بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژمارەی بڕیار: 5
مێژووی بڕیار:3/7/1994
 بڕیار
بە پێی حوكمی بڕگە (1) لە ماددە (56)ی لە یاسای ژمارە (1) ساڵی 1992 و لەسەر پێشنیازی ژمارەی یاسایی لە ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی 20/3/1994 دا ئەم بڕیارەی دا:
یەكەم: دوو سەد وپەنجا دەرەجە لەسەر میلاكی (وەزارەتی پەروەردی/ خوێندنی سەرەتایی) بە ناونیشانی (مامۆستا) دروست دەكرێ و تەرخان دەبی بۆ قوتابخانە سەرەتایی یەكانی گوندەكانی قەزای ئاكرێ.
دووەم/ بۆ پركردنەوەی ئەو دەرەجانەی برگە (1) ی سەرەوە دەرچووانی پەیمانگا هونەرییەكان و دواناوەندی یە ئاكادیمی یەكان بە هەردوو لقی (زانستی و ئەدەبی)یەوە و دواناوەندی یە كانی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و سانەوی یەكانی خوێندنی ئیسلامی لەدانیشتوانی ناوچەی قەزای ئاكرێ دادەمەزرێنرێن.
سێ یەم: بۆ راهێنانی ئەودەرچووانەی بۆ خوێندنی سەرەتایی دادەمەزرێن دەورەیەكی پەروەردەیی تایبەتی دەكرێتەوە كە ماوە و كات و بەرنامەكانی بەرێنماییەك دیاری دەكرێن كە وەزارەتی پەروەردە دەری دەكات.
چوارەم: ئەوانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە مووچەی دەرچوو (خریج) بە پێی كارامەیی زانستی یان (خوێندنی زانستی) وەردەگرن.
پێنجەم: ئەوانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە ئەو سەر مووچانە وەردەگرن كە با مامۆستایانی ناوچە دوورەكان دەدرێن سەرباری هەر مووشەیەكی تر دەدرێ بە مامۆستایانی دەرەوەی ناوەندی پارێزگا و قەزاكان.
شەشەم:نابێ ئەوانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە بگوێزرێنەوە بۆ قوتابخانەكانی دەرەوەی قەزای ئاكرێ تاوەكو  سێ ساڵی خزمەتگوزاریی بە كردەوە لەوێدا تەواو نەكەن.
حەوتەم: دەبێ وەزیرە پەیوەندارەكان ئەم بڕیارە جێ بەجێ بكەن.
هەشتەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونی یەوە جێ بەجێ دەكرێ و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاودەكرێتەوە.
                                                                                             جوهر نامق سالم   
                                                                             سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق