بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان بهناوی گهلهوه پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق پاڵپشت به حوكمی بڕگهی (1)ی ماددهی (56) لە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههمواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و لهسهر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنی ئاسایی ژماره (12)ی ڕۆژی 21/12/2021 ئەم یاسایهی پهسهند كرد: یاسای ژماره (20)ی ساڵی 2021 یاساى سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکانى کشتوکاڵى لە کەرتى تایبەت لە هەرێمى کوردستان - عێراق ماددهی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق. دووەم: وەزیر: وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار: هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتى ڤێتێرنەرى لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە. چوارەم: سەندیكا و كۆمەڵەكان: هەر یەک لە سەندیکاکانى ئەندازیارە کشتوکاڵییەکان، پزیشکانى ڤێتێرنەرى و هونەرییە کشتوکاڵییەکان، و کۆمەڵەى کارمەندانى ڤێتێرنەرى و هەر کۆمەڵەیەکى ترى کشتوکاڵى، دەگرێتەوە. پێنجەم: پڕۆژەى کشتوکاڵى: یەکەى بەرهەمهێنانى کشتوکاڵی یان کارگەکانى پیشەسازى خۆراک، کە لەلایەن جوتیار یان وەرزێر یان وەبەرهێن، بەپێى یاسا بەرکارەکان دامەزرێندراوە، بە ئامانجى بوژانەوەى بەرهەمهێنانى ڕووەکى، سامانى ئاژەڵى و گیانەوەرە ئاوییەکان، پەلەوەریى، هەنگ و مێروە سوودبەخشەکان، کە سەرچاوەى ئابوورى کشتوکاڵى لە ماوەیەکى دیاریکراودا لەم بوارانەدا بەگەردەخەن. شەشەم: سەرپەرشتیار: هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس یان دبلۆم یان دەرچووى ئامادەیى لە بوارى کشتوکاڵى یان ڤێتێرنەرى، کە ئەندام بێت لە سەندیکا یان کۆمەڵەکان، و سەرپەرشتى پڕۆژەى کشتوکاڵى بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەکات. ماددهی (2) یەکەم: هەموو پڕۆژەیەکى کشتوکاڵى سەرپەرشتیارى دەبێت، بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیدار و لارینەبوونى سەندیکا و کۆمەڵە، بەو مەرجەى لە کەرتى گشتى دانەمەزرابێت. دووەم: هەڵگرانى بڕوانامەی بوارى کشتوکاڵى و ڤێتێرنەرى سەرپەرشتى بوارەکانى پڕۆژەى کشتوکاڵى دەکەن بەپێى تایبەتمەندیان. سێیەم: پێویستە سەرپەرشتیار بەشدارى خولى شیاندن بکات، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیدار ڕێکدەخرێت. چوارەم: ژمارەى سەرپەرشتیاران بۆ هەر پڕۆژەیەکى کشتوکاڵى بەپێى قەبارە و جۆر و گرنگى و بوارەکانى پڕۆژەکە دیارى دەکرێت، و بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت كە وەزیر دەریدەكات. ماددهی (3) یەکەم: کرێى سەرپەرشتیار لە ئەستۆى خاوەن پڕۆژەى کشتوکاڵى دەبێت و لە گرێبەستى نێوانیان دیاریدەکرێت، دواى پەسەندکردنى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیدار. دووەم: کرێى سەرپەرشتیار و ڕێکسازییەکانى گرێبەست بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت كە وەزیر دەریدەكات. ماددهی (4) یەکەم: موڵەتى پڕۆژەى کشتوکاڵى بەبێ بوونى سەرپەرشتیار، نادرێت. دووەم: ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانەى بەر لە دەرچوونى ئەم یاسایە موڵەتیان پێدراوە، پێویستە لە ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە (90) نەوەت ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، خۆیان لەگەڵ حوکمەکانیدا بگونجێنن. سێیەم: وەزیر سەرپێچیکارى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە بە پێبژاردنێک بە بڕى (3,000,000) سێ ملیون دینار سزا دەدات، و لە حاڵەتى دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکە موڵەتى پڕۆژە کشتوکاڵییەکەى هەڵدەوەشێنێتەوە. ماددهی (5) بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیدار چاودێرى ئەرک و پابەندیەکانى سەرپەرشتیار و خاوەن پڕۆژەى کشتوکاڵى دەکات. ماددهی (6) پڕۆژەى کشتوکاڵى و سەرپەرشتیار دەکەونە ژێربارى حوکمەکانى یاساى خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکارانى عێراقى ژمارە (39)ى سالى (1971)ى هەموارکراوى بەرکار لە هەرێم یان هەر یاسایەکى دیکە كە جێگەى دەگرێتەوە. ماددهی (7) حوکمەکانى ئەم یاسایە لەسەر نووسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان، کە مامەڵە و بازرگانى بە پێداویستى و کەلوپەلى کشتوکاڵى دەکەن، جێبەجێ دەکرێت . ماددهی (8) پێویستە وەزیر ڕێنمایى بو ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەربکات. ماددهی (9) پێویستە لە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. ماددهی (10) كار بە دەقی هیچ یاسا یان بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكۆك بێت. ماددهی (11) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت. هۆیهكانی دهرچواندن بەمەبەستى ڕێکخستنى زیاترى کەرتى کشتوکاڵى و ڕەخساندنى هەلى کار بۆ خاوەن بڕوانامەى کشتوکاڵى و ڤیڕتێرنەرى و شیاندنى کارمەندانى بوارى کشتوکاڵى لە ڕووى توانایی و هونەرییەوە، ئەم یاسایە دەرچووێندرا. د. رێواز فائق حسێن سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق