یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 2021 یاساى بەرکارکردن و هەموارى پیادەکردنى یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە (20)ى ساڵى (1998)ی هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق

ژمارەی یاسا : 10
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (18)ی ڕۆژی 8/7/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 2021
یاساى بەرکارکردن و هەموارى پیادەکردنى یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە (20)ى ساڵى (1998)ی هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق
مادده‌ی (1) 
یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە (20)ى ساڵى (1998)ی هەموارکراو، لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق، بەركار و هەمواری پیادەکردنى دەکرێت.
مادده‌ی (2) 
پیادەکردنى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (3) ى یاساکە، ڕادەگیرێت.
مادده‌ی (3)
پیادەکردنى  بڕگەی (دووەم) لە ماددەى(4)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
دووەم: پێکهاتە کارگێرییەکانى بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانى پیشەسازى لە وەزارەت بە پەیڕەوێک دیارى دەکرێت کە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ـ عێراق لەسەر پێشنیازى وەزیر دەریدەکات.

مادده‌ی (4)
پیادەکردنى ماددە (7)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
ماددەی (7)
یەکەم: مەرجە ئەو کەسە سروشتییەى داواکارى بۆ وەرگرتنى موڵەتى دامەزراندن یان خاوەندارێتى پڕۆژەیەکى پیشەسازیى پێشکەش دەکات، خاوەن لێهاتوویى (أهلیة الأداء) تەواو بێت جگە لەو کەسەى خاوەندارێتی پڕۆژەکەى بە میرات بۆ گواستراوەتەوە.
دووەم: مەرجە ئەو کەسە مەعنەوییەى داواکارى بۆ وەرگرتنى موڵەتى دامەزراندن یان خاوەندارێتى پڕۆژەیەکى پیشەسازی پێشکەش دەکات، بە پێى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان دامەزراو  یان تۆمارکراو و موڵەت پێدراو بێت.
مادده‌ی (5)
پیادەکردنى بڕگەكانی (یەكەم) و (پێنجەم) لە ماددەی (8)ی یاساكە هەموار دەكرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: ئەو پڕۆژە پیشەسازییانەی كە پێش بەركاربوونی ئەم یاسایە لە هەرێم مۆڵەتیان پێدراوە، لە لێخۆشبوونی باج و ڕەسمەكاندا، ملكەچی حوكمەكانی ئەو یاسایە دەبن كە لەكاتی پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنیاندا بەركار بووە.
پێنجەم: وەزارەتی پلاندانان دیاریكردنی شارە پێشكەوتووەكان و ئەوانەی كەمتر پێشكەوتوون و  لادێ و گوندە دوورە دەستەكان، بۆ مەبەستەكانی ئەم یاسایە، لەئەستۆ دەگرێت.
مادده‌ی (6)
یەکەم: هەموارى پیادەکردنى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (9)ى یاساکە دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: دامودەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەرێم، زەوی پێویست بۆ پڕۆژەی پیشەسازیی تەرخان دەكەن، بەمەرجێك لەگەڵ ماستەرپلانی شارەكان گونجاوبێت، و خزمەتگوزارییە پێویستەكان، بەكرێی هاوشێوە بۆ پرۆژەكە دابیندەكەن و گرێبەستی بەكرێدانەكەش بە درێژایی ماوەی مۆڵەتی دامەزراندنی، بەدەر لە حوكمەكانی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت ژمارە (1)ی ساڵی 2021ی بەركار لە هەرێم، بەردەوام دەبێت.
دووەم: پیادەکردنى بڕگەى (دووەم)ى ماددەی (9)ی یاساكە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
دووەم: وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى، بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ،کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، پلاندانان و دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە، پێگە پیشەسازییەکان، بە پێى حوکمی یاسا بەرکارە پەیوەندیدارەکان، بۆ هەر پارێزگایەک لە دەرەوەى سنوورى ماستەر پلانى بنەڕەی شارەکان، دیاریدەكەن.
سێیەم: پیادەکردنى هەردوو برگەکانى (سێیەم) و (چوارەم) لە ماددەى (9)ی یاساكە، ڕادەگیرێت.
مادده‌ی (7)
پیادەکردنى بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (13)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
دووەم: سەرپێچیکار بە پێبژاردنێک کە لە ( 500,000) پێنچ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (5,000,000) پێنچ ملیون دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت ئەگەر لە دواى کۆتایى هاتنى ماوەى دیاریکراو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا سەرپێچییەکەى لانەبردبێت.
دووەم: بڕگەیەک بۆ ماددەى (13)ى یاساکە زیاد دەکرێت بە زنجیرەى (شەشەم) و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
شەشەم: خاوەنى پڕۆژەى سوودمەند لە لێخوشبوونى گومرکى، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە یەکسان بێت بە سێ هێندەى بەهاى لێخوشبوونەکە، لەکاتى بەکارهێنانى ئامراز و كەرەستەكان بۆ مەبەستێکى جیاواز لەوەى لێخۆشبوونى بۆ وەرگرتووە.
مادده‌ی (8)
پیادەکردنى ماددەى (14) ى یاساکە هەمواردەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
دەستەیەکى تێهەڵچوونەوە بە سەرۆکایەتى بریکارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى بۆ کاروبارى پیشەسازى و ئەندامیەتى نۆێنەرى هەردوو وەزارەتى داد و دارایى و ئابوورى و دەستەى وەبەرهێنان کەلە پلەى بەرێوەبەرى گشتى بن پێكدەهێنرێت، بۆ تێڕوانین لە ناڕەزایەتى لەسەر ئەو بڕیارانەى دەربارەى پڕوژە پیشەسازییەكان دەرکراون.
مادده‌ی (9)
پیادەکردنى بڕگەى (سێیەم) ى ماددەى (15) ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
سێیەم: کەسى ناڕەزاییکار ڕەسمێک دەدات بە بڕى (100,000) سەد هەزار دینار، و وەک داهاتێکى کۆتایى بۆ گەنجینەى گشتى تۆمار دەکرێت.
مادده‌ی (10)
دامەزراوە و فەرمانگەکانى هەرێم، و ئەوانەى تیایاندا پۆستیان هەیە، لە هەر شوێنێکى یاساكەدا هاتبێت، جێگەى دامەزراوە و فەرمانگە ئیتیحادییەکان و ئەوانەى تیایاندا پۆستیان هەیە دەگرێتەوە.
مادده‌ی (11)
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ڕێنمایى بو ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (12)
ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
مادده‌ی (13)
کار بە دەقى هیچ یاسا وبڕیارێک ناکرێت کە لەگەل حوکمەکانى ئەم یاسایە دا ناکوک بێت.
مادده‌ی (14)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕوژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
    

                                                                                                                               د.رێواز فایق حسێن
                                                                                                                        سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
لە پێناو هێنانەدى گەشەسەندنى پیشەسازى لە هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاو، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پەرەپێدانى بەرهەمهێنان لە ڕووى بڕ و کوالێتییەوە، و بەمەبەستى پتەوکردنى وەبەرهێنان لە کەرتى پیشەسازى لەو بوارانەى زیاتر گرنگییان هەیە بۆ ئابوورى هەرێمى کوردستان، و بە ئامانجى یەکخستنى حوکمە یاساییەکانى بەرکار لە سەر پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پیشەسازى لە هەرێم و عێراق، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.