یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی 2021 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999

ژمارەی یاسا : 17
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (7)ی ڕۆژی 23/11/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی 2021
یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی
 كوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999

مادده‌ی (1) 
بڕگەیەك بە زنجیرەى (6) بۆ ماددەى (یەكەم)ی یاساكە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
6. ئەو كەسانەی لە هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە ئەنجامى هەڵمەتەکانى تاوانى کۆمەڵکوژى (جینۆساید) و دژ بە مروڤایەتى و تاوانەکانى جەنگ، ئەنجامدراو لەلایەن ڕێکخراوى تیرۆرستى بەناو دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) بزربوون، ڕێکەوتى 3/8/2014 بە مێژووى جاردانى بزربوونیان دادەنرێت، و گەڕان بەدواى چارەنووسیان لە ڕووى هۆیەکانى و کات و مەبەستەکەى بە تێپەڕبوونى (4) چوار ساڵ بەسەر بزربوونیاندا کۆتایى هاتووە.
مادده‌ی (2) 
پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.
مادده‌ی (3)
كار بە دەقی هیچ یاسا و بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكۆك بێت.
مادده‌ی (4)
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا جێبەجێ دەكرێت.

                                                                                                                                                               د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                                    سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق
                                 

هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو گرفتە یاساییانەى ڕووبەرووى کەسوکارى قوربانیانى گەلى کوردستان و بەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەكان بونەتەوە، لە ئەنجامى ئەو تاوانانەى کە ڕێکخراوى تیرۆرستى بەناو دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) ئەنجامیداون، ئەم یاسایە دەرچووێنرا.