بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان بەناوی گەلەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان - عێراق ژمارەی بڕیار: 17 رۆژی بڕیار: 3/10/2002 بڕیار پشت بە حوكمەكانی بڕگە (1)ی ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1)ی هەمواركراوی ساڵی (1992)ی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق و، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی (3/10/2002)یدا ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا:- یەكەم: دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە هاوتەكبیری لەگەڵ وەزیری دادو سەرۆكی دادگای تەمییز، ئەو دادوەرە یان قازییە یان ئەندامی دەزگای ئیددیعا گشتییە كە تانە لە نەزاهەت و بێ لایەنیی دەدرێت و كەفائەتی نییە، خانەنشینی بكات یان بیگوازێتەوە بۆ دایەرەگەلی دیكەی دەرەوەی سلكی دادوەری بەو مووچەیەی كە بەپێی یاسا لەو دایەرانەدا دەیكەوێ. دووەم: هەر دەقێ پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم بڕیارە بێت ناخرێتە بەركار. سێیەم: پێویستە ئەنجومەنی وەزیران حوكمەكانی ئەم بڕیارە بخەنە بەركار. چوارەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرهێنانیەوە دەخرێتە بەركارو لە وەقایعی كوردستانیشدا بڵاو دەكرێتەوە. د.رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی – عێراق