یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی 2021 یاساى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان - عێراق

ژمارەی یاسا : 18
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان 
 به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (9)ی ڕۆژی 1/12/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی 2021
یاساى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان - عێراق
مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتى ناوخۆى هەرێم.
سێیەم: وەزیر: وەزیرى ناوخۆى هەرێم.
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتى: بەڕێوەبەرایەتى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە وەزارەت.
پێنجەم: فەرمانگەى یاسایى: فەرمانگەى یاسایى لە وەزارەت.
شەشەم: کۆمپانیا: ئەو کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتانەیە کە لە هەرێم دامەزراوە یان لقى کۆمپانیایەکى بیانى تۆمارکراوە لە هەرێم بەپێى یاساى کۆمپانیاکانى عێراقى ژمارە (21)ى ساڵى 1997ى هەموارکراوى بەرکار لە هەرێم، و بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە موڵەتدراوە.
حەوتەم: کارمەند: ئەو کەسەیە کە کارى ئەمنى لە کۆمپانیا، بەپێى گرێبەستێکى پەسەندکراو لەلایەن فەرمانگەى یاساییەوە، دەکات.
هەشتەم: سەگى پاسەوانى: ئەو سەگەیە کە بۆ کارەکانى پاسەوانى و ئەمنى بەکاردێت.
نۆیەم: موڵەت: ڕێگەپێدانى کارکردنى کۆمپانیاى ئەمنی تایبەتە بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، لەلایەن وەزارەتەوە.
مادده‌ی (2) 
ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتین لە ڕێکخستنى:
یەکەم: ڕێکارەکانى پێدانى موڵەت بە کۆمپانیا لە هەرێم.
دووەم: کارى کۆمپانیا بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکەکانى و پاراستنى گیان و سەروماڵى کەسەکان لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکانى هەرێم.
سێیەم: چاودێرى و پشکنین و بەدواداچوونى کارى کۆمپانیا بۆ مسۆگەرکردنى پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەکان.
چوارەم: ئەو ڕەسم و گەرەنتییانەى کە کۆمپانیا پابەند بە پێشکەشکردنیان دەكرێت، و ئەو سزایانەى لەکاتى سەرپێچیکردنیدا دەسەپێندرێن.
مادده‌ی (3)
یەکەم: نابێت لە هەرێم، بەبێ ڕەزامەندى وەزارەت، و لارینەبوونى ئەنجوومەنى ئاسایش، کۆمپانیایەکى ئەمنى دابمەزرێت یان لقێکى کۆمپانیایەکى ئەمنى بیانى تۆمار بکرێت.
دووەم: نابێت بەبێ وەرگرتنى موڵەت، هیچ کۆمپانیایەک خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان پێشکەش بکات.
مادده‌ی (4)
داواکارى وەرگرتنى موڵەت پێشکەش بە وەزارەت دەکرێت بەپێى ئەم مەرجانەى خوارەوە:
یەکەم: ئەگەر کۆمپانیاکە نیشتیمانى بێت، پێویستە ئەمانەى خوارەوە هاوپێچى داواکارییەکە بکرێت:
1.	 بەڵگەنامەى دامەزراندن کە مەبەستەکەى تێدا ڕوونکرابێتەوە.
2.	ناوى دامەزرێنەرانى.
3.	ناوى بەڕێوەبەرى ڕپێدراو و ئەندامانى ئەنجوومەنى کارگێڕیى کۆمپانیاى پشکدار (المساهمة).
4.	قەواڵەی خانووبەرەیەک کە بۆ بارەگاى کۆمپانیا گونجاو بێت.
5.	لیستێک بە ناو و ژمارە و جۆرى ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەى کە کۆمپانیا پێویستى پێدەبێت، لەگەڵ سەرچاوەى دابینکردنیان.
6.	لیستێک بەناو و جۆرى ئەو ئوتومبێلانەى کە کۆمپانیا خاوەنیانە یان پێویستى پێیاندەبێت لەگەڵ دیاریکردنى چۆنیەتى بەدەستخستنیان.
7.	لیستێک بە ناو و جۆرى ئامێرەکانى پەیوەندى بێتەل و فریکوێنسى بەکارهێنانیان لەگەڵ چۆنیەتى بەدەستخستنى ئەو ئامێرانە و خەسڵەتەکانیان.
8.	بەڵگەنامەی سپاردنى بارمتەیەکى نەختینە لاى یەکێک لە بانکە حکومییەکان لە هەرێم، وەک گەرەنتییەک بۆ بەرژەوەندى وەزارەت، بە بڕى (250,000,000) دوو سەد و پەنجا ملیۆن دینار.
دووەم : ئەگەر لقێکى کۆمپانیاى بیانى بێت، پێویستە ئەمانەى خوارەوە هاوپێچى داواکارییەکە بکرێن:
1.	بەڵگەنامەى تۆمارکردنى لقى کۆمپانیەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتی تۆمارى کۆمپانیەکان لە هەرێم.
2.	وێنەیەک لە گرێبەستى دامەزراندن و پەیڕەوى ناوخۆى کۆمپانیاى سەرەکى یان ئەوەى جێگەیان دەگرێتەوە.
3.	وێنەیەک لە بەڵگەنامەى تۆمارکردنى لقى کۆمپانیا لەهەر وڵاتێک کە تیایدا تۆمارکراوە.
4.	لیستێک بەناوى ئەندامانى کارگێڕیى کۆمپانیا و ڕەگەزنامەى هەر یەکێکیان و ناوى ئەو کەسانەى لە جیاتى کۆمپانیا بەواژۆکردن ڕاسپێردراون .
5.	وێنەیەک لە نووسراوی ڕاسپاردنى بەڕێوەبەرى لق لە عێراق، کە بەشێوەى کردەیى تیایدا نیشتەجێیە، بەجۆرێک لەلایەن کارگێرى کۆمپانیا دەرچووبێت، لەگەڵ نموونەى واژۆەکەى.
6.	وێنەیەک لە دوایین ژمێرەى کۆتایی کۆمپانیا لەگەڵ دوو وێنە لە ڕاپۆرتى ئەنجوومەنى کارگێڕى یان دەستەى گشتى کە هاوپێچ یان پاشکۆى ئەم ژمێرانەیە.
7.	ژمارەى ئەو چەکانەى کۆمپانیا پێویستى پێیاندەبێت لەگەڵ جۆر و ژمارەکانیان و تەقەمەنى و شوێنى دروستکردنیان.
8.	ژمارەى ئوتۆمبێلەکان و جۆرەکانى و شوێنى دروستکردنیان و ژمارەى تابلۆى تۆمارکردنیان، بەو مەرجەى لە فەرمانگەى هاتوچۆى تایبەتمەند بەناوى کۆمپانیا تۆمار بکرێت.
9.	خستنەڕوویەكی ئامێرە بێتەلەکان، کە جۆر و ژمارەى زنجیرەیى و شوێنى دروستکردن و خەسڵەتە هونەرییەکانى دیکەیان لەخۆبگرێت، بەمەرجێك تەنها بۆ پەیوەندیکردن تەرخان کرابێت، و ملکەچ دەبێت بۆ پشکنینى وورد لەلایەن وەزارەتەوە .
10.	بەڵگەنامەى سپاردنى بارمەتەیەکى نەختینە لاى یەکێک لە بانکە حکومییەکان لە هەرێم، وەک گەرەنتییەک بۆ بەرژەوەندى وەزارەت، بە بڕى (500,000,000) پێنج سەد ملیۆن دینارى عێراقى.
سێیەم: پێویستە ئەو بەڵگەنامانەى لە خاڵەکانى (2، 3 ، 4، 5، 6)ى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە دا دەقنووسکراون لە نیشتیمانگەى (موطن) کۆمپانیاکە پەسەندکرابێت.
مادده‌ی (5)
یەکەم: پێویستە لەسەر وەزارەت لەماوەى (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتى وەرگرتنى داواکارییەکە بڕوانێتە داواکارى پێدانى مۆڵەت.
دووەم: لەحاڵەتى ڕەتکردنەوەى داواکاريى، پێویستە بڕیارى ڕەتکردنەوە نووسراو و هۆداربێت، و لە ماوەیەک زیاتر نەبێت لە (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتى بڕیارەکە، بە داواکار ڕادەگەیەندرێت.
سێیەم: داواکار لەکاتى نەمانى هۆى ڕەتکردنەوە بۆى هەیە داواکارییەکى نوێ پێشکەش بکات.
چوارەم: ئەگەر وەزارەت لەسەر داواکارییەکە ڕەزامەند بێت، ئەوا پێویستە ئەم ڕەزامەندییە بەداواکار ڕابگەینێت، بۆ پابەندبوون بە پێدانی ڕەسمى مۆڵەتى دیاریکراو کە لە خشتەى پاشکۆى ئەم یاسایەدا هاتووە، بەمەرجێك لەماوەیەک كە لە (30) سى ڕۆژ لەڕێکەوتى پێڕاگەیاندنى بەڕەزامەندیەكە زیاترنەبێت ڕەسمەکە بدات، و لەکاتى نەدانى ڕەسمەکە لەماوەی دیاریکراودا بەبێ پاساوێکى ڕەوا، ئەوا بڕیارى پێدانى موڵەتەکە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.
مادده‌ی (6)
یەکەم: موڵەت بەپێى هەردوو ماددەى (4) و (5)ى ئەم یاساییە بۆ ماوەى (1) یەک ساڵ دەدرێت.
دووەم: موڵەتى کۆمپانیا بە پێى ئەم مەرجانەى خوارەوە نوێ دەکرێتەوە:
1.	پێشکەشکردنى داواکارییەکى نووسراو لەلایەن بەڕێوەبەرى ڕێپێدراوى کۆمپانیا، كە لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاڕاستەى وەزیر دەکرێت، بەر لە (30) سى ڕۆژ لەکۆتایى هاتنى مۆڵەت.
2.	پێشکەشکردنى پشتگیرییەک لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تۆمارکردنى کۆمپانیاکان، کە تیایدا پشتڕاستى بەردەوامى کۆمپانیاکە لە کارکردنیدا بکات.
3.	پێشکەشکردنى وێنەیەک لە گرێبەستەکانى کۆمپانیا لەماوەى کارکردنیدا.
4.	بەڵگەنامەى ئەستۆپاکى لە بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندەکانى باج.
5.	دانى ڕەسمى  نوێکردنەوەى دیاریکراو بەپێى خشتەى پاشکۆى ئەم یاسایە.
مادده‌ی (7)
کۆمپانیا پابەند دەبێت بە:
یەکەم: دابینکردنى هەڵواسگەى ڕێککراو بۆ چەکەکان، کۆگە بۆ کەلوپەل و تەقەمەنییەکان، گۆڕەپان بۆ ئوتۆمبێلەکانى لە دەرەوەى ناوچەکانى نیشتەجێبوون.
دووەم: دروستکردنى داتابەیسێک بۆ گشت چالاکییەکانى کۆمپانیا و سەرجەم ئەو زانیارییانەى پەیوەندارن بە کارمەند و ئەوانەى تر کە لەلایان کاردەکەن، ئوتۆمبێل، چەک، تەقەمەنى و کەلوپەلەکانى.
 سێیەم: ڕێکخستنى دۆسیە بۆ سەرجەم کارمەندانى، و ئەوانەى تر کە لای کۆمپانیا کاردەکەن، کە بەجۆرێك داتاى هەر یەکێکیان لەخۆ بگرێت.
چوارەم: هەبوونى تێنووسى بازرگانى کە بە یاسا بڕیارى لێدراوە، و بەجۆرێك كە ئەم تۆمارنامانەى خوارەوە ڕێکبخات:-
1.	تۆمارنامەى چەک و کەلوپەلى دیکەى کۆمپانیا و چۆنیەتى بردنە دەرەوەى چەکەکان و بەکارهێنانیان.
2.	تۆمارنامەى جوڵە و هاتوچۆى کارمەندان و ئوتۆمبێلەکانى کۆمپانیا.
3.	هەر تۆمارنامەیەکى دیکە کە وەزارەت داواى بکات.
پێنجەم: زانیارى بداتە وەزارەت دەربارەى ئەو ئوتۆمبێلە قەڵغانانەى (درع) کە کۆمپانیا خاوەنیانە یان بەکاریان دەهێنێت.
شەشەم: وەرگرتنى ڕەزامەندى پێشوەختەى وەزارەت بەر لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەر کەس و لایەنێک، و پێدانى وێنەیەکى گرێبەستەکە بە وەزارەت لە ماوەیەک كە لە (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتى ئەنجامدانى تێپەڕ نەکات.
حەوتەم: دەبێت هاووڵاتیانی نیشتەجێی هەرێم، ڕێژەیەك كە كەمترنەبێت لە (90%) نەوەت لەسەدی كارمەندەكانی بۆ كۆمپانیای نیشتمانی و كەمترنەبێت لە (70%) حەفتا لەسەدی كارمەندەكانی بۆ لقی كۆمپانیای بیانی، پێكبهێنن.
هەشتەم: دانەمەزراندنى هیچ کارمەندێک بەبێ ڕەزامەندى وەزارەت.
نۆیەم: پابەندکردنى کارمەندەکانى بە پۆشینى جلوبەرگى تایبەت بە کۆمپانیا کە لەلایەن وەزارەت دیارى کراوە، و پێویستە ئاڕم یان لوگۆى کۆمپانیا و ئاڵاى کوردستانى لەسەردانرابێت، و نابێت جلوبەرگى کارمەندانى کۆمپانیا لێکچوو بێت لەگەڵ جلوبەرگى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە.
دەیەم: ڕادەستکردنەوەى چەک و تەقەمەنییەکان لەلایەن کارمەندانەوە بە کۆگاى کۆمپانیا لەدواى کۆتایى هاتنى هەر ئەرکێک.
یازدەیەم: ئاگادارکردنەوەى وەزارەت و فەرمانگەکانى ئاسایشى پارێزگاکان سەبارەت بە هەر تاوانێک کە لەسنورى کارى کۆمپانیا ڕوودەدات یان گومانى ڕوودانى لێدەکرێت.
دوازدەیەم: بەکارنەهێنانى هێز دژى هەر کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک، بێجگە لەحاڵەتى بەرگریکردنى ڕەوا، بەپێى حوکمەکانى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (111)ى ساڵى 1969ى هەموارکراوى بەرکار یان هەر یاسایەکى دیکە کە جێگەى بگرێتەوە و یاساکانى دیکەى پەیوەندیدار.
سێزدەیەم: دڵنیاییکردن (تأمین) بەرامبەر بەو مەترسییانەى دەرئەنجامى چالاکییەکانى ڕوودەدەن، لاى کۆمپانیایەکى دڵنیایى متمانەپێکراو لە هەرێم.
چواردەیەم: دانى ئەو ڕەسمانەى لە ئەستۆیەتى بەپێى خشتەى پاشکۆى ئەم یاسایە.
پازدەیەم: دروستکردنى ناسنامەى کارمەندان لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەیەکى ساڵانە.
شازدەیەم: دەرکردنى ناسنامەى هەڵگرتنى چەک بۆ کارمەندان لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەى ساڵانە.
حەڤدەیەم: دەرکردنى باجى بەکارهێنانى ئوتومبێلى کۆمپانیا لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەى ساڵانە.
مادده‌ی (8)
قەدەغەیە كۆمپانیا ئەم كارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:-
یەکەم: هەر چالاکییەک لە دەرەوەى چوارچێوەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.
دووەم: بەکارهێنانى چەک و تەقەمەنى و ئامێرەکانى پەیوەندیکردن بێجگە لەو بوارانەى ڕێگە پێدراون.
سێیەم: بەکارهێنانى چەک و ئوتۆمبێلەکانى کۆمپانیا لە دەرەوەى ئەو ناوچانەى بۆیان دیاریکراوە.
چوارەم: خاوەندارێتى یان بەکارهێنانى هەر ئوتۆمبێلێکى قەڵغان تەنها لەو بارەدا نەبێت كە بە ڕەزامەندى وەزارەت هێنرابێتە ناوەوەى هەرێم ئەگەر هاوردەکرابێت، یان لەلایەن کارگەى موڵەتدراو لەلایەن وەزارەتەوە لەناو هەرێم کرابێتە قەڵغان.
پێنجەم: دەستداریی یان عەمبارکردن یان مامەڵە پێکردنى چەکى ئاگرینی موڵەت پێنەدراو و چەکى جەنگى و کەرەستەى شیاو بۆ تەقینەوە یان تەقەمەنى.
 شەشەم: هەر چالاکییەک ببێتە مایەى هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیرى هەرێم یان یەکێتى گەل و خاکەکەى.
حەوتەم: دروستکردنى ڕێکخستنێکى سەربازى یان ناسەربازى.
هەشتەم: هەر کارێک ببێتە مایەى دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى هەر وڵاتێکى دیکە یان لێدانى بەرژەوەندییەکانیان.
نۆیەم: هەر کارێک ببێتە مایەى دەستدرێژى کردنە سەر ماف و ئازادییەکانى هاوڵاتیان و نیشتەجێبووانی هەرێم.
دەیەم: خاوەندارێتى ئەو چەکەى قەبارەى فیشکەکانى لە (7,62)ملم زیاتر بێت، جگە لەو دەمانچانەى قەبارەى فیشەکەکانیان لە (9) نۆ ملم زیاتر نییە.
یازدەیەم: خاوەندارێتى یان بەکارهێنانى چەکى بێدەنگ.
دوازدەیەم: گواستنەوەى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازى لە شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە بەبێ ڕەزامەندى پێشوەختەى وەزارەت.
سێزدەیەم: گواستنەوەى هەر زانیارییەک کە پەیوەندى بە ئاسایشى هەرێمەوە هەیە.
مادده‌ی (9)
کارمەند پێویستە ئەم مەرجانەى تێدابێت:
یەکەم: ئەگەر عێراقى بێت:
1.	نیشتەجێى هەرێم بێت.
2.	تەمەنى لە (21) بیست و یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (50) پەنجا ساڵ زیاتر نەبێت.
3.	تواناى خوێندنەوە و نووسینى هەبێت.
4.	لە پشکنینى تەندروستى دەرچووبێت، بەپێى ڕاپۆرتى لێژنەیەکى پزیشکى پسپۆر لە وەزارەتى تەندروستى، و بەو مەرجە تەندروستییانەى کە وەزارەت دیاریاندەکات.
5.	بەسەرکەوتوویى لە خولەکانى پەیمانگاى پەرەپێدانى ئەمنى و کارگێڕى و تەکنولۆجیاى زانیارى لە وەزارەت دەرچووبێت.
6.	ناوبانگ چاک بێت و بە تاوانێک یان کەتنێکى ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.
7.	فەرمانبەرى حکومى نەبێت، چ لە ڕاژەى مەدەنى یان سەربازى، بەشێوەى هەمیشەیى یان گرێبەست.
