت، و دەبێت لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بێت.
2-	نووسینگەی بریکاری وەزارەت: فەرمانبەرێک بە پلەی بەڕێوەبەر بەڕێوەیدەبات، کە دەبێت لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بێت.
سێیەم:
ڕاوێژکاران: پێویستە شارەزا و پسپۆڕبن و لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بن، و نابێت ژمارەیان لە (4) چوار ڕاوێژکار زیاتر بێت.
چوارەم:
بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان: بریتین لەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییانەى خوارەوە، و هەر یەکەیان  بەڕێوەبەرێکی گشتی بەڕێوەیدەبات، کە لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بێت و خاوەن شارەزایی و پسپۆڕی بێت:
1-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان.
2-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری یاسایی.
3-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەخشەدانانی ئاوەدانی کە لەڕووی داراییەوە خاوەن کەسایەتی مەعنەوی سەربەخۆیە.
4-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون.
5-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆژەکان.
6-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ کە لەڕووی داراییەوە خاوەن کەسایەتی مەعنەوی سەربەخۆیە.
7-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور کە لەڕووی داراییەوە خاوەن کەسایەتی مەعنەوی سەربەخۆیە.
8-	بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەی سەربەخۆکان، لەڕووی داراییەوە خاوەن کەسایەتی مەعنەوى سەربەخۆیە، و سەرپەرشتیارن لەسەر شارەوانییەکانی قەزاو ناحیەکانی هەرێم.
پێنجەم: سەرۆکایەتیی شارەوانی لە ناوەندی پارێزگاکانی هەرێم: سەرۆکی ئەم شارەوانییانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی دەبن.
شەشەم: دەستەی گەشتوگوزار: خاوەن کەسایەتییەکی مەعنەوی، و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی دەبێت، و  پێکدێت لە:
1-	سەرۆکى دەستە: فەرمانبەرێکە بە پلەی تایبەت کە لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بێت و خاوەن شارەزایی و پسپۆڕێتی بێت لە بواری گەشتوگوزار، و سەرۆکایەتی دەستە دەکات.
2-	نووسینگەی سەرۆکی دەستە: فەرمانبەرێک بە پلەی بەڕێوەبەر بەڕێوەی دەبات کە لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانکۆیی بێت و ژمارەیەک فەرمانبەر یاریدەدەری دەبن.
3-	بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
4-	بەڕێوەبەرایەتییەکانى دەستە کە بریتین لە:-
أ.	بەڕێوەبەرایەتى کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان.
ب.	بەڕێوەبەرایەتی دارایی.
ج.	بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی.
د.	بەڕێوەبەرایەتی گرێبەستەکان.
ه.	بەڕێوەبەرایەتی پلان و بەدواداچوون.
و.	بەڕێوەبەرایەتی بە بازاڕکردنی گەشتیاری.
ز.	بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردن و جۆری و پشکنین.
ح.	بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گەشتیاری.
ط.	بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری.
5-	 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:-
أ.	پێکهاتەى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن بەم شێوەیەى خوارەوە دەبێت:-
•	سەرۆکی دەستە/ سەرۆک.
•	بەڕێوەبەرانی گشتی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
•	دوو لە ڕاوێژکارانی وەزارەت کە لەلایەن وەزیرەوە دەستنیشان دەکرێن/ ئەندام.
•	بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ/ئەندام.
•	بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ ئەندام.
•	بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو/ ئەندام.
•	بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و یاسایی دەستەی وەبەرهێنان/ ئەندام.
ب.	بڕیارەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بەزۆرینەی دەنگ دەردەچێت لەکاتی یەکسانبوونی دەنگەکان بایەتەکە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنە یەکلادەبێتەوە کە سەرۆکى دەستە دەنگی بۆداوە، ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە تەرخانکردنی زەوی دەبێت لەلایەن وەزیرەوە پەسەندبكرێت.
ج.	سەرۆکی دەستە دەسەڵاتی هەیە هەر پسپۆڕێک لەناو دەستە یان لە دەرەوەی بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەردن، بۆ مەبەستی ڕاوێژکاریی و لەکاتی پێویست بانگهێشت بکات، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.
مادده‌ی (5)
یەکەم: وەزارەت ئەنجومەنێکی دەبێت کە پێکدێت لە:-
1- وەزیر/ سەرۆک.
٢- بریکاری وەزارەت / ئەندام.
3- سەرۆکی دەستە/ ئەندام.
4- راوێژکاران/ ئەندام.
5- بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت/ ئەندام.
دووەم: وەزیر دەسەڵاتی هەیە، هەر کەسێک لەناو وەزارەت یان لەدەرەوەی، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن، بۆ مەبەستی ڕاوێژکاری و لەکاتی پێویست بانگهێشت بکات، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت.
سێیەم: ئەنجوومەن سکرتێرێکی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی کارە کارگێڕییەکان، و لەلایەن وەزیرەوە دیاری دەکرێت.
چوارەم: کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن وەرزی دەبن، یان لەکاتی پێویست بە بڕیاری وەزیر، ساز دەکرێن.
پێنجەم: ئەنجوومەن تاوتوێی پلانەکانی وەزارەت و کێشە و گرفت و بەربەستەکان دەکات و ڕاوێژ و پێشنیارەکان پێشکەش بە وەزیر دەکات، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی توانستی وەزارەت و  بەرز ڕاگرتنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و لابردنی بەربەستەکان.
شەشەم: کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن وەک بڕیاری وەزاری هەژمار دەکرێت، دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزیرەوە.
مادده‌ی (6)
یەکەم: وەزیر بۆی هەیە گرێبەست لەگەڵ کەسانی سروشتی و مەعنەوی، کە خاوەن شارەزایی و پسپۆرێتین لەناوخۆی هەرێم، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئامانج و ئەرکەکانی وەزارەت، بەپێى یاسا بەرکارەکان لە هەرێم، واژۆبکات.
دووەم: بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەسانێک لە دەرەوەی هەرێم پێویستە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی لەسەر وەربگیرێت، جگە لەو گرێبەستانەی کە بەیاسا ڕێکخراون.
مادده‌ی (7)
وەزیری بۆی هەیە لەکاتی پێویستدا بەڕێوەبەرایەتی یان بەش یان هۆبە لەناو پێکهاتەکانی وەزارەت بهێنێتەکایەوە یان هەڵیانبوەشێنێتەوە یان لێکیان بدات.
مادده‌ی (8)
ئەرک و دەسەڵاتی پێکهاتەکانی وەزارەت بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت.
مادده‌ی (9)
یەکەم: یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە (12) ی ساڵی (2010) هەڵدەوەشێتەوە.
دووەم: ئەو ڕێنماییانەى کە لەبەر ڕۆشنایی یاساى هەڵوەشاوەدا دەرچوون بەردەوام دەبن لە کارپێکردن، بەمەرجێک دژیەک نەبن لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە، تا ئەو کاتەى ڕێنماییەکى تر جێگەیان دەگرێتەوە.

مادده‌ی (10)
وەزیر ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (11)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (12)
كار بە دەقی هیچ یاسا یان بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكۆك بێت.
مادده‌ی (13)
ئەم یاسایە لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا جێبەجێ دەكرێت.

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
بەهۆی پێشکەوتن و فراوانبوونی شار و شارۆچکەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بتوانن وەڵامدەرەوەی داخوازی و پێداویستییەکانى هاووڵاتیان بێ لە شار و شارۆچکەکاندا، و بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانی حکومەت بۆ دانانی پەیکەرێکی کاریگەر و گونجاو و بەپێی پێداویستیی هەنووکەیی بۆ بەرژەوەندی گشتی، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.

                                                                                           د. رێواز فائق حسێن
                                                                                  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق