یاسای ژماره‌ (12)ی ساڵی 2021 یاساى نیشان و میدالیا لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق

ژمارەی یاسا : 12
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (3)ی ڕۆژی 7/9/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (12)ی ساڵی 2021
یاساى نیشان و میدالیا لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق
مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:
یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق.
دووەم: سەرۆک: سەرۆکى هەرێمى کوردستان ــ عێراق.
سێیەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ــ عێراق.
مادده‌ی (2) 
یەکەم: نیشان و میدالیا بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە بریتین لەمانەى خوارەوە:
1.	نیشانى نیشتمان.
2.	نیشانى ئاشتى و پێکەوە ژیان.
3.	نیشانى پێشمەرگە.
4.	میدالیاى بەرخودان و قارەمانێتى.
دووەم:
1.	نیشانى نیشتمان: بەو کەسانە دەبەخشرێت کە لە بوارى مەدەنیدا خزمەتێکى ناوازە پێشکەش بە هەرێم دەکەن، یان داهێنانێکى مەزن لە بوارى کارەکەیاندا دەکەن، بەجۆرێك کە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت.
2.	نیشانى ئاشتى و پێکەوە ژیان: بەو کەسانە دەبەخشرێت کە خزمەتێکى ناوازە لە بوارى گەشەپێدانى ئاشتى و مافى مرۆڤ و پێکەوە ژیان پێشکەش بە هەرێم دەکەن.
3.	نیشانى پێشمەرگە: بەو کەسە بیانیانە دەبەخشرێت کە خزمەتێکى ناوازە پێشکەش بە هەرێم دەکەن.
4.	میدالیاى بەرخودان و قارەمانێتى: بەو کەسانە یان بە میراتگرەکانیان دەبەخشرێت کە لە بوارەکانى سەربازى و ئاسایش، یان لە میانەى پاراستن و بەرگرى لە هەرێم، خزمەتێکى گەورەى بێ هاوتا پێشکەش دەکەن کە شایستەى ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنە.
مادده‌ی (3)
یەکەم: شێوە و نەخش و نیگار و هێماکان، و ئەو ماددانەى کە نیشان و میدالیاى لێ دروست دەکرێت، بە پەیڕەوێک دیارى دەکرێت کە لەلایەن سەرۆک دەردەچێت.
دووەم: نیشان و میدالیا بە مەرسوم، لەلایەن سەرۆک، لە بۆنەیەکى تایبەتیدا دەبەخشرێن.
مادده‌ی (4)
یەکەم: سەرۆک بۆى هەیە لە هەر کاتێکدا نیشان و میدالیا بە کەسانى شایستە ببەخشێت.
دووەم: سەرۆکایەتى هەرێم بۆى هەیە پێشنیار بۆ دیاریکردنى کەسانى شایستە بە بەخشینى نیشان و میدالیا بکات.
سێیەم: سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى لە هەرێم، بۆیان هەیە پێشنیار بۆ دیاریکردنى کەسانى شایستە بە بەخشینى نیشان و میدالیا بکەن.
چوارەم: کەسانى شایستە بۆ وەرگرتنى نیشان و میدالیا لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى تایبەتمەند یان سەرۆکى لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت، بەڕەزامەندى ئەنجومەن، بۆ سەرۆکایەتى هەرێم پێشنیار دەکرێن.
پێنجەم: لێژنەیەکى تایبەتەمەند لە سەرۆکایەتى هەرێم پێکدەهێنرێت، بۆ هەڵسەنگاندنى پێشنیارکراوان، بۆ خستنە بەردەمى سەرۆک بە مەبەستى بەخشینى نیشان و میدالیا.
مادده‌ی (5)
یەکەم: هەڵگرانى نیشان یان میدالیا بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم ئیمتیازاتانەی خوارەوەیان پێدەبەخشرێت:-
1.	بانگهێشتکردنیان بۆ بۆنە نیشتمانییە فەرمییەکان.
2.	بەخشینێکى دارایى کە بڕەکەى لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمەوە دیارى دەکرێت و لە بودجەى سەرۆکایەتى هەرێم خەرج دەکرێت.
3.	هەر بە خشین و ئیمتیازێکى تر کە لە پەیڕەوى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەدا هاتبێت.
دووەم: نیشان و میدالیا لە بۆنە فەرمیى و نیشتمانییەکاندا بەخۆوە دەکرێن.
سێیەم: لە کاتى مردنى هەڵگرانى نیشان و میدالیا، میراتگرەکانیان مافى پارێزگاریی کردنیان لە نیشان و میدالیاکە هەیە، بەڵام مافى بەخۆوەکردنیان نییە.
مادده‌ی (6)
یەکەم: سەرۆکى هەرێم بە مەرسومێک نیشان یان میدالیاى بەخشراو لە هەڵگرەکەى دەستێنیتەوە، لەسەر ڕاسپاردەى لێژنەیەکى لێکوڵینەوە کە لە سەرۆکایەتى هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پێک دێت، لە سێ ئەندام کە یەکێکیان مافپەرەوەر بێت لە کاتى هاتنەدى یەکێک لەم حاڵەتانەى خوارەوە:-
1.	ئەگەر دەرکەوت کە پێشتر حوکمدراوە بە تاوانێکى ئابرووبەر یان دواتر پێى حوکمدرا.
2.	ئەگەر دەرکەوت کە پێشتر کارێکى دژ بە گەل، خاک یان بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێم ئەنجام داوە یان دواتر ئەنجامیان بدات.
3.	ئەگەر دەرکەوت لەسەر بنەمایەکى ساختە یان نادروست نیشان یان میدالیاکەى بە دەست هێناوە.
4.	ئەگەر کارێکى ئەنجامدا کە لەگەڵ بنەماى وەرگرتنى نیشان یان میدالیاکەى پێى بەخشراوە ناکۆک و دژ هاتەوە.
دووەم: لێسەندنەوەى نیشان و میدالیا بەپێى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، دەبێتە هۆى ڕاگرتنى ئیمتیازاتەکان، و لێسەندنەوەى ئەوانەی كەشیاوی لێسەندنەوە بن.
مادده‌ی (7)
ئەرک و پێکهاتەکانى هەر لێژنەیەک کە لەم یاسایەدا هاتوون بە پەیڕەوێک دیارى دەکرێن کە لەلایەن سەرۆک دەردەچێت.
مادده‌ی (8)
نیشان و میدالیاى بەخشراو  شیاوى مامەڵە پێکردن نین، بە پێچەوانەى حوکمەکانى ئەم یاسایەوە. 
مادده‌ی (9)
شێواز، نەخش، هێماى بەکارهاتوو لە دروستکردنى نیشان و میدالیا بە موڵکى هەرێم هەژماردەکرێن. 
مادده‌ی (10)
نیشان و میدالیاى بەخشراو بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، نیشانەی گلدانەوەى ناخرێتە سەر. 
مادده‌ی (11)
هەركەسێك كاری ساختەكردن یان لاسایی كردنەوەی هەر نیشان و میدالیایەكی هاتوو لەم یاسایەدا ئەنجام بدات، یان بەبێ مۆڵەتی لایەنی تایبەتمەند دروستی بكات، ئەوا بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت لەگەڵ ڕەچاوكردنی هەر سزایەكی توندتر كە لە یاسایەكی دیكەدا هاتبێت، سزادەدرێت.

مادده‌ی (12)
سەرۆک پەیڕەوێک بۆ دیاریکردنى کاروبارەکانى پەیوەندیدار بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (13)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادده‌ی (14)
کار بە دەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
مادده‌ی (15)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.


                                                                                                                                            د. رێواز فایق حسێن
                                                                                                                                  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق



هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بە مەبەستى هاندان و ڕێزلێنان و نیشانکردنى  ئەو کەسانەى لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەتێکى ناوازەیان پێشکەش بە خاک و گەلى کوردستان دەکەن، ئەم یاسایە دەرچووێنرا.