یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2021 یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، وە له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (9)ی ڕۆژی 21/4/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:


یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2021 
یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

بەشی یەكەم 
پێناسە و ئامانجەكان
پێناسەكان
مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق.
دووەم: وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزارى هەرێم.
سێیەم: وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشت و گوزارى هەرێم.
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەت.
پێنجەم: بەڕێوەبەرى گشتى: بەڕێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆ.
شەشەم: بەڕێوەبەرایەتى: بەڕێوەبەرایەتى ئاو یان بەڕێوەبەرایەتى ئاوەڕۆ.
حەوتەم: بەڕێوەبەر: بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى ئاو یان ئاوەڕۆکان.
هەشتەم: لێپرسراوى فەرمانگە: لێپرسراوى فەرمانگەى ئاو یان ئاوەڕۆ.
نۆیەم: تۆڕەکان: تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ و پێکهاتەکانى.
دەیەم: پڕۆژەکان: پڕۆژەکانى پاڵاوتن و چارەسەرکردنى ئاو و ئاوەڕۆ، بیرەکان، پڕۆژەکانى وەرگرتنى سەرچاوەکانى ئاو و عەمبارکردنى ئاو و ئاوەڕۆ و وێستگە لاوەکییەکانى گواستنەوە دەگرێتەوە.
یازدەیەم: لایەنى پەیوەندیدار: بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزاریەکانى هەماهەنگ لەگەل بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانى ئاو و ئاوەڕۆ.
دوازدەیەم: سەرپێچى: زیانگەیاندن یان شکاندن یان لە ناوبردن و تێکدانى پڕۆژەکان، تانکى (عەمبار) ئاو، هێلەکانى گواستنەوە و تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ، قوفڵى ئاو، مانهوڵ، سەرى    مانهوڵ، چەپەرى وەرگرتنى ئاوەڕۆکان، بۆرى وەرگرتنى ئاوەڕۆکان و هەر پێکهاتەیەکى ترى ژێرخانى ئاو و ئاوەڕۆ، دەگرێتەوە.
سێزدەیەم: زیادەڕۆیى: بەستنى بۆرى بە تۆڕەکان و هێڵەکانى گواستنەوەى ئاو و ئاوەڕۆ، بەستنى ترومپاى ئاو لەسەر بۆرى سەرەکى تۆرەکان، کارکردن لە محەرەماتى بۆرى گواستنەوە و بەستنى ئاوى قورس بە تۆڕى ئاوەڕۆکان بەبێ موڵەت یان زیاتر لەوەى موڵەتى پێدراوە دەگرێتەوە.
چواردەیەم: محەرەمات: سنورى پڕوژە و تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆیە کە نابێت هیچ جۆرە کارێکى تێیدا ئەنجام بدرێت وەک بیناسازى، دانان و ڕاکێشانى تۆڕى ئینتەرنێت و هێڵى کارەبا و ستونەکانى، پیس کردنى سەرچاوەى پڕوژەكانی ئاو و هەر کارێکى دیکە بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانى ئاو و ئاوەڕۆ.
پازدەیەم: هاوبەش: هەر سوودمەندێک بە پێى مۆڵەتى فەرمى بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگە تایبەتمەندەكان، سوودى لە خزمەتگوزارى ئاو و ئاوەرۆ وەرگرتبێت.
شازدەیەم: لیژنەى تایبەت: ئەو لیژنەیەى کە کارى بە دواداچوون و چاودێرى و جێبەجێ کردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەی لە ئەستۆدایە.

ئامانجەكان
مادده‌ی (2) 
یەکەم: نەهێشتنى سەرپێچى و زیادەڕۆیى بۆ سەر پڕۆژە و تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ.
دووەم: پاک ڕاگرتنى ئاو خواردنەوەى هاوبەشەکان و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانى ئاو و تێکەڵبوونى بە ئاوى ئاوەڕۆ بە مەبەستى بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى پەتا و نەخۆشى و پاراستنى تەندروستى گشتى و ژینگە.
سێیەم: پاراستن و پەرەپێدانى ئاو وەک بەشێکى گرنگ لە سامانى گشتى.
چوارەم: سزادانى سەرپێچیکار و زێدەڕۆکار بۆ سەر پڕۆژە و تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ لە ڕێگەی پێدانی دەسەڵات بە لایەنی تایبەتمەند.
بەشی دووەم
رێكارە یاساییەكان
مادده‌ی (3)
یەکەم: لیژنەى تایبەت، بە فەرمانى بەڕێوەبەرى گشتى یان بەڕێوەبەر یان لێپرسراوى فەرمانگە، هەریەکەیان لە سنورى دەسەڵاتی کارگێڕى خۆیدا، بە هەماهەنگى و بەشدارى لایەنى پەیوەندیدار پێکدێت.
دووەم: بەڕێوەبەرى گشتى دەسەڵات بە لیژنە تایبەتەکان دەدات بۆ هەژمارکردنى جۆر و شێوەى زیادەڕۆیى و سەرپێچیەکان، لە سنورى هەر بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەیەک.
سێیەم: لیژنەى تایبەت هەژمارى جۆر و شێوەى سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان دەکات و بە ڕاپۆرتێک لایەنى بڕیاردەر ئاگادار دەکاتەوە، و لایەنى بڕیاردەریش بڕیارى پێویست لەبارەى سەرپێچى یان زیادەڕۆییەکە دەردەکات و بڕى سزاکە بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دیارى دەکات.
چوارەم: پێکهاتە و ئەرکەکانى لیژنەى تایبەت بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە لەلایەن وەزیرەوە دەردەچێت.
مادده‌ی (4)
یەکەم: بەڕێوەبەرى گشتى یان هەر کەسێک کە ئەو ڕایدەسپێرێت دەسەڵاتى دادوەرى کەتنى لە سەپاندنى ئەو سزایانەدا هەیە کە لەم یاسایەدا هاتوون.
دووەم: بڕیارى سزاى پێبژاردن شیاوى تانە لێدانە بە پێى یاساى ئەنجوومەنى شوراى بەرکار لە هەرێمى کوردستان.
مادده‌ی (5)
یەکەم: سەرەڕاى سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، تێچوى چاککردنەوەى تۆڕەکانى ئاو و پڕکردنەوەى سەرتۆڕى ئاوەکە و گەڕاندنەوەى بو بارى ئاسایى خۆى بەپێى خەسڵەتە ئەندازەییە بەرکارەکان (المواصفات الهندسیة)، دەخرێتە ئەستۆى زێدەڕۆکار و سەرپێچیکار و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى یان فەرمانگەى ئاو بە هەماهەنگى لایەنى پەیوەندیدار، جێبەجێ دەکرێت.

دووەم: جگە لەو تێچووانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتووە:-
1-	هەر کەسێک ئەم سەرپێچیانەى کە لەم یاسایەدا هاتووە ئەنجام بدات، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت بەم شێوەیەى خوارەوە:-
‌أ.	بڕێک کە لە (250.000) دوو سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (400.000) چوار سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت ئەگەر سەرپێچى لەسەر بۆرى ئاوى تیرە (1/2) نیو ئینج تا (3) سێ ئینج بوو.
‌ب.	بڕێک کە لە (300.000) سێ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (600.000) شەش سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت ئەگەر سەرپێچى لەسەر بۆرى ئاوى گەورەتر لە (3) سێ ئینج تا (6) شەش ئینج بوو.
‌ج.	 بڕێک کە لە (750.000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.500.000) یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت ئەگەر سەرپێچى لەسەر هێلى ئاوى گەورەتر لە (6) شەش ئینج تا (12) دوانزە ئینج بوو.
‌د.	 بڕێک کە لە (2.000.000) دوو ملیون دینار کەمتر نەبێت و لە (4.000.000) چوار ملیون دینار زیاتر نەبێت ئەگەر سەرپێچى لەسەر هێلى ئاوى گەورەتر لە (12) دوانزە ئینج تا (24) بیست و چوار ئینج بوو.
هـ. بڕێک کە لە (6.000.000) شەش ملیون دینار کەمتر نەبێت و لە (8.000.000) هەشت ملیون دینار زیاتر نەبێت ئەگەر سەرپێچى لەسەر هێلى ئاوى گەورەتر لە (24) بیست و چوار ئینج وبەرەو سەرەوە بوو.


2-	هەر کەسێک ئەو زێدەڕۆییانەى کە لەم یاسایەدا هاتووە ئەنجام بدات بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت بەم شێوەیەى خوارەوە:-
‌أ.	بڕى (450.000) چوار سەد و پەنجا هەزار دینار لە کاتى بەستنەوەى بۆرى تیرە (1/2) نیو ئینج بە تۆڕەکانى ئاو.
‌ب.	بڕى (750.000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار لە کاتى بەستنەوەى بۆرى تیرە (3/4) سێ لە سەر چوار ئینج بە تۆڕەکانى ئاو.
‌ج.	بڕى (1.000.000) یەک ملیون دینار لە کاتى بەستنەوەى بۆرى تیرە (3/4) سێ لە سەر چوار ئینج بەرەو سەرەوە بە تۆڕەکانى ئاو.
مادده‌ی (6)
یەکەم: هەر کەسێک سەڕەراى ئەنجامدانى سەرپێچى یان زیادەڕۆییەک کە لەم یاسایەدا هاتووە، کەرەستەیەکى پڕۆژە و تۆڕەکانى ئاو ببات، سەرەڕاى هەر سزایەک کە لە یاسا بەرکارەکاندا هاتووە، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (300.000) سێ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (750.000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت بۆ هەر دانەیەک.
دووەم: حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە بە سەر هەر کەسێکدا جێبەجێ دەکرێت کە کڕین و فروشتنى بەو کەرەستە بردراوانە کردبێت.
مادده‌ی (7)
یەکەم: هاوبەش بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت لەم بارانەی خوارەوەدا:-
1.	بەبڕى (50.000) پەنجا هەزار دینار ئەگەر ئاوگرەوەى (طوافة) لەسەر عەمبارى ئاوەکەى نەبەستبوو.
2.	بە بڕێک کە لە (200.000) دووسەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (400.000) چوارسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت بە گوێرەى تیرەى بۆریەکە ئەگەر بەبێ موڵەتى بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگە لە یەک هاوبەشى زیاترى هەبوو.
دووەم: نرخى ئەو ئاوەى کە هاوبەش لە تۆڕەکانى ئاو بەپێى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە بە فیڕۆیداوە، بەپێى ماوە و نرخى کارپێکراو لە هاوبەش وەردەگیرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانەوە ئەژمار دەکرێت.
مادده‌ی (8)
یەکەم: کەسى سەرپێچیکار و زیادەڕۆکار لەسەر تۆڕەکانى ئاوەڕۆ، تێچووى چاککردنەوە و پڕکردنەوەى بە شێوەى ئەندازەیى و داپۆشینى و گەڕاندنەوەى بۆ بارى ئاسایى خۆى بە پێى خەسڵەتە ئەندازەییە بەرکارەکان، دەخرێتە ئەستۆى.
دووەم: کەسى سەرپێچیکار و زیادەڕۆکار لەسەر تۆڕەکانى ئاوەڕۆ، سەرەڕاى پێچاککردنەوەى، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت بەم شێوەیەى خوارەوە:
1-	بڕى (150.000) سەد و پەنجا هەزار دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى تیرە (20 تا 40) سانتیمەتر.
2-	بڕى (300.000) سێ سەد هەزار دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى تیرە (45 تا 75) سانتیمەتر.
3-	بڕى (500.000) پێنچ سەد هەزار دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى تیرە (80 تا 120) سانتیمەتر.
4-	بڕى (1.000.000) یەک ملیۆن دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى تیرە (125 تا 180) سانتیمەتر.
5-	بڕى (2.000.000) دوو ملیون دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى تیرە (185 تا 260) سانتیمەتر.
6-	بڕى (5.000.000) پێنچ ملیون دینار بۆ تۆڕى ئاوەڕۆى سندوقى بە هەموو ئەندازەکانیەوە.
7-	بە بڕێک کە لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (300.000) سێ سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، بەهۆى فڕێدانى هەر ماددەیەک یان پاشەڕۆیەک کە کاریگەرى هەبێت لە سەر تواناى ئاوە شورکردنى تۆڕى ئاوەڕۆ.
8-	بە بڕێک کە لە (600.000) شەش سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.500.000) یەك ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، بەهۆى بەستنەوەى ئاوەڕۆکەى بەبێ مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتى یان فەرمانگە.

مادده‌ی (9)
سەرەڕاى گەڕاندنەوەى کەرەستەى بردراو یان لە ئەستۆگرتنى کڕینەوەى بە نرخى ڕۆژ، سەرپێچیکار بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت بەم شێوەیەى خوارەوە:-
1-	بە بڕى (200.000) دوو سەد هەزار دینار بەرامبەر بردنى تۆڕى (مشبک)ى سەر چەپەرى وەرگرتنى ئاوەڕۆ.
2-	بڕى (250.000) دوو سەد و پەنچا هەزار دینار بەرامبەر بردنى تۆڕى سەر چەپەرى وەرگرتنى ئاوەرۆ بە چوارچێوەکەیەوە.
3-	بڕى (400.000) چوار سەد هەزار دینار بەرامبەر بردنى قەباغى مەنهۆڵ.
4-	بڕى (500.000) پێنچ سەد هەزار دینار بەرامبەر بردنى قەباغى مەنهۆڵ بە              چوارچێوەکەیەوە.
مادده‌ی (10)
یەکەم: هەر کەسێک بۆ جارى دووەم زیادەڕۆیى لە ڕێگەى پڕۆسەى بەستنەوەوە ئەنجام بدات، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (500.000) پێنچ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەک ملیون دینار زیاتر نەبێت لەگەڵ دەست بەسەر داگرتنى کەرەستەکان.
دووەم: ئەم بارانەی خوارەوە بە دوخى توندکراو دادەنرێن:-
1-	ئەگەر زیادەڕۆیى لەلایەن کەسێکى هونەریى یان پیشەوەرەوە ئەنجام بدرێت.
2-	ئەگەر زیادەڕۆیى لەلایەن فەرمانبەرانى وەزارەت ئەنجام بدرێت.
3-	ئەگەر زیادەڕۆکار لەسەر ئەو تۆڕەى کە زیادەڕۆیى لە سەر کردووە ڕێگە بە زیادەڕۆیى یان سەرپێچى کەسانى تر بدات.
سێیەم: سەربارى ئەو سزایەى کە لە خالى (2)ى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتووە، فەرمانبەران لە حوکمەکانى یاسای بەرزەفتەکردنى فەرمانبەرانى دەوڵەتی بەرکار لە هەرێم بەدەر ناکرێن.
مادده‌ی (11)
یەکەم:
1-	بڕى ئەو پێبژاردنانەى کە بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە بڕیارى لێدەدرێت، بە ڕێژەى (30%) سى لە سەد کەم دەکرێتەوە، ئەگەر سەرپێچیکار یان زیادەڕۆکار لە ماوەى (15) پازدە ڕۆژ، لە رێکەوتى دەرچوونى بڕیارەکە، ئەو پێبژاردنانە بدات.
2-	بڕى پێبژاردنەکە بە ڕێژەى (15%) پازدە لە سەد کەم دەکرێتەوە، ئەگەر سەرپێچیکار یان زیادەڕۆکار لە ماوەى (30) سى ڕوژ، لە ڕێکەوتى دەرچوونى بڕیارەکە، ئەو پێبژاردنانە بدات.
3-	بڕى پێبژاردنەکە بە ڕێژەى (10%) دە لە سەد کەم دەکرێتەوە، ئەگەر سەرپێچیکار یان زیادەڕۆکار لە ماوەى (60) شەست ڕۆژ، لە ڕێکەوتى دەرچوونى بڕیارەکە، ئەو پێبژاردنانە بدات.
دووەم: ئەگەر زیادەڕۆکار یان سەرپێچیکار ئامادە نەبوو بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە بڕى پێبژاردنەکە بدات، ئەوا بە پێى یاساى وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەت ژمارە (56)ى ساڵى (1977)ى هەموارکراو مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

بەشی سێیەم
محەرەماتی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ
مادده‌ی (12)
یەکەم: محەرەماتى پڕۆژەکانى ئاو بەم شێوەیەی خوارەوە ئەژمار دەکرێت:-
1-	بۆ محەرەماتى بیرى ئاو خواردنەوە لە سەنتەرى بیرەکە (15) پازدە مەتر.
2-	بۆ محەرەماتى کانییەکان و بیرە ڕووکارییەکان (25) بیست و پێنچ مەتر کەمتر نەبێت.
3-	بۆ محەرەماتى پڕۆژەى وێستگەکانى ئاو لە شورەکەى (25) بیست و پێنچ مەتر.
4-	بۆ محەرەماتى وێستگەى لاوەکى ئاو لە شورەکەى (15) پازدە مەتر.
5-	بۆ محەرەماتى خەزانى سەر زەوى و ژێر زەوى لە شورەکەى (10) دە مەتر.
6-	بۆ محەرەماتى خەزانى بڵند بە پێوانەى (بەرزیەکەى × 1.5) مەتر دەبێت.
دووەم: کارگەی چەو و لم دەبێت لانیکەم (3) سێ كیلۆمەتر دووربێت لە بەشى وەرگرى پڕۆژەکانى ئاو ئەگەر کەوتبووە بەشى سەرەوەى وەرگرى پڕۆژەکە، و (1) یەك كیلۆمەتر دووربێت ئەگەر کەوتبووە بەشى خوارەوەى وەرگرى پڕۆژەکە و لە هەردوو دیوى ڕووبارەکە، لەگەڵ جێبەجێکردنى گشت ڕێکارەکانى پاک  ڕاگرتنى ڕێرەوى سەرەکى ڕووبار و سەرچاوەکان لە هەر جورێکى پیس بوون.
سیێەم: پڕۆژە و کێلگەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسى، پێویستە دووریان لە کانییەکان و بیرە ڕووکارییەکان و پڕۆژەکانى پاڵاوتنى ئاو ئاوەڕۆ لە (500) پێنچ سەد مەتر کەمتر نەبێت.
مادده‌ی (13)
محەرەماتى تۆڕەکانى ئاو لە سەنتەرى بۆرى بەم شێوەیەی خوارەوە ئەژمار دەکرێت:-
یەکەم: بۆ تۆڕەکانى دابەشکردن، محەرەماتى بۆرى ئاو کە تیرەکەى تا (8) هەشت ئینج بێت لە (1) یەک مەتر کەمتر نەبێت.
دووەم: بۆ تۆڕەکانى گواستنەوە لە ناو سنورى شارەوانییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە ئەژمار دەکرێت:-
1-	هێلى ئاوى زیاتر لە تیرە (8 تا 16) ئینج، (1،5) یەک مەتر و نیو کەمتر نەبێت.
2-	هێلى ئاوى زیاتر لە تیرە (16 تا 24) ئینج، (2) دوو مەتر کەمتر نەبێت.
3-	هێلى ئاوى تیرە (24) بیست و چوار ئینج و زیاتر، (3،5) سێ مەتر و نیو یان زیاتر بە گوێرەى پێویست و هەبوونى مەوداى پێویست.


سێیەم: بۆ تۆڕەکانى گواستنەوە لە دەرەوەى سنوورى شارەوانیەکان بەم شێوەیەی خوارەوە ئەژمار دەکرێت:-
1-	هێڵى ئاوى زیاتر لە تیرە (8 تا 16) ئینج، (4) چوار مەتر کەمتر نەبێت.
2-	هێڵى ئاوى زیاتر لە تیرە (16 تا 24) ئینج، (7) حەوت مەتر کەمتر نەبێت.
3-	هێڵى ئاوى زیاتر لە تیرە (24) بیست و چوار ئینج، (10) دە مەتر کەمتر نەبێت.
مادده‌ی (14)
یەکەم: لە سنورى محەرەماتى پڕۆژە و تۆڕەکاندا، نابێت بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى لایەنى پەیوەندیدار هیچ جۆرە کارێک ئەنجام بدرێت وەک بیناسازى، ڕاکێشانى تۆڕى ئینتەرنێت و کارەبا، دانانى ستونى کارەبا، یان هەر کارێکى دیکە.
دووەم:
1-	تێچوى لادانى زیادەڕۆیى لە سەر محەرەماتى پڕۆژەکانى ئاو و گەڕاندنەوەى بو بارى ئاسایى پێش زیادەڕۆییەکە، بە پێى خەسڵەتە ئەندازەییە بەرکارەکان، دەخرێتە ئەستۆى زیادەڕۆکار و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆ  بە هەماهەنگى لایەنى پەیوەندیدار ئەنجام دەدرێت.
2-	سەربارى لە ئەستۆگرتنى تێچوى لادانى زیادەڕۆییەکە بە پێى خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، زیادەڕۆکار بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (750.000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.500.000) یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.
مادده‌ی (15)
محەرەماتى ئاوەڕۆ بەم شێوەیەی خوارەوە ئەژمار دەکرێت:-
یەکەم: محەرەماتى بۆرى ئاوەڕۆ، لە لێوارى دەرەوە، لە هەر لایەکى (2) دوو مەتر دوور دەبێت بە ڕەچاوکردنى خزمەتگوزاریە گشتییەکان.
دووەم: محەرەماتى ئاوەڕۆى سندوقى بە هەموو ئەندازەکانییەوە، لە لێوارى دەرەوە، لە هەر لایەکى (3) سێ مەتر دەبێت بە ڕەچاوکردنى خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
سێیەم: محەرەماتى کەندى ئاوى سروشتى بە پانتایى کەندەکە پارێزراو دەبێت لەگەل (10 تا 20) مەتر وەک محەرەمات لە هەر لایەک، و لەلایەن لیژنەیەکى تایبەت بڕیارى لە سەر دەدرێت.
چوارەم: محەرەماتى تایبەت بە پڕۆژە و وێستگەکانى چارەسەرکردنى ئاوەڕۆ دەبێت (25) بیست و پێنج مەتر لە شورەکەى دووربێت. 
مادده‌ی (16)
یەکەم: تێچوى لادانى سەرپێچى لە سەر محەرەماتى ئاوەڕۆ و گەڕاندنەوەى بۆ بارى ئاسایى پێش سەرپێچیەکە بە پێى خەسڵەتە ئەندازەییە کارپێکراوەکان، دەخرێتە ئەستۆى سەرپێچیکار و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆ بە هەماهەنگى لایەنى پەیوەندیدار ئەنجام دەدرێت.
دووەم: سەربارى لە ئەستۆگرتنى تێچوى لادانى سەرپێچیەکە بەپێى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، سەرپێچیکار بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (750000) حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1500000) یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.
مادده‌ی (17)
تێپەڕاندنى سنورى هەر محەرەماتێک کە سەرچاوەى پیس بوون بێت و حوکمەکانى ئەم یاسایەدا دیارى نەکرابێت یان ئاماژەى پێنەکرابێت یان (واقع حال) بێت، لە ڕێگاى لیژنەیەکى تایبەت پشکنینى بۆ ئەنجام دەدرێت بۆ یەکلایى کردنەوە و چارەسەرکردنی.
مادده‌ی (18)
قەرەبوو کردنەوەى گشت ئەو موڵک و زەویانەی وەک شوێنى پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆ بەکاردێت یان وەک محەرەمات دیارى دەکرێت، لە ڕێگەى بە موڵکكردن یان کوژاندنەوە یان بەپێى یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار دەبێت، و بە ناوى بەڕێوەبەرایەتیەکانى ئاو و ئاوەڕۆى پەیوەندیدار لەو یەکە کارگێڕییە تۆمار دەکرێت
بەشی چوارەم
یەكەكانی چارەسەركردن
مادده‌ی (19)
یەکەم:
1-	پێویستە سەرجەم پڕۆژەکانى نیشتەجێ بوون، بازرگانى، پیشەسازیى، گەشتیاریى، تەندروستى یان هەر پڕۆژەیەک پاشەڕۆى شلەى پیسى هەبێت، یەکەى چارەسەرى ئاوەڕۆکان دابنێت، و لە کاتى پێدانى مۆڵەتى پڕۆژەکە گشت نەخشە و هێلکاریەکان یەکلایى دەکرێتەوە و لە ژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
2-	پێویستە شوشتنگە بە هەموو جۆرەکانى، بەنزینخانەکان و شوێنەکانى خزمەتگوزاریى چاککردنەوەى ئۆتومبێل یەکەى چارەسەرى ئاوى بەکار هاتوو دابنێت، و لە کاتى پێدانى موڵەتى پڕۆژەکە گشت نەخشە و هێلکاریەکان یەکلایى دەکرێتەوە و لە ژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
3-	پێویستە گشت ئەو پڕۆژانەى کە پاشەڕۆى کیمیاوى شلى هەیە یەکەى چارەسەرى کیمیایى دابنێت، و شێوە و چۆنێتى چارەسەرکردنى پاشەڕۆکان لە هەر دۆخێکدا بێت دیارى بکات، و لە کاتى پێدانى مۆڵەتى پڕۆژەکە گشت نەخشە و هێڵکاریەکان یەکلایى دەکرێتەوە و لە ژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى بەرێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
دووەم: 
1-	سەرپەرشتی جێبەجێکردنى هەر یەک لە خاڵەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بە پێى ئاکارە ئەندازەییە بەرکارەکان دەبێت.
2-	سەرپەرشتى و بەدواداچوونى چۆنێتى کارکردنى یەکەکانى چارەسەرکردنى ئاماژەپێکراو لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە لە ئەستۆى بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانە.



بەشی پێنجەم
حوكمە گشتییەكان
مادده‌ی (20)
یەکەم: ئەو گوژمانەى بەپێى ماددەکانى (بەشى چوارەم)ى ئەم یاساییە وەردەگیرێت، بە داهاتى کۆتایى بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان تۆمار دەکرێت و ڕاستەوخۆ بۆ مەبەستى چاکسازیى و خزمەتگوزاریى پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆ و هاندان خەرج دەکرێت، و وەزارەتى دارایى و ئابوورى بەهۆى ئەم داهاتە هیچ گوژمەیەک لە بودجەى بەڕێوەبەرایەتییەکان کەم ناکاتەوە.
دووەم: ڕێژەى (15%) پازدە لە سەدى ئەو گوژمانەى بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە وەردەگیرێت، دەدرێتە ئەو  فەرمانبەرانەى کە لە بەشى یان هۆبەى (سەرپێچی و زیادەڕۆییەکان) کار دەکەن و ئەو لایەنانەى سەرپێچییەکان لادەدەن، ئەمەش بە پێى ڕێنمایى ڕێکدەخرێت و لەلایەن وەزیر دەردەکرێت.
مادده‌ی (21)
هەر پێکهاتەیەکى ژێرخانى ئاو و ئاوەرۆ کە لەم یاسایەدا ئاماژەى پێنەدراوە، ڕێکخستن و کونتڕۆلکردن و ڕێگەگرتن لە تێکدان و زێدەڕۆیى کردنەسەرى بەپێى ڕێنمایەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
مادده‌ی (22)
یەکەم: سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە زیادەڕۆیى یان سەرپێچییان  ئەنجام داوە، و لە ماوەى (180) سەد و هەشتا ڕۆژ لە ڕێکەوتى چوونە بواری جێبەجێكردنی ئەم یاسایە ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى یان فەرمانگاکان دەکەن لە شوێن و جۆرى زیادەڕۆیى یان سەرپێچى، و بە شێوەیەکى فەرمى بەڵێننامە پێشکەش دەکەن كە لە ماوەى (30) سى ڕۆژدا و لە ژێرچاودێرى لایەنى پەیوەندیدار زیادەڕۆیى یان سەرپێچییەکە لادەدەن، بەمەرجێك لایەنى پەیوەندیدار لابردنەکە و ئاسایکردنەوەکە بە فەرمى پشت ڕاست بکەنەوە، بە پێچەوانەوە، حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.
دووەم: ئەو کەسانەى مۆڵەتى فەرمى لایەنە پەیوەندیدارەکانیان هەیە، دواى هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتمەند لە سزاکانى دەقنووسكراوە لەم یاسایەدا بەدەردەکرێن.
مادده‌ی (23)
هەر کەل و پەل و ئامێر و ئامرازێک بۆ سەرپێچى و دەستدرێژیکردنە سەر تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ بەکارهێنرابێت، دەستى بەسەردا دەگیرێت و بە گوێرەى ڕێسا گشتییەكانی دەسبەسەرداگرتن (مصادرة) مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
مادده‌ی (24)
هەر کەسێک بەشداربێت لە سەرپێچیکردن و زیادەڕۆیى لەسەر تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ، بە بەرامبەر بێت یان بێ بەرامبەر، بە هەمان سزاى سەرپێچیکار و زیادەڕۆکار سزادەدرێت.

بەشی شەشەم
حوكمە كۆتاییەكان

مادده‌ی (25)
بە مەبەستى ئاسان جێبەجێ کردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە، وەزیر ڕێنمایى پێویست دەردەکات.
مادده‌ی (26)
ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
مادده‌ی (27)
کار بە دەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە دا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (28)
ئەم یاسایە لە دواى (30) سى ڕوژ لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا، جێبەجێ دەکرێت.

                                                                                                                                                       د.رێواز فایق حسێن
                                                                                                                                                 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بە مەبەستى پاراستنى پڕۆژە و تۆڕەکانى ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمى کوردستان، لە زیادەڕۆیی و سەرپێچی، و دڵنیابوون لە تواناکانى ئەم تۆڕانە لە ڕووى هونەرییەوە، و پارێزگاریکردن لە ژینگە و پێدانى ئاوى خاوێن بە هاوڵاتییان بە شێوەیەکى دادپەروەرانە، و پاراستنى تەندروستى گشتى، و پاراستنى ژێرخانى ئابوورى و بە فیرۆنەدانى سامانى گشتى، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.