بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان
بهناوی گهلهوه
پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به حوكمی بڕگهی (1)ی ماددهی (56) لە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههمواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و لهسهر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنی ئاسایی ژماره (7)ی ڕۆژی 22/6/2022 ئەم یاسایهی پهسهندكرد:
یاسای ژماره (6)ی ساڵی 2022
یاساى دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی
پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق
ماددهی (1)
بۆمەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم/ هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق.
دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.
سێیەم/ دەستە: دەستەیەکى دڵنیاکەرەوەى زانستى متمانە بەخشینە بەدامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەرەوەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێم، كە بە پێی ئەم یاسایە دامەزراوە، بۆ پاڵپشتى و هاریکاری هەردوو وەزارەتى پەرەوەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى پەروەردەیی، بە ئامانجى دڵنیابوونەوە لە کواڵتیى پەرەوەردە و خوێندنى باڵا.
چوارەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى باڵاى دەستە.
پێنجەم/ دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنی باڵا: دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا سەر بە هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى لە هەرێم و هەر دامەزراوەیەکى تری پەروەردەیی.
شەشەم/ بڕوانامەى متمانەیى: بەخشینى متمانەیە بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا، دوای دڵنیابوون لەوەى کە دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندن هەموو پێداویستى و پێوەرەکانى متمانە بەخشینیان جێبەجێ کردووە، لەلایەن دەستەوە دەدرێت.
ماددهی (2)
ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتین لە دڵنیابوونەوە لە:-
یەکەم/ پاراستنى کوالێتى پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە شێوەیەکى یەکسان بۆسەرجەم قوتابیان، لەڕێگەى داڕشتن و دروستکردنى کولتورى ڕۆشنبیری هەڵسەنگاندن و بەرەو پێشچوونى بەردەوام.
دووەم/ بەرزکردنەوەى ئاستى پەرەوەردەیى وزانستی دامەزراوەکانى پەرەوەردە و خوێندنی باڵا.
سێیەم/ بەدیهێنانى ئامانجە گشتییەکانى دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە مەبەستی پێگەیاندنى نەوەیەکى بەرپرسیار و هۆشیار و بەرهەمدار.
ماددهی (3)
یەکەم/ دەستەیەک بەناوى (دەستەى متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستانى - عێراق) دادەمەزرێت و خاوەن کەسێتی مەعنەویى و سەربەخۆیى دارایی و کارگێڕى دەبێت .
دووەم/ دەستە سەرۆکێکی دەبێت کە لەلایەن ئەنجومەنى باڵا دیاریدەکرێت، و بەرپرس دەبێت لە ئاڕاستەکردنى کارەکانى و گشت ئەو بابەتانەى پەیوەندیان بە ئەرکەکانى دەستە و سەرجەم کاروبارەکانیەوە هەیە.
سێیەم/ دەستە لەم پێکهاتانەى خوارەوە پێک دێت، و لەلایەن سەرۆکى دەستەوە سەرپەرشتى دەکرێن:-
1- بۆردى متمانە بەخشینى پەروەردەیى .
2- بۆردى متمانە بەخشینى خوێندنى باڵا.
3- فەرمانگەى یاسایی و کارگێڕی و دارایی.
چوارەم/ پێکهاتەکانى بۆردى متمانە بەخشینى پەروەردەیی و بۆردى متمانە بەخشینى خوێندنى باڵا و فەرمانگەکانى دەستە و لقەکانى، و ئەرک دەسەڵاتەکانیان، بە پەیڕەوێکى ناوخۆ دیاری دەکرێن کە دەستە پێشنیاری دەکات و ئەنجومەنى باڵا پەسەندى دەکات.
پێنجەم/ دەستە لەکاتى پێویستدا دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتى و بەش و هۆبە بهێنتە کایەوە یان لێکیان بدات یان هەڵیانبوەشێنێتەوە .
ماددهی (4)
ئەرکەکانى دەستە بریتین لە:-
یەکەم/ دانانى پێوەرى گونجاو بۆچەسپاندنى بنەماکانى متمانە بەخشین، بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ پێوەرە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان کە دەستەبەرى نایابى ئەکادیمى و پەروەردەیى و ئەنجامەکانى کۆى پڕۆسەى خوێندن و فێربوون بکات .
دووەم/ دڵنیابوون لەوەى کە دامەزراوەکانى پەروەردەیى و خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیڕەوى پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانى متمانە بەخشین لە پڕۆگرامەکانى خوێندن دەکەن، لەڕێگەى ڕێکخستنى میکانیزمەکانى پرۆسەى متمانە بەخشین و بەکارهێنانى ئامرازەکانى پێداچونەوەى هاوشێوە و چاودێریکردنیان.
سێیەم/ پشتیوانیکردنى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دانانى سیاسەتى گشتى و پلان و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانى تایبەت بە پرۆسەى بەدەستهێنانى بڕوانامەى متمانەیى بۆ دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا و پرۆگرامەکانى خوێندن، و فەراهەمکردن و بە دەستهێنانی بودجە و پشتوانی دارایى بۆ ئەو دامەزراوانە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى ئەو بڕوانامەیە بەپێى پێوەرە کارپێکراوەکان .
ماددهی (5)
یەکەم/ ئەنجومەنى باڵا سەرپەرشتى دەستە دەکات، و پێوەر و سیاسەتى گونجاو بۆ متمانە بەخشین و ڕێسا و ڕێکسازییەکان بۆ جێبەجێبکردنیان، پەسەند دەکات.
دووەم/ پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانى ئەم ئەنجومەنە بە پەیڕەوێک ڕێک دەخرێت، کە ئەنجومەنى وەزیران دەریدەکات.
ماددهی (6)
یەکەم/ دەستە بودجەیەکى تایبەتى لە ناو بودجەى گشتى هەرێمدا دەبێت.
دووەم/ دەستە بۆى هەیە ببێتە خاوەنى مایەى گوێزراوە و نەگوێزراوە، و ئەنجامدانی گشت ئەو ڕەفتارە یاساییانەى بۆ هێنانەدى ئامانجەکانى پێویستن، لە نێویشیاندا ئەنجامدانى ئەو گرێبەستانەى کە تایبەتن بە بەدیهێنانى ئەرکەکانى دەستە، و قبوڵکردنى یارمەتى و بەخشین ودیارى.
ماددهی (7)
دامەزراوەکانى پێکهاتوو بەپێى ئەم یاسایە، جێگەى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ناگرنەوە، لەو ئەرک و دەسەڵاتانەى لە یاساى تایبەتى ئەو وەزارەتانە بۆیان دەستنیشان کراوە.
ماددهی (8)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
ماددهی (9)
ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
ماددهی (10)
ئەم یاسایە لە ڕیكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا، جێبەجێ دەكرێت.
هۆیهكانی دهرچوواندن
لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەروەدە و خوێندنی باڵا، و دەستەبەرکردنى کوالێتى خوێندن لە هەرێم، بە ئامانجى پێگەیاندنى نەوەیەکى بەرپرسیار و هۆشیار و بەرهەمدار، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.
د. رێواز فائق حسێن
سهرۆكی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق