یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2022 یاساى بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (3)ی ڕۆژی 2/6/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2022
یاساى بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق 

بەشی یەكەم
پێناسە و ئامانجەكان

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم/ هەرێم: هەرێمى کوردستان ـ عێراق .
دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.
سێیەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى ئاو لە هەرێم.
چوارەم/ وەزارەت: وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوی هەرێم.
پێنجەم/ وەزیر: وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوی هەرێم.
شەشەم/ سندوق: سندوقى پاراستن و بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم.
حەوتەم/ ئاوى ژێر زەوەى: ئەو ئاوەى کە لە ژێر ڕووى زەویدا هەیە، قووڵاییەکەى هەرچەند بێت.
هەشتەم/ ئاوى سەر زەوى: ئاوى زێ، ڕووبار، کانیاو، کارێز، ئاوى ڕۆیشتوو، کۆگا سروشتى و دەستکردەکان و ئاوى چارەسەرکراویش، دەگرێتەوە. 
نۆیەم/ سەرچاوەکانى ئاو: ئاوى سەر زەوى و ژێر زەوى بە هەموو سەرچاوەکانییەوە، و ئاوى قورس و ئاوەڕۆکانیش دواى چارەسەرکردنیان، دەگرێتەوە.
دەیەم/ پاراستنى سەرچاوەکانى ئاو: پڕۆسەیەكی گشتى تەکنیکى و یاساییە، کە دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى توانستى بەردەوامى ئاو، بەردەوام بەردەستبوونى، و ڕێگرتن لە کەمبوونەوە و بەفیڕۆدان و پیسبوونى.
یازدەیەم/ بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو: پڕۆسەیەکى ڕێکخراوە کە دەبێتە هۆى بەردەوامى و باش بەکاربردنى سەرچاوەکانى ئاو لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى، بۆ هەموو بەکاربەرانى.
دوازدەیەم/ بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاو: پڕۆسەیەکى ڕێکخراوە کە دەبێتە هۆى بووژاندنەوەى دروستى سەرچاوەکانى ئاو.
سێزدەیەم/ کۆگاکردنى ئاو: کۆکردنەوەى ئاوى بەفر و بارانە.
چواردەیەم/ ڕێڕەوى ئاوى: ڕێچکەى سروشتى یان دەستکردە، کە تەوژمى ئاویى بەشێوەیەکى هەمیشەیى یان کاتى، پێیدا تێپەڕدەبێت.
پازدەیەم/ پاشماوە: هەر ماددەیەکى ڕەق، شل، گاز، کیمیایى، میکرۆب، ڤایرۆسى، تیشکدار یان گەرمکراوە، کە دەبێتە هۆى پیسبوونى ئاو. 
شازدەیەم/ ئاوى قورس: ئاوى بەكارهاتووە لە یەکەکانى نیشتەجێبوون، پڕۆژە پیشەسازیی یان، تەندروستییەکان، شوێنە خزمەتگوزارییەکان و هەر بوارێکى دیکە، و پاشماوەى تێدا نیشتووە یان تواوەتەوە.
حەڤدەیەم/ پیسبوونى ئاو: هەر پڕۆسەیەکە کە ببێتە هۆى گۆڕینى خەسڵەت و پێکهاتە بنەڕەتیەکانى ئاو، بە جۆرێک زیان بە ژیانى مرۆڤ و زیندەوەران و ژینگە بگەێنێت.
هەژدەیەم/ ئاوى چارەسەرکراو: ئەو ئاوەیە کە پاککراوەتەوە لە هەموو جۆرە پاشماوەیەک. 
نۆزدەیەم/ سوودمەند: ئەو لایەن و کەسانە دەگرێتەوە کە مافى بەکاربردنى ئاویان بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، هەیە. 
بیستەم/ بەفیڕۆدانى ئاو: زیاد بەکاربردن یان خراپ بەکارهێنانى سەرچاوەکانى ئاوە، بە ئەنقەست بێت یان لە ئەنجامى کەمتەرخەمى.
بیست و یەک/ هاوسەنگى ساڵانەى ئاو: دەرهێنان و بەکاربردنى ئاو، بەبڕێک کە یەکسان یان کەمتر بێت لە ئاوى بە دەستهاتوو لە هەمان ساڵدا.


