بڕیاری ژماره‌ی (1) ساڵی 2011 تایبه‌ت به‌ خۆپێشاندانه‌كان

ژمارەی بڕیار : 1
ساڵی دەرچوون : 2011
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بە ناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژمارە بڕیار: 1
مێژووی بڕیار: 23/2/2011
بڕیار
پشت بە حوكمەكانی بڕگە (1) لە ماددەی (56) یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)و لەسەر داواكردنی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی لە دانیشتنی رۆژی (23/2/2011)یدا ئەم بڕیارەی دا.
یەكەم:
1. ئیدانەو تەحریم و تەجریمكردنی توندوتیژی و تەقەكردن لە هاوڵاتیان و هەڵكوتانە سەر بارەگا فەرمیەكان و حزبیەكان و زیان گەیاندن بە ماڵی گشتی و تایبەتی لەهەر لایەنێكەوە.
2. كشانەوەی دەست بەجێی سەرجەم هێزە جووڵە پێكراوەكان، كەبەهۆی رووداوەكانی 17/2/2011 جوڵەیان پێكراوە بۆ گشت شارەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی و گەرانەوەیان بۆ بارەگاكانیان.
3. ئازادكردنی سەرجەم ئەوانەی بەهۆكاری بەشداربوون لە خۆپیشاندان دەستگیر كراون، ئەوانەش تاوانیان كردووە، رادەستی دەسەڵاتی دادوەری و پۆلیس بكرێن.
4. حكومەت بەگێرەی یاسا، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی سەرجەم ئەو كەس و لایەن و دەزگاو هێزانە بكات كە بەهۆی پەلامار و توندو تیژیەوە زەرەرمەندبوون.
5. پاراستن و رێكخستنی خۆپیشاندان، تەنها  بەهێزەكانی پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان بسپێردرێت، شوناس(ناو،باج، شوێنی كار)ی هێزە پارێزگارەكان ئاشكرا بێت و نەهێڵدرێت هیچ كەسێك بەدەمامك و ئۆتۆمبیلی جام رەش هاتووچۆ بكات.
6. هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو جۆرە ململانێیەكی سیاسی ناوخۆیی بەدووربێ و ئەركی نیشتیمانی خۆی وەك هێزێكی نیشتیمانی و پاراستنی دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ‌ بكات.
7. پێویستە لیژنەی باڵای لێكۆلینەوە، كە لەلایەن حكومەتەوە پێكهاتووە، لەلایەن ئەندامێكی دادگای تەمیزەوە سەرۆكایەتی بكرێت و ئەندامەكانی كەسانی شارەزا و بێ‌ لایەن بن و بەزووترین كات ئەنجامەكەی بخەنە بەردەم رای گشتی.
8. لە مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخەكەدا، كەمتەرخەمی لەلایەن دام و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش دا هەبوەو دوای ئەنجامدانی لێكۆلینەوە دەبێ‌ لایەنی كەمتەرخەم ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكرێت، هەروەها بەرپرسی دەزگا ئەمنیەكان ئەوانەی كەمتەرخەمیان نواندوە، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ.
9. نابێ‌ بەبێ‌ بڕیاری دادگا هیچ كەسێك بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندان دەستگیر بكرێ‌.
10. بڕیاری جوڵاندنی هێزی سەربازی لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر نابێت ئەنجام بدرێ‌ تەنها لە حاڵەتی بوونی مەترسی دەرەكی نەبێت.
11. دەستبەجێ‌ ئەنجام دەرانی سوتاندنی كەناڵی نالیا، و رادیۆ و تەلەفزیۆنی گۆران، رێو شوێنی یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێنە دادگا.
12. بەمەبەستی چاكسازی ریشەیی و گشتی لەلایەن فراكسیۆنەكان و لیژنەكانی ناو پەرلەمانەوە، بە هاوكاری ئەنجومەنی وەزیران و سوود وەرگرتن لە لایەنە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆران و خەڵكانی بێ‌ لایەن و دڵسۆز پرۆژەی چاكسازی ئامادە و پێشكەش بە پەرلەمان بكرێ‌ بۆ گفتوگۆ كردن و چاودێری جێبەجێ‌كردن بەزووترین كات.
13. پێویستە حكومەت دەست بەجێ‌ بریاری گرنگ و بە پەلە دەربكات، دەربارەی باشتر كردنی باری گوزەرانی خەڵكی و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و كرانەوەی زیاتری فەزای سیاسی و ئازادی.
14. هەموو لایەك هەوڵ   بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و راگرتنی هێرشی راگەیاندن بدات لە لایەن حزب و لایەنەكانەوە.
15. بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بۆ پەرلەمان بۆ روونكردنەوە و لێپرسینەوە، بەپێی رێكارە یاساییەكان.
16. زەمینە سازكردن و پشتگیریكردنی ئەنجامدانی دیالۆگێكی نیشتمانی سیاسی لەنێوان ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی نوێنەریان لەپەرلەمانی كوردستان هەیە، بەمەبەستی هێنانە ئارای پێكەوە سازانی یاسایی و سیاسی بۆ هەمواركردنەوەی  ئەو یاسایانەی كە رەهەندی سیاسیی و نیشتمانیان هەیە.
17. پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون و گویِ گرتن لە داخوازی خۆپیشاندەران.
دووەم: لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانە، ئەم بریارە جێبەجێ‌ بكەن.
سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسندكدنییەوە لە 23/2/2011 جێبەجێ‌ دەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمی(وقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە.
                                                   
                                                                                                            دکتۆر کەمال کەرکوکی 
                                                                                                       سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی-عێراق