یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2022 یاساى چەك لە هەرێمی كوردستان - عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (1)ی ڕۆژی 1/3/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2022
یاساى چەك لە هەرێمی كوردستان - عێراق
مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، زاراوە و دەستەواژەكانی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.
سێیەم: وەزارەت: وەزارەتى ناوخۆى هەرێم.
چوارەم: وەزیر: وەزیرى ناوخۆى هەرێم.
پێنجەم: چـەکـى ئاگـرین: دەمانـچـە و تـفـەنـگى ئالـى ڕێـژنـەکـار، کـە قـەبـارەى فـیـشەکـى لـە  (7,62 × 39) ملم زیاتر نەبێت، و بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە موڵەتى پێدرابێت دەگرێتەوە، جگە لەو دەمانچانەى لە یاریە وەرزشیەکاندا بەکاردەهێنرێن و دەنگێک بۆ دەستپێکردنى یارییەکە دروستدەکەن.
شەشەم :چەکى جەنگى: چەکى بەکارهێنراو لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ، جگە لە وانەى لە بڕگەى (پێنجەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون، دەگرێتەوە.
حەوتەم: تفاق (عتاد): گوللە و فیشەکى بەکارهاتوو لە چەکى ئاگرین و هەر پارچەیەک لە پارچەکانى، دەگرێتەوە.
هەشتەم: تفاقی جەنگى: زەخیرەى بەکارهاتوو لە چەکى جەنگى و هەرپارچەیەک لە پارچەکانى، دەگرێتەوە .
نۆیەم: چەکى هێمایى: ئەو چەکەى بەبێ تفاق، بۆ جوانى، یادگارى یان وەک سیمبول هەڵدەگیرێت، لە نێویاندا چەکى وەقفکراو یان ئەوانەى لە شوێنە پیرۆزەکان و مۆزەخانە گشتییەکان یان تایبەتەکاندا، هەڵدەگیرێن.
دەیەم: دەسەڵاتی مۆڵەتدان: وەزیر، یان هەر کەسێک کە بۆ پێدانى ئەو مۆڵەتانەى لەم یاسایەدا هاتوون، ڕایدەسپێرێت.
یازدەیەم: مۆڵەت: ئەو ڕێگەپێدانەى کە بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەدرێت .
مادده‌ی (2) 
یەکەم: هاوردەكردن یان هەناردەكرن، دەستداریی، ژێردەستبوون، هەڵگرتن، دروستكردن، چاككردنەوە، گواستنەوە، ڕادەستكردن، وەرگرتن یان بازگانی پێوەكردنی چەكی جەنگی، تفاق یان پارچەكانی، تەنها بە ڕێگەپێدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ پێداویستی دەزگاكانیان، دەبێت.
دووەم: هاوردەكردن، دەستداریی، ژێردەستبوون، هەڵگرتن، دروستكردن، چاككردنەوە، فرۆشتن، گواستنەوە، ڕادەستكردن، وەرگرتنی یان بازرگانی پێوەكردنی چەكی پێدەنگ، تفاق یان پارچەكانی، قەدەغەیە.
مادده‌ی (3)
یەکەم: دەستداریى، هەڵگرتن، فرۆشتن، دەستاودەست پێکردن یان چاککردنەوەى چەکى ئاگرین تەنها بە مۆڵەت دەبێت.
دووەم:
1.	کردنەوەى شوێنى تایبەت بە كڕین و فرۆشتن یان چاککردنەوەى چەکى ئاگرین و پارچە و تفاقیان، ئەوانەى موڵكی هاوڵاتیانن و لە ناوخۆدا هەن، تەنها بە موڵەت دەبێت.
2.	مۆڵەتدار و بە دەستداریی یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، مافى هەیە چەکە مۆڵەتپێدراوەکەى لەو شوێنەى کە لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیەدا هاتووە بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو.
مادده‌ی (4)
یەکەم: جۆرەکانى مۆڵەت:
1.	مۆڵەتى دەستداریى چەکى ئاگرین و تفاقی.
2.	مۆڵەتى هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقی.
3.	مۆڵەتى چاککردنەوەى چەکى ئاگرین .
4.	مۆڵەتى کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین و تفاقی.
دووەم: ئەو مۆڵەتانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون:-
1.	تەنها ئەو کەسەى کە بەناویەوە دەرچووە بەکاریدەهینێت.
2.	بۆماوەى (1) یەک ساڵ بەرکاردەبێت، جگە لە مۆڵەتی هاتوو لە خاڵی (1) لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە كە بۆ ماوەی (2) دوو ساڵە.
3.	بۆ ڕەسمى هاتوو لە خشتەى هاوپێچى ئەم یاسایەدا، ملکەچ دەبن.
سێیەم: مۆڵەتەکانى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە و ڕێکارەکانى پێدانیان بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێن کە لەلایەن وەزیرەوە دەردەچێت.
مادده‌ی (5)
یەکەم: دەسەڵاتى مۆڵەتدان، مۆڵەتى دەستداریی یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقی دەدات، لە دواى هەبوونى ئەم مەرجانەى خوارەوە لەکەسى داواکاردا:-
1.	عێراقی بێت و دانیشتووى هەرێم بێت.
2.	 تەمەنى لە (21) بیست و یەک ساڵ کەمتر نەبێت.
3.	 ڕەوشت چاک و ناوبانگ و ڕەفتار باش بێت.
4.	 بە جینایەتێکى ناسیاسی یان کەتنێکى ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.
5.	 لە ڕووى جەستەیى و عەقڵى و دەروونیەوە شیاوى دەستداریی و هەڵگرتنى چەک بێت،  ئەمەش بە ڕاپۆرتێک لەلایەن لیژنەیەکى پزیشکى فەرمییەوە پشتڕاستکرابێتەوە.
6.	 لە ڕووى تەکنیکیەوە بۆ هەڵگرتنى چەکى ئاگرین شیاوبێت، بەپێى تاقیکردنەوەیەک کە دەسەڵاتى مۆڵەتدان دیاریدەکات. 
7.	 چەکەکەى بەشێوەیەکى ڕەوا دەستخستبێت و پاساوێکى ڕەوای بۆ دەستداریی و هەڵگرتنى چەک هەبێت.
دووەم: داواکاری نوێکردنەوەى مۆڵەت لە ماوەى (30)سى ڕۆژ بەر لە ڕێکەوتى بەسەرچوونى، پێشکەش بە دەسەڵاتى مۆڵەتدان دەکرێت.
سێیەم: دەسەڵاتى مۆڵەتدان دەتوانێت هەردوو مۆڵەتى دەستداریى و هەڵگرتنى دەمانجە و تفەنگ بداتە یەک کەس .
چوارەم: وەزیر جۆر و بڕى تفاقى ڕێگەپێدراو بە ڕێنماییەک دیاریدەکات.
مادده‌ی (6)
یەکەم: موڵەتى چەکى ئاگرین لەم بارانەى خوارەوەدا بە هەڵوەشاوە دادەندرێت:
1.	مردنى خاوەن مۆڵەت .
2.	لەدەستدانى یەکێک لەو مەرجانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایەدا هاتوون.
3.	دەرچوونى بڕیارێک لە دادگاى تایبەتمەند بە دەست بەسەرداگرتنى چەکە ئاگرینەکە.
4.	دەرچوونى چەکە ئاگرینەکە وتفاقەکەى لە دەستداریی کەسى مۆڵەتدراو بۆ کەسێکى دیکەى مۆڵەتدراو.
دووەم:
1.	پێویستە لەسەر کەسى مۆڵەتدراو، لە حاڵەتى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتەکەیدا، چەکەکەى ڕادەستى نزیکترین بنکەى پۆلیس لە شوێنى نیشتەجێبوونى بکات، بەرامبەر وەرگرتنى پسوولەیەکى فەرمى.
2.	ئەو کەسەى موڵەتەکەى هەڵدەوشێتەوە، دەتوانێت لە ماوەى (180) سەد و هەشتا ڕۆژدا، ڕەفتار بە چەک و تفاقەکەى بکات، بە فرۆشتن بێت یان بە هەر ڕەفتارێکى دیكەی یاسایى.
3.	لە دواى کۆتایى هاتنى ئەو ماوەیەى کە لە خاڵى (2)ى ئەم بڕگەیەدا هاتووە، دەسەڵاتى مۆڵەتدان مافی هەیە چەک و تفاقەکە بۆ بەرژەوەندى دەستدارەکەى بەپێى حوکمەکانى یاسا بفرۆشێت، و بڕى بەرامبەرەکەى ڕادەست بکاتەوە.
سێیەم: لە دواى مردنى مۆڵەتدراو ئەوا:-
1.	پێویستە میراتگرانى یان ئەوانەى شوێنی دەگرنەوە، مۆڵەتەکە بە مەبەستى ئاماژەلەسەرکردن لەسەرى ڕادەستى دەسەڵاتى مۆڵەتدان بکەن، و ئەو ڕێکارانەى لە هەردوو خاڵی (1 ، 2)ى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون، جێبەجێ بکەن.
2.	دەسەڵاتى مۆڵەتدان لە بارى فرۆشتنى چەکەکەدا، بڕی بەرامبەرەكەی بۆ دادگاى تایبەتمەند دەنێرێت، بە مەبەستى پاکتاوکردن و دابەشکردنى لەسەر کەسانى شایستە.
مادده‌ی (7)
یەکەم: ئەم کەسانەى لاى خوارەوە لە مۆڵەتى دەستداریی و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقەکەى بەدەردەکرێن:-
1.	سەرۆکى هەرێم وجێگرەکانى .
2.	سەرۆکى پەرلەمان و جێگرەکەى وسکرتێر و ئەندامانى پەرلەمان .
3.	سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى و وەزیرەکان و ئەوانەى لەپلەى ئەواندان.
4.	سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەریى و دادوەران و ئەندامانى داواکارى گشتى و لێکوڵەرە دادوەرییەکان.
5.	ئەندامانى هەردوو نێردەى دیبلۆماسى و قونسوڵگەریی، ئەوانەى کە لە عێراق و هەرێم کاردەکەن، بەپێى ڕێساى مامەڵەى هاوشێوە.
6.	فەرمانبەرانى پلە تایبەت و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان .
دووەم: ئەوانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون مافی دەستداریى و هەڵگرتنى چەکیان لە دواى خانەنشینکردنیان دەمێنێت، بەو مەرجەى بەڵگەنامەیەکى بێ بەرامبەریان بۆ ڕێکبخرێت هەتا لە ژیاندا ماون.

مادده‌ی (8)
یەکەم: ئەفسەر و کارمەندى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ، و ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگە، لە کاتى ئەرک و فەرماندا، دەتوانن چەکى ئاگرین و تفاق دەستدار بکەن یان هەڵبگرن.
دووەم: پێویستە کارمەندى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و پێشمەرگە، لە دواى کۆتایى هاتنى ئەرکەکانیان، چەکەکانیان ڕادەستى شوێنى هەڵگرتنیان (جبەخانە) بکەن.
مادده‌ی (9)
یەکەم: ئەگەر مۆڵەتدراو بە دەستداریی و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، هەواڵی بزربوون یان لەناوچوونى مۆڵەتەکەى یان بزربوونى ئەو چەکەى مۆڵەتەکەى پێدراوە، بدات، ئەوا پێویستە دەسەڵاتى مۆڵەتدان داوا لە پۆلیس بکات لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات.
دووەم: ئەگەر بزربوون یان لە ناوچوونى مۆڵەت سەلمێندرا، ئەوا مۆڵەتێکى نوێ دەدرێتە خاوەنەكەی وەک جێگرەوەى بزربووەکە، و هەمان ژمارەى مۆڵەتى پێشووى لەسەر دەبێت، و هەمان ئەو زانیارییانەى تیایدا هاتبوون لە خۆ دەگرێت، بەرامبەر بە ڕەسمێک کە دووهێندەى ڕەسمى پێدانى مۆڵەت بێت.
سێیەم: ئەگەر بزربوون یان لە ناوچوونى چەکى ئاگرین سەلمێندرا، ئەوا پێویستە دەستدارەكەی مۆڵەتەکە ڕادەستى دەسەڵاتى مۆڵەتدان بکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى، و لە دواى تێپەڕبوونى (1) یەک ساڵ بەسەر ڕێکەوتى بزربوون یان لەناوچوونەکە، سەرلەنوێ مۆڵەتى چەکى پێدەدرێتەوە.
چوارەم: ئەگەر دەرکەوت هەواڵدان بە بزربوون یان لە ناو چوونى مۆڵەت یان بزربوونى چەک ڕاست نییە، ئەوا پێویستە دەسەڵاتى مۆڵەتدان، موڵەتدراو ڕەوانەى دادوەرى لێکۆلینەوە  بکات بۆ گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایى، و پێویستە دادگاش لەکاتى حوکمدان بە تاوانبارکردنى هەواڵدەر دەسەڵاتى مۆڵەتدان ئاگاداربکاتەوە و لەم بارەشدا مۆڵەتەکە بە هەڵوەشاوە دادەندرێت.
مادده‌ی (10)
وەزیر دەتوانێت بە بڕیارێك لە هەر بارێکى پێویستدا، مۆڵەتەکانى دەستداریی و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین لە هەرێم یان لە بەشێکى ڕابگرێت، بۆ ئەو ماوەیەى کە لە بڕیارەکەدا دیاریدەکرێت.
مادده‌ی (11)
بەدەر لە حوکمى خاڵى (1)ى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (5)ى ئەم یاسایە، وەزیر دەتوانێت موڵەتى دەستداریی و هەڵگرتنى چەک، بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە بداتە کەسى بیانى .
مادده‌ی (12)
یەکەم: هەرکەسێک لە ماوەى (60) شەست ڕۆژ لە دواى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، هەواڵبدات لەسەر دەستداریی چەکێکى بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتى مۆڵەتدان دەتوانێت بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە مۆڵەتى پێبدات.
دووەم: لە حاڵەتى ڕەزامەندینەدان بە  پێدانى مۆڵەت، ئەوا چەکەکە بۆ بەرژەوەندى دەستدارەکەى بەزیاد کردنى ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتى مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێت.
مادده‌ی (13)
یەکەم: هەر کەسێک  قاچاغچییەتى بە چەکى ئاگرین، تفاق یان پارچەکانى بکات، دروستى بکات یان بەبێ مۆڵەت بازرگانى پێوە بکات، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت .
دووەم: هەر کەسێک قاچاغچییەتى بە چەکى جەنگى، تفاق یان پارچەکانى بکات، یان دروستى بکات یان بازرگانى پێوە بکات ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت.
سێیەم: لە حاڵەتەکانى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم) و (دووەم)ى ئەم ماددەیەدا، ئەگەر تاوانەکە بە مەبەستى ئەنجامدانى کارێکى تیرۆرستى ئەنجامدرابێت، سزاكە دەبێتە زیندانیکردنى هەتاهەتایى یان لەسێدارەدان.

چوارەم:
1.	هەر کەسێک تاوانى کوشتن بە چەکێکى بێدەنگ ئەنجامبدات، ئەوا بە لە سێدارەدان سزادەدرێت.
2.	هەر کەسێک یەکێک لەو کردەوانەى لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (2)ى ئەم یاسایەدا هاتوون ئەنجامبدات، ئەوا بە زیندانی هەتاهەتایى سزادەدرێت.
مادده‌ی (14)
یەکەم: دادگا حوکم بەو سزایانەى لە ماددەى (13)ى ئەم یاسایەدا هاتوون دەدات، سەربارى ئەو پێبژاردنانەى فەرمانگە گومرگییەکان بەپێى یاساى گومرگى بەرکار لە هەرێم دەیسەپێنن.
دووەم: ئەگەر دادگا حوکم بدات، بە سزایەک لەو سزایانەى کە لە هەردوو ماددەی (13) و (15)ى ئەم یاسایەدا هاتوون، ئەوا پێویستە لە هەمان کاتدا حوکم بە دەست بەسەرداگرتنى چەکەکە و مۆڵەتەکەى و تفاقەکەى و هەر هۆکارێکى گواستنەوە کە لە ئەنجامدانى تاوانەکەدا بەکارهێنراوە بدات، لەگەڵ ڕەچاوکردنى حاڵەتى خاوەن هۆکارى گواستنەوەى نیازپاک، جگە لەو دۆسیە گومرگییانەى کە فەرمانگەکانى گومرگ تایبەتمەندن بەسەپاندنى سزاى دەستبەسەرداگرتن تێیاندا.
سێیەم:
1.	ئەگەر دەسەڵاتى گومرگیى تایبەتمەند بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنى چەکى جەنگى قاچاغ، تفاق یان پارچەکانى یان تفەنگى ئاسایى قاچاغ، تفاق یان پارچەكانی، و بڕیارەکە پلەى بنبڕى وەرگرت، ئەوا چەکى سووک دەبێتە موڵکى وەزارەت، و چەکی مامناوەند و قورس دەبێتە موڵکى وەزارەتى پێشمەرگە، لەگەڵ پێدانى پاداشت بەو هەواڵدەرانەى بەشداربوون لە ئاشکراکردنى تاوانەکە بەپێى یاسا.
2.	ئەگەر دادگاى تایبەتمەند بڕیاریدا بەدەست بەسەرداگرتنى چەکى جەنگى بەقاچاغ نەبردراو، تفاق یان پارچەكانی، و بڕیارەکە پلەى بنبڕى وەرگرت، ئەوا ئەو چەکانەى باسکراون، و تفاق و پارچەكانیان دەبنە موڵکى وەزارەتى پێشمەرگە.
3.	ئەگەر دادگاى تایبەتمەند بڕیاریدا بەدەست بەسەرداگرتنى چەکى ئاگرینى بەقاچاغ نەبردراو، تفاق یان پارچەكانی، و بڕیارەکە پلەى بنبڕى وەرگرت، ئەوا دەبنە موڵکى وەزارەت.
چوارەم:
1.	لە کاتى دۆزینەوەی چەکی جەنگى، تفاق و پارچەكانی و تفەنگى ئاسایى قاچاغ و دەمانچەى قاچاغ و تفاق و پارچەكانیان، بە نزیکترین لایەنى سەربازى دەسپێردرێن، و لایەنى سەربازیش هەركات پێویستی بوو ئەم چەکانە دەهێنێتە بەردەم لایەنى تایبەتمەند بۆ تێڕوانین لە دۆسیەکە. 
2.	لەکاتى دۆزینەوەى چەکى ئاگرینى بە قاچاغ نەبردراو، تفاق و پارچەكانی، ئەوا بەنزیکترین بنکەى پۆلیس، لەو ناوچەیەى کە چەکەکانى تێدا دۆزرانەتەوە، دەسپێردرێن، بەو مەرجەى بنکەى پۆلیس هەركات پێوست بوو ئەم چەکانە بهێنێتە بەردەم دادگا یان دەسەڵاتى گومرگى تایبەتمەند بە تیڕوانین لە دۆسیەکە.
مادده‌ی (15)
یەکەم: هەرکەسێک بەبێ مۆڵەتى دەسەڵاتى مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکى ئاگرین یان تفاقی بكات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستى پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک كە لە (1) یەک ساڵ کەمترنەبێت و لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێژاردنێک كە لە (2,000,000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5,000,00) پێنچ ملیۆن دینار زیاترنەبێت، سزا دەدرێت.
دووەم: هەرکەسێک مۆڵەتدراو بێت بە هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، و لە کاتى بەشداریکردنى لە خۆپیشاندان یان گردبوونەوە هەڵیبگرێت، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت و بەپێژاردنێک لە (5,000,000) پێنج ملیۆن دینارکەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، و سزایەکە دەبێتە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (7) حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر چەکەکەى بەبێ مۆڵەت هەڵگرتبێت.
مادده‌ی (16)
یەکەم:
1.	ئەگەر مۆڵەتدراو داواکاریى نوێکردنەوەى مۆڵەتى دەستداریی یان هەڵگرتنى چەکەکە، لەو ماوەیەى کە لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایەدا هاتووە، بەبێ بوونى پاساوێکى ڕەوا، پێشکەش نەکات، بە پێبژاردنێک بە بڕى (300,000) سێ سەد هەزار دینار سزادەدرێت.