مادده‌ی (2) 
ئامانج لەم یاسایە بریتییە لە:-
یەکەم/ بەڕێوەبردن و پاراستنى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم، بۆ گەیشتن بە باشترین شێوازى بەکاربردن.
دووەم/ بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاو، و دیاریکردنى بڕ و جۆرى بەکاربردنى، بە مەبەستى بەدیهێنانى ئاسایشى ئاو و پاراستنى مافى نەوەکانى داهاتوو.
سێیەم/ ڕەچاوکردن و چەسپاندنى مافى هەرێم لە ئاوە هاوبەشەکانى لەگەڵ حکومەتى ئیتحادى و وڵاتانى دراوسێ، بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێم لە دابینکردنى ئاو، بەشێوەیەک کە لەگەڵ یاسا و پێوەرە نێودوڵەتییەکاندا بگونجێت.
چوارەم/ بەردەوامى هەماهەنگى، پەیوەندى و گۆڕینەوەى زانیارییەکان، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى دادپەروەرانە بە ئاڕاستەى دابەشکردنى بڕ و جۆرى ئاوى ڕۆیشتوو و هاتوو بۆ هەرێم.
پێنجەم/ چارەسەرکردنى سەرچاوە ئاوییە پیسبووەکان و گرنگیدان بە پاراستنى ژینگە.

بەشی دووەم
بنەما گشتییەكان
مادده‌ی (3)
ئاو سامانێکى نیشتیمانییە، سەرچاوەکانى بە موڵکى گشتى دادەنرێت، بە مۆڵەت و بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، سوودیان لێوەردەگیرێت.
مادده‌ی (4)
حکومەتى هەرێم بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى ئیتحادى بەشدار دەبێت لە:-
یەکەم/ داڕشتنى سیاسەتى ئاو.
دووەم/ داڕشتنى سیاسەتى بەکارهێنانى سەرچاوەکانى ئاو لەگەڵ  وڵاتانى دراوسێدا، بەپێى پەیماننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکان.
مادده‌ی (5)
یەکەم/ بەکاربردنى ئاو لە ڕووى لە پێشینەییەوە بەم شێوەیە دەبێت:-
1.	خواردنەوە و بەکاربردنى بۆ پێویستى خزمەتگوزاریى.
2.	 ئاژەڵدارى و سامانى ماسى.
3.	 مەبەستەکانى ئاودێریى و کشتوکاڵ.
4.	 پێداویستیەکانى پیشەسازى و بەرهەمهێنانى کارەبا.
5.	 مەبەستەکانى ژینگەیى و کەرتى گەشتوگوزاریی.
6.	 مەبەستەکانى وەبەرهێنان.
دووەم/ گوڕینى جۆرى بەکاربردنى ئاو لەسەر بنەماى مۆڵەتى ڕێپێدانى نوێ دەبێت.

بەشی سێیەم
بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو

مادده‌ی (6)
وەزارەت پێویستە ئەمانەى خوارەوە ئەنجام بدات:-
یەکەم/ ئامادەکردنى پلانى تایبەت بە بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو و پڕۆژەکانى، بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ترى پەیوەندیدار، بە مەبەستى بەکاربردنى لەلایەن کەرتە سوودمەندەکانەوە.
دووەم/ بەرزکردنەوەى تواناکان و گەشەپێدانى پیشەیى لە بوارى بەڕێوەبەردنى سەرچاوەکانى ئاو.
سێیەم/ دانانی  پلانى بووژاندنەوە و بەڕێوەبردنى ئاو، بە هەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت و بەشدارپێکردنى دانیشتووان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کەرتى تایبەت لە پرۆسەكەدا.
چوارەم/ هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوی ناحکومی و ڕاگەیاندنەکان، بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى گشتى دەربارەى گرنگى زیندەگى سەرچاوەکانى ئاو و بایەخ پێدانى لە قۆناغەکانى خوێندندا.
مادده‌ی (7)
یەکەم/ ئەنجومەنێک لە وەزارەت، بەناوی (ئەنجومەنی ئاو لەهەرێم) بە سەرۆکایەتى وەزیر و بە ئەندامیەتی هەر یەک لەمانەى خوارەوە، پێکدێت:-
1.	بریکارى وەزارەت بۆ کاروبارى سەرچاوەکانى ئاو.
2.	سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێم.
3.	بەڕێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتى شاراەوانى و گەشتوگوزارى هەرێم.
4.	بەڕێوەبەرى گشتى سەرچاوەکانى ئاو لە وەزارەت.
5.	بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو لە وەزارەت.
6.	بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە لە وەزارەت.
7.	بەڕێوەبەرى گشتى باخدارى و پاوان و دارستان لە وەزارەت.
دووەم/ نوێنەرى ئەو لایەنانەى خوارەوە بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەن دەکەن، بە مەرجێک پلەى وەزیفییان لە بەڕێوەبەرى گشتى کەمتر نەبێت، بەبێ ئەوەى مافى دەنگدانیان هەبێت:-
1.	وەزارەتى پلاندانانى هەرێم.
2.	وەزارەتى کارەباى هەرێم.
3.	وەزارەتى ناوخۆى هەرێم.
4.	وەزارەتى تەندروستى هەرێم.
سێیەم/ فەرمانبەرێک لە وەزارەت وەک سکرتێرى ئەنجومەن لەلایەن وەزیرەوە دیاریدەکرێت، بە مەرجێک لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى بەرایى زانکۆیى بێت.
 چوارەم/ ئەنجومەن دەتوانێت، بەپێى پێویست، میواندارى پسپۆڕان، بۆ وەرگرتنى ڕا و بۆچوونیان بکات.
پێنجەم/ ئەنجومەن سێ مانگ جارێک یان هەر کات پێویست بێت لەسەر داواى سەرۆک کۆدەبێتەوە .
شەشەم/ ڕاسپاردە و پێشنیازە پێویستیەکان لەلایەن وەزیرەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزدەکرێتەوە.
مادده‌ی (8)
ئەرکەکانى ئەنجومەن:-
یەکەم/ دانانى سیاسەتى ناوخۆیى ئاو لە هەرێم.
دووەم/ پەسەندکردنى پلانى بەکارهێنانى ئاو لەلایەن گشت کەرتەکانەوە.
سێیەم/ بڕیاردان لەسەر پڕۆژەى سەرچاوەکانى ئاو و بەکاربردنى.
چوارەم/ بڕیاردان لەسەر پلانى وەبەرهێنان لە بوارى بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو و پاراستنى.
پێنجەم/ بڕیاردان لەسەر ستراتیژیەتى نیشتیمانى تایبەت بە کەش و هەوا و بەرزەفتکردنى کاریگەریەکانى لەسەر پاراستن و بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاو.
شەشەم/ بڕیاردان لە پلانى دابەشکردنى ئاو لە نێوان کەرتە جیاجیاکان و بەکاربردنە سەرەکییەکانى ئاو.
حەوتەم/ کارکردن بۆ دابینکردنى بودجەى پێویست بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى بەنداوی گەورە و مامناوەندى و پڕۆژە هەمەجۆرەکانى ئاو.
هەشتەم/ دانانى پلانى بەکارهێنانى سیستەمى ئاودێرى نوێ بۆ پەرەپێدانى بەرهەمى کشتوکاڵى، بە مەرجێک گونجاوبێت لەگەڵ سوودى ئابوورى و پشکى ئەو ئاوەى بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکە تەرخانکراوە.
نۆیەم/ داڕشتنى پلانى گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەى ووشکەساڵى و لافاو و پیسبوونى سەرچاوەکانى ئاو، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بەشی چوارەم
پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو

مادده‌ی (9)
ئەم کارانەى خوارەوە ڕێگەپێنەدراون:-
یەکەم/ فڕێدانی پاشماوەی ناوچەكانی نیشتەجێبوون، پرۆژە پیشەسازی، كشتوكاڵی و بازرگانییەكان، تەقەمەنی، پاشماوەی تەندروستنی یان هەر بوارێکى تر بۆ ناو سەرچاوەکانى ئاو، تەنها لەو بارەدا نەبێت کە چارەسەرى زانستى پێویستى بۆ کرابێت.
دووەم/  ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە ڕێڕەوەى سەرچاوەکانی ئاو، بەجۆرێک ببێتە هۆى کەمکردنەوەى بڕی ئاو یان پیسبوونى ئاو یان ڕودانى لافاو.
سێیەم/ بیرهەڵکەندن یان بەکارهێنانى ئاوى ژێرزەوى بەبێ مۆڵەتى وەزارەت.
چوارەم/ هەر چالاکییەک بۆ کۆگاکردنى یان کەمکردنەوەى سەرچاوەکانى ئاو بەبێ موڵەتى پێشوەخت.
پێنجەم/ داپۆشینى پاشماوەی بە هەر ڕێگەیەک کە دەرئەنجام کاریگەرى لەسەر جۆر و توانستی سەرچاوەکانى ئاوى سەرزەوى یان ژێرزەوى یان ژینگە دروست بکات.
شەشەم/ بەکارهێنانى قڕکەر بۆ قەڵاچۆکردنى پەتا کشتوکاڵییەکان یان پەیینى کیمیایى، کە ببێتە هۆى پیسبوونى سەرچاوەکانى ئاو.
حەوتەم/ دامەزراندنى هەر پرۆژەیەک یان کارگەیەک یان خانوویەکى نیشتەجێبوون لەسەر کەنارى ڕووبار و لقەکانیان، دەریاچە، کۆگاکانى ئاو، و زەوییەکانى دەوروپشتیان لە سنوورى دیاریکراو، بەبێ وەرگرتنى مۆڵەتى وەزارەت، جگە لە پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆ.
هەشتەم/ بەکارهێنانى ماددەى ژەهراوى یان کارەبا یان قڕکەر یان تەقەمەنى بۆ ڕاوى ماسی و گیاندارە ئاوییەکانى دیکە، بەجۆرێک کە ببێتەهۆى پیسبوونى سەرچاوە ئاوییەکان.
نۆیەم/ فڕێدانى پاشماوەى نەوتى، لە سەرچاوەکانى ئاوى سەرزەویدا، یان لە ناو ڕێڕەوى ئاوى باران و کانیاو و کارێز و دەریاچە و گۆماوەکاندا یان لە ناو ئاوى ژێرزەوى و ناوچەکانى بووژاندنەوەدا.
دەیەم/ فڕێدانى لاشەى ئاژەڵ و پەلەوەر بۆ ناو ڕێڕەوى ئاو یان ناوچەکانى بووژانەوەى ئاوى ژێرزەوى.
یازدەیەم/ هەر چالاکییەک کە ببێتەهۆى پیسبوونى ئاو، یان کەنار و ڕۆخى ڕیڕەوەکانى ئاوى سروشتى، یان کاریگەرى نەرێنى لەسەر بڕو و جۆرى ئاوەکە دروست بکات.
مادده‌ی (10)
یەکەم/ وەزارەت، سیستەمى چاودێرى، لەسەر بڕ و جۆرى ئاو، لە سەرچاوەکانى ئاوى سروشتى دادەنێت، بۆ مسۆگەرکردنى پاراستن، زیادکردنى توانست و ڕێگرتن لە پیسبوون.
دووەم/ وەزارەت پابەندە بە دانانى تۆمارێکى تایبەت بەو بیرانەى کە بەر لە دەرچوونى ئەم یاسایە بە مۆڵەت یان بێ مۆڵەت هەڵکەندراون، و ڕێکارى پێویست بۆ گونجاندنیان لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە دەگرێتەبەر.
مادده‌ی (11)
یەکەم/ پێویستە بەکاربردنى ئاو لە هەرێم بەپێى ستاندارد و کواڵیتى جیهانى بێت.
دووەم/ چارەسەرکردنى سەرچاوەى ئاوە پیسبووەکان و ئاوەڕۆکان بە دانانى وێستگەى چارەسەریى گونجاوى سەردەمیانە دەبێت.
سێیەم/ هەر پڕۆژەیەک کە پاشماوەی لێ پەیدا ببێت، تا ئەو کاتەى ڕێنمایى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ نەکات، ڕێگە بە دامەزراندنى نادرێت.
چوارەم/ ڕێگە بە دامەزراندنى هیچ پڕۆژەیەک نادرێت، ئەگەر یەکەى چارەسەرکردنى پاشماوەى نەبێت.
پێنجەم/ ئەو پڕۆژانەى بوونى یاساییان هەیە و پاشماوەیان دەڕژێتە نێو سەرچاوەکانى ئاو، ماوەى (6) شەش مانگیان لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە پێدەدرێت، بۆ دامەزراندنى یەکەى چارەسەرکردنى پاشماوە، بە پێچەوانەوە، موڵەتى کارکردنیان لێدەسەندرێتەوە.
مادده‌ی (12)
یەکەم/ وەزارەت پلانى ساڵانە و مامناوەندى و درێژخایەنى کەرت و بوارە جۆراوجۆرەکان لە بەکاربردنى ئاودا پەسەند دەکات، بۆ هێنانەدى هاوسەنگى ساڵانەی ئاو و دادپەروەریى لە دابەشکردنیدا.
دووەم/ وەزارەت پلان بۆ ڕێگرتن لە ڕۆچوونى زەوى، سێڵاو، لافاو، چاککردنى ڕێڕەوى شیو و کەناڵە گشتییەکان و کەناری ڕووبارەکان، و چاودێرى هاتنى سێڵاو و لافاو و بەکارهێنانى ئاوى پڕۆژەکانى ئاودێرى دادەنێت، بەجۆرێک گەرەنتى پاراستنى ئاو لە بەفیڕۆدان و پیسبوون، بکات.
مادده‌ی (13)
یەکەم/ سندوقێک بەناوى (سندوقى پاراستن و بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێم)، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، دادەمەزرێت.
دووەم/ سندوق ئەنجومەنێکى کارگێرى بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانى دەبێت، و بە پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە، پێکدەهێنرێت.
مادده‌ی (14)
یەکەم/ داهاتى سندوق لەم سەرچاوانەى خوارەوە پێکدێت:-
1.	گوژمەى تەرخانکراو لە بودجەى ساڵانەى هەرێم.
2.	هەر کۆمەک و یارمەتیەک، کە بەپێی یاسا پێشکەش بە سندوق دەکرێت.
دووەم/ داهاتى سندوق بۆ مەبەستى پاراستن و بووژاندنەوەی سەرچاوەکانى ئاو و ڕێگەگرتن لە پیسبوونى، بەکاردێت.
سێیەم/ شێوازى خەرجکردنى داهاتى سندوق بە پەیڕەوێك ڕێکدەخرێت کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە، دەردەچێت
مادده‌ی (15)
دەزگاى ئاسایش و پۆلیسى پاراستنى دارستان و ژینگە، ئەرکى پاراستنى سەرچاوەکانى ئاو لە ئەستۆ دەگرن.

مادده‌ی (16)
یەکەم/
1.	گشت پڕۆژەکانى بەکاربردنی سەرچاوەکانى ئاو، بەپێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم، دواى لارینەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن وەزارەتەوە ڕێپێدانیان بۆ دەکرێت.
2.	گشت پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، بەپێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم، دواى لارینەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن وەزارەتەوە ڕێپێدانی بەكاربردنیان بۆ دەکرێت.
دووەم/ پێویستە لەسەر سوودمەندانى ئاوى سەرزەوى و ژێرزەوى، کە بێ مۆڵەتن، لە کەرتەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازى و بازرگانى و گەشتوگوزار، داواکاریى مافی سوودمەندبوون لە ئاو پێشکەش بکەن، و لە ماوەى (6) شەش مانگ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، مۆڵەت لە وەزارەت وەربگرن، بەپێچەوانەوە، سوودمەند بە سەرپێچیکار لە حوکمەکانى ئەم یاسایە هەژمار دەکرێت.
سێیەم/ هەر زێدەڕۆییەک لەلایەن سوودمەندى ئاو، زیاد لەو بڕە ئاوەى رێپێدراوە، بە سەرپێچى هەژمار دەکرێت، و سەرپێچیکار بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە سزا دەدرێت.
چوارەم/ وەزارەت دەتوانێت پێداچوونەوە بە موڵەتەکان و بە بڕى ئاوى سەرزەوى و ژێرزەوى موڵەتپێدراودا، لەبەر ڕۆشنایى پڕۆسەی بووژاندنەوەى سەرچاوەکانى ئاودا، بکات
مادده‌ی (17)
وەزیر دەتوانێت، بیرهەڵکەندن یان بەکارهێنانى بیر، لە هەندێک ناوچە قەدەغە بکات، بەپێى ڕاپۆرتى ئەنجومەن، بە مەرجێک مەترسى دابەزینى بڕ و ئاست و جۆرى ئاوى ژێرزەوى هەبێت، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە و یاسا بەرکارەکانى هەرێم، قەرەبووى خاوەن بیر دەکرێتەوە بەو زیانەى کە لە ئەنجامى ئەو بڕیارە پێیدەکەوێت.
مادده‌ی (18)
پێویستە وەزارەت، ئەم ڕێوشوێنانەى خوارەوە، بۆ ڕێکخستنى ناوچەى باراناوى، کە دەبێتە هۆى ڕوودانى سێڵاو و لافاو لەو ناوچەیەى پێیدا دەڕوات، بگرێتە بەر:-
یەکەم/ پاراستنى خاک و بەرگى ڕووەکى بە ڕێگاى گونجاو، و چاندنى ئەو ڕووەکانەى خۆڵ جێگیر دەکەن، بۆ پاراستنى ناوچەکە لە داماڵین و ڕۆچوون.
دووەم/ ڕێکخستن و نۆژەنکردنەوە لە ڕێڕەوى شیوەکان و دروستکردنى پرۆژەى پێویست بۆ پاراستنى خاک.
سێیەم/ قەدەغەکردنى فراوانکارى لە پەیداکردنى زەوى کشتوکاڵى یان دامەزراندنى پڕۆژەى شارستانى یان پیشەسازى لەسەر ڕێرەوى شیوەکان، کەنار ڕووبارەکان، بەنداو و کۆگاکانى ئاو، ئەگەر کاریگەرى نەرێنى لەسەر سەرچاوەکانى ئاو هەبوو.



بەشی پێنجەم
حوكمە سزاییەكان

مادده‌ی (19)
 هەر کەسێک، سەرپێچى حوکمەکانى ئەم یاسایە، جگە لە حوکمى ماددەى (9)ى ئەم یاسایە بکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (3) سێ مانگ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردنێک کە لە (7,000,000) حەوت ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بە هەردووکیان، سزادەدرێت
مادده‌ی (20)
یەکەم/ هەر کەسێک، سەرپێچى حوکمەکانى ماددەى (9)ى ئەم یاسایە بکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (6) شەش مانگ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێك کە لە (7,000,000) حەوت ملیۆن دینار کەمتر نەبیت و لە ( 10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، و لابردنى سەرپێچیەکە و گەڕاندنەوەی ماددە یان پاشماوەکان بۆ شوێنى پێشوویان یان لەناوبردنیان لە ئەستوی سەرپێچیکار دەبێت.
دووەم/ لە حاڵەتى دووبارەکردنى ئەو سەرپێچییەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتووە، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (1) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبیت و لە (15,000,000) پازدە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، و لابردنى سەرپێچیەکە لە ئەستۆى سەرپێچیکار دەبێت.
سێیەم/ سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، ڕێگرنابن لە سەپاندنى هەر سزایەکى توندتر کە لە یاسا بەرکارەکاندا هاتبێت.


بەشی شەشەم
حوكمە كۆتاییەكان

مادده‌ی (21)
وەزیر ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (22)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (23)
پێویستە ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (24)
ئەم یاسایە لە دواى تێپەڕبوونى (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا، جێبەجێ دەکرێت.




                                                                                                                                                      د.رێواز فایق حسێن
                                                                                                                                                سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان


هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
لە پێناو دابینکردنى ئاسایشى ئاو لە هەرێم، و لەبەر گرنگى ئاو لە ژیانى مرۆڤ و کاریگەرى لەسەر واقیعى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسی وەکو سامانێکى نیشتیمانى و بۆ ڕێگرتن لە خراپ بەکارهێنانى، و دەستەبەرى بەردەوامبوونى سەرچاوەکانى ئاو، و دابەشکردنى بەشێوەیەکى دادپەروەرانە و بووژاندنەوە و پاراستنى، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.