8.	دەستەبەرێکى کەسى وەک بارمتە بە بڕى (3,000,000) سێ ملیۆن دینارى عێراقى، پێشکەش بە وەزارەت بکات، یان ئەم بڕە پارەیە لەسەر ژمێرەى وەزارەت تۆمار بکات.
9.	ڕەزامەندى لایەنى ئەمنیى وەرگرتبێت بۆ دامەزراندنى.
10.	دەستەبەرکراوبێت بەپێى یاسا بەرکارەکان لە هەرێم.
11.	لەو خولانەى مەشق و ڕاهێنان دەربچێت کە لەلایەن وەزارەتەوە ڕێکدەخرێت و جێبەجێ دەکرێت.
دووەم: ئەگەر بیانى بێت:
1.	ڕەزامەندى وەزارەت وەربگرێت.
2.	دەستەبەرێکى کەسى وەک بارمتە بە بڕى (7,000,000) حەوت ملیۆن دینارى عێراقى پیشکەش بە وەزارەت بکات یان ئەم بڕە پارەیە لەسەر ژمێرەى وەزارەت تۆمار بکات  .
3.	بەڵێنامەیەک لەلایەن بەرێوەبەرى لقى کۆمپانیا پێشکەش بکرێت بۆ ئامادەکردنى کارمەند لەبەردەم دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان لەکاتى داواکردنیدا، و بەرپرسیارێتى کۆمپانیا بەشێوەى پێکەوەیى (تضامن)ى دەبێت لەو کردارانەى لە هەرێم ئەنجامیان دەدات.
مادده‌ی (10)
کۆمپانیا بۆى هەیە سەگى پاسەوانى بەکاربهێنێت بەم مەرجانەى خوارەوە:
یەکەم: جۆر و ژمارەى دیاریکراوبێت.
دووەم: ڕاهێنراوبێت و بەڵگەنامەى ڕاهێنانى لەگەڵدابێت.
سێیەم: ئەگەر هاوردەکراوبێت پێویستە پاسپۆڕت و بەڵگەنامەى خاوەندارێتى و سەرچاوەى هاوردەکردنى لەگەڵدابێت.
چوارەم: شوێنى تایبەت بە بەخێوکردنى بۆ ئامادەکرابێت.
مادده‌ی (11)
لەکاتى سەرپێچیکردنى کومپانیا  بۆ حوکمەکانى ماددەى (7) و (8)ى ئەم یاسایە، وەزیر بۆى هەیە ئەم ڕێکار و سزاییانەى خوارەوە بسەپێنێت:
یەکەم: ڕاگرتنى چالاکى کۆمپانیا بۆ ماوەیەکى کاتى.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەت.
سێیەم: دەستبەسەرداگرتنى هەموو یان بەشێکى بڕە پارەى بارمتە بەپێى قەبارەى پێشێلكاریەكە و لێکەوتەکانى.
چوارەم: پێبژاردنێک بەبڕى (100,000) سەد هەزار دینار، بەرامبەر دواکەوتنى هەر ڕۆژێک لە نوێکردنەوەوى موڵەت.
پێنجەم: پێبژاردنێک بەبڕى (25,000) بیست و پێنج هەزار دینار، بەرامبەر دواکەوتنى هەر ڕۆژێک لە نوێکردنەوەى ناسنامەى کارمەندەکان و هەڵگرتنى چەک و باجى ئۆتۆمبێلەکان.
مادده‌ی (12)
یەکەم: لەکاتى هەڵوەشاندنەوەى موڵەتى کۆمپانیا بەشێوەیەکى هەمیشەیى، یان پاکتاوکردنى کۆمپانیا لەبەر هەر هۆیەک بێت، پێویستە لەسەر کۆمپانیا گشت موڵەتەکانى چەک و موڵەتەکانى ڕێگەپێدان بە ئوتۆمبێل و ناسنامەکان بۆ وەزارەت بگەرێنێتەوە.
دووەم: لەکاتى پاکتاوکردنى ئارەزوومەندانەى کۆمپانیا، پێویستە لەسەر کۆمپانیا لەماوەى (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتى پاکتاوکردنى، بە ڕەزامەندى وەزارەت سەرجەم چەک و تەقەمەنى و ئامێرە بێتەل و ئۆتۆمبێلە قەڵغانەکانى بفرۆشێتە لایەنێکى دیکەى موڵەتدراو ، و بە پێچەوانەوە، لەلایەن وەزارەتەوە بە زیادکردنى ئاشکرا دەفرۆشرێتە لایەنە موڵەتدراوەکان، و ئەمەش بەڕێنمایى ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
سێیەم: لەکاتى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى کۆمپانیا، وەک جێبەجێکردنێک بۆ حوکمى بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (11)ى ئەم یاسایە، پێویستە لەسەر کۆمپانیا سەرجەم چەک و تەقەمەنى و ئامێرە بێتەل و ئۆتۆمبێلە قەڵغانەکانى ڕادەست بکات، و دەبنە موڵکى وەزارەت، و بڕە پارەى بارمتەی سپاردەکراو لە ژمێرەى وەزارەت وەک داهاتێکى کۆتایى بۆ گەنجینەى هەرێم تۆماردەکرێت.
مادده‌ی (13)
لەکاتى سەرپێچيکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە جگە لە حوکمى ماددەکانى (7) و (8)، وەزیر بۆى هەیە کۆمپانیای سەرپێچیكار بە پێبژاردنێک کە لە (3,000,000) سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (20,000,000) بیست ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزابدات.
مادده‌ی (14)
ئەو ڕێکار و سزایانەى لە ماددەکانى (11) و (12) و (13)ى ئەم یاسایەدا دەقنووسکراون ڕێگرنابن لە داواکردنى قەرەبوو لە کۆمپانیاى سەرپێچیکار، لە برى ئەو زیانانەى دەرئەنجامی چالاکییەکانى ڕوودەدەن بەپێى حوکمى یاسا بەرکارەکان.
مادده‌ی (15)
سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، ڕێگرنابن لە سەپاندنى هەر سزایەکى توندتر کە لە یاسا بەرکارەکانى هەرێمدا هاتبێت.
مادده‌ی (16)
هەر کەسێکى خاوەن بەرژەوەندى دەتوانێت تانە لەو بڕیارانەبدات كە پاڵپشت بە حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەچن، بەپێى حوکمەکانى یاساى ئەنجوومەنى شوراى بەرکار لە هەرێم.
مادده‌ی (17)
ئەو بڕە پارانەى لە پیادەکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە وەردەگیرێن، وەک داهاتێک بۆ گەنجینەى هەرێم تۆمار دەکرێن، بەمەرجێك ڕێژەى (30%) سى لەسەدی بۆ وەزارەت، بە مەبەستى پەرەپێدانى پێکهاتەکانى و دابینکردنى پێداویستییەکانى تەرخان بکرێت.
مادده‌ی (18)
پێویستە لەسەر هەر کۆمپانیایەکى ئەمنى تایبەت، کە پێش بەرکاربوونى ئەم یاسایە دامەزراوە یان تۆمارکراوە لە ماوەیەک كە لە (90) نەوەت ڕۆژ لەڕێكەوتی چوونە بواری جێبەجێكردنی ئەم یاسایە تێپەڕنەكات، خۆی لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە بگونجێنێت.
مادده‌ی (19)
پێویستە وەزیر ڕێنمایى بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەربکات.
مادده‌ی (20)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (21)
کار بە دەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (22)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
                                                                                                                                                       د.رێواز فائق حسێن
                                                                                                                                             سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
دواى ئەوەى ڕێگەدرا بە كۆمپانیاكانی کەرتى تایبەت کە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە هەرێم پێشکەش بکەن، و لەبەر گرنگى و هەستیارى کارى ئەم کۆمپانیایانە و کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر گیان و سەروماڵى گشتى و تایبەت لە هەرێم، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.