بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان بەناوی گەلەوە پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی 2009 پشت بەستن بە حوكمی ماددەی (56) بڕگەی (3) لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و ماددەی (دەیەم) بڕگەی (دووەم) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی 2005ی هەموار کراو لەسەر داوای ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران. پەرلەمانی كوردستان-عێراق لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە (6) لە 15/4/2009ی خۆیدا، بڕیاردرا:- یەكەم: بەدەر لە حوکمی ماددەی (دەیەم/دووەم) گە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو دەسەڵات بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق دیاری بکات و بانگهێشتی بۆ بکات پاش تەواو بوونی پێداویستیە کردەتییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە. دووەم: پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن. سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێ و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا بڵاو دەكرێتەوە. عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق هۆیەکانی دەرچوواندن لەبەر نەبوونی پێداویستە پێویستەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان لەکاتی دیاری کراوی خۆی وای کرد ماوە یاساییەکە بۆ بانگهێشت کردن بۆ ئەنجامدانی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە تێپەڕێت بۆیە ئەم بڕیارە دەرکرا.