بریاری ژمارە (1) ساڵی 2015 تایبەت بە پاڵاوتن و پەسندکردنی قائمقام و بەرێوەبەری ناحیە لە هەرێمی کوردستان

ژمارەی بڕیار : 1
ساڵی دەرچوون : 2015
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ـ عێراق
ژمارەی بڕیار: 1
ڕۆژی بڕیار: 3/3/2015
بڕیار
 بڕیاری پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە كوردستان ـ عێراق
بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بڕگەی (1)ی ماددەی (10)ی ( یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ـ عیراق)ی ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمواركراو پێمان دراوە، بڕیارماندا بە دەركردنی بریاری ژمارە (1) ساڵی 2015 كە پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق لە دانیشتنی دەسپێكی خولی بەهارە لە 3/3/2015 پەسەندی كردووە:

یەكەم: مەبەست لەم دەستەواژانەی خوارەوە ماناكانی بەرامبەریانە: 
1ـ ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
2ـ وەزارەتی ناوخۆ: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان. 
3ـ یاسای پارێزگاكان: یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2009ی هەمواركراو. 
دووەم: 
1ـ قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی كوردستان ـ عێراق بە هەمان ئەو مەرج و پلە و ئەرك و دەسەڵاتانەی لە یاسای پارێزگاكان دەق نووس كراون بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق پەسەند دەكرێن لە ماوەی (15) رۆژ دوای پێشكەش كردنی ناوی یەك پاڵێوراو لەلایەن پارێزگار.
2ـ ئەگەر پاڵێوراوەكە زۆرینەی پێویستی بە دەست نەهێنا، پارێزگار لە ماوەی (15) رۆژدا ناوی كاندیدێكی تر بە هەمان میكانیزم رەوانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات، ئەو میكانیزمە بەردەوام دەبێت تا كاندید دەنگی پێویست بەدەست دێنێ. 
3ـ ناوی پەسەندكراو لە رێگەی پارێزگا بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بە مەبەستی بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەركردنی فەرمانی دامەزراندن لە ماوەی (15) رۆژ لە رۆژی پەسەندكردنی. 
سێیەم: 
1ـ قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دەبن، بەهەمان میكانیزمی چاودێری كردنی پارێزگار وەك لە بڕگەی (دووەم)ی ماددەی شەشەمی یاسای پارێزگاكان ئاماژەی بۆ كراوە. 
2ـ قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی كوردستان ـ عێراق لەلایەنی كارگێڕییەوە پەیوەست دەبن بە وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگای پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، پارێزگار یان وەزیری ناوخۆ بۆی هەیە داوای لادانی قائمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە بكات، لەسەر كارلادانیان بە رەزامەندی (2/3) دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت. 
چوارەم: 
1ـ ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكرێت تا كاتی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكانی هەرێم ژمارە (4)ی ساڵی 2009ی هەمواركراو. 
2ـ ئەم بڕیارە پارێزگای هەڵەبجە ناگرێتەوە. 
پێنجەم: لەسەر ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە حوكمەكانی  ئەم بڕیارە جێبەجێ بكەن. 


شەشەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە. 




                                                                                                                                         یوسف محمد صادق
                                                                                                                               سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق


هۆیەكانی دەرچوواندن
بەهۆی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی2009ی هەمواركراو، ئەم بڕیارە دەرچوێندرا.