یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2019 یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 2019
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 5
مێژووی ده‌رچوون: 8/5/2019

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (5)ی رۆژی 8/5/2019 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

                                                                           یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2019
                                              	یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق
                                                     و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور

مادده‌ی (1):
یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (10)ی ساڵی 2018 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه‌.
مادده‌ی (2):
یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
مادده‌ی (3): 
 یه‌كه‌م: به‌ده‌ر له‌ حوكمی مادده‌ی دووه‌م له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو، په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت به‌و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراقدا هه‌یه‌، تا په‌سه‌ند كردنی ده‌ستوری كوردستان ـ عێراق كه‌ تێیدا شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری ده‌كرێت و، سه‌رۆك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تی هاووڵاتیانی كوردستان- عێراق ده‌كات و به‌ناویانه‌وه‌ ده‌دوێت و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدرالیه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمدا ده‌كات.
دووه‌م: به‌ده‌ر له‌ حوكمی برگه‌كانی (2) و (3) له‌ مادده‌ی (یه‌كه‌م) له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێم دووجێگری ده‌بێت و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت.

مادده‌ی (4):
به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (حه‌فته‌م)ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو، په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر:
یه‌كه‌م: 
1ـ له‌ ماوه‌ی (30) سیی رۆژ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رگای خۆ پاڵاوتن ده‌كاته‌وه‌.
2ـ خوازیارانی خۆكاندیدكردن كه‌ مه‌رجه‌كانی مادده‌ی (پێنجه‌م)ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو تێدایه‌، له‌ ماوه‌ی (3) سێ رۆژ له‌ به‌رواری كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆپاڵاوتن داواكاری و سیڤی خۆیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.
3ـ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ی (2)دوو رۆژ له‌ رۆژی داخستنی ده‌رگای خۆپاڵاوتن ناوی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌رجی یاساییان تێدایه‌.
4ـ هه‌ر كه‌سێك له‌وانه‌ی داواكارییان پێشكه‌ش كردووه‌، ئه‌گه‌ر ناوی ڕانه‌گه‌یه‌نرا بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (2) دوو رۆژ له‌ رێكه‌وتی ڕاگه‌یاندنی ناوی كاندیده‌كان له‌ به‌رده‌م دادگای ته‌مییز تانه‌ بدات، دادگای ته‌مییز له‌ ماوه‌ی (2) دوو رۆژ تانه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، بڕیاری دادگاش له‌م باره‌وه‌ بنبڕه‌.
5ـ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ده‌نگدانێكی ئاشكرا و به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، له‌ ماوه‌ی (3) سێ رۆژ له‌ رۆژی ده‌ركردنی بڕیاری بنبڕ له‌سه‌ر تانه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
6ـ ئه‌گه‌ر هیچ پاڵێوراوێك ده‌نگی زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست نه‌هێنا ده‌نگدان دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ و، كێبركێ له‌ نێوان ئه‌و دوو پاڵێوراوه‌ ده‌بێت كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێناوه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ جاری دووه‌م زۆرینه‌ی به‌ده‌ست هێنا ده‌بێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك پاڵێوراویش هه‌بوو بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌نگدانی ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت و، ئه‌گه‌ر پاڵیوراوه‌كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێنا ده‌بێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم.


دووه‌م: 
   به‌ده‌ر له‌ حوكمی خاڵی (1) بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها له‌م خوله‌دا له‌ ماوه‌ی (3) سێ رۆژ له‌ دوای ده‌رچواندنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌.
مادده‌ی (5):
یه‌كه‌م: ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ویلایه‌تی په‌رله‌مان كۆتایی دێت.
دووه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئه‌رك و ده‌سه‌لاته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت تا به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ سه‌رۆكێك هه‌ڵده‌بژێردرێت.
مادده‌ی (6):
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی (7):
پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی (8):
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچواندنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

منی نبی نادر قەهوەچی                        هێمن هەرورامی                                   د.ڤالا فرید ابراهیم
سکرتێری پەرلەمانی                     جێگری سەرۆكی پەرلەمانی                             سەرۆکی پەرلەمانی 
کوردستان-عێراق                               کوردستان-عێراق                                    کوردستان-عێراق



هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
به‌ مه‌به‌ستی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.