یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2022 یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 2022
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
        به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (1)ی ڕۆژی 1/3/2022 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:

یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2022
یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی (1)
بۆ مەبەستی حوکمەکانى یاسایە، زاراوە و دەستەواژەكانی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەرێم.
 سێیەم: وەزیر: وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەرێم.
چوارەم: ناوەند: ناوەندى بەڵگەنامەى نیشتمانى هەرێم.
پێنجەم: بەڵگەنامە: هەموو دەفرێکى پاراستنى زانیاریى، پەڕاویی و ئەلیکترۆنى و فۆتۆگرافى و دەستخەت و هەرداهێنانێکى کۆن و تازەى لەمەودواش، نامەگۆڕینەوە و تۆمار و نەخشە و وێنەى ڕوونکەرەوە و هێڵکارى و هەرشتێکیش موڵکێکى سەلمێندراوى تێدا جێگیرکرابێ، دەگرێتەوە.
شەشەم: ئەرشیفکردن: کۆمەڵێک تەکنیک و ڕێوشوێن و شێوازە بۆ کۆکردنەوە، پاراستن، ڕێکخستن و خستنەوەبەردەستى بەڵگەنامەکان بۆ سوودى زانستى و گشتى.
حەوتەم: بەڵگەنامەى گشتى: بەڵگەنامەى پەیوەندیدار بە چالاکییەکانى دامەزراوە  فەرمییەکانى هەرێم، لایەنى تایبەتى ڕاسپێردراو بە خزمەتى گشتى، حکومەتەکانى پێشووى دەوڵەتى عێراق لە کوردستان، دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق و هەر بەڵگەنامەیەک لە عێراقدا پەیوەندیداربێت بە خاک و گەلى کوردستان و ئەو بەڵگەنامە تایبەتانەى ناوەند بەدەستیان دەهێنێت و خەسڵەتى گشتییان پێدەبەخشێت، دەگرێتەوە.
هەشتەم: بەڵگەنامەى تایبەتى: ئەو بەڵگەنامانەیە، کە خاوەنداریەتی بۆ کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى دەگەڕێتەوە و خەسڵەتەکانى بەڵگەنامەى تێدایە.
مادده‌ی (2) 
ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتین لە:
یەکەم: کۆکردنەوە و پارێزگاریکردن لە بەڵگەنامەکانى گەلى کوردستان بەشێوەیەکى زانستى.
دووەم: بەدەستخستنى ئەو بەڵگەنامانەى تایبەتن بە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق و پەیوەندیدارن بە خاک و گەلى کوردستان.
سێیەم: بەدەستخستنى وێنەى ئەو بەڵگەنامە بیانییە ئەرشیفکراوانەى پەیوەندییان بە مێژووى گەلى کوردستانەوە هەیە.
چوارەم: ڕێکخستنى بەڵگەنامەکان بەمەبەستى سود لێوەرگرتنیان وەک سەرچاوەى زانستى.
پێنجەم: پارێزگاریکردن لە بەڵگەنامەى دامەزراوەکانى یاسادانان، جێبەجێ کردن، دادوەریى و دەستە سەربەخۆکان کە بایەخى مێژوویى و زانستیان هەیە.
مادده‌ی (3)
یەکەم: ناوەندێک لە هەرێمى کوردستان بەناوى (ناوەندى بەڵگەنامەى نیشتمانى هەرێمى کوردستان - عێراق) دادەمەزرێت، و خاوەن کەسایەتییەکى مەعنەوییە و بەپێى یاساى ژمارە (12) ى ساڵى 2011 سەر بە وەزارەت دەبێت، لقیشى لە پارێزگاکانى ترى هەرێم دەبێت.

دووەم: ناوەند ئەم ئەرکانە لە ئەستۆ دەگرێت:
1.	کۆکردنەوە، پارێزگاریکردن، سەرپەرشتیکردن، ڕێکخستن، پۆڵینکردن، ئەرشیفکردنى بەڵگەنامەکان و چۆنیەتى سوود لێوەرگرتنیان بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە.
2.	گەڕاندنەوەى ڕوونووسى ڕەسەن (نسخة أصلیة)، یان وێنەیەکى لەبەرگیراوەى ئەو بەڵگەنامە گشتیانەى لە ئێستادا لە دەرەوەى هەرێمن.
3.	هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانى ئەم یاسایە.
4.	هەر ئەرکێکى تر، کە ئەنجوومەنى پێکهاتوو بە پێى ماددەى (5)ى ئەم یاسایە، پێى دەسپێرێت.
سێیەم: ناوەند بەشە بوودجەیەکى تایبەتى لە چوارچێوەى بوودجەى وەزارەتدا دەبێت.
