بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان بهناوی گهلهوه پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق پاڵپشت به حوكمی بڕگهی (1)ی ماددهی (56) لە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههمواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و لهسهر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنی ئاسایی ژماره (6)ی ڕۆژی 9/11/2021 ئەم یاسایهی پهسهند كرد: یاسای ژماره (16)ی ساڵی 2021 یاساى بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ، و تۆماركردن، پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ماددهی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. سێیەم: وەزیر: وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. چوارەم : بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتیى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى لە وەزارەت. پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتی کشتوکاڵ: بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵى پارێزگاکان. شەشەم: بەڕێوەبەرایەتى: بەڕێوەبەرایەتى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ لە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى. حەوتەم: بنەتۆ: ئەو بەشەیە کە بۆ زیادبوونى ڕووەک بەکاردێت وەک بنەتۆى گەنم، جۆ، نیسک، پیاز، برالە، پەتاتە و هەر جۆرێکى تر. هەشتەم: پلە: مەبەست لێى پلەى بنەتۆیە كە بەپێى خەسڵەتى هونەرى و خاوێنى بۆماوەیى دیاریدەکرێت. نۆیەم: تۆوى بەخێوکەر: ئەو تۆوەیە کە بە بڕێکى زۆرکەم، لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى ڕاستەوخۆى بەخێوکەرى ڕووەک لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەکان یان زانکۆکان، بەرهەم دەهێندرێت. دەیەم: تۆوى بنەڕەتى: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بەخێوکەر لە ڕێگەى توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن کۆمپانیاى تایبەتمەند لە بوارى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێنرێت، و لە ڕووى بۆماوەیى بەرزترین ئاستى خاوێنى هەیە بەراورد بە تۆوى تۆمارکراو و باوەڕپێکراو. یازدەیەم: تۆوى تۆمارکراو: ئەو تۆوەیە کە لە چاندنى تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراوى دیکە، لە ڕێگەی توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن جووتیارى نمونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و ئاستى خاوێنى لە ڕووى خەسڵەتى بۆماوەیى بەرزە. دوازدەیەم: تەرز: کۆمەڵێک ڕووەکى خاوێنى لەیەکچووە لە ڕووى بۆماوەییەوە، و بە خەسڵەتى دیاریکراو لە تەرزەکانى ترى هەمان جۆرى ڕووەک، جیادەکرێتەوە. سێزدەیەم: شەتڵ: ڕووەکى گۆڕاو یان هەمیشەییە کە لە نەمامگەکان دەچێندرێت و زیاد دەبێت، بۆ مەبەستى بازرگانى و دەستا و دەست کردنى لە چالاکى کشتوکاڵیدا. چواردەیەم: تۆوى باوەڕپێکراو: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراو یان تۆوى پەسەندکراوى دیکە، لەلایەن جووتیارى نموونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و خەسڵەتى بۆماوەیى هاوشێوەى تەرزى چاندراوى تێدا بەدیدەکرێت. پازدەیەم: ڕێبەرى تەرزە کشتوکاڵییەکان: لیستى ناوى تەرزە کشتوکاڵییە پەسەندکراوەکانە کە لە لێژنەى نیشتمانى بۆ تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان دەردەچێت. شازدەیەم: ئیستا (ISTA): ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە، تایبەتە بە بوارى کشتوکاڵى، و گرنگى بە بەرەوپێشبردنى بوارى بنەتۆ دەدات ، و ساڵانە پەیڕەو و ڕێنمایى نوێ لەم بوارەدا، دەردەکات. حەڤدەیەم: کۆمپانیا: کۆمپانیاى دامەزراو بە پێى یاسا بەرکارەکان، كە پێویستە مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ یان هاوردەکردنى یان هەردووکیانى هەبێت. هەژدەیەم: لیژنەى باڵا: لیژنەیەکى تایبەتە بە تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان و پەرەپێدان، زیادکردن و دابەشکردنى بنەتۆی گونجاو لە هەرێمى کوردستان و عێراق و بارەگاکەى لە هەولێرە. ماددهی (2) بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ، و ڕێکارەکانى، لە ڕێگاى مۆڵەتى فەرمى دەبێت. ماددهی (3) مەرجەکانى بەدەستهێنانى مۆڵەتى فەرمى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ و ڕێکارەکانى: یەکەم: پێشکەشکردنى داواکاریەک بۆ بەڕێوەبەرایەتى بە مەبەستى وەرگرتنى مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ. دووەم : داواکاریەکە ئەمانەى خوارەوە لەخۆ دەگرێت: 1. ناو و ناونیشانى بەرهەمهێن. 2. شوێنى کێلگە. 3. جۆر و تەرز و پلەى بنەتۆ و شەتڵ. سێیەم: پێشکەشکردنى بەڵگەنامەى خاوەندارێتى یان مافى هەڵسوکەوتپێکردن یان بە کرێگرتنى زەوییەکە. چوارەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتی داواکارى کۆمپانیا بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرزبكاتەوە، بەمەبەستى پێدانى مۆڵەت. پێنجەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بڕیار بدات بە پەسەندکردنى یان پەسەندنەکردنى داواکاریەکە لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى وەرگرتنى داواکاریەکە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە لە ماوەى دیاریکراودا، داواکاریەکە بە پەسەندکراو ئەژمار دەکرێت. شەشەم: ئەگەر داواکارییەکە پەسەند نەکرا دەبێت هۆیەکەی ڕوونبکرێتەوە، و داواکار بۆى هەیە لەماوەى (15) ڕوژ تانە لە بڕیارى پەسەند نەکردن پێشکەش بە وەزیر بکات، و پێویستە وەزیریش لە ماوەى (30) سى ڕۆژ وەڵامى تانەکە بداتەوە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە تانەکە بە یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندى تانەلێدەر ئەژمار دەکرێت. حەوتەم: داواکار دەبێت بڕى (50,000) پەنجا هەزار دینار بەرامبەر مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ بدات. ماددهی (4) یەکەم: ئەو بنەتۆیەى داواکار بە نیازە بەرهەمى بهێنێت، پێویستە لە لیژنەى باڵا تۆمار و پەسەندکراو بێت. دووەم: ڕێگە نادرێت بە بەرهەمهێنانى زیاتر لە یەک تەرزى کشتوکاڵى بۆ یەک جۆرى بەرهەم لە یەک کێڵگە. سێیەم: ئەو کێڵگەیەى بۆ بەرهەمهێنانى بنەتۆى تەرزێکى دیارکراو بەکاردێت، بە هیچ شێوەیەک نابێت بە تەرزێکى تر، لەهەمان جۆر، لە ساڵى پێشوودا چاندرابێت. ماددهی (5) پێویستە زەوى تەرخانکراو بۆ بەرهەمهێنانى بنەتۆ ئەم مەرج و خەسڵەتانەى هەبێت: یەکەم: زەویەکە یان کێڵگەکە لە ڕووى هەڵکەوتەى جوگرافى، کەش و هەوا، جۆرى خاک و ڕووبەرى کێڵگە گونجاو بێت، بە پێى جۆر و تەرزى بنەتۆیەکە. دووەم: زەویەکە سەرچاوەى ئاوى پێویست و بەردەوامى هەبێت بە تایبەت ئەو شوێنانەى کە ڕێژەى باران بارینیان کەمە. سێیەم: دوورى نێوان کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى بنەتۆ بۆ ئەو بەرووبومانەى کە (پیتانى تێکەڵاون) (250م) دوو سەد و پەنجا مەتر و بۆ ئەو بەرووبومانەى کە (پیتانى خودین) (150م) سەد و پەنجا مەتر بێت. ماددهی (6) بەرهەمهێنەرى بنەتۆ پابەندی ئەم ڕێکارانەى خوارەوە دەبێت: یەکەم: خاوێنکردنەوە و دەرمانکردنى بنەتۆى بەرهەمهاتوو تەنها لەو کارگانە ئەنجام دەدرێت کە مۆڵەتى دامەزراندیان هەیە. دووەم: لە قووتونان یان داگرتنى بنەتۆى بەرهەمهاتوو لە گوشى تایبەت، بە پێى ڕێنماییەکانى بەڕێوەبەرایەتی. سێیەم: دەبێت کێشى قووتوەکان و گوشەکان یەکسان بێت و هەموو زانیاریەکانى تایبەت بە بنەتۆیەکەى لەسەر نووسرابێت. چوارەم: دەبێت بەرهەمهێنەرى بنەتۆ کۆگاى تایبەت بە پاراستنى بنەتۆى هەبێت بەپێى پێویستى جۆرى بنەتۆیەکە. ماددهی (7) ئەرک و دەسەلاتەکانى بەڕێوەبەرایەتی بریتین لە : یەکەم: دیارکردنى پلەى بنەتۆى بەرهەمهاتوو لەلایەن بەرهەمهێنەرى بنەتۆ و لێدانى لێبڵى تایبەت. دووەم: پشکنینى کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى بنەتۆ، وپشکنینى تاقیگەیی بۆ بنەتۆى بەرهەمهاتوو. سێیەم: ڕەتکردنەوەى بنەتۆ و باوەڕپێنەکردنى ئەگەر هاتوو مەرجەکان جێبەجێنەکرابوون. چوارەم: پشکنەرى کێڵگەیى دەبێت ڕەچاوى لەیەکچوونى جۆر و تەرزى چاندراو و بەرهەمهاتوو بکات. ماددهی (8) یەکەم: پێویستە لەسەر کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت، مۆڵەتى هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بەپێی حوکمەکانى ئەم یاسایە بەدەستبێنن. دووەم: بە مەبەستى هاوردەکردنى بنەتۆ یان شەتڵ داواکارى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی دەکرێت و ئەم پێداویسیانەى خوارەوەشى لە گەڵدادەبێت. 1. ناو و ناونیشانى کۆمپانیا. 2. بەڵگەنامەی دەستەبەریى لە یەکێک لە بانکەکان بۆ بەرژەوەندى وەزارەت بە بڕى (20,000,000) بیست ملیۆن دینار. 3. بڕوانامەى دامەزراندن بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و تۆمارکردن بۆ ئەو کۆمپانیایانەى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراقن یان لقى کۆمپانیاى بیانین لە هەرێم. 4. ئەستۆپاکى باجى دەرامەتى کۆمپانیاکان. 5. گرێبەستى نێوان خۆى و کۆمپانیا یان دەزگاى ڕەسەنى بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ. 6. هەموو داتایەکى زانستى و هونەرى باوەڕپێکراو لەسەر کۆمپانیا یان دەزگاى بەرهەمهێن. سێیەم: دواى دڵنیابوون لە مامەڵەى کۆمپانیا دەبێت داواکاریەکە بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى. چوارەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بڕیاربدات بە پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنى داواکاریەکە لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى وەرگرتنى داواکاریەکە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە داواکاریەکە بە پەسەندکراو ئەژمار دەکرێت. پێنجەم: ئەگەر داواکارییەکە پەسەندنەکرا پێویستە هۆیەکەى ڕوون بکرێتەوە، داواکار بۆى هەیە تانە لە بڕیارى پەسەندنەکردن بدات لەلاى وەزیر، لە ماوەى (15) پازدە ڕۆژ، و پێویستە وەزیریش لە ماوەى (30) سى ڕۆژ وەڵامى تانەکە بداتەوە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە، تانەکە بە یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندى تانە لێدەرئەژمار دەکرێت. شەشەم: داواکار دەبێت بڕى (50,000) پەنجا هەزار دینار بدات بەرامبەر مۆڵەتى هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ. ماددهی (9) پێویستە بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو ئەم بەڵگەنامانەى لە گەڵدابێت: یەکەم: بڕوانامەى سەرچاوە. دووەم: بڕوانامەى سەلامەتى تەندروستى بنەتۆ و شەتڵ. سێیەم: بڕوانامەى پشکنینى باوەڕپێکردنى ووڵاتى سەرچاوە، بەمەرجێک ڕێکەوتى پشکنین (3) سێ مانگ بۆ بنەتۆى بەرووبومى کێلگەیى، و (6) شەش مانگ بۆ بنەتۆى دارستان و پاوان لە ڕێکەوتى هاتنەناوەوەى لە مەرزى سنوریى پەیوەندیدار تێپەڕنەکات. چوارەم: بڕوانامەى سەلامەتى و پشکنین بە پێى خەسڵەتەکانى (ئیستاISTA )، بەمەرجێك لە تاقیگەیەکى باوەڕپێکراو لەلایەن (ئیستاISTA )وە دەرچووبێت. ماددهی (10) یەکەم: وەزارەت مەرزى سنووریى بۆ مەبەستى هاوردەکردن دیاریدەکات. دووەم: گواستنەوەى بنەتۆ و شەتڵ لە نێوان هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى ترى عێراقدا، دەبێت نووسراوى لارینەبوونى وەزارەت و ئەو لایەنەى لەگەڵ بێت کە بۆى دەگوازرێتەوە. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتی بەرپرسە لە پشکنینى بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو لە کاتى گەیشتنیدا. چوارەم: هاوردەکردنى بنەتۆى گەنم و جۆ، هەفتەیەک دواى کۆتایى هاتنى بە بازاڕکردنى گەنم لە سایلۆکان دەست پێدەکات و تا کۆتایى مانگى كانونی یەكەم ڕێگە بە هاوردەکردن دەدرێت. ماددهی (11) سەنتەرى توێژینەوە کشتوکاڵییەکان و زانکۆکان بۆیان هەیە بنەتۆى پەسەندنەکراو هاوردەبکەن، تەنها بۆ مەبەستى توێژینەوە و بە ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى. ماددهی (12) یەکەم: لیژنەى باڵاى تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەت بە سەرۆکایەتى وەزیرى کشتوکاڵ و ئەندامێتى ژمارەیەک شارەزا لە بوارە جیاجیاکان پێکدەهێنرێت، بە مەرجێک لە (12) دوانزە ئەندام زیاتر نەبێت، بۆ مەبەستى تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییە بەرهەم هاتووەکان. دووەم: لیژنە هەڵدەستێت بە تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییە بەرهەم هاتووەکان، و پەرەپێدانى بنەتۆی گونجاو و چۆنیەتى زیادکردن، دابەشکردن و وەرگرتنەوەى. سێیەم: ماوەى پارێزبەندى لەسەر تەرز یان بنەچە یان لێکدراو تەنها (10) دە ساڵە، و لە بەروارى پێشکەشکردنى داواکارى تۆمارکردن دەست پێدەکات، جگە لە تەرزى درەختەکان کە ماوەى پارێزبەندیان (20) بیست ساڵە. ماددهی (13) یەکەم: بە پێبژاردنێک کە لە (5,000,000) پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە (1) یەک ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکیان سزادەدرێت، هەركەسێك یەکێک لەم سەرپێچیانەى خوارەوە ئەنجام بدات: 1. بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بەبێ بوونى مۆڵەت. 2. هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بە پێچەوانەى مەرجەکانى هاوردەکردن. 3. پێدانى نموونە و زانیاریى هەڵە کە هاوتا نەبێت لەگەڵ بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو. 4. ئاستەنگ دروستکردن بۆ پشکنەرى بنەتۆ. 5. بەرهەمهێنان و فرۆشتنى بنەتۆ بێ ئەوەى پشکنینى تاقیگەیى بۆ کرابێت. دووەم: سەرەڕاى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، تێچووى چارەسەرکردن یان لە ناوبردنى بنەتۆى هاوردەکراو یان بەرهەمهاتوو دەکەوێتە ئەستۆى سەرپێچیکار، و موڵەتى بەرهمهێنان و هاوردەکردنى هەڵدەوشێتەوە . ماددهی (14) یەکەم: لیژنەیەک لە وەزارەت پێکدەهێندرێت، بە مەبەستى پێشنیارکردن بۆ وەزیر بۆ هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ لەم بارانەى خوارەوەدا: 1. ئەگەر بەرهەمهێن یان هاوردەکارى بنەتۆ و شەتڵ یەکێک لەو سەرپێچییانەى ئەنجامدا کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (13)ى ئەم یاسایەدا هاتوون. 2. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ بەبێ ڕەزامەندى وەزیر دەستبەردارى پروژەکەى ببێت. 3. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ دەستبەردارى کێڵگەکەى بێت. 4. بەسەرچونى گرێبەستى بەکرێگرتنى زەویەکەى. 5. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ بەردەوام نەبوو لە جێبەجێکردنى گشت مەرج و ڕێنماییەکانى وەزارەت. دووەم: ئەرک و پێکهاتەى لیژنەکە بە ڕێنمایی لەلایەن وەزیرەوە دیاریدەكرێت. ماددهی (15) وەزیر ڕێنمایى بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات. ماددهی (16) پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. ماددهی (17) کار بە دەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکوک بێت. ماددهی (18) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمی (وەقایعى کوردستان)دا، جێبەجێ دەکرێت. د.رێواز فائق حسێن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق هۆیهكانی دهرچواندن لە پێناو ڕێکخستنى بەرهەمهێنان و هاوردەکردنى بنەتو و شەتڵ، و هاندانى کەرتى تایبەت لەم بوارەدا، و بە مەبەستى تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییە بەرهەمهاتووەکان، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.