بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان بەناوی گەلەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق ژمارەی بڕیار:60 رۆژی بڕیار:15/1/2005 بڕیار ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی _ عیراق, دانیشتنی ژمارە(56) ی قۆناغی رەفتەنی, خۆی لە رۆژی (15/1/2005) دا سازدا و، ئەمەی خوارەوەی دەرهێنا: گەلی كوردستانی _ عیراق, هەست دەكاو, بە چاوی خۆی دەیبێنی كە ناوەندی فەرمی و رەسمیی عیراق, وا منامنا, ناوەرۆك و حوكمەكانی ماددەی(58)ی یاسای هەڵسووڕِاندنی دەوڵەتی رەفتەنیی عیراق پەراوێز دەكاو پشت گوێی دەخاو كۆمەڵی رووداوو ئاكارو رەفتاری ئەوتۆ دەنوێنێ كە گەلی كوردستانی سرك و سڵ لێی بە گومان كەوتووەو, دڵە ڕاوكێی ئەوەی بە دڵدا هێناوە كە حكومەتی عیراق بە تەنگ ماددەی (58)ی ئەو یاسایەوە نەماوەو, هەروەك نەبووبێ و نەشبێ وایە. ئەم ختوورەی دڵ و بە گومان كەوتنەش, یەكجارەكی لەوەوە سەری هەڵدا كە كۆمەڵێ نیشانەو بەڵگەی لە رەفتاری واقیعی و مەیدانییەوە بۆ دەركەوت.بەنموونە, هیچ هەنگاوێك, بەكردار, بۆ هێنانەوەو داكردن و نیشتەجێ كردنی ئاوارەكان نەنراوە, ئەوانەشیان كە گەراونەتەوە, دیسانەوە لە ئاوارەبوون خراپتریش, وەك غەریب و نامۆ, بێ لانەو بێ داڵدە, لەو گۆڕەدا, لەبەر سەرماو سۆڵەو لە ناو قوڕو چڵپاودا بەبێ باربۆو كۆمەك, لە زێدی ئەسڵی باو باپیرانیاندا غەریب كەوتوون. كەچی لەلایەكی دیكەوە, نیشتەجێ بیانی و هاوەردەكان, لێگا لێگا دڵنیادەكرێنەوە و دەستیان لە پشت دەدرێ كەلە جێگای ناڕەواو ناشەرعی خۆیان, كەداگیریان كردووە بمێننەوە و نەگەڕێنەوە بۆ جێگا ئەسڵیەكانی خۆیان. بێگانە كەكراوە بە خاوەن ماڵ مافی دەنگ دان و هەڵبژاردنیشی پێ دراوە, وەڵێ خاوەن ماڵ مافی میوانیشی نییەو لە هەڵبژاردنیش بێ بەش دەكرێ. نەك هەرئەوەندە, بگرە, لێژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان, لە پارێزگای كەركوكدا, كە دەستی بەسەر دەمی كورددا گرتووەو نایەڵێت دەنگی لێوە بێ و دەنگ بدا, بەسەرۆك و ئەندامەوە, بە ئاشكرا ناسراون كە دەستەو دایەرەی ڕژێمی دیكتاتۆری گۆڕ بەگۆڕ بوون. لەلایەكی تریشەوە, یاسای یەكلاكردنەوەی ناكۆكی موڵك و موڵكایەتیش لە پاكەوت و پاڵی لێ دایەوەو دەعواكان هەروا مانەوە. هێوركردنەوەی دۆخ و ئاساییكردنەوەی ژیان و گوزەران لە بەشە تازە ئازاد كراوەكانی كوردستاندا نەخاسمە كەركوك، كەمتەرخەمییەكی ترسناكی لێكراو پشت گوێ خرا. ئەم بەشەی كوردستان – وەك یاسای هەڵسووڕاندنی دەوڵەتیش دانی پێداناوە- بەر ئاكاری زوڵم وستەمی رەگەزپەرستی و شۆڤێنی كەوتووەو واقیعی نەتەوەییو دیمۆگرافیی بەناهەق شێوێنراوە، كە واقیعی كاروانی مێژوو و حەقیقەتی بەڵگەنەویستی جوگرافیایی، سەلماندوویانە، ئەم خاكە بەشێكە لە هەرێمی كوردستان و جیابوونەوەی نییە و، نابێ. ئەم مەسەلەیە، مەسەلەیەكی ژیواریو چارەنوسسازی گەلەكەمانە، كە لەپێناو ئەوخاكەدا، جارەهای جار قۆڵی شۆڕش و جەنگی لێ هەڵماڵیوەو، هەزارەهای خەڵكی ئەو ناوچانەو خەڵكی باقیمەنی ناوچەكانی هەرێم، خۆیان بە قوربانی ئەوخاكە كردووەو، هەزارەها شەهیدو كەل و كەمئەندامی لێكەوتووەتەوە، بەرلە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق و دوای دامەزراندنیشی. ئەم لێشاوی قوربانیو شەهیدەش بۆ پاراستنی كوردستانییەتی ناوچە تازە ئازادكراوەكان, بەتایبەتیش بۆ كەركوك بووە، كە بەهیچ كلۆجێ موساوەمەی لەسەر نەكراوەو ناشكرێٍٍٍٍ. كار, وابڕوا و, مەسەلەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی پارێزگای كەركووك, ئاوا, بە ئاشكرا, وەپەراوێز بكەوێ وگوێی لێبئاخنرێ, كەواتە, شتێكی عاجباتی نییە, هاووڵاتیانی كوردستان بكەونەخۆو, لە خۆیان بپرسن وبڵێن, كەواتە هەڵبژاردنی گشتی بۆچی و؟ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ كێ؟ نەخاسمە حاڵەكەش, هەر ئەوەیە كە دەیبینین. جا, سەركردایەتی سیاسی كوردستان كە دەزانێ بەرامبەر بە مێژوو, بەتایبەتی لەسەر ئەم مەسەلەیە بەرپرسە و بەگشتی بەرژەوەندی عێراق, هەستا وەفدێكی بە سەرۆكایەتی بەڕێز جەلال تاڵەبانی و بە بەشداربوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی, نارد بۆ بەغدا, وەفدەكە, رێك و ڕاست, نایانە مشتیان كە بۆ مافێك هاتوون, داوای دەكەن و دەست بەرداری نابن. مافەكە شەرعییەتی یاسایی هەیە و, بە دەیەها بەڵگەنامە و شەواهیدی مێژوویی و جوگرافییان خستە بەردەستی سەرەك بەرپرسانی عێراق و باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیاش. ئەوەشیان تێ گەیاندن, ئەگەر مەسەلەكە چارنەكەن شتی خراپی لێ دەكەوێتەوە. بۆ ئەوەش, ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق, دانیشتنی ژمارە(56)ی قۆناغی رەفتەنیی لە (15/1/2005)دا سازدا و, بەڕێز مسعود بارزانی و بەڕێزان جەلال تاڵەبانی ونێچیرڤان بارزانی و, نوێنەران ئەندامانی وەفدەكە و سەركردەكانی (33) حزبی كوردستانییان بۆ ئەو كۆبوونەوەیە داوەت كرد. وەفدەكە چالاكیو دیدەنیو پێوەندیكردنەكانی - سوپاسیان دەكەین- لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا, بە ئەنجامە ئیجابییەكانیەوە خستە بەرچاوو, دەركەوت, بە كورتی, ئەم ئەنجامە بەخێرانەی خوارەوەیان لێ كەوتووەتەوە: یەكەم: ئیجرائاتی ئیجابی كە بەكردار ئیقرار كراوە: أ-كۆمیساریەتی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان موافەقەتی كردووە, هەموو ئاوارەكان, چ گەڕابنەوە بۆ كەركوك, چ نەگەڕابنەوە, هەر هەموویان مافی دەنگدانیان لە كەركوكدا هەیە. ب-لیژنەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووك ئیلغا كرا و, لیژنەیەكی نوێ لە كەسانی نیشتیمانپەروەر و بێ لایەن و دەست ودڵ پاك پێك دەهێنرێ. دووەم: دڵنیا كردنەوە و زەمانە تگەلێ چ بە دەم, چ بە نووسراو كە بە دەستیان هێناوە, ئەمانەن: أ-دەرچوونی بۆین بوون و ئیلتیزامیكی نووسرا و لەلایەن بەڕێز سەركۆمارەوە كە ماددەی(58)ی یاسای هەڵسووڕاندنی دەوڵەت بە ناوەرۆك حوكمەكانیەوە دەخرێتە بەركار. ب-دەرچوونی بڕیارێك لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە, دووبارە ئیلتیزامی خۆی بە ماددەی (58)ی یاسای هەڵسووڕاندنی دەوڵەتەوە تازەدەكاتەوە. ج-جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, بەڕێز ئارمیتاج, لەسەردانەكەیدا بۆ كوردستان, ئیلتیزامی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بە وەبەركارخستنی ماددەی (58)ەوە راگەیاند و دووپاتیشی كردەوە. د-باڵیۆزی ئەمەریكی لە بەغدا, بۆ ئەندامانی وەفدی سەركردایەتی سیاسی, دووپاتی كردووەتەوە كە حكومەتەكەی پابەندە بە زەمانەتی وەبەركارخستنی ماددەی (58)ەوە لە ماوەی قۆناغی رەفتەنیی ئایندەدا و, بە نووسینیش پشتگیریی لە ناوەرۆكی نامەكەی سەرەك وەزیرانی عێراق كردووە. ه-باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا, بۆ ئەندامانی وەفدەكەی سەركردایەتی سیاسی, دووپات كردووەتەوە كە حكومەتەكەی پابەندە بە زەمانەتی وە بەكارخستنی ماددەی (58)ەوە لە قۆناغی رەفتەنیی ئایندەدا و, بەنووسینیش پشتگیریی لە ناوەرۆكی نامەكەی سەرەك وەزیرانی عێراق كردووە. جا, لەبەر رۆشنایی ئەو ئەنجامانەی باسمان كردن, دوای وتووێژ و دیراسەت كردنیان و, بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەركردەكانی حزبە كوردستانییەكانیش, ئەنجومەن ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا: یەكەم: هەموو پێكهاتەی ئیپنی و سیاسی و ئاینیی گەلی كوردستان بانگ بكرێن, بە چالاكی لە هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقدا, بە هەموو جۆرەكانیەوە بەشداری بكەن و دەنگی خۆیان بدەن. دووەم: لە حاڵەتێكدا, ئەگەر هات و دەسەڵاتەكانی عیراق بۆین بوون (التزامات)ی زارەكی و نووسراویشیان, لەمەڕ بەركارخستنی (ماددەی (58)ی یاسای هەڵســـــووراندنی دەوڵەتی عیراق – بۆ قوناغی رەفتەنی) نەبردەسەر, یان لە قۆناغی رەفتەنیدا بەپشتیاندا خست و ئیجرائاتی پێویستیان بۆ نەكرد, ئەوە, لەو بارەدا ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عیراق, بۆی هەیە, دووبارە, بە هەڵویستی گەلی كوردستان و دام ودەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی گەلی كوردستاندا, بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵی و دەوڵەتی عیراقدا بچێتەوەو, هەڵویستی لەبارو گونجاو بنیات بنێ و, بڕیاری پێویستی لەسەر بدات. سێیەم: پێویستە لەسەر هەموو لایەنە رەسمی و حزبی سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستانی عیراقدا, حوكمەكانی ئەم بڕیارە بخەنە بەركار. چوارەم: لە (وەقایعی كوردستان)یشدا بڵاو دەكرێتەوە. د.رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی ـ عیراق