مادده‌ی (4)
یەکەم: ناوەند بەرێوەبەرێکى گشتى دەبێت کە لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت و پسپۆر و شارەزابێت لەبوارى ئەرشیفکردندا.
دووەم: ناوەند لەم بەشانەى خوارەوە پێکدێت:-
1.	بەشى کارگێڕى .
2.	بەشى ژمێریارى.
3.	بەشى یاسایى.
4.	بەشى ئەرشیف و تۆمار.
5.	بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان.
6.	بەشى تەکنیکى.
7.	هەربەشێکى تر، کە دەستەى ناوەند بە پێویستى بزانێت و دواى ڕەزامەندى وەزیر دروستى بكات.
سێیەم: ناوەند دەستەیەکى بەڕێوەبردنى دەبێت، کە لە بەڕێوەبەر و بەرپرسى بەشەکان پێکدێت.
مادده‌ی (5)
یەکەم: ئەنجومەنێک بە سەرۆکایەتى وەزیر، بۆ ڕێکخستن و پلاندانان بۆ کار و چالاکییەکانى ناوەند، بە ئەندامێتى نوێنەرى ئەم لایەنانەى خوارەوە پێکدێت، کە پلەى وەزیفیان لە بەرێوەبەرى گشتى کەمتر نەبێت:-
1.	 وەزارەتى پەروەردە.
2.	وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى.
3.	وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار.
4.	 وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى.                 
5.	وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان.
6.	ئەکادیمیاى کوردى.                                           
7.	فەرمانگەى ڕێکخراوە نا حکومییەکان.                                 
8.	بەرێوەبەرى گشتى ناوەند.
دووەم: ئەنجومەن (3) سێ مانگ جارێک و، لەکاتى پێویستیشدا لەسەر داواى سەرۆکى ئەنجوومەن کۆدەبێتەوە، و بۆى هەیە بانگهێشتى هەر کەس يان لایەن يان وەزارەتێک، کە بەپێویستى بزانێت لە کۆبونەوەکاندا بەشداربێت، بکات.
سێیەم: ئەنجومەن ئەم ئەرکانە لەئەستۆ دەگرێت:
1.	داڕشتنى پلانى گشتى ناوەند.
2.	دانانى ستراتیژییەتى هەماهەنگى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستى کۆکردنەوە و پاراستن و ئەرشیفکردنى بەڵگەنامەکان.
مادده‌ی (6)
سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانى هەرێم، بەڵگەنامەکانى تایبەت بە کاروبارەکانیان ڕادەستى ناوەند دەکەن، ئەگەر شوێنكاریی یاساییان بۆ داهاتوو نەمێنێتەوە.
مادده‌ی (7)
یەکەم: بەڵگەنامەكانی ناوەند، بۆ مەبەستى زانستى، بە پێى یاساى مافى دەستکەوتنى زانیارى لە هەرێمى کوردستان - عێراق ژمارە (11)ى ساڵى 2013، سوودى لێوەردەگیرێت.
دووەم: دەستەى بەڕێوەبردنى ناوەند بە ڕەزامەندى وەزیر دەتوانێت بۆ بەرژەوەندى گشتى هەر بەڵگەنامەیەك بەنهێنى ئەژمار بکات، بە مەرجێک دەقێکى یاسایى رێگر نەبێت.
مادده‌ی (8)
هەر بەڵگەنامەیەکى هەڵگیراو لەناوەند، نابردرێتە دەرەوەى هەرێم، تەنها بە پێشنیازى دەستەى بەڕێوەبردنى ناوەند و بە بڕیارى وەزیر نەبێت، بۆ مەبەستێکى ڕەوا و ماوەیەکى دیاریکراو.
مادده‌ی (9)
یەکەم: هەرناوەند يان لایەنێک یان هەر کەسێکى سروشتى یان مەعنەوی بەڵگەنامەیەکى  تایبەتى لەبەردەستدا بێت، ئەوا:-
1.	دەبێت لەماوەى (180) سەد و هەشتا ڕۆژ، لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، بە ژمارە و بڕ و داتاى دروست لە ناوەند تۆمارى بکات.
2.	دەبێت ڕوونووسێکى ڕەسەنى بەڵگەنامە مێژووییەکان لەحاڵەتى دەستداریى زیاتر لە یەک ڕوونووسى ڕەسەن،  یان لەبەرگیراوەکەى لە حاڵەتی بوونی تەنها یەك ڕوونووسی ڕەسەن، ڕادەستى ناوەند بکات.
3.	دەبێت بەرپرسیارێتى یاسایی پاراستنى بەڵگەنامەکان بگرێتە ئەستۆ و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ناوەند بەمەبەستى چاودێرى و سەرپەرشتیکردن.
