بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان هەرێمی کوردستان - عێراق
هەرێمى كوردستان-عێراق
سەرۆکایەتی هەرێم
سەرۆک
بەناوی گەلەوە
بڕیار
ژمارە( 15 )ی ساڵی 2014
بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی (1)ی ماددەی (100)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو پێمان دراوە، بریارماندا بە دەرکردنی بریاری ژمارە (23)ی ساڵی 2014 کە پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە دانیشتنی ژمارە (3) لە30/9/2014 پەسندی کردوە :
بڕیاری ژمارە ( 23 )ی ساڵی 2014 ناونانی پارێزگای هەڵە بجە بە پایتەختی ئاشتی کوردستان - عێراق
پشت بە حوکمەکانی بڕگەی (1)ی ماددەی (56) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە (3)ی رۆژی 2014/9/30 ئەم بڕیارەی دا :
یەکەم : پارێزگای هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی کوردستان - عێراقە .
دووەم : لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆنفراس و کۆڕ و کۆبوونەوە و مەراسیمی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و پەیامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو پارێزگایە ساز دەکەن و ، حکومەت بودجەیەکی تایبەتی ساڵانە بۆ ئەم مەبەستە دیاری دەکات.
سێیەم : پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم ئەو پێداویستیانە مسۆگەر بکات کە پایتەختی ئاشتی دەیخوازێت.
چوارەم: پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن و پەیڕەو و رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دەربکەن .
پێنجەم : کار بە هیچ دەقێکی ناکۆک لەگەڵ حوکمەکانی ئەم بڕیارەدا ناکرێت .
شەشەم : ئەم بڕیارە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی(وەقایعی کوردستان) کاری پێ دەکرێت .
د.یوسف محمد صادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق
هۆیەکانی دەرچوواندن
لە پێناو کەمکردنەوەی لێکەوتەی تاوانەکانی جینۆساید لەسەر قوربانیانی پارێزگای هەڵەبجە و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە کوردستانەوە بۆ جیهان ، ئەم بڕیارە دەرچوێندرا .