2.	ئەگەر ماوەى هاتوو لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (5) ى ئەم یاسایە کۆتایى هات، و مۆڵەتپێدراو داواکاریى نوێکردنەوەى مۆڵەتى بەبێ بوونى پاساوێکى ڕەوا پێشکەش نەکرد، سەربارى لێوەرگرتنەوەى مۆڵەتەکەى، جارێکى تر مۆڵەتى پێنادرێتەوە.
دووەم:
1.	ئەگەر مۆڵەتدراو بە چاککردنەوەى چەکى ئاگرین، لەو ماوەیەى کە لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایەدا هاتووە، داواکاریى نوێکردنەوەى مۆڵەتەکەى پێشکەشى دەسەڵاتى مۆڵەتدان نەکات، بە پێبژاردنێک بەبڕى (750,000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار سزا دەدرێت.
2.	لە حاڵەتى پێشکەش نەکردنى داواکارى نوێکردنەوەى موڵەت  تا ئەو کاتەى ماوەکەى بەسەردەچێت ،ئەوا شوێنکارەکەی دادەخرێت، و ڕێگەى پێنادرێت بۆ ماوەى (3) سێ مانگ کاربکات، و ئەگەر لەو ماوەیەدا لە سەرپێیچەکەى بەردەوام بێت، ئەوا بەشێوەى هەمیشەیى شوێنی کارەکەى دادەخرێت و مۆڵەتەکەشى بە هەڵوەشاوە دادەندرێت.
سێیەم:
1.	ئەگەر موڵەتدراو بە کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەک، لەو ماوەیەى کە لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایەدا هاتووە، داواکاریى نوێکردنەوەى موڵەتەکەى پێشکەشى دەسەڵاتى موڵەتدان نەکات، بە  پێبژاردنێک بەبڕى (1,000,000) یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
2.	لەحاڵەتى پێشکەش نەکردنى داواکاریى نوێکردنەوەى مۆڵەت تا ئەو کاتەى ماوەکەى بەسەردەچێت، ئەوا شوێنکارەکە دادەخرێت، و رێگەى پێنادرێت بۆ ماوەى (3) سێ مانگ کار بکات، و ئەگەر لەم ماوەیەدا لە سەرپێچیەکەى بەردەوام بێت، ئەوا بەشێوەى هەمیشەیى شوێنی کارەکەى دادەخرێت و مۆڵەتەکەشى بە هەڵوەشاوە دادەندرێت، و ئەو چەکانەى لە شوێنی کارەکەدان و موڵکى خاوەن مۆڵەتن دەستیان بەسەردا دەگیرێت، و ئەو چەکانەشى موڵكی کەسانى دیکەن، ئەگەر مۆڵەتدراوبن ڕادەستى خاوەنەکانیان دەکرێنەوە، بە پێچەوانەوە، بە زیادکردنى ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتى مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێن.
مادده‌ی (17)
هەرکەسێک جگە لە حوکمى ماددەکانى (13) و (15) و (16)، سەرپێچى حوکمەکانى دیكەی ئەم یاسایە بکات، ئەوا بە بەندکردن و بە پێبژاردنێک لە (250,000) دوو سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500,000) پێنچ سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت یان بەیەکێک لەم دوو سزایانە، سزا دەدرێت.
مادده‌ی (18)
یەکەم: لە ماوەى (1) یەك ساڵ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایەوە، بەرامبەر قەرەبوویەک کە ئەنجوومەنى وەزیران دیاریدەکات، سەرجەم جۆرەکانى ئەو چەکە جەنگیانەى کە لە دەستى کەس و لایەنەکاندان، لێیاندەسەندرێتەوە و دەبنە موڵکى وەزارەتى پێشمەرگە .
دووەم: پێویستە لەسەر هاووڵاتیان، ئەو چەکانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، لەلاى نزیکترین بنکەى پۆلیس یان لایەنى دیكەی تەرخانكراو تۆماربکەن، بە مەبەستى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە.
سێیەم: وەزیر ڕێنمایى لێسەندنەوەى چەکە جەنگییەکان و تۆمارکردنى چەکە ئاگرینەکان لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە دەردەکات.