دووەم: هەر کەسێک، سروشتى بێت یان مەعنەوى و بەڵگەنامەیەکى گشتى لەلابێت،  پابەندە بە گەڕاندنەوەى بۆ ناوەند، لە بەرامبەردا پاداشتێکى شایستەى پێدەدرێت.
سێیەم: هەرکەسایەتیەکى مەعنەوی، کە لەچوارچێوەى دامەزراوەیەکى فەرمى ناحکومى یان نیمچە حکومى، کە لەبوارى پاراستن و ئەرشیفکردنى بەڵگەنامەکاندا کاردەکات، سەرپشکە ببێتە بە لقێک لە ناوەند بە ڕەزامەندی وەزارەت.
مادده‌ی (10)
یەکەم: هیچ بەڵگەنامەیەکى تایبەت یاراى فرۆشتن، سوود لێوەرگرتن، یان دەستداریى نیە بۆ کەسانى بیانى، تەنها بەڕەزامەندى ناوەند نەبێت.
دووەم: لەکاتى فرۆشتنى بەڵگەنامەى تایبەتدا ناوەند مافى لەپێشینەیى دەبێت.
مادده‌ی (11)
یەکەم: هەر کەسێک، سەرپێچى حوکمى بڕگەکانى (یەکەم) و (دووەم)ى ماددەى (10)ى ئەم یاسایە بکات، بە پێبژاردنێک  کە لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (25,000,000) بیست و پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، و ئەگەر بەردەوام بوو لەسەرپێچییەکەى دەست بەسەر بەڵگەنامەکانیدا دەگیرێت.
دووەم: هەر کەسێک، بەڵگەنامەیەکى گشتى بە ئەنقەست لە ناو ببات، بگۆڕێت، بیباتە دەرەوە، یان هاوکاربێ بۆ بردنە دەرەوەى بە پێچەوانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (2) دوو ساڵ کەمتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک  کە لە (20,000,000) بیست ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (50,000,000) پەنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
سێیەم: هەر کەسێک بەڵگەنامەیەکى گشتى بفرۆشێت، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک كە لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێک، كە لە (100,000,000) سەد ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، سزادەدرێت.
چوارەم: هەر کەسێک کاربکات بۆ گۆڕین یان دەستکاریکردن، بە مەبەستى شێواندنی ناوەڕۆك یان لە ناوبردنى بەڵگەنامەیەکى تایبەت، بەبێ ڕێزگرتن لە مافى خاوەنداریەتى لەپێشینە بۆ ناوەند، بە پێبژاردنێک کە لە (20,000,000) بیست ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، سزا دەدرێت.
پێنجەم: هەر کەسێک بە هەڵە زیان بە بەڵگەنامەى گشتى بگەیەنێت بە پێبژاردنێک کە لە (5,000,000) پێنچ ملیون دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیون دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، و ئەگەر هاتوو هەڵەکە بووە هۆى لە ناوچوونى بەڵگەنامەکە  بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە (10,000,000) دە ملیون دینار کەمتر نەبێت سزا دەدرێت.
شەشەم: سەرپێچییەکانى هاتوو لەم ماددەیەدا، ئەگەر لەلایەن فەرمانبەرانى ناوەندەوە ئەنجام درابێت، بە بارى توندكەر ئەژمار دەکرێت.
حەوتەم: یاسا سزاییە بەرکارەکان بە سەر هەر سەرپێچى يان تاوانێکدا جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر بە دەقێکى تایبەت لەم یاسایەدا سزاى بۆ دانەنرابێت.
مادده‌ی (12)
بەڵگەنامەى گشتى بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە بە موڵکى گشتى ئەژمار دەکرێت.
مادده‌ی (13)
ڕەسمى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بوارى ئەرشیفکردنى بەڵگەنامەکان، حوکمەکانى یاسای ڕەسمى پولى بەرکاری بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
مادده‌ی (14)
پێویستە وەزیر ڕێنمایى بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەربکات.
مادده‌ی (15)
کار بە دەقى هیچ یاسا یان بریارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکوک بێت.
مادده‌ی (16)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (17)
ئەم یاسایە دواى (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتى بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.


                                                                                                                                                                                                                               د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                                                                                    سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن

بە هۆى نەبوونى ناوەندێکى نیشتمانى بۆ ئەرشیفکردن، و پەرش و بڵاوی بەشێکى زۆرى بەڵگەنامەکان لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى كوردستاندا كە مەترسى لەناوچوونیان لەسەرە، و بە مەبەستى سوود وەرگرتن لە ئەرشیفى گشتى و تایبەت کە سامانى نیشتمانى و نەتەوەیین، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.