یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1994 یاسای یه‌كه‌مین گۆڕینی یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 1992 یاسای گەراندەوەی مالە دەستبەسەرداگیراوەکان بەهۆی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بۆ خاوەنە ئەسلییەکان

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 1994
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای یه‌كه‌مین گۆڕینی یاسای (16) ی ساڵی 1992


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژماره‌ی بڕیار: 7
مێژووی بڕیار:31/3/1994

بڕیار
به‌ پێی حوكمی بڕگه‌ (1) له‌ مادده‌ (56)ی یاسای ژماره‌ (1) ساڵی 1992 وله‌سه‌ر پێشنیازی ژماره‌ی یاسایی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ڕۆژی 20/3/1994 دا بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1994
یاسای یه‌كه‌مین گۆڕینی یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 1992

مادده‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌م بڕگه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 1992 و ده‌بێته‌ بڕگه‌ (8)ی:
8/ ئه‌گه‌ر ماڵه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌ كه‌ كه‌لاوه‌یه‌كی به‌تاڵ بووبێ و به‌هۆی شووره‌ بونه‌ كردنییه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێ وخاوه‌نه‌كه‌ی چووبێته‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد یا به‌و هۆیه‌وه‌ گیرابێ له‌ ماوه‌ی جێ به‌جێ بوونی بڕیاری (ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش)ی ژماره‌(1223)ی ڕۆژی 13/11/1981 چاره‌سه‌ركردنی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌م جۆره‌ ده‌بێ:
أ/ئه‌گه‌ر كه‌لاوه‌كه‌ تا كاتی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ هێشتا هه‌ر به‌تاڵ بوو ده‌درێته‌وه‌ به‌ خاوه‌نه‌ ئه‌سڵه‌ییه‌كه‌ی و به‌ناوییه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێ وهه‌ر كریارێكیش مافی گه‌رانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی پێش خۆی هه‌یه‌ به‌و پاره‌یه‌ی له‌بری نرخه‌كه‌یدا داوێتێ.
ب/ئه‌گه‌ر كریاری یه‌كه‌می موڵكه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌كه‌ خانووبه‌ره‌ی له‌سه‌ر بیناكرد بوو به‌ پێی تۆماری موڵكداریی خاوه‌نه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ سه‌رپشك ده‌كرێ له‌ نێوان هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خانووبه‌ره‌كه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی یا فرۆشتنی زه‌وییه‌كه‌ به‌ خاوه‌نی خانووبه‌ره‌كه‌ به‌ نرخی كاتی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌.
ج/ئه‌گه‌ر كه‌لاوه‌كه‌ خانووبه‌ره‌ی له‌سه‌ر كرابێ و به‌ پێی تۆماری موڵكداریی خاوه‌ندێتیه‌كه‌ی له‌ده‌ست كریاری یه‌كه‌مدا نه‌مابێ، دواكریار ده‌بێ نرخی كه‌لاوه‌كه‌ به‌ پێی كاتی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ بدا به‌ خاوه‌نه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ وهه‌ر كریارێكیش بۆی هه‌یه‌ بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر پێش خۆی به‌و پاره‌ زیاده‌یه‌ی ده‌یدا.
د/حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ گشت ئه‌و كێشانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌لاوه‌ به‌هۆی شووره‌ بونه‌كردنییه‌وه‌ و كه‌ له‌وه‌و به‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنانه‌وه‌ی به‌ پێی مادده‌ی نۆیه‌می یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 1992 پێكهاتبوون بڕیاریان تیادا ده‌رچووه‌، ئیتر سا گه‌یشتبنه‌ پله‌ی بنبڕ یا نه‌گه‌یشتبن.

مادده‌ی دووه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا جێ به‌جێ ده‌كرێ.



                                                                         جوهر نامق سالم
                                                      سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق