بڕیاری ژماره‌ی (4) ساڵی 2002 پێدانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رپه‌رشتی كردنی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی حكومه‌تی هه‌رێم دروست كراون

ژمارەی بڕیار : 4
ساڵی دەرچوون : 2002
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

پڕۆتۆکۆڵ


دەقی یاسا

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان - عێراق
ژمارەی بڕیار: 4
رۆژی بڕیار: 13/5/2002
بڕیار
پشت بە حوكمەكانی بڕگە (1)ی ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1)ی هەمواركراوی ساڵی (1992)و لەسەر داوای وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی (13/5/2002)یدا ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا:-
یەكەم: هەر كەسێ، لەسەر زەوییەكی سەر بە حكومەتی هەرێم جامعێ یان مزگەوتێ یان تەكیەیەك دروست بكات بە سەرپەرشت (مشرف) دادەمەزرێ و، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامییش بەڕێوەبردنی كاروباری دارایی و ئیدارەكەشی دەگرێتە ئەستۆی خۆی و، بەپێی رێنماییگەلێكیش كە وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی دەری دەهێنێ ماف و ئەركی سەرشانی سەرپەرشتەكە دیار دەكات.
دووەم: هەر دەقێ پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم بڕیارە بێت ناخرێتە بەركار.
سێیەم: پێویستە وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی حوكمەكانی ئەم بڕیارە بخاتە بەركار.
چوارەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە (وەقایعی كوردستان)دا دەخرێتە بەركار.

                                                                                         د.رۆژ نوری شاوەیس
                                                                      سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی – عێراق