چوارەم: دەسەڵاتى مۆڵەتدان دەتوانێت مۆڵەتی دەستداریی یان هەڵگرتنى ئەو چەکانەى بەپێى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە تۆمارکراون، بدات، لە کاتى هاتنەدى ئەو مەرج و ڕێکسازییانەى لەم یاسایەدا هاتوون، بەپێچەوانەوە، دەکرێت دەسەڵاتى مۆڵەتدان ئەو چەکە ئاگرینە تۆمارکراوانەى کە مۆڵەتیان پێنادرێت بۆ بەرژەوەندى خاوەنەکانیان بفرۆشێت.
مادده‌ی (19)
وەزیر ڕێنمایى تایبەت بە دەستداریی و هەڵگرتنى چەکى بریندارکار و چەکى ڕووشێنەر، گواستنەوەیان، دروستکردنیان، چاککردنەوەیان، هاوردەکردنیان یان بازرگانی پێوەکردنیان، دەردەکات.


مادده‌ی (20)
یەکەم: تۆمارکردن و دەستداریی چەکى هێمایى بەپێى ڕێپێدانێک دەبێت کە لەلایەن وەزیرەوە دەدرێت تەنها بۆ یەک جار.
دووەم: ڕێکارەکانى پێدانى ئەو ڕێپێدانە بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
سێیەم: هەر کەسێک ڕێپێدانى چەکى هێمایى بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە وەربگرێت، و بۆ مەبەستێکى جیاواز لە مەبەستەکانى هاتوو لەم یاسایەدا بەکاریبهێنێت، چەکەکەی خەسڵەتى هێمایى لە دەستدەدات.
مادده‌ی (21)
ئەو بڕە پارانەى لەو ڕەسم و پێبژاردنانەى لەم یاسایەدا هاتوون دەستدەکەون وەک داهاتێک بۆ گەنجینەى هەرێم تۆمار دەکرێن، بەو مەرجەى ڕێژەى (30%) لەسەدا سى بۆ وەزارەت تەرخان بکرێت، بۆ مەبەستى پەرەپێدانى دامەزراوەکانى وەزارەت.
مادده‌ی (22)
یاساى چەک ژمارە (16)ى ساڵى 1993 هەڵدەوشێندرێتەوە، و ئەو ڕێنماییانەى بەپێى ئەو یاسایە دەرچوون بەرکار دەمێننەوە ئەگەر ناکۆک نەبن لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە، تاوەکو دەرچوونى ئەو ڕێنماییانەی جێگەیان دەگرنەوە یان هەڵیاندەوەشێننەوە.
مادده‌ی (23)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بریارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (24)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (25)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.


                                                                                                                                                                                                                              د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                                                                                     سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
حوکمەکانى یاساى چەک ژمارە (16) ى ساڵى 1993 لەگەڵ پێشهاتەکانى قۆناغى ئێستادا ناگونجێت و، بەمەبەستى ڕێکخستنەوەى دەستداریى و هەڵگرتنى چەک و تفاق و کڕین و فرۆشتن و چاکردنەوەیان لە سایەى ئەو گوڕانکاریانەدا، ئەم یاسایە دەرچووێندرا



	خشتەى ڕەسمەکان
وەزارەت ئەو ڕەسمانەى لەم یاسایەدا بڕیاردراون، بەپێى ئەم خشتەیەى خوارەوە وەردەگرێت:-
1.	 (140,000) سەد و چل هەزار دینار، ڕەسمى موڵەتى دەستداریی یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقەکەى.
2.	 (120,000) سەد و بیست هەزار دینار، ڕەسمى نوێکردنەوەى مۆڵەتى دەستداریی یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقەکەى.
3.	 (2,000,000) دوو ملیۆن دینار، ڕەسمى مۆڵەتى چاککردنەوەى چەکى ئاگرین و نوێکردنەوەى.
4.	 (6,000,000) شەش ملیۆن دینار، ڕەسمى مۆڵەتى کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین و نوێکردنەوەى.
5.	 (25,000) بیست و پێنج هەزار دینار، ڕەسمى کارگێڕیى بۆ هەر داواکارییەک کە بەپێى ئەم یاسایە و ئەو ڕێنماییانەى بەپێى ئەم یاسایە دەرچوون، پێشکەش دەکرێت.
6.	 (50,000) پەنجا هەزار دینار، ڕەسمى ڕێپێدانى چەکى هێمایی.