یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2021 یاسای هەموارى یەکەمى یاساى ژمارە (3) ى ساڵى 2019 یاساى بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى کە لە سنورى شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، ولەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (17)ی ڕۆژی 6/7/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:

یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2021
یاسای هەموارى یەکەمى یاساى ژمارە (3) ى ساڵى 2019 یاساى بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى کە لە سنورى شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە هەرێمی  کوردستان ــ عێراق

مادده‌ی (1) 
بڕگەکانى (یەکەم) و (دووەم) لە ماددەى (1)ی یاساكە هەموار دەکرێتەوە، لەگەڵ زیادکردنى دوو خاڵ بە زنجیرەى (2) و (3) بۆ بڕگەى (یەکەم) و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم:
1.	 زێدەڕۆکار: بۆ مەبەستەکانى ئەم یاسایە، ئەو کەسەیە كە بە زێدەڕۆیی خانوویەكی دروستكردووە یان تێدا نیشتەجێیە یان میراتگرە شەرعییەکانى، یان ئەوانەى بە حوکمى یاسا بۆ بەخێوکردنیان ڕاسپێردراوە.
2.	سوودمەند: بۆ مەبەستەکانى ئەم یاسایە، ئەو کەسەیە کە لەدواى ساڵى 1991 زەوى یان یەکەى نیشتەجێ بوونى بە هەر هۆکارێک وەرگرتبێت، جگە لە ڕێگەى زیادکردنى ئاشکرا.
3.	ئەو کەسانەى چ سروشتى بن یان مەعنەوى، و لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون لەلایەن دەستەى وەبەرهێنان یان دامەزراوەیەکى ترى حکومى مۆڵەتییان پێدراوە، و زێدەڕۆییان لە دەرەوەى سنوورى ڕێپێدراو کردووە، حوکمەکانى ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و زێدەڕۆییەکانیان بۆ بەخاوەن ناکرێت.
دووەم: شارەوانییەکان دەتوانن ئەو زێدەڕۆکارەى کە پێش ڕێکەوتى 31/12/2020 خانووى نیشتەجێبوونى بە زێدەڕۆیی دروست کردووە، بکەنە خاوەنى ئەو زەویەى خانووەکەى لەسەر دروست کراوە و موڵکى دەوڵەتە، جا چ موڵکى تەواو بێت یان مافى ڕەفتارکردنى لەسەر بێت، بەمەرجێك بکەوێتە ناو سنوورى شارەوانییەکان و لە ناوچەکانى نیشتەجێبوون بێت، بەپێى مەرج و حوکمەکانى ئەم یاسایە.
مادده‌ی (2) 
بڕگەکانى (سێیەم) و (چوارەم)ى ماددەى (2)ى یاساکە یەکدەخرێت ڕێزبەندی بڕگەكانی تر بەوپێیە ڕێكدەخرێنتەوە و بڕگە لێكدراوەكە بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
سێیەم: پێویستە زێدەڕۆکار داواکاریەکى نووسراو، لە ماوەیەکدا کە لە  (1) یەک ساڵ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە تێپەر نەکات،  پێشکەش بە سەرۆکى یەکەى کارگێڕى بکات بۆ مەبەستى بەخاوەنکردن.
مادده‌ی (3)
بڕگەكانی (یەکەم) و (دووەم/ 1، 2) و (چوارەم)ی ماددەى (3)ى یاساکە هەموار دەکرێتەوە، و  بڕگەیەک بە زنجیرەى (پێنجەم) زیاد دەكرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتى پارێزگار یان سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان، و ئەندامییەتى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانى داد، دارایى و ئابوورى، شارەوانى و گەشت و گوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق پێکدەهێنرێت، بەمەبەستى تاوتوێ کردنى داواکارییەکان و دڵنیابوون لە هاتنەدى مەرجە پێویستەكانی بە خاوەنکردن، و لیژنەی باڵا دەتوانێت لیژنەى لاوەکى لە شارەوانییە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەنجامدانى ڕێکارە تەکنیکیە پێویستەکان پێكبهێنێت.
دووەم: بەهاى ئەو زەویانەى زیادەڕۆییان لەسەر کراوە بە خانووى نیشتەجێبوون، نرخەکانیان بەم شێوەیە دەخەمڵێنرێت:-
1.	 ئەگەر ئەو زەوییەى زیادەڕۆیی کرابووە سەر لەلایەن شارەوانییەوە پێش زیادەڕۆیی کردنە سەرى جیاکرابێتەوە، نرخەکەى بە بڕی (25%) لە سەدا بیست و پێنجی نرخى ڕاستەقینەى زەوییەکە دەخەمڵێنرێت، و زێدەڕۆکاریش بە سوودمەند ئەژمار دەکرێت.
2.	ئەگەر زێدەڕۆکار سودمەند بووبێت لە دەوڵەت، لەکاتى بەخاوەن کردندا بڕی (10%) سەدا دە لە نرخى ڕاستەقینە دەخرێتە سەر نرخى ئاماژەپێکراو لە خاڵى (1)ی سەرەوە.
3.	ئەگەر ئەو زەوییەى زیادەڕۆیی کرابووە سەر، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیانەکرابێتەوە، نرخەکەى بە بڕێک دەخەمڵێنرێت كە لە (5%) پێنج لە سەدى نرخى ڕاستەقینەى زەویەکە کەمتر نەبێت.
4.	هەر زێدەڕۆکارێک خۆى نیشتەجێى خانووە زێدەڕۆیەکە نەبوو، و بە بەرامبەر یان بێ بەرامبەر کەسێکى ترى تێدا نیشتەجێ بوو، لە کاتى بەخاوەنکردندا بڕی (10%) دە لە سەدى نرخى ڕاستەقینە دەخرێتە سەر نرخى ئاماژەپێکراو لە خاڵەکانى (1، 2 ،3)ى سەرەوە بەپێی حاڵەتەكان.
چوارەم: لیژنەى باڵا بۆى هەیە بە خاوەنکردن ڕەتبکاتەوە ئەگەر شوێنى خانووەکە سەرپێچى بوو بۆ ماستەر پلان یان نەخشەى کەرتى، و زێدەڕۆییەکەش لادەبرێت لەسەر ئەرکى شارەوانى لادەبرێت و زێدەڕۆکار مافى ڕەفتار کردن بە پاشماوەکانى دەبێت، و شارەوانى پەیوەندیدار لە سنوورى خۆى بە پارچە زەوییەکى نیشتەجێ کە ڕووبەرى لە (200 م2) دووسەد مەتر دووجا زیاتر نەبێت، بەبێ بەرامبەر قەرەبووى زێدەڕۆکار دەکاتەوە. 
پێنجەم: هەر زێدەڕۆکارێک بۆى هەیە تەنها یەک خانووى زێدەڕۆی بەناو بکرێت.
مادده‌ی (4)
ماددەى (4)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ماددەی (4):
ئەگەر کەسى زێدەڕۆکار، پابەند نەبێت بە پێدانى نرخى دیاریکراو یان خەمڵێنراوى هاتوو لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (3)ى ئەم یاسایە، یان مەرجەکانى هاتوو لە ماددەى (2)ى ئەم یاسایە نەیگرێتەوە، ئەوا مافى بەخاوەن کردنى نامێنێت و خانووەکەى بە  زەوى و ئەوەى لەسەرى دروستکراوە بە ناوى شارەوانى پەیوەندیدار تۆمار دەکرێ، و بەپێى یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2021 یاسای فرۆشتن و بەکرێدانى موڵک و ماڵى دەوڵەت لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق دەفرۆشرێت، و لە بەرامبەری فرۆشتنەکەى بەهاى دروستکراوەكان بەشێوەى شایستەبوونى بە تێکدراوى (مستحقة القلع) دەدرێت بە خاوەنەکەى.
مادده‌ی (5)
ماددەى (6)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
ماددەی (6):
وەزارەتى شارەوانى گەشت و گوزار، بۆ ئەو ناوچانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە و نەخشەو دیزایینى ئامادەکراوییان نییە، لە ماوەیەک کە لە (دوو ساڵ) لە ڕێکەوتى بەرکار بوونى ئەم یاسایە تێپەڕ نەکات، نەخشە و دیزاین و پێداویستى تەکنیکى ئامادە دەکات.
مادده‌ی (6)
ماددەى (7)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ماددەی (7): 
داهاتە بەدەستهاتووەکان بە پێى ئەم یاسایە بەم شێوەیە تەرخان دەکرێت.
یەکەم: ڕێژەى (70%) حەفتا لە سەدی داهاتى بەدەستهاتوو دەگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەتى (شارەوانى و گەشت و گوزار)ی هەرێمی كوردستان ـ عێراق و بۆ پێویستییەکانى دانانى نەخشە و دیزاینى ئەو ناوچانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە لەگەڵ هاندانى ئەو فەرمانبەرانەى کە بەشدارن لەڕێکارەکانى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە.
دووەم: ڕێژەى (30%) سی لە سەدی داهاتى بەدەستهاتوو بۆ خەزێنەى گشتی هەرێم دەگەڕێندرێتەوە بەمەبەستى ئاڕاستەکردنى بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەو ناوچانەى کە حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.
مادده‌ی (7)
ماددەى (8)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:-
ماددەی (8): 
ئەو خانوانەى کە لە سەردەمى ڕژێمى پێشوو ڕووخاون بە هۆکارى سیاسى، و دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 دروست کراونەتەوە یان شوێنەوارى (شوێن خانوویان) ماوە بەپێى تەواوى حوکمەکانى هاتوو لەم یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نرخەکەشیان بەبڕی (2%) دوو لە سەدى لە نرخى ڕاستەقینەى زەوییەکە دەخەمڵێنرێت.
مادده‌ی (8)
کار بە هیچ دەقێکى یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە ناکۆک بێت.
مادده‌ی (9)
پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێبکەن.
مادده‌ی (10)
پێویستە لەسەر وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار لە ماوەیەک کە لە (60) شەست ڕۆژ تێپەڕ نەکات ڕێنمایی تایبەت بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربکات.


مادده‌ی (11)
ماددەى (12)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
ماددەی (12): 
ئەم یاسایە دواى بڵاوبوونەوەى لەڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا بۆ ماوەى (3) سێ ساڵ لەڕێکەوتى بڵاوبوونەوەى کارى پێدەکرێت.


                                                                                         د.رێواز فایق حسێن
                                                                                    سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بە مەبەستى پڕکردنەوەى  ئەو کەلێنانەى کە لەیاساى ژمارە (3) ى ساڵى 2019 دا هەبوون، و سوودمەندبوونى زیاتری هاووڵاتیانى کەم دەرامەت لە زەوى دەوڵەت و دۆزینەوەى دەرچەى یاسایى بۆ زیادەڕۆەیى ناچارى، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.